و: کهماڵ حهسهنپوور
تەنانەت لایەنگرە هەرە خۆشبینەکان خەریکە بەو ئاکامە دەگەن کە ریكکەوتننامە لەگەڵ ئێران، مەلاکان نەرم ناکا. مخابن ئەوە خراپترین [ئاسەوارەکان] نیە چونکە رێککەوتنەکە لە راستیدا رەشترین هێزەکانی ئێران بەهێز دەکا.
بەپێی لێکۆڵینەویەک کە لە لایەن دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی کە ناوەندەکەی لە واشینگتۆنە، ئامادە کراوە، سوپای پاسدارانی ئێران براوهی یهکهمی “برجام”ه(ئەو رێککەوتننامەی کە مەلاکان لەگەڵ ٦ زلهێزی جیهانی هاوینی رابردوو واژۆیان کرد)، نەک خەڵکی ئاسایی ئێران یا ئەو مەلا سیاسەتمهدارە میانڕەوانەی کە هێندە پێیان هەڵڵا دەڵێن.
ئەنجامی لێکۆڵینەوە ٤٨ لاپەڕهییە پڕ وردەکارییەکەی توێژەرانی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی دەڵێ: “لەگەڵ جێبەجێ کردنی رێكکەوتننامە ناوکییەکەی ساڵی ٢٠١٥، [سوپای پاسداران] ئامادەیە کە سودمەندی سەرەکی بێ”.
لەژێر سەردێڕی “چۆن رێککەوتننامەی ناوکی، سوپای پاسدارانی ئێران دەوڵەمەند دەکا” لێکۆڵینەوەکە نیشانی دەدا کە سوپای پاسداران لە سەدا چلی ئابووریی وڵات کۆنتڕۆڵ دەکا، لە نێویاندا کەرتی وەها کە بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندی بە بەرنامەی ناوکییەوە هەیە کە رێککەوتننامەکە دەیهەوێ جڵەوی بەدەستەوە بگرێ.
بڕوانە! دۆلارەکانی باجی ئێوە لەم دواییانەدا لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئۆباما بۆ ئێران بەڕێ کرا. بەشێکی زۆری ئەو پارانە ئەو ئێرانییانەی کە دەڵێن “مردن بۆ ئهمریکا” یەکجار زۆر دەوڵەمەند دەکا.
پارەکان هەروەها یارمەتی ئەوان بۆ بەهێزترکردنیان لەسەر حیسابی ئەو سیاسەتوانانە دەکا کە دەڵێن رێگای نەجاتی شۆڕشی خومەینی هەڵسوکەوت کردنە لەگەڵ ئهمریکا.
سوپای پاسداران لە ١٩٧٩ لە لایەن خومەینی وەک میلیشیایەک بۆ بڵاوکردنەوەی ئایدۆلۆژی شۆڕش و قایم کردنی دەسەڵات دامەزرا. ئەو وەردەوردە بوو بە سوپایەکی گەورە کە هاوتەریبی ئەرتەشی ئێران کار دەکا.
تیپی قودسی سوپای پاسداران لێبڕاوانە و بە شێوەی جۆراجۆر ئایدۆلۆژی شۆڕشگێڕانەی بۆ سەرانسەری جیهان هەناردە کردووە. ئەو ئێستا لە شانۆی شەڕی وەک یەمەن، لوبنان و سوریە، شوێنێک کە ئەو یاریدەدەری حەمامی خوێنی سەرکۆمار بەشار ئەسەدە و هۆکاری سەرهکیی مانەوەی ناوبراو لە دەسەڵات دایە، چالاکە.
لە خەلیجی فارس بەلەمەکانی سوپای پاسداران زۆر جار بە دەورەی پاپۆڕەکانی هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەسووڕێنەوە. لە مانگی ژانویەدا سپای پاسداران ١٠ کەس لە دەریاوانانی ئهمریکایی کە بە هەڵە سنووری ئاویی ئێرانیان بەزاندبوو دەستبەسەر کرد. لەو کاتەوە چەند رووداویتر ئێران و ئهمریکای تا لێواری رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ بردووە.
باڵێکیتری سوپای پاسداران، بەسیج، بەرپرسی سەپاندنی یاساکانە لە نێوخۆ. ژنان (تەنانەت بەشدارانی پێشبڕکێی شەترەنجیش) دەبێ بە شێوەیەکی “شیاو” خۆیان داپۆشن. هەڵبژاردنەکان دەبێ ئاکامی “شیاویان” هەبێ؛ لە ٢٠٠٩ بەسیج لە رێگای بەکارهێنانی توندوتیژی سەرهەڵدانێکی جەماوەری سەرکوت کرد و ئەوانهی کە لە دزرانی هەڵبژاردنی سەرکۆماری تووڕە بوون، بە لێدان بە چۆکیاندا هێنان.
هەروەک بەڵگەکانی لێکۆڵینەوەی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی دەری خستووە، سوپای پاسداران چنگی لە نێو گشت کەلێن و قوژبنەکانی ئابووریدا قایم کردووە. میراتگری خومەینی، رێبەری باڵای ئێستا ئایەتوڵڵا خامنەیی، بەرپرسی سەرەکیی گەشەسەندنی ئابووریی سوپای پاسدارانە.
لە ٢٠٠٥، خامنەیی بڕیارێکی پەسەند کرد کە لە رواڵەتدا وەک خەونی رێفۆرمیستێک بوو: %٢٥ ئابووری دەبێ لە ماوەی ٥ ساڵدا رادەستی کەرتی تایبەت بکرێ. بەڵام ئەوە گرفتێکی تێدا بوو: بەپێی لێکۆڵینەوەی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی، بەشێکی بەرچاوی ئەو رادەستکردنە لە جیات کەرتی تایبەت درا بە سوپای پاسداران. ئێستا، سوپای پاسداران بەشی هەرەزۆری ئەوەی کە لە ئێران گرینگە، کۆنتڕۆڵ دەکا.
وەزارەتی دارایی [ئهمریکا] ٢٥ کۆمپانیا، ٢٥ کەس و دوو زانکۆی لە لیستەی رەش هاویشتوون چونکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی سوپای پاسداران دان. سەرەڕای ئەوە لێکۆڵەرەوەکانی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی لانیکەم ٢٢٩ کۆمپانیایان دەستنیشان کردوون کە سوپای پاسداران “دەسەڵاتی یەکجار زۆری” بەسەرەوەن.
ئەوە راستە کە رێککەوتننامە ناوکییەکە، لانیکەم جارێ، هەندێک ئابلۆقەی سەر سوپای پاسدارانی وەک خۆی هێشتنەوە. بەڵام بەشێکی زۆری ئەو ئابلۆقانە لە قۆناخەکانی داهاتووی رێککەوتننامەکە کاتیان بەسەر دەچێ. لە هەمان کاتدا سوپای پاسداران خەریکی سوود وەرگرتن لە لابرانی ئابلۆقەکانیترە.
هەرچەند سوپای پاسداران لە پشت چالاکیی بەربڵاوی تێرۆریستی نێونەتەوەیی دایە، بۆ وێنە نەخشەی کوشتنی باڵوێزی عەڕەبستانی سعودی بە بۆمب لە نێو جەرگەی واشینگتۆن، هێشتا ماویەتی وەزارەتی کاروباری دەرەوە[ی ئهمریکا]، سوپای پاسداران، یا باسکی دەرەکی ئەو واتە سوپای قودس، وەک رێکخراوێکی تێرۆریستی بیانی بناسێنێ.
لێکۆڵینەوەکەی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی پێشنیاری هەڵهینانی ئەو هەنگاوە و چەند کاری تر بۆ زیاد کردنی ئابلۆقە و زەختی تر بۆ ژێر فشارنانی مەترسیدارترین رێکخراوی ئێرانی کردووە.
هەروەک یەکێک لە توێژەرەکان، ئێمانوئێل ئۆتتۆلێنگی، پێی گوتم: “دەستڕۆیشتووی پەرەئەستێنەری ئابووریی سوپای پاسداران خۆی لە خۆیدا ئامانج و ئامرازێکە بۆ پشتگیری لە چالاکییە بێشەرمانەکانی لە سەرانسەری ناوچەدا”.
“دانوستان لەگەڵ ئێران بکە، بەربەرەکانی لەگەڵ سوپای پاسداران بکە”، ئەوە رێبازی پێشنیاری ئابراهام سۆفار، خاوەن ئەزموونی بەرێوەبەرایەتیی رێگان، پێش واژۆ کردنی رێککەوتننامە لەگەڵ ئێران بوو. لە جیاتان سەرکۆمار ئۆباما سوپای پاسدارانێکی بەهێزتر وەک میراتی دەسکەوتی سیاسیی خۆی بەجێ دەهێڵێ.
لێکٶڵینەوەکە داوا لە سەرکۆماری داهاتوو و کۆنگرە دەکا کە ئەو رەوتە بگۆڕن و وەبەرهێنەرانی بیانی ناچار بکەن کە ئاگاداری ئەو مەترسییە مەزنانە بن کە ئاڵووێری ئابووری لەگەڵ خراپترین خراپەکانی ئێران هەیەتی.
پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ هیلاری کلینتۆن یا دۆنالد ترامپ گوێ دەگرن؟
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه