( رەچەڵەکناسی هزر و ئەندێشەی دوکتور قاسملوو)
سەرەتا:
بێگومان مرۆڤ بەرهەمی ئەو چاخ و کۆمهڵگهیە کە تێیدا دەژی و ناتوانێ خۆ لە هێژمۆنی تایبەتمەندییهکانی چاخی و کۆمەڵایەتی دەرباوێ، چاخ و کۆمهڵگه لەرێی بە کۆمەڵایەتی کردنی تاک لە تایبهتمهندییهکانی خۆیدا کار دەکاتە سەر مرۆڤ، دوکتور قاسملووش وەک تاکێک بێگومان لەو رەوتە بەدەر نیه و ئاڵوگۆڕه سیاسییهکانی دەرەوە و نێوخۆی ئیران کاری تێ کردوە و بەپێی زەرفییەتی هزری و دەروونی ئاڵوگۆڕی تێدا ساز کردوە. یەکێک لەو رەوتانەی کە دوکتور قاسملووی خستۆتە ژێر کاریگەری خۆی ریفۆرمخوازیە؛ ریفۆرمخوازی وەک هزر و گوتار بە مانای باوەڕمەندی بە زەروورەتی گۆرینی بنهڕهتیی هەنگاو بە هەنگاوی پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی کۆمهڵگه لەرێی دامەزراندنی پێکهاتەیەکی سیاسیی دێموکرات و نیزامێکی ئابووریی عادڵانە بەدژ سۆسیالیزمی شۆڕشگێر (کە لەو باوهڕەدا بوو بۆ مسۆگەر کردنی عەداڵەت و یەکسانی پێویستە پرۆڵتێرەکان بە شێوەیەکی شۆڕشگێرانە و لەرێی وەدەستگرتنی دەسەڵاتی سیاسی حەول بدەن بۆ دامەزراندنی دیکتاتۆری پروڵتاریا و لەنێو بردنی چەوساندنەوەی زۆرینەی پرۆڵتێر بە دەست کەمینەی سەرمایەدار) سەری هەڵدا. ئەو شێوە لە ریفۆرمخوازی لەگەڵ ریفۆرمی پڕاگماتیک کە حەول بۆ پاراستنی پێکهاتە و نەزمی ئارایی لە بەرامبەر هەر جۆرە ئاڵوگۆڕێکی بنەڕەتی دەدا، جیاوازە. ریفۆرمخوازی بە مانای سۆسیالیزمێکی خاوکراو لە قوتابخانەی فکری ئێدوارد بێرنشتایندا، پێداگر بوو لەسەر ریفۆرمی کۆمەڵایەتی، ئاشتیخوازی و رێککەوتن لەگەڵ حیزب و رێکخراوە بورژواکان بۆ دامەزراندنی سیستمێکی دێموکرات و ئابوورییهکی عادڵانە. ریفۆرمخوازی وەک شێوەیەکی دێموکراتیک لە سۆسیالیزم زۆرترین دژایەتی لەگەڵ هەڵوێستی شەڕخوازانەی مارکسیزم_لێنینیزم هەبوو.
هەڵبەت ئەوە بەو مانایە نیه کە پێشتر ریفۆرم لە هێندێک دیاردەی کۆمەڵایەتی وەک ئایین نەبووبێ، واتە خاوەنی مێژینه نەبووبێ، بەڵام بێرنێشتاین یەکەم کەس بوو کە چوارچێوەیەکی مەعریفی بۆ دانا و پەرەی پێدا. ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە بەتەنیا بەدەست گرتنی پێگەی دەسەڵات و حکوومهت ناتوانێ ژێرخانی سەرمایەداری و کاپیتالیزم بە جۆرێک لەنێو ببات کە ئیتر سەرهەڵنەداتەوە، بەڵکە پێویستە کە بنەماکانی هزری، کلتووری و کۆمەڵایەتیی سەرمایەداری بەرله بنەمای سیاسی و حکوومی برووخێ و لەنێو ببردرێ. بێرنێشتاین باوەڕێکی قووڵی بە دەور و پێگەی نووسەران، رۆژنامەوانان، هونەرمەندان و رووناکبیران هەبوو بۆ سڕینەوەی زەینی و دەروونی سەرمایەداری لەنێو زەینی تاک و کۆمهڵگهدا، واتە ئازادی بەیان و مافی بیروڕای ئازاد. بێرنێشتاین لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە هەتا داهاتی ئابووریی کۆمهڵگه بە شێوەیەکی عادڵانە لەنێو کۆمهڵگهدا دابەش نەبێ و چین و توێژەکانی هەژار و دەستکورتی کۆمهڵگه دڵەراوکێی دابین کردنی داهاتیان هەبێ سەرمایەداری وەک نیزامێکی پەرەپێدەری ناعەداڵەتی لەنێو ناچێ و نیزامێکی سۆسیالیستی راستەقینەی پەرەپێدەری عەداڵەت لە هەموو بوارەکاندا سەقامگیر نابێ. بە گشتی بێرنێشتاین لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە پێویستە کۆمهڵگه ببێتە خاوەن نیزامێکی حیزبی پلۆڕاڵ، سیستمێکی هەڵبژاردنی ئازاد، دابەش کردنی داهاتی ئابووری بە شێوەیەکی عادڵانە لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمهڵگهدا؛ واتە بێرنێشتاین لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە مافی تاک و کۆمهڵگه تەنیا و تەنیا لە سیستمێکی دێموکراتدا مسۆگەر و دابین دەبێ، ئەو لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە شۆڕشێکی پرۆڵتێری تەنیا و تەنیا دەبێتە هۆی لەنێو چوون و رووخانی کۆمهڵگه.
دوکتور قاسملوو و ریفۆرم لە هزر و ئەندێشەدا
بێگومان هەر هزر و گوتارێکی زیندوو خاوەنی پێشمێژوویەکی تایبەت بە خۆیەتی کە لە ناو و نیشانی هزر و گوتارەکە مێژووییترە؛ بۆ وێنە ئەگەرچی ئەگۆست کۆنت وەک دەسپێکی پۆزیتویزم دەناسرێ بەڵام دەکرێ باس لە تایبهتمهندییهکانی پۆزیتویزم بەرلە کۆنت بکرێ، بەڵام کاتێ زەینێکی هەڵکەوتەی وەک کۆنت ئەو تایبەتمەندییه لێکبڵاوانە کۆ دەکاتەوە، وەک گشتێکی یەکگرتوویان دەردەهێنێ و دەیکاتە دەرکەوتەیەکی کلتووریی نوێ، ئیتر دەبێتە دەسپێکی پۆزیتویزم. بەداخەوە ئەوەی کە بەگشتی لە ئێرانی قاجارەوە هەتا سەردەمی کۆماری ئیسلامی وەک ریفۆرمخواز سەری هەڵداوە، هەموو بەگشتی دەچنە چوارچێوەی ریفۆرمی پڕاگماتیکەوە، واتە هەموو بەگشتی خوازیاری پاراستنی پێکهاتە و نەزمی ئارایی بوون، بەڵام لە هێندیک بواردا هەستیان بە زەروورەتی ئاڵوگۆڕ کردوە.
دوکتور قاسملوو “کوردیکی سۆسیال دێموکرات” بوو، ئەوە تەنیا بەو مانایە نیە کە دوکتور قاسملو بە رەگەز کورد بووە، واتە تورک، فارس، یان سەر بە نەتەوەیەکیتر نەبووە، هەروەها سۆسیال دێموکرات تەنیا ئاماژەیەک بە باوەڕی هزریی دوکتور قاسملوو نیە، بەڵکە بەو مانایەیە کە دوکتور قاسملوو وەک دەرکەوتەیهک لەژێر رۆشنایی و تیشکی ئەو واقعییەتە شرۆڤە بکرێ، شرۆڤەیەکی هەڵقوڵاوی تایبهتمهندییهکانی هزری، ئابووری، سیاسی، کلتووری و کۆمەڵایەتی لە چاخ و دەورەیەکی مێژووییدا. بێگومان باس کردن لە ریفۆرمخوازی لە هزر و ئەندێشەی دوکتور قاسملوودا لە غیابی بنەما و بەستێنی مێژوویی کلتووری چەپ، کورد، ئورووپا و ئێران، بەلارێدا بردنی شرۆڤەیە. بە واتایەکیتر پساندنی هزر و ئەندێشەی دوکتور قاسملوو لەگەڵ مێژووی ژیان و ئەزموونە مێژووییەکانی خۆی، دوورمان دەکاتەوە لە خوێندنەوەیەکی دروست لە دوکتور قاسملوو. دوکتور قاسملوو وەک کەسایەتییهکی سیاسی سەرهتا خۆی لە هزر و ئەندێشەی مارکسیزم_لێنینیزمدا دیتەوە، ئەندێشەیەک کە حیزبی توودە پەرەپێدەری بوو و لەسەر ئەساس و بنەمای ئەو ئایدۆلۆژییه دامەزاربوو. دوکتور قاسملوو وەک کەسایەتییهکی سیاسیی چەپ و لەژێر کارتێکردنی هزری مارکسیزم- لێنینیزم روو لە پڕاگ پێتەختی وڵاتی چیکوسڵاواکی دەکا و دەست بە خوێندنی زانستگایی دەکا. ژیان لە ئووروپا بوو بە هۆی دیتن و ئەزموون کردنی موسیبەتی مارکسیزم-لێنینیزم بۆ رۆژهەڵاتی ئووروپا کە دەسەڵاتگەلێکی دیکتاتۆر و خوێنڕێژی بەسەر کۆمهڵگهدا حاکم کردبوو، لە هەمان کاتیشدا لە بواری ئابووریدا کۆمهڵگهیەکی پاشکەوتووی بەرهەم هێنابوو. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە رۆژئاوای ئورووپا هەم خاوەنی سیتمیکی ئاواڵاو و دێموکرات بوو و هەمیش لە باری ئابووری و پێشکەوتنەوە لە ئاستێکی بەرزدا بوو. بێگومان ئەو دیاردانە و ئەو نیشانانە بۆ دوکتور قاسملووی بیرمەند و ژیر لە هەناوی خۆیدا هەڵگری زۆر پەیامی روون و ئاشکرا بوو، ئەویش ئەوە بوو کە مارکسیزم- لێنینیزم و ئەساسەن هیچ رەهەندیکی چەپی شۆڕشگێر ناتوانێ دامەزرێنەر و پەرەپێدەری عەداڵەت و مافی تاک و کۆمهڵگه بێ، چونکە بنیادنەری سیستمێکی دیکتاتۆرین و دیکتاتۆریش لە هەناوی خۆیدا دژی هەر جۆرە عەداڵەتێک، مافی تاک و کۆمهڵگهیە. لە نێوخۆش دوکتور قاسملوو لەپاش ئەوەیکە دەگەرێتەوە بۆ ئێران، شاهیدی کوودتای حەمەڕەزاشا بەدژی دوکتور موسەدیق دەبێ، ئەو کوودتایەش بێگومان هزر و ئەندێشەی دوکتور قاسملوو زیاتر دەخاتە رەوتی ئاڵوگۆڕ و وەرچەرخان، بە جۆرێک کە وێدەچی زەروورەتی بنیادنانی سیستمێکی دێموکرات و کارکردە پۆزێتیڤەکانی وەها سیستمێک هەر لەو سەردەمەڕا خزابێتە هەناو و مێشکی دوکتور قاسملوو. دوکتور قاسملوو لەپاش کوودتا بەدژی دوکتور موسەدیق و پاش ماوەیەک ژیان لە عێراق، بۆ درێژەدانی خوێندن دەگەرێتەوە پڕاگ و کارناسی باڵا و دوکتوراکەی هەر لەوێ تەواو دەکا. لەپاش تەواو کردنی دوکتوراکەی هەر لە زانستگای پڕاگ دەست دەکا بە وانەگوتنەوە، دوکتور قاسملوو لەو دەورەیەدا بەهاری پڕاگ و هێرشی تانکەکانی یەکێتی سۆڤیەت بۆ پڕاگ و رووخاندنی دەسەڵاتی ریفۆرمخوازەکانی ئەو وڵاتە دەبینێ. بێگومان ئەو روداوە وەک کارەساتێکی گەورە ئیتر بە تەواوی هزر و ئەندێشەی دوکتور قاسملوو لە مارکسیزم- لێنینیزم وەردەگێڕێ و روو لە سۆسیال دێموکراسی دەکا، وەک رەوتێکی ریفۆرمخوازنە لەنێو هزر و ئەندێشەی چەپدا. دوکتور قاسملوو باوهڕیکی قوڵی بە دێموکراسی هەبوو، ئەو لەسەر ئەو باوهڕە بوو لە غیابی ئابوورییهکی سۆسیالیستی کە داهاتی ئابووری لە سیستمێکی ئابووریی سالم و گەلیدا بە شێوەیەکی عادڵانە لەنێو هەموو چین و توێژەکانی کۆمهڵگهدا دابەش ببێ، هەرەها لە غیابی سیستمێکی سیاسیی دێموکرات و پلۆڕاڵدا هیچکات عەداڵەت و مافی تاک و کۆمهڵگه مسۆگەر نابێ. ئەو باوهڕەی کە بێرنشتاینی لە مارکسیزمی شۆڕشگێرانە جیا کردەوە، هەر بۆیە لەسەر ئەو باوهڕە بوو کە مافی کورد وەک مرۆڤ و مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمهڵگهی ئێران لە سیستمێکی دیموکراتڕا سەرچاوە دەگرێ، ئەو باش لە دەوری بیرورای ئازاد، هەڵبژاردنی ئازاد، سیستمی حیزبی پلۆڕاڵ، رووناکبیری سەربەخۆ، رۆژنامەوانی ئازاد گەیشتبوو بۆ سڕینەوەی هێژمۆنی دیکتاتۆرییەت لە هەناو و دەروونی تاک و کۆمهڵگهدا. ئیتر ئەوە دەورەیەکە کە دوکتور قاسملوو بە تەواوی لەگەڵ هزر و بیری مارکسیزم- لینینیزم ماڵئاوایی کردوە و هەنگاوی ناوەتە نێو جیهانی هزری سۆسیال دێموکراتەکان و بەرهەمی ریفۆرمخوازانەی هزری بێرنشتاین. دوکتور قاسملوو هەر لەبەر رۆشنایی ئەو هزرە باوهڕی بە دیالۆگ و دیتنەوەی رێگاچارەی ئاشتیانە لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندیی ئێران لەپاش شۆڕشی ٥٧ هەبوو. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئەو موتەهەم بە سازشکاری دەکرا، باوهڕی قووڵی ئەو ئینسانە مەزنە بە رێگا چارەی ئاشتیانە و حەرەکەتی هەنگاو بە هەنگاو بۆ مسۆگەر کردنی مافی کورد، چین و توێژەکانی هەموو کۆمهڵگهی ئێران تا ئەو جیگایە بوو کە لەسەر میزی وتوووێژ شەهید کرا.
سەرچاوەکان:
ئەلف: ماڵپەرەکان
1_http://isj.org.uk/left-reformism-the-state-and-the-problem-of-socialist-politics-today/
2_ http://anthropology.ir/node/29526
3_ https://fa.wikipedia.org/wiki
ب: کتێبەکان:
١_ بشیریه، حسین: تاریخ اندیشەهای سیاسی در قرن بیستم، اندیشەهای مارکسیستی، نی تهران ١٣٧٦
٢_ بشیریه، حسین: جامعهشناسی سیاسی، نقش نیروهای اجتماعی در زندگی سیاسی، نی، تهران، ١٣٧٤
٣_ بشیریه، حسین: دولت عقل، ده گفتار در فلسفه و جامعەشناسی سیاسی، علوم نوین، تهران، ١٣٧٤
٤_ کولاکوفسکی، لشک: جریانهای اصلی در مارکسیسم، برآمدن، گسترش و فروپاشی، ترجمە عباس میلانی، آگاه، تهران، ١٣٨٦
ئهو وتارانهی له بیروڕای ئازاددا بڵاو دهبنهوه تهنیا ههڵگری بیروڕای نووسهرهکانیانه.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه