ئاماژە: لە رۆژانی ٢٧ و ٢٨ی سێپتامبری ئەم ساڵدا، “دیدارێکی هزری” لە شاری سۆران بەڕێوە چوو. ئەم دیدارە لە لایەن فیدراسیۆنی رێکخراوە ناحکوومییەکانی سۆران و کتێبخانەی گشتیی سۆران، رێک خرابوو. لە هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستانەوە، ژمارەیەک چالاکی سیاسی، کەسایەتیی ئەکادیمی و رۆشنبیرانی دیاری کوردستان بەشداری ئەم دیدارە بوون. لە ماوەی دوو رۆژ کار و چالاکیی تایبەت بەم دیدارە و لە توێی پانێلەکانیدا چەندین وتار و بابەت پێشکەش کران. لە حیزبی دیموکراتی کوردستانیشەوە هەیئەتێک بە سەرپەرستیی قادر وریا، ئەندامی دەفتەری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، لەم دیدارە هزرییەدا بەشدار بوون. ئەوەی لێرەدا دەخرێتە بەرچاوی خوێنەران، دەقی ئەو باسەیە کە قادر وریا لە یەکەم پانێلی ئەم دیدارەدا پێشکەشی کرد.
بەرایی:
داگیرکراویی کوردستان و دابەشکراویی نەتەوەی کورد، ئاڵۆزی و دژواریی پرسی نەتەوەییمان:
کوردستان وەک نیشتمانی نەتەوەی کورد، کورد خۆشی وەک نەتەوەیەک، بۆ سەد ساڵ دەچێ بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کراون. ئەم چارەنووسە تاڵە، وای کردوە ئەم نەتەوە دابەشکراوە، بەردەوام لەگەڵ دوژمنی و سەرکوتکران لە لایەن چوار وڵاتی تورکیه، ئێران، عێراق و سوریه بەرەوڕوو بێ. ئەم وڵاتانە و زۆربەی جارەکان هاوپەیمانە ناوچەیی و جیهانییەکانیشیان، لە بەردەم دابینبوونی مافە نەتەوەییەکانی کورد، کۆسپ بوون. نەک هەر لە نێو وڵاتەکەی خۆیاندا لەگەڵ مافی کورد بۆ دیارکردنی چارەنووسی خۆی دژایەتییان کردوە، بەڵکوو لە وڵاتانی دراوسێشیاندا، هەر کات پرسی کورد لە پێشکەوتندا بووە و لە ئامانجەکانی نزیک بووەتەوە، هەوڵی پیلانگێڕی و لەباربردنی دەرفەتەکانیان داوە. بەم پێیە جۆگرافیای سیاسی و فاکتەری دەرەکی یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ناکام مانەوەی هەتا ئێستای کورد و کوردستان لە گەیشتن بە سەربەخۆیی یا دیاریکردنی مافی چارەنووسی خۆی لە شکڵ و شیوەی دیکەدا بووە.
گرنگترین فاکتەری نێوخۆیی بۆ ناکامیی نەتەوەیی تا ئێستامان
فاکتەری نێوخۆیی، ئەگەر بە رادەی فاکتەرە دەرەکییەکەش نەبووبێ ، چی وا کەمتر رۆڵی نەبووە لە ناکامیی نەتەوەییماندا. هاوکار و هاوپشت نەبوونی ئەم پارچەیەی کوردستان لەگەڵ پارچەیەکی دیکە، هەر وەها نەبوونی تەبایی و هاوکاری لە ئاستی هەر پارچەیەکدا، یەک لەو راستییانەیە کە بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەردەوام بە دەستییانەوە ناڵاندوویەتی. لێرەدا باسی هەست و سۆزی تاکی کورد لە پارچەیەکی کوردستان بەرامبەر خەبات و شۆڕشی نەتەوەکەی لە پارچەیەکی دیکە نیە کە ئەم هاوسۆزی و هاوپێوەندییە بەردەوام هەبووە و حاشای لێ ناکرێ. بەڵکوو نەبوونی تەبایی و هاوکاریی نێوان هێزە سەرەکییەکانی نێو بزووتنەوەی کورد لەم پارچە و ئەو پارچەی کوردستان، مەبەستە.
مێژووی بزووتنەوەی کورد بە داخەوە شاهیدی زۆر رووداوی ناخۆش لە نێوان هێزەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لەم بەش و ئەو بەشی کوردستان بووە. لە ئاستی هەر پارچەیەکیشدا، ململانێی توندوتیژی نێوان هێزە سیاسییەکان و نەبوونی تەبایی و هاوکارییەکی بەردەوام، یەکێک لەو نەخۆشییانە بووە کە زیانی قەرەبوونەکراویان بە پرسی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان گەیاندوە.
هەنگاونان بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دابینبوونی مافی چارەنووسی کورد لە هەر بەستێنێکدا، چ لە بەستێنی سیاسی و دیپلۆماسی، چ لە بەستێنی هزری و کولتووریدا، بێ وەبەرچاوگرتن و قبووڵکردنی ئەم دوو راستییە تاڵە، ئاکامێکی سەرکەوتووی نابێ. جۆگرافیای سیاسی و ئەم دابەشبوون و دابەشکرانەی کوردستان و نەتەوەی کورد لە نێو وڵاتانی ناوچەدا، سروشتێکی دژوار و ئاڵۆزی داوە بە پرسی کورد. سروشتێک کە لە هێزە سیاسییەکان و ریبەران و نوێنەرانی سیاسیی کورد دەخوازێ لە لایەکەوە شارەزای هەلومەرجی سیاسی و هاوکێشە سیاسییە ناوچەییو جیهانییەکان بن، لە لایەکی دیکە زانست و زیرەکیی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان و یاریکردن بە کارتە جۆراوجۆرەکانیان هەبێ و لە نێو گێژەنی ململانێ ناوچەیی و جیهانییەکاندا، رێی خۆیان ون نەکەن. دیارە بە هۆی بە دەوڵەتنەبوون و نەبوونی پێگەیەکی هاوشانی نەتەوەکان و وڵاتانی دیکە، یاری کردنی رێبەران و هێزە سیاسییەکانی کوردستان لە گۆرەپانێکی ناوچەیی و نیودەوڵەتیدا، زۆر دژوارترە. جا ئەگەر هێزە سەرەکییەکانی نێو بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد لە ئاستی نەتەوەیی و کوردستانیدا، تەبایی و هاوکاریشیان نەبێ و لەسەر نەخشە رێگا و ئامانجە سیاسییەکان، یەکگرتوو و هاوکار و هاوپشت نەبن، یاریکردنەکە بە تەواوی دژوار و ناسەرکەوتوو دەبێ. لە ئیستادا زاڵبوونی ئەم دۆخە بە سەر پرسی کورددا دەبینین.
“دەردەکورد” چیە و چۆن دەتوانین بەرەوڕووی بینەوە؟
لە ئەدەبیاتی سیاسی و نەتەوەیی ئێمەی کورددا لەمێژ ساڵە دەستەواژەیەک جێی خۆی کردوەتەوە و بووە بە ناوی دیاردەیەکی زیانبار. ئەم ناوە، ئەم دەستەواژەیە، “دەردەکورد”ە. “دەردەکورد” داننانە بە بوونی نەخۆشیی وێکهەڵ نەکردن و ملنەدان بۆ هاوکاری لەگەڵ یەکتر. ئەم دەردە بە داخەوە بووە بە بەشێک لە خوو و خدەی تاکی کورد و وای کردوە نەفەسی تاکی کورد بۆ کاری بەکۆمەڵ، زۆر کورت بێ و لەگەڵ سەرهەڵدانی جیاوازیی بۆچوون و سەلیقە، هەروەها لە کاتی قوربانیبوونی بەرژەوەندیی تاکەکەسی و تایبەتی و هتد لە پێناوی بەرژەوەندیهکی گەورەتردا، بکەوێتە نەحاوانەوە و کێشە سازکردن. ئەم دەرد و نەخۆشییە زیانبارە، بە تێچوویەکی زۆر گەورەتری نەتەوەییەوە لە بیاڤی سیاسی و کاری رێکخراوەیی و ململانێی حیزبییشدا هەیە و هیچمان ناتوانین نکۆڵیی لێ بکەین. هەر ئێستا لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و لە ئاستی هەموو کوردستاندا بە روونی دەرکەوتە و ئاسەوارەکانی ئەم دەردە دەبینین. لە راستیدا “نەتەوە” کە گەورەترین یەکە و چەتری لێک کۆبوونەوه و پێکەوە بەستراویمانە، هەروەها ئامانجی رزگاریی نەتەوە و سەربەخۆبوونی کوردستان کە گەورەترین و سەرەکیترین خولیا و ئامانجی هەموانمان وەک تاک و وەک گرووپە، لە ئاکامی تەشەناکردنی ئەم دەردە و لە ژێر پێی ململانێی ئەم حیزب و رێکخراو و سەرکردە لەگەڵ فڵان حیزب و رێکخراو و سەرکردەیتردا، بوون بە قوربانی. نەتەوە و ئارمانجی رزگاری و سەربەخۆبوونەکەی کە دەبوایە لە سەرووی هەموو ئامانج و بەرژەوەندیهکی تاکەکەسی، هۆزایەتی، رێکخراوەیی و ناوچە و دیالێکتێکی تایبەت بن، بەردەوام جێگای خۆیان داوه بە بەرژەوەندە لاوەکییەکان.
ئەگەر بگەینە ئەو تێگەیشتنەوە کە هۆکاری ناکامیی هەتا ئێستای نەتەوەی کورد و رزگارنەبوونی لە ژێر دەستی ئەم دەردە بووە، ئامادەش دەبین بۆ دوو پێویستیی گەورە، بۆ دوو بڕیاری ئازایانە لە ئاستی نەتەوەییدا مل بدەین.
پێویستی و بڕیاری یەکەم بریتییە لە خەسارناسیی وردی زیان و دەرکەوتە نەتەوەیی و سیاسییەکانی ئەم نەخۆشییە لە بیاڤی جۆراوجۆردا.
دووهەم پێویستی و بریاڕیش، داڕشتنەوەی بنەماکانی هاوپەیمانەتییەکی نەتەوەیی و کوردستانییە. هاوپەیمانەتییەک بە دوور لە هێزمۆنخوازیی لایەنێکی دیاریکراو، کە بە هۆی خسڵەتە نەتەوەیی و گشتییەکەی هەم هەموو بەشەکانی کوردستان بە تاک و گرووپەوە، خۆیانی تێدا دەبیننەوە، هەم ئەرکداریان دەکا.
ئەم کۆنفرانسە کە تەرخان کراوە بۆ هزری نەتەوەیی و لایەنە جۆراوجۆرەکانی پرسی نەتەوەییمان، دەرفەتێکی باشە بۆ خستنە رووی ئەم ئەم باسە و چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەم دیاردەیە. ئەم وتارە لە درێژەی خۆیدا بە ئیلهام وەرگرتن و ئەزموون وەرگرتن لە رەهەندەکانی مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، وردتر لەم دوو پێویستییە دەدوێ.
خەسارناسیی نەخۆشیی دەردە کورد:
لێرەدا باس لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی ئەم دەردە کوردە لە رووی سایکۆلۆژی و هتد ناکەم و دەیهێڵمەوە بۆ پسپۆرانی ئەم بواره و، تەنیا هەڵبژاردەیەک لە ئاسەوارە سیاسییەکانی ئەم نەخۆشیە ئاماژە پێ دەکەم:
– ئەم دەرد و نەخۆشییە وای کردوە کە نەتەوە و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و ئامانجی نەتەوەیی لە پێناوی بەرژەوەندیی پارچەیی، حیزبی، عەشیرەیی و تاکەکەسیدا بە هاسانی پشتگوێ دەخرێن و لە حیسابات و لێکدانەوە و بڕیارەکاندا، وەبەرچاو نایەن.
– پێکهاتنی هاوپەیمانەتی نەک لە ئاستی نەتەوەیی و کوردستانیدا، بەڵکوو لە ئاستی پارچەیەکی کوردستانیشدا، بووە بە شتێکی ناجێگیر و نامومکین.
– زۆر جار هێز و لایەنە کوردەکان، جگە لەوەی ئامادە نین لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی و نەتەوەییدا، بۆ یەکتر تەنازول بکەن و بەرژەوەندیی بچووکی خۆیان بۆ بەرژەوەندیهکی گەورەتر و هاوبەش وەلا بنێن، ئامادەن لەگەڵ رێژیمێکی دژ بە کورد و داگیرکەری کوردستان، لە دژی لایەنێکی کوردیی رقەبەر، دەست تێکەڵ بکەن.
– دەمارگرژیی تاکەکان و لایەنەکان هەمبەر بە ناوچە و دیالێکت و هۆز و رێکخراو و گرووپی تایبەت بە خۆیان، رێگر بووە لە پێکهاتن و جێکەوتنی دامەزراوەیی نەتەوەیی و سەرانسەری. بڕواننە چارەنووسی زمانی ستانداردی کوردی، کۆنگرەی نەتەوەیی، هێزی پێشمەرگە و سوپا و ئاسایش و هتد. چ شتێک رێگر بووە لە پێکهاتنیان؟
– لە ئاستی نێودەوڵەتی و جیهانیدا، هیچ کات نەمانتوانیوە خاوەنی دامەزراوەیەک بین کە نوێنەرایەتیی هەموو نەتەوەی کورد بکا و هەموو بەشەکانی کوردستان بە نوێنەری قسە و ئیرادەی خۆیانی بزانن.
– رقبەڕقە و ململانێی دەمارگرژانە نێوان هێزە سیاسییەکان، وای کردوە ئەو کاتەش کە دەچینە نیو کایەی مێتۆدە دێموکراتیک و ئەمڕۆییەکان، بۆ وێنە دەنگدان و هەڵبژاردن و هتد، یا ناچار دەبین مل بۆ بایەخ و دەسکەوتەکانی دنیای شارستانی و نوێ بدەین، بە سەقەتی دەچینە نێویان و لە جیاتی مشوور خواردن لە خاوێنی و سەرکەوتوویی پڕۆسەکان، سەرکەوتنی خۆمان وەک لایەنێکی نێو پڕۆسەکە، دەکەین بە ئامانج! ئەویش سەرکەوتن بە هەر نرخێک.
– چونکە نەک بە ئامانجی نەتەوەیی و کوردستانی بەڵکوو بە روانینی پارچەتەوەر و حیزب تەوەر(خۆمان تەوەر) بیر دەکەینەوە و سیاسەت دەکەین، کاتێک لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان دەکەوینە دامەزراندنی پێوەندیی هاوکاری و دۆستانە، ناکەوینە شوێن ئامانجی گەوره و نەتەوەیی، ناکەوینە دوای راکێشانی پشتیوانی و رەزامەندیی گشت. بە شوێن دۆزینەوەی پاشکۆ بۆ خۆمان دەگەڕێین، ئەوانە دەدۆزینەوە کە تەنیا حیزبەکەی خۆمان و سەرکردەکەی خۆمان تەئید دەکەن، لەجیاتی رێز گرتن لە بڕیار و ئیرادەی خەڵکی ئەو پارچەیە، حیزبیان بۆ دروست دەکەین بۆ ئەوەی بە ناوی ئەو پارچەیەوە، تەئیدی سیاسەت و هەڵویستەکانمان بکا!
– پێوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، لەجیاتی ئەوە خزمەت بکا بە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لەو وڵاتە کە پێوەندییان لەگەڵ دادەمەزرێنن، زۆر جار بە نرخی سەرپۆش دانان و ئینکارکردنی پرسی کورد لەو بەشە، هەر وەها پێداهەڵگوتن بە رێژیمێکی داگیرکەر و ناساندنی وەک دۆست و پشتیوانی نەتەوەیی، بووە. واتە لەسەر حیسابی لاواز کردنی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە بەشێکی دیکە بووە.
چارە چیە؟
چار ئەوەیە:
١- بزووتنەوەیەک و شۆڕشێکی فکری و فەرهەنگی لە هەموو بەشەکانی کوردستان و لە نێو رەوەندی کوردیدا وەڕێ بخرێ بۆ ئەوەی لە رووی هزری و لە رووی دەروونییەوە باوەڕ بە نەتەوە بوونی خۆمان بێنین و ئەرک و پێویستییەکانی رزگاربوون و سەربەخۆیی ئەم نەتەوەیە بخەینە سەرشانی خۆمان. ئەمە لە پلەی یەکەمدا کاری بیرمەندان و رووناکبیرانی کوردە.
٢- ئەم راستییه تاڵانە قبووڵ بکەین و هەر کامێکمان چ وەک تاک و چ وەک لایەن، بە شێوەیەکی رەخنەگرانە بەرەوڕووی ئەم رابردوویە ببینەوە و لە بیرکردنەوە و کردار و کاری فکری و سیاسی، لە حیزبایەتی و سیاسەتکردندا لە “خۆمە خۆمە” و “خۆپەرستی” و قوربانیکردنی بەرژەوەندیی گەورە لە پێناوی بەرژەوەندیی بچووکتری خۆماندا، دووری بکەین. پێشمەرجی ئەم کارە قبووڵکردنی بەشێک لە بەرپرسیارەتیی ئەو رابردوویە لە لایەن هەر کامێکمانەوەیە. داوای لێبووردنی لایەنە سیاسییەکانە لە نەتەوەکەمان لە پێوەندی لەگەڵ هەر شەڕێکی نێوخۆییدا، کە هەڵایسێنەر و درێژەدەری بوون. حەرامکردنی ململانێی نابەرپرسانه و شەڕی خۆبەخۆیە، داننانە بە هەڵەکان و کەمتەرخەمییەکانی رابردووماندا و دەرس لێوەرگرتنیان.
٣- لە هەوڵی داڕشتنی مەنشوورێکی نەتەوەییدا بین کە پێک هاتبێ لەو ئامانج و بنەما و بەرژەوەندانەی پێویستە لای هەموومان، چ وەک تاک و چ وەک گرووپ، لە هەر بەشێکی کوردستان، جێگای رێز بن. مەنشوورێک کە بە هاوبەشیی هێزە سیاسییەکان و نوخبەکانی هەموو بەشەکان ئامادە کرابێ، ئامانج و بنەما و بەرژەوەندیی ئەوتۆ بگرێتە خۆ کە بارودۆخی سیاسیی جیاوازی هەر بەشێک، هەڵکەوتە سیاسی و جۆگرافیەکەیان، زۆری و کەمیی دانیشتوانیان و رووبەری خاکەکەیان نەبن بە هۆکار و بیانوویەک بۆ پێشێلکردن و پشتگوێخستنیان. ئەم مەنشوورە نەتەوەییە دەبێ رێککەوتنێکی نەتەوەییشی لەسەر بکرێ.
٤- دامەزراوەیەکی نەتەوەییمان پێویستە کە سەرەڕای دابەشکراویی کوردستان و گەمارۆدراویمان بە هۆی وڵاتانی نەیاری سەربەخۆیی کوردستان و پێکهاتنی دەوڵەت و کیانی کوردی، رێکخەری هاوکاری و هاوهەنگاویی سیاسیی بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستان بێ. رۆڵی هەبێ لە یەکخستنی گوتاری کورد لە کۆڕ و کۆمەڵی نیودەوڵەتیدا، هاندەری هاوکاری و هاوپەیمانەتیی هێزە سیاسییەکان هەم لە یەک بە یەکی پارچەکانی کوردستان و هەم لە ئاستی نەتەوەیی و کوردستانیدا بێ. لەسەر هەموو ئەو پرسانەی گشتین و پێوەندییان بە هەموو نەتەوەی کوردەوە هەیە، رێنوێنی و راسپاردە و قسەی خۆی هەبێ.
گومانی تێدا نیە کە هەرێمی کوردستان بە هۆی دانپێدانراویی مافەکانی کورد لە دەستووری عێراق، سەبارەت بە ئەزموونی چەندین ساڵەی بەڕێوەچوونی ئەو بەشەی کوردستان بە هۆی پارڵمان و حکوومەتی کوردی، بە هۆی ئەو جێگە و پێگەیەی لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هەیەتی و بە زۆر هۆی دیکەش، دەتوانێ لە جێبەجێکردنی پڕۆسەیەکی نەتەوەیی گەورەی لەم چەشنەدا، زۆرترین رۆڵی هەبێ. بەو مەرجەی کێشە و گرفت و قەیرانە نیوخۆییەکانی خۆی چارەسەر بکا. دیارە لێرەشدا کلیلی چارەسەری قەیرانەکان، هەر ئەوەیە بە عەقڵیەتی رەخنە لە خۆگرتن و بە خۆداچوونەوە، بە ئیرادەی تەنازول بۆ یەکتر لە پێناوی بەرژەوەندەیی گەورەتردا، بە نەفەسی لێبووردەیی و وێکهەڵکردن، بە گیان و روانینی نەتەوەییانە بەرەوڕووی ئاستەنگ و کێشە ئاڵۆزەکان بچین. ئەگینا دانی پێدا بنێین یان نا، نەتەوە و ئامانجی نەتەوەیی، هەر وەک دروشمی هەموو لایەکمان لە کایە سیاسییەکاندا دەمێننەوە و گەورەترین قوربانییش، هەر خودی نەتەوە دەبێ.
٢٧ی سێپتامبری ٢٠١٦
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه