وهرگێڕان: کهماڵ حهسهنپوور
رێبەرانی سیاسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئهمریکا لە هەر دوو حیزبەکان لەسەر ئەو باوەڕەن کە لە خۆرهەڵاتی ناوین لەنێو بردنی داعش گرنگترین شتە. لە راستیدا ئەوە بە قەد رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مەترسیی ئێران گرینگ نیە. رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی رابردوو لە وانەیە مەترسیی بۆمبی ناوکیی ئێرانی وەدوا خستبێ، بەڵام مەترسیی چەندلایەنەی ئێرانێکی میلیتاریستی، مەهدەوەی ٨٠ میلیۆن کەسی، بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی خۆرئاوا هەڕەشەیەکی گەورەترە لە چەتە و پیاوکوژە سوننییەکانی رەققە و موسڵ.
لە دانوستانی ناوکیی پێنج کۆ یەک پێکهاتوو لە وڵاتانی، ئهمریکا، رووسیه، چین، بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان، لهگهڵ ئێران چەند سوودێک تۆمار کران. لەنێو ئەو سوودانە دەکرێ باس لە وەدواخستنی پرۆژەی سەربازیی ناوکیی بۆ ماوەی ١٠ تا ١٥ ساڵ، کەم کردنەوەی ناکۆکی سیاسی لەگەڵ ئێران، کردنەوەی بازاڕی نوێ لە ئێران و وەدەستهێنانی هاوکاریی ئێران لە جەنگی دژی داعش بکەین. تەنیا یەکێک لەوانە واتە وەدواخستنی بەرنامەی ناوکی، لەسەر حیسابی ئێران بوو چونکە هەردوو لا حەزیان لە پێکاندنی ئامانجیتر بوو.
لە روانگەی تارانەوە، قازانجەکان گەلێک لەوە زیاتربوون کە ئەوان دەستبەرداری بوون. لە بەرامبەر وەدواخستنی پرۆژەی سەربازیی ناوکی، گەلێک لە ئابلۆقە ئابوورییەکان هەڵگیران، تەریککەوتنەوەی سیاسی کۆتایی هات و سنوربەندییەکانی سەر بەرنامەی موشەکیی بالیستیکی شلتر کرانەوە.
هەروەها لەبەر ترسی زێدەگەورەکراوی وڵاتانی پێنج کۆ یەک کە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێک لەوانەیە بیانوو بداتە دەست ئێران کە لە رێککەوتنەکە پاشگەز بێتەوە، تاران دەستکەوتی زۆر زیاتری گیر کەوت. یەکێک لەوان بەرفراوانبوونەوەی حەوزەی نفووزی ئێران لە سەرانسەری ناوچەکەیە، چونکە چیتر لە “بژاردەی سەربازی”ی ویلایەتە یەکگرتووەکان ناترسێ.
بەڵگەکانی رەفتاری تاوانکارانەی ئێران لە رادەبەدەرن. ئەو پشتیوانی سەرەکیی رێژیمی کۆمەڵکوژی سوریهیە کە بە پارە، چەکوچۆڵ و میلیشیا شیعەکان پاڵپشتی سەرکۆمار بەشار ئەسەد دەکا. ئەو چەکوچۆڵ، پارە و راهێنانی سەربازیی بۆ حیزبوڵڵا دابین دەکا و وەک ئامرازێکی ستراتێژیک بەکاری دەهێنێ بۆ لاواز کردنی دەوری یاسایی دەوڵەتی لوبنان. ئێران لە یەمەن بە پشتیوانی کردن لە یاخیبوانی “حوثی” ئاگری ناکۆکییەکان خۆش دەکا. لە شوێنیتری نیمچە دوورگەی عەڕەبی بەکرێگراوانی خۆی بۆ لاواز کردنی بەحرەین و عەرەبستانی سعودی بەکار دێنێ. لە جیرانەتی ئیسرائیل، ئێران پشتیوانی ئابووری لە جیهادی ئیسلامی فەلەستین دەکا و هەندێک لە لایەنەکانی حەماس فێری چۆنیەتی دروست کردنی مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکوچۆڵیتر دەکا. هیچ کام لەو ئاکارانە بە دوای رێککەوتننامەی ئەتۆمی کەمیان نەکردووە، بەپێچەوانە ئێران لە هەموو ئەو شوێنانە شەڕئەنگێزتر بووە.
بۆ ئەو رێککەوتننامەی کە قەرار بوو تەنیا بۆ دیتنەوەی رێگاچارەیەکی ئاشتییانە بۆ بەرنامەی سەربازیی ئەتۆمی ئێران بێ، دانوستانکەرە ئێرانییەکان زۆر ژیرانە جووڵانەوە. ئەوان کایەیەکی زۆر باشیان بە دەستەوەرەقێکی زۆر لاواز کرد. ١٤ ساڵیتر کاتێک سنوربەندییەکان [لەسەر بەرنامەی ناوکی] هەڵگیران، جیهان لەوانەیە لە خراپترین بارودۆخدا بێ بۆ پێشگرتن بە پرۆژی ناوکیی ئێران.
لە مێژوو و سیاسەتی نێونەتەوەییدا ١٤ ساڵ وەک چاوتروکاندنێک وایە. زۆر هۆکاریش هەن، وەک رووداوی جیهانی کە ببێتە هۆی دوورکردنەوەی سەرنجی نێونەتەوەیی لە سەرپێچییەکانی ئێران، کە دەتوانێ ئەو ماوەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کورت بکاتەوە.
نەتەوە نیگەرانەکان دەبێ ئێستا پێکەوە هاوکاری بکەن تا پێش بە ئێران بگرن تا نەخشەی سیاسیی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بە قازانجی خۆی لە سەرڕا نەکێشێتەوە و سوود لە ناسەقامگیریی ناوچەکە وەرگرێ تا خۆی بە بۆمبی ئەتۆم چ پێش کۆتایی کاتی رێککەوتنەکە و چ پاش ئەو ماوەیە تەیار بکا.
یەکێک لەو هەنگاوانە دەتوانێ پشکنینی توندوتۆڵ لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران لە خۆ بگرێ، ئەویش نەک تەنیا لە لایەن ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە؛ چونکه بەشی هەرە زۆری سەرپێچییە ناوکییەکانی ئێران لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا ئاشکرا کران نەک ئاژانسی وزەی ئەتۆمییەوە. جگە لەوە نەتەوە پەیوەندیدارەکان پێویستە لە مەڕ بەرنامەی مووشەکی بالیستیکی و پشتیوانیی تێرۆریزم زەخت بخەنە سەر ئێران. هەرەوها دەبێ ئەوان هەوڵ بۆ چەسپاندنی بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بارەی قەدەغە کردنی بڵاوکردنەوەی چەکوچۆڵ لە سەرانسەری ناوچەکەدا لە لایەن ئێرانەوە بدەن. جێی ئاماژەیە کە هیچکام لەو هەنگاوانە سەرپێچی لە مەرجەکانی رێككەوتننامەی ناوکی نین.
ئێستاش بۆ راست کردنەوەی ئەو روانگەیەی وڵاتانی رۆژئاوایی، بە رێبەریی ویلایەتە یەکگرتووەکان، درەنگ نەبووە کە پێی وایە ئێران لە جیاتی سەرچاوەی ناسەقامگیریی و توندئاژۆیی بێ، بەشێکە لە رێگاچارەی قەیرانەکانی خۆرهەڵاتی ناوین. بێگومان ئێران شەڕی داعش دەکا، ئەو راستییەی کە توندڕەوترین دەوڵەتی شیعەی جیهان لەگەڵ سوننییە توندڕەوەکان بەربەرەکانی دەکا نابێ شتێکی سەرسوڕهێنەر بێ.
بە داخەوە ئەوانەی کە پێیان وابوو کە رێكکەوتننامەی ناوکی دەبێتە هۆی ئێرانێکی میانڕەوتر، کراوە و رێفۆرمخواز، لە نێوخۆ و لە دەرەوە، تووشی خۆشخەیاڵی بوون. تا ئەوکاتەی کە ئایەتوڵڵاکان فەرمانرەوایی رێژیمی ئێران دەکەن، هیچ شانسێک بۆ کرانەوەی مەکدۆنالدز لە تاران نیە. لە جیاتان ئێمە ئیعدامی زۆرتر، سەرکوتی زۆرتر و ستەمکاریی زۆرتر دەبینین.
ئەوە روانگەیەکی هاوبەشە لەنێو وڵاتانی خۆرهەڵاتی ناوین کە سەردەمێک بەرهەڵستکاری یەکتر بوون. لە کاتێکدا کە خەباتی نێوان ئیسرائیلی و فەلەستینیەکان درێژەی هەیە، جارێ هەر ئاماژەیەک بە ناکۆکی نێوان ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی سوننی، شتێکی زیادییە. ئێستا عەڕەب وئیسڕائیلی لە یەک پاپۆڕ دان، کە رووبەڕووی هەڕەشەی جۆراجۆر بە پشتیوانیی ئێران بوونەوە، لە پەیوەندیی لەگەڵ چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەو هەڕەشانە، ئێمە بە شێوەیەکی گشتی یەک بۆچوونمان هەیە.
ئەوەی پێویستمانە رێبەری کردنە لە لایەن هاوپەیمانە نەریتییەکانمان لە رۆژئاوا، بە تایبەتی دۆستە باشەکانمان لە ئهمریکا. ئەگەر سەرۆککۆمار ئۆباما یا جێگرەوەکەی ئەولەوییەتەکان بگۆڕێ و رێبەریی کەمپەینێک بۆ زەخت خستنە سەر ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە سیاسەتە گێرەشێوێنانەکەی بگرێتە ئەستۆ، هەمان زەخت کە ئێرانی ناچار کرد لە سەر بەرنامەی ناوکییەکەی دانوستان بکا، ئەوا هەم لەنێو عەڕەبەکان و هەمیش لەنێو ئیسڕائیلییەکاندا شەریک پەیدا دەکات.
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه