هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری لە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لە ئاستێکی بەرین و لە روانگەی جیاوازەوە تەتەڵە دەکرێن. دەوڵەتەکان بۆ تێگەیشتن لە تاکتیک و ستراتیژیی پێوەندییەکانیان لەگەڵ یەکتر و هەروەها داڕشتنی رێبازی سیاسی بە رێژەی جیاواز گرینگی بە ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە دەوڵەتە گەورە و جیرانەکانیاندا دەدەن. بە گوێرەی سروشتی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان، ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لە وڵاتە خاوەن دەسەڵات و شوێندانەرەکان، کاریگەریی بەرچاویان لەسەر رەوتی رووداوەکان و لە چوارچێوەی سیستمی زاڵی سیاسیدا هەیە. شایانی باسە، کە سیاسەتی دەرەوەی زلهێزێکی وەک ئەمریکا لەسەر پایەکانی عەقڵانییەتی سیاسی داڕێژراوە و درێژمەودایە. بەڕێوەبەر و بڕیاردەرەکانی ئەو وڵاتە، لەسەر بناخەی خوێندنەوەی بابەتیانە و هەروەها لە کاناڵی دامەزراوە یاسایی و خاوەن پێگەکانی وڵاتەکەیان، سیاسەتی دەرەوەیان دادەڕێژن. سەرکەوتنی بەربژێریی دێموکراتەکان یان کۆمارییەکان و تەنانەت رێبازی سیاسیی سەرکۆمار و ستافی هاوڕێیان، ژێرخان و پایەکانی سیاسەتکردنی وڵات لێکهەڵناتەکێنێ. هەیکەلی بروکڕاسی و ئیداریی ئەمریکا و دەوڵەتە دێموکراتەکان چەسپاو و پتەوە و لە رێگای هەڵبژاردن ئاڵوگۆڕی دەسەڵات دەکرێ.
هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ئەمریکا و کێبەرکێی نێوان بەربژێرەکان خاوەنی تایبەتمەندی خۆیەتی. بەستێنی بەگژ یەکداچوونەوەی بەربژێر و پارتە سیاسییەکان و هەروەها تەوژمی دروشم و بەڵێنی بەربژێرەکان سەرنجی بەرچاوی دەخرێتە سەر. ستایل و مێتۆدی هەڵبژاردن، کات و دەرفەتی دەرکەوتن و دەسەڵاتەکانی سەرکۆماری گەورەزلهێزی جیهان، خاڵی زەق و بەرچاوی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتەن. ئەگەرچی سەرکۆمار و پارتە سیاسییەکانی ئەمریکا جیاوازیی کەم و زۆریان لەسەر پرسە نێوخۆیی و دەرەکییەکان هەیە، بەڵام قەوارەی سیاسی و پڕۆسەی بڕیاردان لە پاڵوێنەی ناوەند یاسایی و سیاسییەکان دەدرێن و باڵانسیان دەپارێزەرێ. کەس و پارتی براوە، لە دوای هەڵبژاردنەکان بە چاوی کراوەتر دەڕوانێتە رووداوەکان و کفوکوڵی هەڵبژاردن دادەمرکێتەوە. ناوەندە سەرەکییەکانی وڵات و دەزگای ئیداری لە بازنەی سیاسەتی دەرەوەدا، هێڵە ستراتیژییەکانی وڵات لەبەرچاو دەگرن و کفوکوڵی تازەسوارەکانی کۆشکی سپی خاو دەکەنەوە.
لە ژێر تیشکی ئەو خوێندنەوەیەدا، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بۆ ئێران و زۆر وڵاتی دیکە پڕبایەخ و گرینگە. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و جێگرتنی ئاخوندەکان لە قوچەی دەسەڵاتدا، پێوەندیی نێوان ئێران و رۆژئاوا و بە تایبەت وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بەسەردا هات. پەلاماردانی باڵوێزخانەی ئەمریکا لە تاران و بە بارمتەگرتنی کارمەند و بەڕێوەبەرانی ئەو باڵوێزخانەیە بۆ ماوەی ٤٤٤ رۆژ، لە لایەن قوتابیانی ناسراو بە “خەتی ئیمام” (واتە، رێبازی خومەینی)، سروشتی سیاسیی پێوەندییەکانی دوو وڵاتی گۆڕی. لە پاش هاتنە سەرکاری ئاخوندەکان و دامەزراندنی نیزامی ئیسلامی (نیزامی دامەزراوە، لەسەر بنچینەکانی شیعەی دوازە ئیمامی) سیاسەتی دوو وڵات بەرامبەر بە یەکتر چەپاوەنەوە بووە. ئەمریکا، لە روانگەی بناخەدانەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ناسناوی “شەیتانی گەورە”ی پێدرا. ئاخوندەکان بۆ گەرمکردنی بازاڕی هاتوهاوار دروشمی “مەرگ بۆ ئەمریکا”یان تێکەڵ بە نوێژی هەینیی تاران و هەروەها تێکۆشانی قوتابخانەکان کرد. بەرەکەتی خەرمانی دروشمە زۆر و زەوەندەکانی نیزامی ئاخوندی، دەرفەتی سازانی ئاشکرا و ئاسایی کردنەوەی پێوەندیی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتوەکان ئەمریکای بە تەواوەتی بەرتەسک کردەوە. بەڕێوەبەرانی رێژیمی تاران، رۆژئاوا و بە تایبەت ئەمریکایان بە سەرچاوەی مەترسی و کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان ناساندوە. ئاخوندەکان بۆ تۆخکردنەوەی سیاسەتی دوژمنکارانە بەرامبەر بە بەرەی رۆژئاوا، لە پەروەردە و راگەیاندنی فەرمیدا و بە ناوی شۆڕشی کولتووری، تێزی دژایەتی لەگەڵ “ئیستکباری جیهانی”یان بە رێبەرایەتی ئەمریکا داتاشی. ئەندازیارانی نیزامی تاران، لە ئاکامی سیاسەتی بە ناو “ناردنەدەرەوەی شۆڕش” و خوڵقاندنی قەیران و ئاژواوە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و پەرەپێدانی تیرۆریزمی دەوڵەتی، پێوەندییەکانیان گەیاندە خراپترین ئاست و نرخی ئەو سیاسەتەیان خستە سەر شانی خەڵکی وڵات.
ئەمریکاییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی ئاخوندەکان و پوچەڵکردنەوەی خەونەکانیان، ریبازی پەراوێزخستنی کۆماری ئیسلامیان هەڵبژارد. داڕێژەرانی سیاسەت و بڕیاردەرانی کۆشکی سپی بۆ سەرکەوتن لەو پلانەیاندا نیزامی بەعسی عێڕاق و دەوڵەتە عەڕەبەکانی ناوچەیان لە دژی ئێران تەیارتر کرد و ئێرانیان تەنگەتاو کرد. لە روانگەی کاربەدەستانی ئەمریکاوە، نیزامی حاکم لە ئێران بە مەترسیی گەورە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچە و جیهان پێناسە کرا. پارتە دەسەڵاتدار و سەرکۆمارە جیاوازەکانی ئەمریکا، لە پێناوی رامکردنی کاربەدەستانی ئێران، سیاسەتی “نەرم و زبریان” لە دژی ئەو وڵاتە گرتەبەر. وەبەریەککەوتنی بەرژەوەندییەکانی نێوان رێژیمی تاران و دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی زۆر قۆناخی بڕیوە. ئێران، سەردەمانێک یەکێک لە وڵاتانی تەوەرەی شەیتانی پێکدەهێنا و بە شڵەژێنەری ئاسایش و ئاشتی ناوچە پێناسە دەکرا. شەڕی ناڕاستەوخۆ و دوژمنایەتیی دوو وڵات بۆ دەرەوەی سنوورەکانیان درێژکراوەتەوە و لە زۆر ناوچەدا سینگیان لە سینگی یەکتر خشاندوە. سیاسەتی خۆتێهەڵقورتاندنی ئێران لە پرسی پڕۆسەی ئاشتی نێوان فەلەستین و ئیسڕائیل و کەڵکوەرگرتن لە شیعە عەڕەبەکانی لوبنان، عەڕەبستان، سوریە، عێڕاق، یەمەن و هتد بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا ئاشکراو و سەلمێندراون. ئاشکرابوونی تێکۆشان و نییەتی ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی و وزەی ناوکی، ئەمریکا و رۆژئاوایی لەگەڵ ئێران زیاتر لێک سووڕاند، بەڵام پاش مشتومڕێکی زۆر ئێرانیان ناچار بە قبوڵکردنی مەرجەکانی رۆژئاوا کرد.
هێرشی ئەمریکا و هاوپەیمانان بۆ سەر ئەفغانستان و عێڕاق دەرفەتی خۆڕانانی ئێرانی زیاتر کرد. بە رووخانی رێژیمی تالیبان و بە تایبەت رێژیمی بەعس لە عێڕاق، باڵانسی هێزی لە ناوچەدا گۆڕا. ئەگەرچی هێشتا نەخشەی درێژخایەنی هاوکێشەی ئەکتەرە سیاسییەکان بە تەواوەتی دانەڕێژاوەتەوە، بەڵام لەسەر تەختەی شەترەنجی ناوچەکەدا مۆرەکان نەخش و رۆڵی تازە وەردەگرن. ئێران زیاتر لە جاران و بە شێوەیەکی سیستیماتیک لە زۆر ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پێگەی بەهێز کردوە. ئاخوندەکان راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە فەلەستین، لوبنان، یەمەن، سوریە، عەڕەبستانی سەعودی، عێڕاق، باشووری کوردستان هتد قەیران و بۆشاییەکانیان قۆستۆتەوە و لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەکاریان دێنن. لە گۆڕەپانێکی بەرینتردا، ئێران و تورکیە بە سوننەتی کۆن، لەسەر دوارۆژی ناوچە و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان لە ئاستی جیاوازدا لە کێبەرکێدان. ئەوان شەڕی بەرژەوەندییەکانی خۆیان بە هێزە کوردی و ناوچەییەکانی دیکە ئەسپاردوە و بە وردی چاوەدێری بارودۆخەکە دەکەن. لەو گەمەیەدا ئێران خۆی لە بەرەی رووسیهدا دەبینێ و تورکیەش بۆ قورسکردنی تای بەرژەوەندییەکانی لە نێوان ئەمریکا و رووسیەدا جۆلانەی دیپلۆماسی دەکا.
پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا لە دوای هەڵبژاردنەکانی پۆستی سەرکۆماریی ئەمریکا، لە بەردەم چەند ئەگەر و بژاردەیەکی کراوەدان. فاکتەرە گەورە نێوخۆییەکان لە ئەمریکا و ئێران و هەروەها رووداوە چارەنووسسازەکان لە رەوتی ئیدارە و سیاسەتدا بە رێژەی جیاواز لەسەر ئاسۆی پێوەندییەکانی دوو وڵات کاریگەرن. ئاشکرایە، کە دوو وڵاتی ئاماژەپێکراو لەسەر زۆر بابەت و رەهەند ناکۆک و ناتەبان و بە ئاسانی کەندوکۆسپە گەورە و ریشەداکوتاوەکانی بەردەم ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەنێو ناچن. چاککردنی ژینگەی سیاسەت و بڕیار، کولتووری ئیدارە و یەکترخوێندنەوە، خاوێنکردنەوەی پاشخانی نیزیک بە ٤٠ ساڵ پێوەندی دژبەرانە و هەروەها خۆپاراستن لە روشکانی سیاسی دەوڵەت و نیزامەکان، لە خاڵە گرینگ و بەرچاوەکانی رەوتی ئاساییکردنەوەی پێوەندییە هەمەلایەنەکانی ئەمریکا و ئێرانن. ئاڵوگۆرە ناوچەیی و نێوخۆییەکان بە تەوژم و رێژەی جیاواز، لەسەر پێوەندیی نێوان دەوڵەتەکان کاریگەرن. وانەکانی دیپلۆماسی دەیسەلمێنن، کە چاککردنەوەی پێوەندی نێوان وڵاتە دژبەرەکان پڕۆسەیەکی درێژخایەنە و پێویستی بە گۆڕانی تێڕوانین و هێڵە گشتییەکانی سیاسەتی دوو وڵاتە. شایانی باسە، کە ئەگەر ستراتیژی پێوەندییە دەرەکییەکانی دەوڵەتان، لەسەر بناخەی ئایدۆلۆژی ناعەقڵانی داڕێژرابێ، بێگومان ناتوانێ خۆی لە لۆژیکی خۆگونجاندن ببوێرێ.
ئاسایی کردنەوەی پێوەندییەکانی ئێران و ئەمریکا پرسێکی درێژخایەنە. ئاخوندەکان بە تاقیکردنەوە بۆیان دەرکەوتوە، کە لەو دۆخە شڵەژاوە زیاتر سوود وردەگرن و ناخوازن روشکێنی بەردەم خەڵک و وڵاتان بن. بە تێگەیشتنی بەرەی دەسەڵاتداری ئێرانی، کەڵکوەرگرتن لە قەیرانە ناوچەییەکان و درێژەدان بە دروشمەکان، باشترین خۆراکی سیاسیی رێژیمە. ئاخوندەکان دەزانن، کە بە ئاساییبوونەوەی پێوەندیی ئێران و ئەمریکا، پرسە نێوخۆییەکان رێڕەوێکی دیکە وەردەگرن و ئەوان چارەنووسی نیزامی پاشایەتیان لەبەرچاوە. داخراوبوون و رەچاوکردنی سیاسەتی پێچەوانە، رێژیم و دەسەڵاتدارەکانی، لە زۆر نۆڕم و یاسای نووسراو و نەنووسراو دەپارێزێ. لە بەرامبەردا، کرانەوە و گرتنە پێشی سیاسەتی عەقڵانی، پەرێزی پیسی دەسەڵاتدارە ئێرانییەکان زیاتر دەردەخا. لە بەر ئەو هۆکارە، خامنەیی هاوشێوەی خومەینی، ئاساییکردنەوەی پێوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا بە مەترسی بۆ سەر سروشتی نیزام دەزانێ. ئێران خوازیارە لە قۆناخی سەرەتادا پێوەندییەکان لە نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ئێراندا، لەسەر پرسی رێککەوتننامەی ناوکی و هتد برەویان پێبدرێ، کە کۆنتڕۆڵکراو و رێگەپێدراوە و رێژیمی تاران لە رووشکان دەپارێزێ.
بەربژێرەکانی پۆستی سەرکۆماری لە ئەمریکا بە شێوەیەکی جیاواز دەڕواننە تاران و کۆی وێنەی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هیلاری کلینتۆن، وەک بەربژێری دێموکراتەکان بە پارێزەوە لە رێککەوتننامەی ناوکی دەڕوانێ و لە ئێران نیزیک دەبێتەوە. ناوبراو بەو مەرجە ئامادەیە پشتگیری لەو پێوەندییانە بکا، کە ئێران رێزی تەواو لە رێککەوتننامەکە بگرێ. لە روانگەی کلینتۆن، کێشە و گرفتی نێوان دوو وڵات بناخەیین و دەرگاکان بە ئاسانی ناکرێنەوە. کلینتۆن لە سیاسەتی لۆکاڵی و جیهانیدا خاوەنی تەجرەبەیە و هەوراز و نشێوەی کەندوکۆسپەکانی سیاسەت و دیپلۆماسی تاموچێژ کردوە. ناوبراو لە پۆستەکانی سێناتۆری و وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا ئەرکی راپەڕاندوە، کە بە پێخۆری سیاسەت بۆ کۆشکی سپی پێناسە دەکرێ. کلینتۆن ناخوازێ بە پەلەپڕووزە بکەوێتە داوی بڕیار و رووداوەکان و لەگەڵ نیزامی ئێران بە پارێزەوە هەڵسوکەوت دەکا.
دۆناڵد ترامپ و کۆمارییەکان بە شێوەیەکی گشتی دژایەتیی خۆیان بۆ رێککەوتننامەی تایبەت بە بەرنامەی ناوکی ئێران و وڵاتانی دیکە راگەیاندوە. بە دەربڕینی ناوبراو، ئەمریکا لەو سیاسەتەدا زەرەری کردوە و ئێران و باقی وڵاتانی رۆژئاوایی زیاتر قازانجیان کردوە. ترامپ لەو پرسەدا وەک بەربژێری کۆمارییەکان و سوننەتی کاری ئۆپۆزیسیۆن، لە رێککەوتننامەکە دەڕوانێ. ناوبراو، لەو پێوەندییەدا رایگەیاندوە، کە ئەگەر پۆستی سەرکۆماریی وڵات بباتەوە رێز لەو رێککەوتننامەیە ناگرێ. شایانی باسە، کە ترامپ لە گۆڕەپانی ئابوریی و بازرگانیدا زیاتر کاری کردوە و لە مەیدانی سیاسەت و دیپلۆماسیدا هێشتا تۆمارێکی کورتی هەیە. دۆناڵد لە ماوەی چەند دەیەی رابردوداو بە رێژەی جیاواز لە دوو پارتی سەرەکی وڵات نیزیک و دوور کەوتۆتەوە، بۆیە چوونی ناوبراو بۆ کۆشکی سپی ستایلێکی تازە تێکەڵ بە سیاسەتی ئەمریکا دەکا، کە رەنگە دۆخیکی پڕ لە دڵەڕاوکە بۆ بەرپرسانی ئێران بخوڵقێنێ.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه