دوکتور عەلیی شەریعەتی ٣
دوکتور شەریعەتی لەو کەسایەتییانەیە کە خەڵک پتر لە سیمای بیرمەندێک و ئاڵۆگۆڕخوازێکی دینی و کۆمەڵایەتی دەیبینن و کەمتر لە رەهەندی ئەدەبییەوە سەیری دەکرێ. بەڵام کەسایەتییە چەند رەهەندیەکەی ئەو بۆتە هۆی ئەوەی نووسینگەلی جۆراجۆر هەبێ.
بۆخۆی لە پێشەکی کتێبی “هبوط در کویر”، کتێبی نۆیەم لە کۆی بەرهەمە ٣٥ بەرگییەکانیدا، نووسینەکانی دابەش دەکا و بە روونی دەڵێ : “نووسراوەکانم سێ بەشن، “کۆمەڵایەتییەکان”، “ئیسلامییەکان” و “کەویرییەکان”. ئەوانی تەنیا خەڵک پەسندیان دەکا کۆمەڵاتییەکانن. ئەوانی هەم من و هەم خەڵک پەسندی دەکەین؛ ئیسلامییەکانن و ئەوی خۆم رازی دەکا و هەست دەکەم کە نە لە کار کردن و نووسیندا، بەڵکوو لەگەڵی دەژیم، “کویریات”ە.
– سایت دانلود کتابهای صوتی-
رەهەندی پڕۆتستانتیزمی ئیسلامی کە بە پڕۆتستانتیزمی شیعەش ناوی دەبرێ، قسەی زۆر لەسەرە و لەو بوارەدا، بەتایبەتی لەو ساڵانەی دواییدا، لە رەهەندی رەخنەییەوە بە شێوەی جۆراوجۆر زۆر لەسەری دواون و نووسراون. لە نووسینێکدا، سەبارەت بەو دیاردەیە ئەوا باس کراوە کە : شەریعەتی دامەزراندنی پڕۆتستانتیزمی ئیسلامی بە پێی وەزعییەتی عەینی و زەینی لە کۆمەڵگەی ئێراندا، بە پێویست دەزانی. لەو کۆمەڵگەیە کە مەزهەب لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا، بوونێکی زیندووی هەیە. شەریعەتی ستراتێژی (راهبرد) ئیسلاحی دینی بە پێک هێنانی هەلومەرجێک بۆ چوونە نێو ژیاری (تمدن) نوێشی بە پێویست دەزانێ.
– قاسم علی، پروتستانتیسم اسلامی پروژەی ناتمام شریعتی، مجلەی بازتاب، شمارە ٢٧-
پڕۆتستانتیزم بزووتنەوەیەکی مەسیحی بوو کە لە سەدەکانی ١٥ و ١٦ ی زایینیدا، توانی لە ئورووپا لە رێگای ئیسلاحی دینی(رفورماسیون)، رێگا بۆ لێکدانەوەی عەقلانی دین لە نێو پەروەردە و فێرکاریدا، بکاتەوە. ئەو بزووتنەوەیە بەهۆی ئاڵوگۆڕخوازانێکی وەک: لووتێر و کاڵون دەستیان پێکرد. خەبات لەگەڵ فێرکارییە مەزهەبییەکانی کاتۆلیک و نیزامی داخراو، چەق بەستوو و ئەربابەکانی ئەوان لە رۆژەڤی کاریاندا بوو. خەبات بە دژی کەسانێک کە دەستیان لەنێو دەستی دەسەڵاتدارانی فێئۆداڵ و سوڵتانەکانی ئەوکاتی دەنا و بە ناوی خودا و مەزهەب دەستیان بەسەر تەواوی تەوەرەکانی ژیانی تاک و کۆی کۆمەڵگە داگرتبوو و لە رێگەگەلی دواکەتوو هێشتنەوە و تەبلیغ و بڵاوکردنەوەی ئاخرەتتەوەری و خورافات، خەریکی چەوساندنەوەی خەڵک بوون.
– سەرچاوەی پێشوو-
کاڵۆن لە کۆماری [دینی] “ژنێڤ”دا، حکوومەتێکی توندوتیژی دامەزراند.- ئەوە کە پڕۆتستانتیزمی مەسیحی رێگای جۆراوجۆر و جیاواز لە ویستەکانی لووتێر و کاڵون پێوا، باسێکی جیاوازە-، بەڵام ئەو رەوتە مێژووییە بوو بە جێی سەرنجی بیری بیرمندانی رۆژئاوایی و لە ئاکامدا جێی ئامانجی پڕۆتستانەکانی گرتەوە.
– شریعتی معترض و پروتستانتیسم اصلاح گرا، انی کاظمی-
شەریعەتی بڕوای وابوو: ئیسلام دنیا و ئاخرەتی پێکەوە هەیە. دنیا مەزرای ئاخرەتە و لە ئاکامدا، توانای رێنسانس(لە نوێ زیندوو کردنەوە) هەیە. کەوابوو پڕۆتستانتیزمی ئیسلامی ئیمکانی هەیە. ئەو پڕۆتستانتیزمە ئیسلامییە، بە یارمەتیی ئەخلاق و مەعنەوییەت و دین، مۆدێڕنیتە مومکین دەکا. بەڵام ئەو ئەزموونە لەگەڵ ئەزموونی رۆژئاوا جیاواز دەبێ.
– سەرچاوەی پێشوو-
روانگەی ماکس وێبێر لە پڕرەنگ خوێندنەوەی سەبارەت بە پڕۆتستانتیزم و تەنانەت پارێزکاری(زوهد) ئیسلامییشدا، لەگەڵ شەریعەتی جیاوازە. وێبێر بیرمەندێکی سێکۆلارە و کاریگەری لە فیلیسووفەکانی ئاڵمانی وەرگرتوە. ئەو ئاخرەتگەرایی ئیسلامی یا جیهانی دوای مەرگ، لە خزمەت بە پەرەگرتوویی و هەوڵدانی دنیایی نازانێ. دەبێ ورد بینەوە کە شەریعەتی ئاڕمانێک دێنێتە گۆڕێ و پێی وایە کە: پڕۆتستانتیزمی ئیسلامی ئیمکانی هەیە. بەڵام رەخنەگرەکانی رووداوێکی مێژوویی بەو جۆرە لە ئورووپا بە ئاکامگەلێکی جیاواز باس دەکەن.
– سەرچاوەی پێشوو-
لە بەشێکی باسی”پڕۆتستانتیسم و فهم شریعتی از آن (٦)”، نووسراوە: نێردراو (واسطە) چۆن بڕیارە عەمەل بکەن و چ هەلومەرجێکیان هەیە؟ ئایا نێردراوەکان جێی ئیمانی تایبەتی من دەگرێتەوە؟ ئایا نێردراوەکان موقەدەسن؟ ئایا وتەی دوایی لە پێوەندی لەگەڵ مەتنی موقەدەس، ئەوان دەیڵێن؟ هەر بەو هۆیانەیه کە موتاڵای مەتنی موقەدەس دێمۆکراتیزە دەبێ.– رووداوێک کە ئەمڕۆ لە ئێران رووی داوە، وێدەچێ رووداوێکی پڕۆتستانی بێ. ئەوەی مەتنەکەی بخوێنیەوە و پاشان لێکدانەوەی لەسەر بکەی. ئێستا کۆبوونەوەگەلی قورئانی زۆر لەئێراندا هەن کە لە لایەن ژنانەوە بەڕێوە دەچن و ئەوە، رووداوێکی نوێیە. گەڕانەوە بۆ مەتن(دەق) کە دەبێتە هۆی دێموکراتیزە بوونی دێسکۆرس(گفتمان) ی دینی؛ بەو مانایە کە دینداری یەک وێنە (الگو)یی نەبێ، هەمووی ئەو جۆرانە بەستێنی دێموکراسی و پەرەگرتوویی(توسعە) ین.
شەریعەتی پێی وایە: دیندار بی یا نەبی دەبێ لەو جێیەڕا دەست پێ بکەی. ئەو بە پێی ئەزموونی تێپەڕین لە سەدەی نێوەڕاست بۆ دنیای مۆدێڕن بە پرسیار لە دین و پێگەکەی تیشک دەخاتە سەری. بۆیە هەم باسی رێنسانسی ئیسلامی دەکا و هەم لە پڕۆتستانتیزمی ئیسلامی و لێکدانەوەی ئۆمانیستی(مرۆڤ تەوەری) کەلک وەردەگرێ.
خانمی سووسەنی شەریعەتی- یەکێک لە کچەکانی د. شەریعەتی-، بە ئاماژە بە ئەزموونی مێژوویی کە لە تاریفەکانی پڕۆتستانتیزم و جۆراوجۆری و دەرکەوتەکانی کە جیاوازییان هەیە، سەرێکی ئەو داستانە بە تالیبان و سەرکەی دیکە بە دێموکراسی لێکدەداتەوە. لە راستیدا لە بناژۆیی هەتا ئاڵوگۆڕخوازی و تەنانەت کاریگەری لەسەر ئیلاهیاتیش لە پەروەندی پڕۆتستانتیزمدا، بوونی هەیە. بەڵام لە ئیسلاحی دینیشدا، دەکرێ وەک لە وڵاتانی کاتولیکیش ئیسلاحاتێک ئەنجام درێ، بێ ئەوەی دینێکی نوێ خەڵق کرێ. ناسینی دیاردەیەک لەوانەیە مرۆڤ لە هەڵسەنگاندنی ئەودا، وشیارتر کاتەوە. پڕۆتستانتیزم لە ئێراندا، وەک شوتییەکی قاشنەکراو هات. کەسێکی وەک: “آخوند زادە”، گەرەکیەتی گرینگی بە بەرهەمی پڕۆتستانتیزم بدا.
مەسەلەی من لەو باسەدا، چڕبوونەوە بە ئەزموونی پڕۆتستانتیزم لە وڵاتانی ئیسلامی لە سەد ساڵهی دوایی دایە؛ یانی راست دوای ئەو ئاڵوگۆڕەی کە لە رەشید رەزادا پێک هات. بە بڕوای من زۆر گرینگە کە لە هەناوی سەید جەماڵی نوێخوازدا، دوو کەس لە میسر هاتنە دەر.
یەکەم: رەشید رەزا، بۆ جاری دوویەم بۆوە بە بناژۆخواز و بۆچوونی ئوسوولگەرایی و بناژۆخوازی لێکەوتەوە و گەڕانەوە بۆ خەلافەتی ئیسلامی هێناوە گوڕێ.
دوویەم: محەممەدی عەبدە، کە جۆرێک لە ئاڵوگۆڕخوازی هێنایە کایەوە.
– پروتستانتیسم و فهم شریعتی از آن، ٢ ، ١٣٨٩، بنیاد فرهنگی دکتر علی شریعتی، چشم انداز ایران، شمارە ٦٥، دی و بهمن ١٣٨٩، گفتگوی سوسن شریعتی و تقی رحمانی-
تەقی رەحمانی دەڵێ: دوکتور شەریعەتی بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی پڕۆتستانتیزمی قبووڵ بوو. بڵاوکردنەوەی دەسەڵات(تمرکز زادیی)، لابردنی نێردراوەکان(واسطە زدایی)، نەتەوەخوازیی(ملی گرایی)، ئیسپاتی باوەڕپێکراو(استدلال گرایی)، تایبەتمەندیگەلێک بوون کە بۆ شەریعەتی سەرنجڕاکش(جذاب)، بوون. سەبارەت بە لابردنی نێردراوەکان، شەریعەتی هەڵسوکەوتێکی پلە بەرز(تعالی بخش) ی سەبارەت بە روحانییەت هەبوە. ئەو هەروەها موسەدیقی بوو و خۆی بە رۆژهەڵاتی، ئێرانی و موسوڵمان دەزانی. تەنانەت سوسیالیزمیشی بۆ ئێران و لە ئێراندا پەسند دەکرد؛ یانی “جیهان وەتەنی” نەبوو. شەریعەتی مرۆڤتەوەریشی قبووڵ بوو، بەڵام ئینترناسیۆنالیزمی پەسند نەدەکرد. ئەو لە کۆی بەرهەمەکان(مجموعە آثار2)ی رەخنەگەلێکی لە شووڕەوی و ئینترناسیۆنالیزم هەبوو.
– سەرچاوی پێشوو-
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه