دانپێنانی ره‌سمیی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری ئێستا و سه‌رۆك وه‌زیرای ئه‌وكاتی توركیه به هه‌بوونی وتووێژ له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵلا ئۆجالان سه‌رۆكی به‌ندكراوی PKK له په‌یامی سه‌رساڵی ٢٠١٣دا و پاشان په‌یامی ئاشتیی عه‌بدوڵڵا ئۆجالان له نه‌ورۆزی ساڵی ٢٠١٣دا، هیوای چاره‌سه‌ریی ئاشتی‌یانه‌ی پرسی كوردی له باكووری كوردستان هێنایه رۆژه‌ڤی كوردستان و جیهانه‌وه. وێڕای هێزه سیاسی‌یه‌كانی كورد له هه‌موو به‌شه‌كانی كوردستان، یه‌كیه‌تیی ئورووپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكاش به راشكاوی دڵخۆشی و پشتیوانیی خۆیان له ره‌وتی ئاشتی له توركیه و باكووری كوردستان ده‌ربڕی و داوایان له هه‌ر دوو لایه‌ن كرد كه ئه‌و هه‌له به باشی بۆ پێكهێنانی ئاشتی و چاره‌سه‌ر كردنی پرسی كورد له باكووری كوردستان و توركیه به كار بێنن. راگه‌یاندنی ئاگر به‌س له لایه‌ن PKKه‌وه و ده‌ست راگرتنی ئه‌رته‌شی تورك له هێرش بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی PKK و هێزه‌كانی گریلا له نێوخۆی باكووری كوردستان و له بنكه‌كانیان له ناوچه سنوورییه‌كان، ئه‌و هیوایه‌ی به‌هێزتر كردبوو كه ره‌وتی ئاشتی له باكووری كوردستان به ئه‌نجامی ئه‌رێنی بگا.
PKK وێڕای راگه‌یاندنی پێبه‌ندیی خۆی به په‌یامی سه‌رۆكه به‌ندكراوه‌كه‌ی و ده‌ربڕینی ئاماده‌یی بۆ وازهێنان له خه‌باتی چه‌كدارانه، به‌و مه‌رجه‌ی كه زه‌مینه بۆ چاره‌سه‌ری سیاسیی پرسی كورد له باكووری كوردستان بڕه‌خسێندرێ، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه به گومانه‌وه سه‌یری نییه‌تی ئه‌ردۆغانی بۆ دانوستان ده‌كرد. ئه‌زموونی شكستخواردووی ره‌وتی ئاشتی له نێوان بزووتنه‌وه‌ی تامیل و ده‌وڵه‌تی سریلانكا و سه‌رئه‌نجامی تراژیكی بزووتنه‌وه‌ی تامیل، بۆ PKK وه‌كوو زه‌نگێكی مه‌ترسی وابوو كه وێڕای ئاماده‌بوون بۆ ده‌ستپێكردنی ره‌وتی ئاشتی، هه‌موو هێلكه‌كانی نه‌خاته یه‌ك سه‌وه‌ته‌وه و متمانه به گفته بێ پشتیوانه‌كانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌كا. بۆیه ئه‌و پارتیه پرسی ده‌ستهه‌ڵگرتن له چه‌ك و وازهێنان له خه‌باتی چه‌كدارانه‌ی به ئه‌نجامی ره‌وتی وتووێژه‌وه به‌سته‌وه و ئاماده نه‌بوو كه پرسی چه‌كدانان بخاته به‌ر له وه‌ده‌ستهێنانی یه‌كه‌م ده‌ستكه‌وتی سیاسی‌یه‌وه.
ئه‌ردۆغان هه‌ر له سه‌ره‌تای به‌ده‌سته‌وه‌گرتنی ده‌سه‌ڵات له ئاستی جۆراوجۆری سیاسه‌تی توركیه‌دا، دووره‌دیمه‌نی سیاسه‌تی توركیه‌ی بۆ ساڵی ٢٠٢٣، واتا سه‌د ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری هێنایه به‌ر باس. مه‌به‌ستی روون، به‌ڵام رانه‌گه‌یه‌ندراوی ئه‌ردۆغان ئه‌وه بوو كه له سه‌د ساڵه‌ی دامه‌زرانی كۆماری توركیه‌دا، ده‌ورێكی گرینگتر له ده‌وری دامه‌زرێنه‌ری كۆمار، مسته‌فا كه‌ماڵ كایه بكا و ببێ به پیاوی سه‌دساڵه‌ی داهاتوو له مێژووی توركیه‌دا. پراگماتیزمی سیاسی و هه‌ڵبه‌ز دابه‌زی پۆپۆلیستیی ئه‌ردۆغان له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و نێوخۆی وه‌ڵات‌دا، ده‌ریده‌خست كه ئه‌و ئاماده‌یه بۆ وه‌دیهێنانی خه‌ونی سه‌دساڵه‌ی خۆی له هیچ شتێك خۆی نه‌پارێزێ. له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتی پاش به ده‌سته‌وه‌گرتنی جڵه‌وی سیاسه‌ت له توركیه‌دا، ئه‌ردۆغان وای ده‌نواند كه كێشه قووڵه‌كانی له‌گه‌ڵ یوونان، سوریه و ئه‌رمه‌نستان چاره‌سه‌ر ده‌كا. ئه‌و به كرده‌وه‌ش له‌گه‌ڵ رێبه‌رانی هه‌ر سێ وڵات دانیشتنی بوو و ره‌وتێكی نوێی سیاسیی له به‌رامبه‌ر ئه‌و وه‌ڵاتانه‌دا ده‌ست پێكرد. له نێوخۆی توركیه‌ش‌دا ئه‌ردۆغان بۆ بنه‌بڕكردنی نفووزی تاقمی ئه‌رگه‌نه‌كۆنی پێكهاتوو له مۆره به ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌رته‌ش و میت كه ده‌وڵه‌تێكی سێبه‌ریان له نێوخۆی ده‌وڵه‌ت‌دا پێك هێنابوو، هه‌وڵێكی جیددی دا. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كۆمه‌ڵه رێفۆرمی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، رێگادان به وه‌شانی كوردی له كاناڵه میدیاییه‌كانی ده‌وڵه‌تی‌دا و ده‌ست پێكردنی ره‌وتی ئاشتی له‌گه‌ڵ PKK، نیشانه‌ی راشكاو له رێبازێكی نوێ له سیاسه‌تی توركیه و ئه‌ردۆغان‌دا بوو. به‌ڵام هه‌ر چۆن پێڤاژۆی ئاشتی له‌گه‌ڵ سوریه به هیچ ئه‌نجامێك نه‌گه‌یشت و كێشه‌كانی نێوده‌وڵه‌تی له‌گه‌ڵ یوونان و ئه‌رمه‌نستان به چاره‌سه‌رنه‌كراوی مانه‌وه، ره‌وته نێوخۆییه‌كان و پێڤاژۆی ئاشتیش هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ لێگه‌ر یا چالشی جیددی به‌ره‌وڕوو بوو.
ئه‌ردۆغان كاتێك له‌وه دڵنیا بوو كه له رێگای ره‌وتی ئاشتیه‌وه ناتوانێ له باكووری كوردستان به هه‌موو ئامانجه ئاشكرا و رانه‌گه‌یه‌ندراوه‌كانی بگا، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ی كه له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ سوریه، یوونان و ئه‌رمه‌نستان‌دا له به‌رنامه‌كانی پێشووی پاشگه‌ز ببوو، له به‌رامبه‌ر ره‌وتی ئاشتی و داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد له باكووری كوردستانیش‌دا بایداوه سه‌ر سیاسه‌تی كۆنی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیه‌وه.
بۆ PKK ش، وازهێنان له چه‌ك به‌بێ ئه‌وه‌ی كه ده‌ستكه‌وتێكی سیاسی و حیزبی بێ، ده‌هاته مانای واز هێنان له داخواز و هیواكانی چه‌ندین ده‌ساڵه‌ی كه به هیچ شێوه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ به‌رنامه و سیاسه‌ته‌كانی نه‌ده‌گونجا. رێبه‌رانی PKK به‌و ناسینه‌ی كه له سیاسه‌تی شاردراوه و راشكاوی ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیه‌یان هه‌بوو، له‌وه دڵنیا بوون كه جێبه‌جێ كردنی داخوازی توركیه و تا راده‌یه‌كیش ئه‌مریکا و یه‌كیه‌تیی ئورووپا بۆ چه‌كدانان، به‌ر له‌وه‌ی كه پارله‌مانی توركیه چوارچێوه‌ی یاسایی بۆ ئه‌و ره‌وته په‌سند بكا، ده‌هاته واتای ته‌سلیم بوون، داخوازییه‌ك كه له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگی سیاسیی PKK و هیچ رێكخراوێكی چه‌كداری خاوه‌ن رابڕدووی سیاسی ناگونجێ. پێداگریی ئه‌ردۆغان و ده‌وڵه‌تی توركیه له‌سه‌ر چه‌كدانانی PKK وه‌ك پێشمه‌رجی گه‌ڵاڵه‌بڕیاری چاره‌سه‌ریی پرسی كورد له مه‌جلیسی توركیه، گومانی PKKی له نیه‌ت پاكیی ئه‌ردۆغان زیاتر ده‌كرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش، رێبه‌رانی PKK به پێداگرییه‌وه رایانده‌گه‌یاند كه پێبه‌ندی بڕیاری ئۆجالان بۆ كۆتایی هێنان به شه‌ری چه‌كداری و خۆش كردنی زه‌مینه بۆ ئاشتی‌یه‌كی هه‌میشه‌یی له باكووری كوردستانن.
هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماریی توركیه له ١٠ی مانگی ئووتی ساڵی ٢٠١٤‌دا، ئه‌زموونێكی نوێ بوو بۆ سیاسه‌تی لێگاڵی كورد له باكووری كوردستان. له سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كاری‌یه‌كانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری‌دا، ئوجا‌لان له رێگای شاندی HDPه‌وه كه سه‌ردانی ئیمرالیی ده‌كرد، داوای له ده‌میرتاش كرد كه وه‌ك كاندیدای سه‌ربه‌خۆ له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆككۆماری‌دا به‌شداری بكا. لێكدانه‌وه‌ی ئۆجالان ئه‌وه بوو كه ئه‌گه‌ر ده‌میرتاش و HDP كۆمه‌ڵه پیوانێك ره‌چاو بكه‌ن و له‌گه‌ڵ به‌شێك له هێزه دێمۆكراته‌كانی توركیه بكه‌ونه هاوپه‌یمانی‌یه‌وه، ده‌توانن رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیان بگه‌یننه سنووری ١٠%. ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن ده‌ریخست كه HDP پوتانسیه‌لی به ده‌ستهێنانی ١٠% ده‌نگی له سه‌رانسه‌ری توركیه‌دا هه‌یه، چونكه ده‌میرتاش ٩،٧٦% ده‌نگه‌كانی ده‌نگده‌رانی به ده‌ست هێنا. ئه‌و گه‌شه‌كردنه‌ی HDP له سیاسه‌ت‌دا، هانده‌رێكی باش بوو كه PKK زیاتر گرینگی به خه‌باتی سیاسی بدا و ده‌ستی HDP له داڕشتن و به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی لێگاڵ‌دا ئاواڵه‌تر بكاته‌وه.
رۆژی ٢٨ی مانگی فێورییه‌ی ساڵی ٢٠١٥، ره‌وتی ئاشتی له باكووری كوردستان كه‌وته قۆناغێكی مێژووییه‌وه كاتێك شاندی HDP له دیدارێكی فه‌رمی‌دا له كۆشكی دۆلمه باخچه له‌گه‌ڵ جێگیری سه‌رۆك كۆماری توركیه یالچین ئاكدۆغان رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ده ماده‌ییان خوێنده‌وه كه شاندی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئۆجالان له‌سه‌ری ڕێك كه‌وتبوون. به‌ڵام له یه‌كه‌م حه‌وتووی پاش راگه‌یاندنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌دا، ئه‌ردۆغان دژبه‌ریی خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌و ره‌وته ده‌ربڕی. هه‌ڵوێستی ئه‌ردۆغان ده‌ریده‌خست كه له نێو ده‌زگای ده‌وڵه‌ت و ته‌نانه‌ت سه‌ركردایه‌تیی AKPدا، ناكۆكی له‌سه‌ر شێوه‌ی دانوستان له‌گه‌ڵ پرسی كورد و مه‌سه‌له‌ی ئاشتی له‌گه‌ڵ PKKدا زۆره. رووداوه‌كانی دواتر و پاكانه حیسابی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ به‌شێك له سه‌ركرده دیاره‌كانی AKP وه‌كوو عه‌بدوڵلا گولی سه‌رۆككۆماری پێشوو، جه‌میل چیچه‌كی سه‌رۆكی پارله‌مان، بوله‌نت ئارینچی جێگیری سه‌رۆك وه‌زیر و له كۆتاییش‌دا ئه‌حمه‌د داودئۆغلۆی سه‌رۆك وه‌زیر و … نموونه‌ی راشكاوی ئه‌و ناكۆكی‌یه بوون كه كاریگه‌ری‌یان له‌سه‌ر ره‌وتی ئاشتی و دووباره سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی شه‌ڕی چه‌كدارانه له باكووری كوردستان و توركیه دا هه‌بوو.
هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان له مانگی ژوئه‌نی ٢٠١٥ كه تێیدا، HDP پتر له ١٣% ده‌نگی هێناوه و ٨٠ پارله‌مانته‌ری بۆ مه‌جلیسی توركیه نارد، بۆ ئه‌ردۆغان زه‌نگی مه‌ترسی بوو. سیاسه‌تمه‌داری پراگماتیستی تورك هه‌ستی ده‌كرد كه ئیدی جڵه‌وی سیاسه‌تی له باكووری كوردستان‌دا له ده‌ست داوه و له باقی به‌شه‌كانی توركیه‌ش، به هۆی نواندنی نه‌رمی له به‌رامبه‌ر داخوازییه‌كانی گه‌لی كورد و بزووتنه‌وه‌ی كوردی‌دا خه‌ریكه متمانه‌ی به‌شی پارێزڤان و ناسیۆنالیستی كۆمه‌ڵگه‌ی تورك له ده‌ست ده‌دا. دژكرده‌وه‌ی ئه‌ردۆغان له به‌رامبه‌ر ده‌ستكه‌وتی HDP له هه‌ڵبژاردن‌دا ئه‌وه بوو كه با ئه‌و لایه‌نه‌ی ده‌نگه‌كانی باشووری رۆژهه‌ڵاتی وه‌ده‌ست هێناوه، به ته‌نیایی ئاشتی بێنێته ئه‌و ده‌ڤه‌ره. واتای قسه‌ی ئه‌ردۆغان ئه‌وه بوو كه كلیدی چاره‌سه‌ری ته‌نیا و ته‌نیا له ده‌ستی ئه‌و دایه و بۆ ئه‌وه‌ی كه ئه‌ویش ئه‌و كلیده به باشی به كار بێنێ، ده‌بوایه بزووتنه‌وه‌ی كوردستان باجی پێ بدا. بۆیه ئه‌ردۆغان زۆری پێ خۆش بوو كه پارله‌مانی هه‌ڵبژێردراو له مانگی ژوئه‌ن‌دا نه‌یتوانی به سه‌ر قه‌یرانی سیاسیی وه‌ڵات‌دا زاڵ بێ و حكوومه‌تی نوێ پێك بێنێ.
له سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كاری بۆ خولی نوێی هه‌ڵبژاردن كه بڕیار بوو له مانگی نوامبردا به‌ڕێوه بچێ، چه‌ته‌كانی داعش هێرشێكی خوێناوییان كرده سه‌ر میتینگێكی HDP له شارۆچكه‌ی سورووج كه بوو به هۆی گیان له ده‌ستدانی ٣٢ كه‌س له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی HDP. زۆری پێ نه‌چوو كه PKK به بیانووی ئه‌وه‌ی كه دوو پۆلیسی تورك بۆ ئه‌نجام دانی ئه‌و هێرشه یارمه‌تیی داعشیان داوه، ئه‌و دوو پۆلیسه‌ی كوشت. هه‌ر به دوای ئه‌و هێرشه‌دا، هێزه‌كانی سه‌ربازیی تورك هێرشێكی به‌ربڵاویان بۆ سه‌ر هێزه‌كانی پاراستنی گه‌ل ده‌ست پێكرد و هێزی ئاسمانیی توركیه‌ش به شێوه‌ی به‌ربڵاو هێرشی كرده سه‌ر باره‌گاكانی PKK له ناوچه سنوورییه‌كان و بنكه‌كانی ئه‌و حیزبه له قه‌ندیل. ئیدی مه‌ترسیی شه‌ڕێكی خوێناوی و به‌رین هه‌ر ده‌هات و زیاتر ده‌بوو. سیاسه‌تی توركیه له دژی بزووتنه‌وه‌ی تازه شكڵ گرتووی كورد له رۆژئاوای كوردستان، یارمه‌تی ئاشكرای توركیه به داعش و هێزه توندڕه‌وه‌كانی سه‌ر به ئه‌لقاعیده و هتد له دژی یه‌كینه‌كانی پاراستنی گه‌ل، باڵی سه‌ربازیی PYD له رۆژئاوای كوردستان كه له‌سه‌ر هه‌مان بنه‌ما فیكری‌یه‌كانی PKK دامه‌زراوه و به هاوبیری PKK ده‌ناسرێ، ره‌وشه‌كه‌ی ئاڵۆزتر ده‌كرد و به كرده‌وه مه‌ودای نێوان بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان و توركیه‌ی زیاتر ده‌كرد.
دژكرده‌وه‌ی PKK له به‌رامبه‌ر هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی توركیه‌دا، هه‌وڵدان بۆ ده‌ستپێكردنی تاكتیكێكی نوێی شه‌ڕ بوو كه تێیدا لایه‌نگران و پشتیوانانی ئه‌و پارتیه، به‌بێ ده‌ست تێوه‌ردانی هێزی چه‌كداری گه‌ریلا، كۆنترۆڵی شار و گه‌ڕه‌كه‌كانیان به ده‌سته‌وه بگرن و به كرده‌وه توركیه ناچار بكه‌ن كه شێوه‌یه‌كی نوێی به‌ڕێوه‌به‌ری كه به خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری یا خۆسه‌ریی دێمۆكراتیك ناودێر كرابوو قبووڵ بكا. تا كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی نوامبری ٢٠١٥ ئه‌و تاكتیكه‌ی PKK له چه‌ند شارۆچكه و گه‌ڕه‌كی شاره‌گه‌وره‌كان به‌ڕێوه‌برا و كۆنترۆلی ئه‌و ناوچانه كه‌وته ده‌ستی خه‌ڵكه‌وه. له هه‌ڵبژاردنی پارله‌مان له مانگی نوامبری ٢٠١٥دا HDP له ژێر زه‌ختی ده‌وڵه‌ت و به هۆی كه‌م كردنه‌وه چالاكی‌یه‌كانی هه‌ڵبژاردن بۆ پاراستنی خه‌ڵك له به‌رامبه‌ر هێرشه خۆكوژی‌یه‌كانی داعش‌دا، به زۆر توانی به‌ربه‌ندی ١٠% تێپه‌ڕ بكا و به هۆی دابه‌زینی رێژه‌ی ده‌نگه‌كانیه‌وه نزیكه‌ی ٣٠ كورسیی پارله‌مانی كه له خولی پێشوودا وه‌ده‌ستی هێنابوو له ده‌ست دا. له به‌رامبه‌ردا AKP توانی رێژه‌یه‌كی به‌رچاو له ده‌نگی توێژه پارێزڤان و ناسیۆنالیسته‌كانی تورك وه‌ده‌ست بێنێ و رێژه‌ی ده‌نگه‌كانی ئه‌وه‌نده به‌رێته سه‌رێ كه بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت پێویستی به هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نی دیكه نه‌بێ.
AKP ئیدی خۆی له ره‌وشێكی به‌هێزتر دا ده‌دیت و دڵنیا بوو كه هه‌موو توندڕه‌وه‌كانی دژ به كورد له شه‌ڕی دژ به بزووتنه‌وه‌ی كورد‌دا پشتیوانیی لێ ده‌كه‌ن. بۆیه قورساییه‌كی زیاتری دا به رێبازی توندئاژۆیانه و شه‌ری هه‌مه‌لایه‌نه له دژی PKK و هه‌موو بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان. له سه‌ره‌تا‌دا هێزه‌كانی لایه‌نگری PKK كه كۆنترۆلی چه‌ند شارۆچكه و گه‌ڕه‌كی هێندێك شاری گه‌وره‌ی وه‌ك ئامه‌دیان به‌ده‌سته‌وه گرتبوو كه‌وتنه به‌ر هێرشی هه‌مه‌لایه‌نه. له هێندێك شاری وه‌ك وان، به‌رنامه‌ی PKK بۆ تێپه‌ڕین بۆ قۆناغی شه‌ڕی نێو شار، به‌رله‌وه‌ی بكه‌وێته ژیانه‌وه زه‌ربه‌ی خوارد و تووشی شكست بوو. لێكدانه‌وه‌ی PKK سه‌باره‌ت به‌وه‌ی كه ده‌وڵه‌تی تورك له به‌ر پاراستنی گیانی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ره‌نگه سیاسه‌تی كاول كردنی شار و گه‌ڕه‌كه خۆبه‌ڕێوه‌به‌ره‌كان ره‌چاو نه‌كا، به هه‌ڵه ده‌رچوو. توركیه‌ی ئه‌ردۆغان له كاتی به‌ربه‌ره‌كانی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی مه‌ده‌نی، لایه‌نگرانی بزووتنه‌وه‌ی كورد و شانه چه‌كداره‌كانی PKK كه تێكه‌ڵ به شه‌ڕڤانانی نێو شاره‌كان ببوون، هه‌مان سیاسه‌تی سه‌ددام و ئه‌سه‌دی به كار هێنا و به كاوڵ كردنی ده‌یان گه‌ڕه‌ك و شارۆچكه، به سه‌دان كه‌س له خه‌ڵكی مه‌ده‌نی و زیاتر له ٧٠٠ ئه‌ندامی چالاكی PKKی له نێو شاره‌كان‌دا شه‌هید كرد. به ده‌یان گه‌ڕه‌كی شاره‌كانی باكووری كوردستان به یه‌كجاری خاپوور كران و ٣٠٠ هه‌زار كه‌س تووشی ماڵوێرانی بوون و هه‌مووشتێكیان له ده‌ست دا و ناچار به كۆچبه‌ری كران. له شاخه‌كانی كوردستانیش شه‌ڕێكی قورس له نێوان ده‌وڵه‌ت و PKKدا ده‌ستی پێكرد كه له ماوه‌یه‌كی كورت‌دا گه‌یشته خوێناوی‌ترین ئاستی چه‌ند ساڵه‌ی شه‌ڕی چه‌كدارانه‌ی نێوان دوو لایه‌ن‌دا.
كوودتای سه‌رنه‌گرتووی مانگی ژولای ٢٠١٦ له توركیه، ده‌رفه‌تێكی دیكه‌ی دا به ده‌ست ئه‌ردۆغانه‌وه كه جومگه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به هێزتر بكا و به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاوتر به گژ هه‌موو ئه‌و ئاسته‌نگانه‌دا بچێته‌وه كه له‌سه‌ر رێگای ئه‌و بۆ توركیه‌ی ٢٠٢٣ ده‌بوون به له‌مپه‌ر. مودێلی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و داخوازیی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان بۆ خه‌یاڵه‌كانی ئه‌ردۆغان وه‌كوو مۆته‌كه وان. بۆیه ئه‌و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك هه‌وڵ ده‌دا كه پێش به گه‌شه‌كردن و خه‌باتی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی كورد بگرێ وئێستاش له رێگای سوپا، پۆلیس، میدیا و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سیاسی‌یه‌وه كه ئێستا ئیدی به یه‌كجاری له ده‌ست AKP و شه‌خسی ئه‌ودان خه‌ریكی جێ به جێ كردنی ئه‌و سیاسه‌ته‌یه.
داخستنی پتر له ده كاناڵی ته‌له‌ڤیزیۆنی كوردی، به ده‌یان كاناڵی رادیۆ و چه‌ندین ڕۆژنامه و گۆڤار كه هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی بزووتنه‌وه‌ی كورد له باكووری كوردستان كاریان ده‌كرد له راستی دا ئاماده‌كردنی زه‌مینه بۆ شه‌پۆلكی نوێی سه‌ركوتكردنی بزووتنه‌وه‌ی كورد به هه‌ر دوو باڵی سیاسی و چه‌كداری‌یه‌وه بوو. هه‌ر پاش كپ كردنی ده‌نگی میدیای ئازاد، ده‌وڵه‌تی تورك له ٢٦ شار و شارۆچكه‌ی باكووری كوردستان هاوشاره‌داره‌كانی سه‌ر به HDPی له ئه‌ركی خۆیان دوور خسته‌وه و له جیاتی ئه‌وان ٢٦ قه‌یومی دانا تا به پێی سیاسه‌تی AKP و ده‌وڵه‌تی تورك بجووڵێنه‌وه. له درێژه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته‌دا له‌م حه‌وتووه‌ی دوایی‌دا هاوشاره‌داره‌كانی باژاری مه‌زنی ئامه‌د گولته‌ن كشاناك و فرات ئانلی له‌گه‌ڵ به‌شێك له به‌ڕێوه‌به‌رانی HDP ده‌ست به سه‌ر كران و پاشانیش گیران.
ئێستا پاكانه حیسابی ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی كورد گه‌یشتۆته پڕ مه‌ترسیترین قۆناغی خۆیه‌وه و سنووری توندوتیژی‌یه‌كانی هه‌موو ده‌سه‌ڵاتدارانی چه‌ندین ده‌یه‌ی رابردووی توركیه‌ی له دژی گه‌لی كورد تێپه‌ڕاندوه. تا كه‌نگێ توركیه و ئه‌ردۆغان ئه‌و سیاسه‌ته تونده‌ی پشتبه‌ستوو به رق و تۆڵه‌ئه‌ستاندنه‌وه‌ی كوێرانه له دژی گه‌ل، سیاسه‌تی مه‌ده‌نی و بزووتنه‌وه كورد له باكووری كوردستان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، به‌شێكی به‌ستراوه‌ته‌وه به دژكرده‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له به‌رامبه‌ر توركیه‌دا. به‌ڵام دووریش نیه كه چاره‌نووسی شه‌ڕی مووسڵ و پاشانیش ره‌ققه له عێراق و سوریه، وه‌رچه‌رخانێكی نوێی سیاسی له ناوچه‌دا دروست بكا كه كاریگه‌ری له‌سه‌ر پارسه‌نگی هێز دابنێ و دووباره ئه‌ردۆغان ناچار بكا روو له پراگماتیزمی سیاسی بكا و ده‌رگایه‌كی نوێ بۆ جاره‌سه‌ریی سیاسی پرسی كورد له باكووری كوردستان بگرێته به‌ر.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه