(لە سیستەمی سیاسی-ئابووری رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا)
لەگەڵ پێشکەوتنەکانی فەلسەفەی سیاسی و ئابووری و هەروەها بەرچاوڕوونی زیاتر لە سەردەمی ئێستادا لە پێوەندی لەگەڵ جۆر و میتۆدەکانی حکوومەت و بەڕێوەبردنی، نموونەی وڵاتانی سەرکەوتوو لەم بوارەدا زۆرن. بەڵام خاڵی سەرەکی بۆ لێک جیاکردنەوەی هەر سیستەمێکی سیاسی
ئابووری، لە دێموکراتیک بوون و شەفاف بوونی سیستەمەکان دایە. بەم پێیە دەبێ لەم روانگە و گۆشەنیگایەوە لە نێوەرۆک و کارکردی سیستەمی سیاسی – ئابووری حکوومەتەکان بڕوانین. واتە بۆ شرۆڤە و هەڵسەنگاندنیان پێویستە ئەم پێوانە نەگۆڕانە لەبەرچاو بگرین و پاشان شۆڕ بینەوە بۆ وردەکاریەکانی نێو حکوومەت.
لە پێوەندی لەگەڵ سیستەمی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا لێکۆڵینەوه و لێکدانەوەی زۆر کراوە کە هەرکام لە گۆشەنیگای خۆیەوە پێناسەی بۆ ئەم شێوازە لە دەسەڵاتدارێتی کردوە، بەڵام دەتوانین بڵێین کە خاڵی بە یەک گەیشتنی زۆربەی شرۆڤە و پێناسەکان، لە خانەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و ناشەفافدا یەک دەگرنەوە. مادام ئێمە لەگەڵ دەسەڵاتێکی ناشەفاف و سەرکوتکەر بەرەڕووین کەواتە زۆر بە ئاسانی دەتوانین لە یەک رستەدا دەرهاویشتەی هەموو شرۆڤە و لێکۆڵینەوەکانمان بخەینە روو. بەڵام لێرەدا دوو چەمکی گرینگی گۆڕانکاری لە دەسەڵاتەکان و هەبوونی پێکهاتەیەکی حکوومەتیی لەمێژینە و هەروەها دامودەزگایەکی بەرینی بەڕێوەبردنە کە پێویستیی بە لێ وردبوونەوەی زیاترە.
ئەگەر بمانەوێ سیستەمی سیاسیی کۆماری ئیسلامی لەسەر بنەمای ئەم دوو چەمکەی سەرەوە وەک پێوەرێک، هەڵسەنگێنین، دەبینین کە نە تەنیا ئەم رێژیمە بەڵکوو زۆربەی رێژیمە تۆتالیتەرەکان لە جیهاندا بە جۆرێک هەمیشە دەرگیری کێشەی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن لە وڵاتی خۆیان دان و هەن. چونکه هەروەک روون و ئاشکرایە لە سیستەمی سیاسیی ئێراندا هەموو دەسەڵاتەکان جگە لە دەسەڵاتی بەڕیوەبەری بە شێوەیەکی رەها لە دەست کەسی یەکەمی رێژیم (وەلی موتڵەقەی فەقی) دایە، تەنیا دەسەڵاتی بەڕێوەبەرییە کە هەمووکات بۆتە مایەی ژانەسەر بۆ کەسە پاوانخوازەکە. بەڵام ئایا ئەم دەسەڵاتەش بە شێوەیەکی رەها لە دەست وەلی فەقی چۆتە دەر یان ئەوەی کە پێویستە خوێندنەوەیەکی تایبەتمان بۆ دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا هەبێ.
هەروەک لە مێژووی دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامیدا بینیومانە، دەسەڵاتی بەڕیوەبەری، تەنیا دەسەڵاتێکە کە لانیکەم بە شێوەی ئامانجدار یان نەخوازراویش بووبێ، دەستاودەستی پێ کراوە بۆیە تا ئێستا نەمانبینیوە کە وەلی فەقی لە یەکێک لە سەرکۆمارەکانی خۆی رازی بێ یان لەگەڵی بێ کێشە بێ. ئایا سروشتی ئەم جۆرە دەسەڵاتە وایە؟ سەرکۆمارەکان، کەسانێکی خەڵکی بوون؟ یان هەر لە سەرەتاوە رێژیم نەیتوانیوە ئەم بەشە لە سیستەمی سیاسیی خۆی کۆنترۆڵ بکا؟ ئەگەر بەپێی پێوەری (گۆڕانکاری)، لێکدانەوەمان بۆ ئەم پرسیارانە هەبێ، بێگومان مادام سەرکۆمار راستەوخۆ بە دەنگی خەڵک هەڵدەبژێردرێ، کەواتە خەڵک هەمووکات خوازیاری گۆڕانکاری و هەڵبژاردنی باشترین کەسەکانن، هەروەک چۆن تا ئێستا دەنگی خەڵک لە پێوەندی لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری گەورەترین چالشی سیاسیی رێژیم بووە.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبینین کە رێژیم بە دەیان و سەدان فیلتەری جۆراوجۆری بۆ دیاریکردنی کەسانی باوڕپێکراو و نزیک لە خۆی بۆ ئەم پۆستە بەکار هێناوە و بە کار دەبا و دەتوانین بڵێین کە لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریدا تا ئێستا نەبینراوە کە کەسێک بەدەر لە چوارچێوەی باوەڕ و ئایدیاکانی ئەم رێژیمە توانیبێتی لانیکەم بێتە نێو کێبەرکێی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری. بێگومان لێرەدایە کە وەبەر یەک کەوتنی تایبەتمەندیی جۆری دەسەڵاتی بەڕێوەبەری و دەسەڵاتی تاکڕەوانەی رێژیم و هەروەها سیاسەت و شێوەی روانینی کۆماری ئیسلامی بۆ کۆی سیستەمی سیاسی – ئابووریی وڵات، پێویستیی بە لێکدانەوە و شیکاری زیاترە.
یەکێک لە جومگە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری (جیا لە دەسەڵاتە قۆرغکراوەکانی وەک سیاسەتی دەرەوە، ئەمنیەتی نێوخۆ و سوپا) ئابوورییە. لێرەدا بۆ روونتر بوونەوەی زیاتری دەرفەت و بەربەستەکانی بەردەم سەرکۆمار (وەک سەرۆکی دەسەڵاتی بەڕێوەبەری) پێویستە ئاماژە بە قسەی سێ دانە لە سەرکۆمارەکانی ئەم رێژیمە بکەین. محەممەد خاتەمی: “لەم دەسەڵاتەدا دەستم بەستراوە”. مەحموود ئەحمەدینژاد: “برایانی قاچاخچی (مەبەستی سپای پاسدارانە) لە بواری ئابووریدا وڵامدەری هیچ کەس نین”. حەسەن روحانی لە دوایین لێدوانی خۆی لە شاری خومەین: “داهات و ئیمکاناتی دەوڵەت لە وڵاتدا مەحدوودە”. رەنگە ئەم پرسیارە بێتە پێش کە ئایا بەڕاستی کەسێکی وەک روحانی یان ئەوانی پێشوو تەنیا ویستوویانە مەزلوومنمایی بکەن و یان ئەگەر هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوە و نیە بۆچی واز ناهێنن؟
لێرەدا بۆ ئەنجام وەرگرتن لە باسەکە، پێویستە زیاتر بچینە نێو ناخی قسەکانی روحانی و وڵامی ئەم پرسیارە بدۆزینەوە کە ئایا بەڕاستی “داهات و ئیمکاناتی دەوڵەت لە وڵاتدا مەحدوودە” یان ئەوەی کە هۆکاریتر لە پشتی ئەم بارودۆخەن؟ کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنه سهرکاریهوه، بە داهێنانی شێوازێکی نەناسراو و ناستاندارد لە بواری ئابووریدا، هەر جۆرە بەرنامە و پڕۆژەیەکی باس کردبێ یان خستبێتە گەڕ، پشت ئەستوور بە داهاتی نەوت بووە، واتە ئابووریی ئێران بەردەوام لە نێوان دوالیزمی پشت ئەستووریی بە داهاتی نەوت و دروشمی پشت بەستن بە سەرچاوەکانی تری ئابووریدا، تا ئێستاش رووی گەشەکردنی بەخۆیەوە نەدیوە. هیچ گومانی تێدا نیە کە وڵاتی ئێران لە بواری ئیمکاناتی مرۆیی و سەرچاوەکانی ئابوورییەوە، یەکێک لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی جیهانە، بەڵام کاتێک کە دوای 37 ساڵ، زۆرینەی کۆمەڵگەی ئێران لە نزیک هێڵی هەژاری یان لە ژێر هێڵی هەژاریدا ژیان بەسەر دەبەن و پێوانە سەرەکییەکانی ئابووری وەک هەڵاوسان، بێکاری، بەرهەمهێنانی ناخالیسی نەتەوەیی، داهاتی ساڵانەی تاکەکان و گەشەی ئابووری، لە خراپترین دۆخی خۆیان دان، ئایا کێشەکە لە نرخی نەوت دایە یان لە گەمارۆ ئابوورییەکان؟ هەڵەی بەڕێوەبەریی یان سیاسەتە ئابوورییەکانە؟ یان هەڵەی کۆی سیستەمە سیاسییەکەیە؟
هیچ سیستەمێکی سیاسی و ئابووری لە سەردەمی ئێستادا ناتوانرێ بە پێی بەرژەوەندیی تایبەتی تاک یان دەسەڵاتەکان دابڕێژێردرێ یان تەنیا بە یەک پێوانە هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ. کەواتە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات و کۆمەڵگەیە کە دەبێ بکرێتە بنەمای سەرەکیی هەر جۆرە پلان و پرۆژەیەکی ئابووری و هەروەها پێوانەکان دەبێ بە زانستە ئابوورییەکانەوە بارگاوی بکرێن. بەڵام لە هەموو دەورانی رێژیمدا تەنانەت ئەگەر سەرکۆمارێک ویستبێتی پلانێکی باشی ئابووری جێبەجێ بکا، تووشی سەدان کۆسپ بۆتەوە، نەیتوانیوە بە ئامانجەکانی بگا. مەبەست ئەوە نیە کە رەنگە سەرکۆمارەکانی رێژیم خەڵکی بن، بەڵکوو مەبەستی سەرەکی لێرەدا، هێنانە ژێر پرسیاری کۆی دەسەڵاتە. لە بواری زانستی ئابوورییەوە تا ئێستاش دیار نیە رێژیم ئینتیمای بە لای کام یەک لە سیستەمە ئابوورییەکانی (چەپ، سەرمایەداری و هتد)دا هەیە. ئەگەرچی لە دروشمدا، بەردەوام خۆی بە لایەنگری سیستەمی ئابووریی بەرەی چەپ نیشان داوە، بەڵام بە کردەوە، تەنیا یەک سیستەمی پەیڕەو کردوە، ئەویش بە تێکهەڵکێشێک لە هەموو میتۆدەکان و قۆرغکردنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووریی وڵات، ئابووری خستۆتە خزمەت پاراستنی دەسەڵاتی سیاسیی خۆی.
کاتێک سەرکۆمارەکانی تەنانەت دەرهێنراویش لە سندووقەکانی دەنگدان، پانتاییەکی بەرفراونی دەسەڵات لە بەردەم خۆیان دەبینن کە هیچ نەخشێکیان تێیدا نیە، لێرەدایە کە وەبەریەککەوتن دێتە ئاراوە. لە سەرەوەدا ئاماژەمان بە قسەی چەند سەرکۆمارێکی رێژیم کرد، بە تایبەت قسەکانی ئەم دواییانەی حەسەن روحانی. بێگومان بوونی بۆچوونی جیاواز و بەتایبەت گرووپ و لایەنی جیاواز لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دەمێکە خۆی دەرخستوە و لە ئێستادا دەتوانین بڵێین کە ئەم رەوت و بۆچوونە جیاوازنە هەم تووشی وەبەریەک کەوتنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی خۆیان لە بەرامبەر یەکتردا بوون و هەم تا ئاستێک لێک دوور کەوتوونەوە کە بە جۆرێک درز و بۆشاییان لە سیستەمە سیاسییەکەدا دروست کردوە. کەواتە کاتێک کە روحانی دەلێ ئیمکاناتمان کەم و بەربەستە، لە لایەک درۆ دەکا چونکه هیچکات بەشێوەیەکی راستەقینە نەهات لانیکەم گرفت و بەربەستەکان باس بکا یان شەفافسازی لە دۆخی ئابووری و داهاتەکاندا بکا. راست دەکا، چونکه لە کاتێکدا دەرفەت و زۆریی سەرچاوە مرۆیی و سروشتییەکان لە ئاستێک دایە کە بتوانرێ ئابووری وڵات لانیکەم لەم قەیرانەی ئێستا دەرباز بکرێ. بەڵام سەرچاوە ماڵی و داراییەکان، لە شوێنیکی ترەوە کەم کراونەتەوە. واتە هەم هەرێمی دەسەڵاتی یاسایی سەرکۆمار بەربەست کراوەتەوە و هەم سەرچاوە سەرکییەکانی ئابووریی وڵات لە دەست گرووپێک دایە کە بەپێی یاساکانی خۆیان بۆیان هەیە یارمەتی گرووپە توندڕەو و بناژۆکان لە هەر گۆشەیەکی جیهانی پێ بکەن، بۆیان هەیە بە میلیارد دۆلار لە سوریە و لوبنان بە هەدەر بدەن، بەڵام نە کۆمەڵگە و نە هیچ سەرکۆمار و لایەنێکیتر بۆی نیە پرسیاریان لێ بکا.
دوای پێکهاتنی ئێران لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا لەسەر دۆسیەی ناوکی، نەتەنیا سەرکۆمار بەڵکوو خودی خامنەیی زیاتر لە هەموو کەس پەلەیان لە جێبەجێ کردنی هەرچی زوورتری بە وتەی خۆیان بەرنامەی (برجام) و لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان هەبوو، چونکه خۆیان باشتر لە هەموو کەس دەیانزانی کە چ بەڵایەکیان بەسەر ئابووریی وڵات و بژێوی ژیانی خەڵک هێناوە. تەنانەت خودی رێژیمیش تا رادەیکی زۆر هاتبووە سەر ئەم باوڕە کە ئاکامەکانی (برجام) دەتوانێ بەشێک لە گرفتەکانیان چارەسەر بکا. بێگومان گرفتەکە زۆر لەوە گەورەترە کە لانیکەم دۆخی ئابووریی ئێستای ئێران لە نەبوونی ئیمکانات یان بەربەستەکانی بەردەم سەرکۆمارێکدا کورت بکرێتەوە. لیرەدا بە دوو ئەنجام کۆتایی بە وتارەکە دێنین. یەکەم: دیتمان کاتێک کە نرخی نەوت دەورووبەری ١٠٠ دۆلار بوو، ئابووریی وڵات تووشی گەورەترین نوشستی خۆی دەبێ، کەچی ئەحمەدینژاد سەرکۆمارییەکەشی تەواو بوو، بەڵام هەر ساغ نەبۆوە (یارانە) بە کێ بدا و بە کێی نەدا. تەنیا شانازی روحانی تا ئێستا ئەوەیە کە بە وتەی خۆی هەڵاوسانی کردۆتە یهک رهقهمی، کەواتە خودی سەرکۆمارەکانیش تا ئێستا بەشێک لە کێشەکان بوون. دووهەم: باش دەزانین کە هەر یاسا یان پلانێکی ئابووری لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا تا ئەوکاتە کاریان پێ دەکرێ یان پیادە دەکرێن کە لە خزمەت بەرژەوەندییەکان رێژیمدا بن، بەڵام تا ئەوکاتەی دیاریکردنی بچوکترین پۆستە حکوومەتییە فیلتەرکراوەکانیش بگەڕێنەوە بۆ دەنگی خەڵک، رەنگە مافیای وەلی فەقی بتوانێ جارێ بەردەوام بێ لە قۆرغکردنی جومگە سەرەکییەکانی ئابووری، بەڵام هەر دەنگێک کە بخرێتە سندووقەکانەوە، دەنگی بێزاری و ناڕەزایەتیی خەڵکە کە بەردەوام گەورەترین مەترسی و چاڵشی سیستەمی پاوانخوازی سیاسیی ئێرانن.
لە ژماره ٦٩١ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه