و: تەهای رەحیمی
١/ بەرپرسە بەکرێگیراو و ئەشکەنجەدەرەکانی زیندان، زۆر بۆ ئەو زیندانیانە دێنن، کە جلوبەرگێک لەبەر بکەن نەخۆشییان پێوەیە. ٢/ ئازار و ئەزێتی بنەماڵەی زیندانییه سیاسییهکان ٣/ نەبوونی رۆژنامە و کتێب لە زیندان و گرتووخانەکان ٤/ مردنی زیندانییهکان لە زینداناندا، بەهۆی ئەوەی نهخۆشییهکانیان چارەسەر ناکرێن ٥/ ئازار و ئەزێتی روحی و جەستەیی زیندانییه سیاسییهکان ٦/ لە بواری پزیشکییەوە بە زیندانییهکان راناگەن ٧/ نووسینی نامە و گلەیی زیندانییهکان بۆ دامەزراوە نێونەتەوەییەکان ٨/ پشتڕاستکردنەوەی حوکم نامرۆییانەی ئیعدامی زیندانییه سیاسییهکان ٩/ مان لە خواردن گرتنی زیندانییه سیاسییهکان ١٠/ قورقوشمی بەندەکانی زیندان ١١/ هێرش کردنە سەر ماڵی بنەمالەی زیندانییه سیاسییهکان ١٢/ نەبوونی کەلوپەلی پێویستی ساغ و سڵامەتی ١٣/ کەم بوونی سەرچاوەکان ١٤/ نەبوونی دەوا و دەرمانی گونجاو و پێویست ١٥/ ئەشکەنجە و ئازار جەستەیی و روحی زیندانییهکان ١٦/ تێکەڵ کردنی زیندانییه سیاسییهکان لەگەڵ ئەو گیراوانەی نەخۆشی دەروونی و ئایدزیان هەیە ١٧/ دەستڕانەگەیشتنی زیندانییهکان بە تەلیفون، یان پچڕاندنی قسەکانیان لە کاتی تەلیفون کردندا ١٨/ قەدەخەی سەردان و چاوپێکەوتنی زیندانییهکان ١٩/ سووکایەتی کردن بە ئایینزا و بیروبۆچوونی زیندانییهکان٢٠/ ناچارکردنی زیندانییهکان بە دانپێدانانی زۆرەملی و سەدان کێشە و ئارێشەی دیکە، کە هێندێکیان دەخەینە بەر باس.
بارودۆخی خواردن: کەمبوونی سەرچاوەکان، کوالیتی نزم
خواردنی زیندانییه سیاسییهکان وەک خواردنی بەندەکانی دیکەی زیندانی گشتی نییە، خواردنێکی زۆر خراپە، هەم لە بواری ئەو دانەوێلە و شتانەی پێی لێ دەنێن کە جاری وایە شتی ماوە بەسەرچوون و خواردنیان ژەهراویت دەکەن، هەمیش ئەو بەرنامە خواردنەی بۆ زیندانییه سیاسییهکان لەبەرچاو گیراوە، وزەیەکی بەهێزی تێدا بەدی ناکەی و زۆربەی خواردنەکان بریتین لە پەتاتە و دانەوێلە و گۆشت (هەر چەند زۆر خراپ) کە تاقە چەند چنکێکی تێ دەکەن، هەر بۆیە زۆربەی زیندانییهکان ناچارن خۆیان خۆیان بەخێو بکەن و بە فرۆشگای بەند تێر بخۆن، فرۆشگاش وڵامدەری ئەو ژمارە زیندانییه نییە و بۆیە زیندانییهکان ناچارن بەو خواردنە خراپەی زیندان بیگوزەرێنن. ئەو کەسانەی لە بەندی زیندانییه سیاسییهکان دان، هەموویان سەر بە توێژی هەڵکەوتە و ئیلیتی کۆمەڵگەی ئێرانن کە تەنانەت خواردنی باشیشیان چنگ ناکەوێ و کاتێ بنەماڵەکانیان روومای لەڕ و داچۆڕاوی خۆشەویستانیان لە کاتی چاوپێکەوتنەکاندا دەبینن، سەبارەت بە پێڕانەگەیشتن بە لانیکەمی بابەتەکانی ژیانیان رەخنە دەگرن. چونکی پێیان وایە لانیکەم دەبێ دەرفەتی ئەوەیان بۆ بڕەخسێ کە لە فرۆشگا پێویستییەکانیان دابین بکەن.
هەروەها ئەو زیندانییانەی کە زۆربەیان بەهۆی هەلومەرجی نالەباری قۆناخی لێپێچینەوەکان لە بواری سڵامەتییەوە زۆر باش نین، ناچارن بە چەندین کاتژمێر لە ریزی فرۆشگادا بۆ دابینی خواردن راوەستن. زۆر جارانیش فرۆشگا کێشەی سنووردارکردنی شت کڕین دەخاتە بەردەم زیندانییانەوە، کەچی ئەوان بەهۆی خراپی خواردنەوە دەبێ پیویستییەکانی خۆیان لەوێ بکڕن. جگە لەوەش فرۆشگاکان خاوەن بەرنامەیەکی کرانەوەی رێکوپێک نین و زۆر جاران بەرپرسانی زیندان بۆ گوشار خستنە زیندانییه سیاسییهکان، بە چەندین رۆژ فرۆشگاکان دادەخەن، بۆ وێنە ساڵی پار کاتێ زیندانییهکان بە نیشانەی ناڕەزایەتی خواردنی زیندانیان نەخوارد، بۆ ماوەی سێ رۆژ تەواو دەرکی فرۆشگا گاڵە درا.
دۆخی لەشساغی: پیسبوونی ژینگەی زیندان، نهخۆشییهکان زۆر ئاسان بڵاو دەبنەوە
نزمبوونی ئاستی باری لەشساغی و ئاسان بڵاوبوونەوەی نهخۆشییهکان و هەروەها پەتوو و نوێن و بانی خەوی زیندانییهکانیش بەگشتی پیسن.
ئاودەست و شوێنی شوشتنی قاپ و قاچاخ لە شوێنێکە بەڕاستی نەگونجاو و ناخۆش کە لە بواری پاکوخاوێنییەوە تەواو نەشیاوە.
بەرپرسانی زیندان بۆ خاوێنکردنەوەی رێڕەوکان، شوێنی پشووگۆڕین، ئاودەستەکانی زیندان، کار بە زیندانییهکان دەکەن، کە ئەمەش خۆی جۆرێک بێگاری کردنە بە زیندانییهکان. سەرەڕای ئەوەش سیستم و کەرەسەگەلی پاکوخاوێنی بەتەواوی رزیو و کۆنن کە ئەمەش خۆی دەبێتە هۆی کێشە و ئارێشە بۆ لەشساغی.
دەوا و دەرمان: دەستپێڕاگەیشتنی سنووردارە، بەکاتی خۆی پێڕاگەیشتن نییە
زۆربەی زیندانیان بەهۆی گووشاری جەستەیی و روحی قووڵی قۆناخی لێپێچینەوە و لێپرسینەوە، تووشی نەخۆشی و نارەحتی جەستەیی هاتوون، لە بەندی زیندانییه سیاسییەکاندا شوێنێک بۆ بەکارهێنانی دەوا و دەرمان لە لایەن زیندانییهکانەوە نییە و سرویسی پزیشکیش بوونی نییە و ئەگەر نەخۆشییەک هەبێ دەبێ روو لە بێهداری زیندان بکرێ. گواستنەوەی زیندانییهکانیش بۆ بێهداری و دیاریکردنی کاتی چاوپێکەوتنی پزیشکیش کێشە و ئارێشە و بەرتەسکییەکی زۆر لەبەرە، بە چەشنێک هەموو رۆژێ لەو هەمووە زیندانییه سیاسییە بەندی ٣٥٠ی ئێڤین کەمتر لە ١٠ کەس ئیزنیان پێ دەدرێ بچنە بێهداری کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەندێک زیندانی کە پێویستە دەسبەجێ دەرمان بکرێن، یان پێویستیان بە دەرمانی ئازارشکێن یا دەرمانی تایبەت هەیە ماوەیەکی زۆر لە چوون بۆ بێهداری و بەکارهێنانی سرویسی دەرمانی بێبەش بن. زۆربەی کاتان زیندانییهکان دەگەڵ ئەوەی پیویستییەکی زۆریان بە دەرمانی دەمودەست هەیە، بەڵام لە دەرمان و پزیشک بێبەش دەبن. بۆ وێنە زۆر جار رووی داوە زیندانییهکی سیاسی نەخۆش کەوتووە و پێویستی بە چارەسەری دەسبەجێ هەبووە، بەڵام بەرپرسانی زیندان خۆیان لە ناردنی بۆ بێهداری بواردوە. ئەوان پێیان وایە تەنیا کاتێک دەبێ بنێردرێنە بێهداری کە لەخۆ بچن. ئەو رەوتە لە رەشەممەی ساڵی ٨٧ دا مردنی ئومیدرەزای میرسادقی لە بەندی حەوتی زیندانی ئێڤینی لێکەوتەوە، وێبلانووسێکی لاو کە دوو ساڵ و نیوی درابوویە و لە ئاکامدا لە زینداندا بەهۆی گوشاری کارەساتباری زیندان ئەو لاوە گیانی لە دەست دا.
بارودۆخی جەستەیی هەندێک زیندانی سیاسی جێی نیگەرانییە
لەسەر رەوشی لەشساغی و بواری دەروونی زیندانییه سیاسییهکان رۆژ بە رۆژ راپۆرتی نیگەرانکەر بڵاو دەبێتەوە و تووشبوونی هەندێک زیندانی بە نەخۆشی جۆراوجۆری دڵ و مێشک و چاو، وەک زێنەب جەلالیان، نیشانەیەکی روونە لە گوشاری قۆناخی دەسبەسەربوونیان لە گرتووخانەکان. دەبێ لیستەیەکی دوورودرێژ لە ناوی چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەسبەسەر لە شارەکان و پارێزگاکان بە زێنەبەوە زیاد بکەین کە بەئانقەست و بەهۆی نەناسراوییان لەژێر گوشاری دووبەرانبەر دان.
سەرەڕای ئەو نیگەرانییە روو لە زیادبوونانە لەسەر بواری لەشساغی زیندانییه سیاسییهکان، بەرپرسانی دادوەری و ئەمنییەتی تا ئێستاش هیچ هەوڵێکیان بۆ گۆڕینی رەوتی زاڵ ئەنجام نەداوە، بەڵکوو بە درێژنەکردنەوەی مەرەخەسی هەندێک زیندانی نەخۆش، نیگەرانییەکانیان لەسەر لەشساغی ئەوان چەند بەربەر کردوە. ئەو هەلومەرجەیە کە هیوای بە هەر جۆرە کارتێکەریی و کردەیی بوونی گەڵاڵەکانی وەک پشکنینی گرتووخانەکانی وڵاتی بڕیوە و ئەو گومانەی بەهێز کردوە کە دامودەزگەی دادوەری و ئەمنییەتی کۆماری ئیسلامی تەواو بە ئانقەست و سیستماتیک بەردەوام مافی زیندانییهکان پێشێل دەکا.
گوێ نەبزووتن بە قانوونەکان
بەگوێرەی ماددەی ٢٥ی ستانداردەکانی رەفتار لەگەڵ زیندانییهکان کە لە یەکەمین کۆنگرەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان چاوەدێری بەرگری لە تاوان و رەفتار لەگەڵ تاوانباران لە ساڵی ١٩٥٥ لە ژنێڤ گیراوە “پزیشکی زیندان بەرپرسی چاوەدێری لەشساغی جەستەیی و روحی زیندانییه. پزیشک دەبێ هەموو رۆژێ سەردانی نەخۆشەکانی و ئەو کەسانە بکا کە دەڵێن نەخۆشن، هەروەها کۆنترۆڵی ئەو کەسانەش بکا کە خۆی گومانی هەیە ئەو نەخۆشییانەیان گرتبێتەوە،” بەندی دوویەمی ئەو ماددەیە روونی دەکاتەوە کە “هەر کاتێک پزیشک دیاری کرد بارودۆخی جەستەیی یان دەروونی زیندانییهک بەهۆی بەردەوامی و یان شێوازێکی تایبەتی زیندانی بوون زیانی پێگەیشتووە یان زیانی پێدەگا، لەسەری ئەرکە راپۆرتێک بنووسێ و بیدا بە بەرپرسی زیندان.”
لە قانوونە نێوخۆییەکانی ئێرانیشدا لەسەر لەبەرچاوگرتنی بواری لەشساغی زیندانییهکان لە ماددەی ١٠٢ی ئاییننامەی بەڕێوەبەری زیندانەکان و هەنگاوە دابینی و پەروەردەییەکانی وڵاتدا هاتوە کە “بێهداری زیندان ئەرکێتی لانیکەم مانگێ جارێک هەموو زیندانییهکان تێست و چێک ئاپی پزیشکی بکا و ماددەی ١٠٣ی هەمەن ئایینامەش چارەسەری و چوونە دەرەوەی زیندانی لە زیندان بۆ چارەسەری پزیشکی بە پشتڕاستکردنەوەی بێهداری زیندان و ئیزنی دادوەری چاوەدێر دەبەستێتەوە، بەو حاڵەوە کارکردی بەرپرسانی دادوەری وەک سەرپەرشتیارانی زیندانییهکان، لەمەڕ ئەوان پڕە لە پێشێلی مافی قانوونی زیندانییهکان. بۆ وێنە زۆر کەس هەبوون کە بەرپرسانی بێهداری زیندانیان پێیان وابووە دەبێ بۆ چارەسەری پزیشکی بگەیەنرێنە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان کەچی بەرپرسانی دادوەری گوێیان پێی نەبزووتوە و زیندانییهکان لە هەلومەرجی جەستەیی و روحی خراپدا لەو دەرفەتانە بێبەش کردوە. هەندێک جاریش بەرپرسانی زیندانەکان کاتێک لەسەر مەرەخەسی زیندانییهکان بۆ چارەسەری پزیشکی ئیزنیان لەسەر بووە، کە کار گەیشتۆتە جێیەک ئەگەر زیندانییهکانیان راگرتبا مەترسی مردنی هەبووە.
هەڵسوکەوتی خراپی بەرپرسانی زیندان، سوکایەتی کردن بە زیندانییهکان
هەندێک لە ئەفسەر نیگابانەکان هەوڵ دەدەن هەتا بە گوشاری زیاتر خستنە سەر زیندانییه سیاسییهکان و رەفتاری ناحەز، زیندانییه سیاسییهکان بشکێنن.هەروها بەرپرسانی زیندان بەبەکارهێنانی ئامرازی ناقانوونی، هەوڵ دەدەن یەکگرتوویی زیندانییه سیاسییهکان تێکدەن، پەرە بە سیخوری دەدەن و نائەمنی دەروونی ساز دەکەن. بە زۆرەملی ناردنە دەرێ بۆ گۆڕینی پشوو، وەرزشی بەیانیان و پشکنین و گەڕانی ناباوی کەلوپەلی زیندانییه سیاسییهکان، هەندێک هەڵسوکەوتی نەشیاوە دهیکەن کە لە زیندانی بەندی سیاسییهکان لە کۆماری ئیسلامیدا دەبینرێن. هەروەها بەرپرسانی زیندان هەوڵ دەدەن کە بە دوو جاران سەرژمێر کردنی زیندانییهکان، سووکیان بکەن. لە کاتێکدا ئەفسەر نگابانەکان دەتوانن بچنە هەموو ژوورەکان و سەرژمێریان بکەن، بەڵام زۆربەی جاران بۆ سەرژمێرکردن، زیندانییهکان ناچار دەکەن لە خانە تاکەکەسییەکان بێنەدەر. ئەو کاتانەش کە لە ژوورەکان سەرژمێر دەکرێن، زیندانییه سیاسییهکان ناچارن ماوەیەکی زۆر لە رێزی رێکوپێکدا لەسەر زەوی دانیشن هەتا بە قامک بژمیردرێن و ئەو رەفتارانەش بە شایەدی زیندانییهکان زۆر سووکایەتی پێکەرن.
سەرەرای ئەوەش کێشەیەک بەناوی “لەسەر ئەرز خەوتن” شتێکی جێی داخە کە سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتی و داواکان هێشتاش درێژەی هەیە و، زۆربەی زیندانییهکان بەهۆی کەمبوونی تەختی خەو ناچارن لەسەر ئەرزی بخەون، کە زستانان بەهۆی سارد و سەرما دەبیتە هۆی زۆربوونی نەخۆشی و پەتا لە زیندانەکاندا.
کێشە و ئارێشەی روو لە هەڵکشانی بەنددی زیندانییه سونییەکان لە زیندانەکانی ئێراندا
لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما زیندانییه سونییەکانی زیندانی رەجایی شاری کەرج لە هۆڵێکدا جیا دەکرێنەوە کە دەرک و پەنجەرەی ناستانداردی تێ گیراوە و سیستمی گەرمکەرەوەی بۆ شەوە ساردەکانی زستان ناگونجێ. ئەو کێشەیە زیندانی بەتایبەت بۆ چەندین زیندانی نەخۆشی ئەو هۆڵە زۆر ناخۆشتر و دژوارتر کردوە.سیستمی گەرمایی ئەو هۆڵە کە دەبێ رادیاتۆری بێ، هەندێک لوولەن کە بڕیارە ئاوی گەرمی پێدا بێ و بچێ، بەڵام بەهۆی ئەوەی سیستمی ماتۆری زیندان هەڵناکرێ، ئەو هۆڵە گەرم داناهێنێ، ئەو کێشەیە بەهۆی چۆڵبوونی بەندەکە و دەرک و پەنجەرە کۆن و ناستانداردەکان داژوارییەکانی زیندانییهکانی چەند هێندە کردوە.
لەو لایەشەوە بەرپرسانی زیندانی ناهێڵن زیندانییهکان خۆیان کەرەسەیەکی گەرمایی بکڕن.
ئازار و ئەزێتی بنەماڵەی زیندانییه سیاسییهکان
بەڵنیاییەوە کاتی دەسبەسەرکردن و گرتنی زیندانییه سیاسییهکان، بنەماڵەکانیان لە رێگەی پەیامی تەلیفونی یان تەلیفون کردنەوە وریا دەکرێنەوە، ئەگەر بەهەر چەشنێک هەواڵی گرتنی رۆڵەکانیان بە مێدیایی بکرێ، دەگەڵ دامەزراوە ئەمنییەتییەکان رووبەڕوون.
یان مەعموورە ئەمنییەتییەکان بەبێ هیچ ئیزنێکی قانوونی بەسەر ماڵی خەڵکیدا دەدەن و وێڕای پشکنین و گەڕانی ماڵان، کەلوپەلی کەسێنی وەک لەب تاپ، گووشی موبایل و چەند کتێبێک رەگەڵ خۆیان دەبەن.
یان ئەوەی کایە بە بنەماڵەی زیندانییه سیاسییهکان دەکەن، بۆ وێنە جار نا جار پێیان دەڵێن ئەمڕۆ و سبەی لە سێدارەیان دەدەین، یان لە سێدارە دراون و یان لە سێدارە نەدراون.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه