درێشووی گه‌رمای نیوه‌ڕۆ وه‌ک دڕوو به له‌شی ئینساندا ده‌چووه خوار و چزووی لێ هه‌ڵده‌ستاند. سووره‌تاوی هاوینی که‌ڵی له‌پێ ده‌خست و خیز و دار و به‌ردی دهتواندوه. هه‌تاو له نێوه‌ڕاستی ئاسمانێ چه‌قیبوو و هه‌رده‌تگوت به سه‌ت گوریس بهستووتهتهوه. ته‌مه‌نی رۆژ وه‌ک عومری نووحی لێ هاتبوو خۆ ئاوا بوونی نه‌بوو. دار و ده‌وه‌ن له به‌رانبه‌ر هه‌یبه‌تی گه‌رمادا سه‌ریان نه‌وی کردبوو و له‌شیان سیس هه‌ڵگه‌ڕابوو. له جه‌نگه‌ی ئه‌و گه‌رما بێلهزهتهدا رهشاییهکی نهزمههڵگرتوو له دوورڕا خۆی ده‌رخست. ره‌شایی هه‌ر هات و نزیکتر بۆوه هه‌تا وه‌ڕاست گه‌ڕا. دوو له‌ملا دوو له‌ولا، ژماره‌یه‌ک له‌پێش و چه‌ند هێنده‌ش له‌دواوه، به‌ڵام هه‌موو وێکڕا و له ژێر ریتمی نه‌زمێکی خۆڕسکدا خه‌ریکی راگوێزتنی ته‌رمی خه‌باتکارێک بوون. نه هه‌وراز و نه لێژ، نه برسییه‌تی و نه تینویه‌تی، نه خه‌و و نه گه‌رما، هیچیان توانای پاشگه‌ز کردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆله تێکۆشه‌ره‌یان له گه‌یاندنی ته‌رمی هاوسه‌نگه‌ر به شوێنی مه‌به‌ست نه‌بوو. ئه‌وان خه‌ریکی نیشاندانی شانۆیه‌کی مێژوویی بوون. شانۆیه‌ک که پێی ده‌گوترێ: بۆ ژیان مردن و به مه‌رگ پێکه‌نین.
جوانیی کۆمه‌ڵ له نه‌زمی کاری هاوبه‌ش و هاوئاهه‌نگیی ئینسانه‌کان دایه. کاتێک هێزی یه‌کگرتووی پێشمه‌رگه بۆ گه‌یشتن به ئامانجێکی هاوبه‌ش له خه‌باتێکی هه‌ره‌وه‌زیدا ده‌ست ده‌ده‌نه ده‌ستی یه‌ک، جوانترین شانۆی هاوده‌نگیی کۆمه‌ڵایه‌تی دێننه سه‌ر په‌رده. هه‌ر ئه‌و هاوده‌نگی، هاوڕه‌نگی و هاوسۆزییهشه که بۆته ره‌مزی به‌رده‌وامیی خه‌باتی پێشمه‌رگه.
*******
ئه‌گه‌ر نه‌سلی من و دوای من ته‌نیا ناو و ناوبانگی تێکۆشه‌رانی خه‌باته خوێناوی و سه‌ربه‌رزانه‌که‌ی ساڵه‌کانی ٤٦-٤٧مان بیستوه و به‌شێکمان “بازیار”ئاسا له خۆشه‌ویستیی ئه‌وان خۆمان به ده‌ریای بێ‌بنی خه‌باتدا کردوه، مه‌حموود خاس خۆی له نزیکه‌وه ناسیونی، هاوکاری کردوون، پێشوازی لێکردوون و هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی ئه‌وانیش شه‌ڕه‌فی ئه‌ندامه‌تیی له حیزبی دێموکراتی کوردستانی پێ به‌خشراوه. مه‌حموود خاس له راستیدا پاشماوه‌ی مێشکه بوێر و گیانه خۆڕاگر و هه‌سته بێباکه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه زێڕینه‌ی مێژووی خه‌باتی خۆڕاگرییه که له ده‌وره‌ی دواتریشدا دیسان هاته‌وه مه‌یدان، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ئیتر کاری کرد و کارستانی خوڵقاند. “به‌هاری 46 له‌گه‌ڵ جه‌ماعه‌تی مه‌لا ئاواره و پیره‌باب و مینه‌شه‌م و… ئاشنا بووم. باپیرم(مام پیرۆت) ئه‌ندامی فه‌عالی ئه‌وان بوو، ئه‌و تێکۆشه‌ری کۆمار بوو. من قه‌ولم پێدان و دوای شه‌ش مانگ تاقی کردنه‌وه منیان قبووڵ کرد”.
مه‌حموود خاس که ده‌ستی پێ‌کرد چاکی ده‌ست پێ‌کرد و به دڵ کاری کرد. هه‌ر چه‌ند ئه‌و کات چه‌کی هه‌ڵ نه‌گرت و ته‌واوکات ره‌گه‌ڵ خه‌باتکاران نه‌که‌وت، به‌ڵام ئه‌ندامێکی هه‌ڵسووڕ و هه‌ڵسووڕێکی جێ متمانه و لاوێکی به‌توانا له خزمه‌ت به هێزی پێشمه‌رگه‌دا بوو. هه‌رچه‌ند بزووتنه‌وه سه‌ربه‌رزانه‌که‌ی ئه‌وکات به داخه‌وه زوو دامرکا، به‌ڵام دڵسۆزیی مه‌حموود کۆتایی نه‌هات و دڵه پڕ له هیواکه‌ی له کوڵ نه‌که‌وت. هه‌ر له درێژه‌ی خه‌بات و خزمه‌ته‌کانیدا بوو که تووشی زیندان و چه‌رمه‌سه‌ری هات: “من دوو جار گیرام. زستانی ٤٩ تاقمێکی ٣ که‌سی بۆ سه‌رکه‌شی کردن هاتنه‌وه. یه‌کیان پێوه‌ندی به ساواکه‌وه هه‌بوو که من گیرام و بۆ ماوه‌ی هه‌شت مانگ مامه‌وه. جارێکی دیکه ٥٢ یان ٥٣ بوو جارێکی دیکه گیرامه‌وه…”. تیکۆشه‌ر خاس هه‌ر چه‌ند له ماوه‌ی زیندانی بوونیدا ئازاری زۆری دیتن و که‌وته به‌ر ئه‌شکه‌نجه خۆی گوتەنی: “زۆرم ئازار چێشت. له‌وێ دیتم چ ره‌فتارێک له‌گه‌ڵ کورد ده‌کرێ”.
تێکۆشه‌ر خاس له مه‌ڵبه‌ندی سه‌رسه‌وز و به خهباتفێری سه‌رده‌شت و له گونده به‌ناوبانگه‌که‌ی “گرژاڵ” چاوی کراوه‌ته‌وه وله داوێنی شه‌پۆله به‌خوڕه‌کانی “که‌ڵوێ” گه‌وره بووه و دواتر داستانی “ته‌نگه‌ی گڕژاڵ”ی خوڵقاندوه. کاک مه‌حموود وه‌ک به‌شی هه‌ره زۆری منداڵانی ئه‌و سه‌رده‌می دێهاتی کوردستان له بوونی مامۆستا و خوێندن بێبه‌ش بووه وهه‌ر بۆیه خۆی گوته‌نی گه‌وره‌ترین زوڵمی دنیایه‌ی لێ کراوه. ئه‌و ده‌ڵێ: “گه‌وره‌ترین ئاواتی من خوێندن بوو. پێم وابوو گه‌وره‌ترین زوڵمی دنیایه له من کراوه که نه‌مخوێندوه. پێم خۆش بوو ده‌ردی دڵی خۆم ده‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانم به نووسین به‌یان بکه‌م که نه‌متوانیوه”. به‌ڵام که ده‌ستی رۆژگار و زوڵمی زاڵم له نیعمه‌تی خوێندن بێبه‌شیان کردوه، به خۆشییه‌وه سروشت له‌شێکی پڕکار و به‌توانا، مێشکێکی وشیار و هه‌ڵسووڕ ودڵێکی خاوێن و به‌هه‌ستی پێ به‌خشیوه. کاک مه‌حموود له ده‌ربڕیندا به‌توانا، له تیژبینیدا وشیار و له زمانپاراویدا هه‌تا بڵێی ده‌وڵه‌مه‌نده. ئه‌و رۆڵه کوردێکه له‌سه‌ر ره‌گی ره‌سه‌نایه‌تی پنجی داکوتاوه و له قوتابخانه‌ی فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا فێری زمانپاراوی بووه. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر له نیعمه‌تی خوێندن بێبه‌ش کراوه له چه‌ندین بواری دیکه‌دا باش خۆی ساز داوه و خێرا له هه‌ورازی شاره‌زایی وه‌سه‌ر که‌وتوه. ئه‌وانه‌ی جه‌نابی خاس ده‌ناسن و له نزیکه‌وه کار و تێکۆشانی ئه‌ویان دیوه ره‌نگه شاهیدی ئه‌وه بن که ناوبراو له کاری به‌رده‌وامدا چیای سه‌رکه‌شه و له توانای جیسمی و فیکریدا ده‌ریای بێبنه.
دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران مه‌حموود خاس دیسانس شان دایه‌وە به‌ر باری خه‌می نه‌ته‌وه‌که‌ی و به جۆرێک ده‌گه‌ڵ ئازاری گه‌ل تێکه‌ڵ بوو که هه‌موو توانا و ئیماکاناتی خۆی بۆ ته‌رخان کرد و ئه‌لحه‌ق له‌و رێگایه‌دا هیچ نه‌ما نه‌یکا. ناوبراو بۆ ساڵانێکی زۆر شانبه‌شانی هاوسه‌نگه‌ر و هاوخه‌باتانی دیکه‌ی سه‌نگه‌ری خۆڕاگری چۆل نه‌کرد و کوردستانی له‌ژێر پێی هیزی دوژمن‌دا کرده ئاگر. هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی ئه‌و تێکۆشه‌ره‌یان ناسیوه و ده‌ناسن له‌وه‌دا هاوڕان که: ئه‌گه‌ر هه‌موو خه‌ڵکی کوردستان سوپاس و پێ‌زانین به هێزی پێشمه‌رگه قه‌رزداره، هێزی پێشمه‌رگه‌ش به‌تایبه‌ت تێکۆشه‌رانی به‌شی ناوه‌ندی کوردستان سوپاسێکی گه‌رم به کاک مه‌حموود و لکی ژێر فه‌رمانده‌ریی ئه‌و قه‌رزدارن. چونکە ناوبراو “پردی په‌ڕینه‌وه”ی به‌شێکی زۆر له هێزه‌کانی پێشمه‌رگه بۆ نێو قووڵایی خاکی کوردستان بوو.
لە بیرەوەرییە خۆشەکانی مه‌حموود خاس رۆژی راگەیاندنی تیکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات لە لایەن دوکتور قاسملوویە کەچی بۆ باسی ده‌رد و خه‌مه‌کانی دەڵێ: “جا کاکه هێند زۆرن باسی چی بکه‌م. بۆ هه‌موو شه‌هیدان به خه‌م بووم و جه‌رگم سووتاوه. به تایبه‌ت له‌ده‌ست چوونی شه‌هیدان فه‌قێ عه‌وڵا، ره‌حمانی سۆفیزاده و عه‌وڵای شه‌ریفی بۆ من کاره‌سات بوون. باسی رێبه‌ران دوکتور قاسملوو و دوکتور شه‌ڕه‌فکه‌ندیش خۆ ناکرێ. زۆرم خه‌م لێ خواردن به‌ڵام به‌چۆکدا نه‌هاتم. پێشمه‌رگه نابێ هومێد به‌ردا ئه‌گینا خه‌باتی بۆ ناکرێ…”. تێکۆشه‌ر خاس له گێڕانه‌وه‌ی داستانی خه‌بات و خۆراگریی هێزی پێشمه‌رگه‌دا هه‌تا بۆی ده‌کرێ نه‌خشی خۆی چووک ده‌کاته‌وه و ئازایه‌تیی هاوسه‌نگه‌رانی به‌رجه‌سته ده‌کا که ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ئازایه‌تی و به‌فه‌رهه‌نگ بوونیه‌تی. ئه‌و هه‌روه‌ها زۆر به‌سۆز و به هه‌سته‌وه له خه‌ڵک و راده‌ی هاوکاری و فیداکارییه‌کانیان ده‌دوێ: “وه‌ک چۆن ماسی ده‌نێو ئاوێدا ده‌ژی، ئێمه‌ش ئاوا ده‌باوه‌شی خه‌ڵکدا ده‌ژیاین. میلله‌ت نه‌خشی چاکی هه‌بوو. له هه‌موو بارێکه‌وه: له باری ماڵییه‌وه، له باری لیباسه‌وه، له باری خواردن و خۆراکه‌وه، له باری جێگاوڕیگاوه، له باری حه‌شاردانی پێشمه‌رگه‌کان له ماڵه‌کانی خۆیان و مووچه و مه‌زراکانیان…. من خه‌ڵکی ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت و ره‌به‌ت وه‌ک سفره‌یه‌کی ره‌نگین چاو لێ ده‌که‌م که دڵیان هه‌میشه بۆ ئێمه ئاوه‌ڵا بوو. خه‌ڵکی ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت و ره‌به‌ت بۆ من وه‌ک یه‌ک بنه‌ماڵه وان که قه‌ت ناتوانم فه‌رامۆشیان بکه‌م. به‌ڕاستی سوپاسیان ده‌که‌م و به یادی ئه‌وان ده‌ژیم…”.
مه‌حموود خاس هه‌رچه‌ند به‌شی زۆری ده‌ورانی خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تیی خۆی له ناوچه‌کانی سه‌ده‌شت و ره‌به‌ت تێپه‌ڕ کردوه که دیاره ئه‌و ناوچانه‌ش مه‌ڵبه‌ندی خۆڕاگری و کاره‌سات بوون، به‌و حاڵه‌ش زۆر جار به مه‌ئمووریه‌ت ره‌وانه‌ی ناوچه‌کانی وه‌ک پیرانشار ٣ جار، مه‌هاباد ٢ جار، بانه جارێک و هه‌روه‌ها چه‌ند مه‌ئمووریه‌تی زۆر گرینگ و پڕمهترسیشی بۆ باشووری کوردستان کردوه که گه‌یاندنی یارمه‌تی به خه‌باتکارانی ئه‌و به‌شه‌ی کوردستان بووه. تێکۆشه‌ر خاس به کار و تێکۆشانی به‌رده‌وام، به ئازایه‌تی و نه‌ترسی، به پاراستنی نه‌زم و دیسیپلینی پێشمه‌رگایه‌تی، به به‌رنامه‌ڕێژی و دروست جووڵانه‌وه، توانیویەتی پله‌کانی سه‌رکه‌وتنی نیزامی ببڕی و ببێته فه‌رمانده‌ری یه‌کێک له لکه‌کانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی گیاڕه‌نگی سه‌رده‌شت که دیاره ئه‌وه به‌رپرسایه‌تییه‌کی شیاو بۆ ئه‌و تیکۆشه‌ره‌ی مه‌یدانی خه‌بات بووه.
تێبینی!
مه‌حموود خاس کە ساڵانێکی زۆر وەک کێو لە بەرامبەر نەیاراندا راوستا و ئازایەتیی نواند و بوو بە سەرمەشقی فیداکاری و هیچ مەترسییەک زەفەری پێ نەبرد، زۆر بەداخەوە لە دوورەوڵاتی و لە رووداوێکی نەخوازراودا گیانی لەدەست دا و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان و لە خەبات کرد. یادی بەرز و بەڕێز بێ.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه