رێویزیۆنیزم له ئه‌سڵدا ده‌سته‌واژه‌یه‌ک بوو که بۆ تیۆری و میتۆده سیاسییه‌کانی ئه‌و سوسیالیستانه به‌کار ده‌هات که، له کۆتایی سه‌ده‌ی ١٩ و سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی ٢٠دا، پێداچوونه‌وه‌یان به هه‌ندێک له تیورییه‌کانی کارل مارکس له‌مه‌ڕ شه‌ڕی چینایه‌تی و داهاتووی کۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داریدا کرد و له‌جیاتی شۆڕشخوازی، خوازیاری ریفۆرم و گۆڕانی نه‌رم و هێواشی سه‌رمایه‌داری بۆ سوسیالیزم بوون. باوک یان روخساری سه‌ره‌کیی مارکسیزمی پێداچوونه‌وه‌خواز ئێدوارد بێرنێشتاین، تیۆریسێن و سیاسه‌تمه‌داری سوسیالدێموکراتی ئاڵمان بوو.
له گرینگ‌ترین پره‌نسیپه ره‌خنه‌ییه‌کانی پێداچوونهوهخوازان به مارکسیزم، ئاماژه به‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه ده‌که‌ین:
1)رووخانی سه‌رمایه‌داری به‌و خێراییه‌ی مارکس پێشبینی ده‌کرد، رووی نه‌دا و نزیکیش نیه.
2)خه‌باتی چینایه‌تی وه‌ک مارکس پێشبینی ده‌کرد په‌ره‌ی نه‌سه‌ند و، چینی نێوه‌ڕاستیش به‌پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی مارکس، نه‌ته‌نیا له‌نێو نه‌چوو به‌ڵکوو گه‌شه‌ی کردووه.
3)ده‌کرێ به ریفۆرم و پێشکه‌وتنی نه‌رم و هێواش، سه‌رکه‌وتنی زیاتر به‌ده‌ست بێنی تا به شۆڕشێکی توندوتیژی له‌ناکاو.1
له‌و کاته‌وه ئه‌م تێرمه به به‌ربڵاوی له ئه‌ده‌بیاتی سیاسی‌دا به‌کار دێ و ته‌نانه‌ت بۆ پێداچوونهوهخوازانی سیستمه سیاسی و فکرییه‌کانی غهیرهمارکسیستیش به‌کار ده‌برێ. ئه‌و سیستمه سیاسی و فکرییانه‌ی که وه‌ک مارکسیزم له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی دووبه‌ره‌یی یان دووجه‌مسه‌ری دارێژراون و، به‌ره و جه‌مسه‌رێک راست و له‌سه‌ر حه‌قه و، به‌ره و جه‌مسه‌ره‌که‌ی دیکه‌ش ده‌بێ خه‌باتی له‌دژ بکرێ و له‌نێو ببرێ. سیتسمگهلێکی فکری که به ئایدۆلۆژی کراون و ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان بۆ شانتاژ و سه‌رکوتی رکه‌به‌ره‌کانیان که‌ڵک له ده‌سته‌واژه‌ی پێداچوونه‌وه‌خواز وه‌رده‌گرن.
کۆماری ئیسلامی سیستمێکی تاراده‌یه‌ک ئایدۆلۆژیکه و خاوه‌ن وێژمانێکی ئایدۆلۆژیکه. له‌و سیستمه‌دا ده‌سته‌واژه‌ی پێداچوونه‌وه‌خواز له لایه‌ن ئوسوولگه‌را توندئاژۆکانه‌وه بۆ ریفۆرمخوازان به‌کار دی؛ رێک به ئامانجی شانتاژ و وه‌ده‌رنانیان له بازنه‌ی ده‌سه‌ڵات و سه‌رکوت کردنیان. وک بڵێی که له‌و سیستمانه‌دا هه‌ر ده‌بێ له‌سه‌ر هێڵه سیاسی و فکرییه‌کانی سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاریان بڕۆی و هه‌ر چه‌شنه پێداچوونهوهخوازییهک یان بۆچوونێکی جیاواز ته‌نانه‌ت به مه‌به‌ستی پاراستن و چاک کردنی ئه‌و سیستمانه‌ش، وه‌ک لادان له راستیی ره‌ها له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ و ده‌بێ سه‌رکوت بکرێ! شایانی باسه که له سیستمگه‌لی کراوه‌ی دێموکراتیک‌دا ئه‌و ده‌سته‌واژانه، به‌تایبه‌ت ئه‌وکاته‌ی که واتا و لایه‌نێکی نێگه‌تیڤ وه‌رده‌گرن، بوونیان نیه. له راستیدا سیستمه دێموکراتیکه‌کان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگه و پێویستییه‌کانی سه‌رده‌م به‌رده‌وام خۆیان رێک ده‌خه‌ن و نه‌ته‌نیا ده‌رگا به رووی گۆڕانکارییه‌کان داناخه‌ن، به‌ڵکوو وێڕای خۆرێکخستن له‌گه‌ڵیان، هیدایه‌ت و کاناڵیزهیان ده‌که‌ن.
ریفۆرمخوازان به هه‌ر هۆیه‌ک بێ، له‌وانه‌یه به گوته‌ی خۆیان به وانه وه‌رگرتن له ئاڵوگۆڕه‌کانی هاوچه‌رخی ئێران، ریفۆرم و پێشکه‌وتنی نه‌رم و هێواش به رێگه‌چاره‌یه‌کی گونجاو ده‌زانن بۆ چاک کردن و مورتوربه کردنی سیستم له‌گه‌ڵ پێوانه و نۆڕمه‌کانی ئه‌مڕۆی ده‌سه‌ڵاتداری. ئه‌م هه‌وڵانه‌ن که له لایه‌ن به‌شی ئیدئۆلۆژیکی حاکمیه‌ته‌وه به تاوان له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ؛ به‌شێک که مانه‌وه و به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له نه‌گۆڕی و چه‌قبه‌ستوویی ره‌هه‌نده سیاسی و فکرییه‌کانی سیستمدا ده‌بینێ. بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر له تێرمی ریفۆرمخوازی رێویزیۆنیست حاڵی بین ئاماژه به به‌شێک له‌و ته‌وسیفه نێگه‌تیڤانه ده‌که‌ین که ئوسوولگه‌را توندئاژۆکان بۆ ریفۆرمخوازان به‌کاری دێنن.
له روانگه‌ی ناو‌کی سه‌ختی ده‌سه‌ڵاته‌وه که “همپوشانی” زۆری له‌گه‌ڵ ئوسوولگه‌را توندره‌وه‌کان هه‌یه، ریفۆرمخوازه‌کان ره‌وتێکی لیبراڵین که عاشقی رۆژئاوان و به چاویلکه‌ی رۆژئاوا له پرسه‌کان ده‌ڕوانن و ده‌یانه‌وێ روخساری ئه‌مریکا به جوانی پیشان بده‌ن. عه‌لی سه‌عیدی نوێنه‌ری خامنه‌یی له سپای پاسداران‌دا له وتووێژێک له‌گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵی “فارس”دا، به توندی هێرش ده‌کاته سه‌ر ریفۆرمخوازان و ده‌ڵێ: ئه‌وان به دوای ستراتیژی په‌ره‌سه‌ندنی تهعامولگهرا دان و پێیان وایه که سیستمی نێونه‌ته‌وه‌یی کوێخایه‌کی هه‌یه که ئه‌مریکایه و به‌بێ پێکهاتن له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا ناتوانین په‌ره‌بستێنین. ستراتیژیک که ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی پێبدرێ رووخانی نیزامی لێده‌که‌وێته‌وه. عه‌لی سه‌عیدی له شرۆڤه‌ی هۆکاره‌کانی هه‌ڵوه‌شانی سۆڤیه‌تدا ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی که سۆڤیه‌ت له سه‌رده‌می سه‌رکۆماریی گورباچۆفدا رووخا بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه که زۆر پێشتر، له سه‌رده‌می خرۆشچۆفدا ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی سۆڤیه‌ت تووشی گۆڕانی لێکدانه‌وه بوون و پێیان وابوو که ده‌کرێ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا سازش بکرێ. ئه‌و شته‌ی که به گوته‌ی نوێنه‌ری خامنه‌یی له سپای پاسداران‌دا، له لایه‌ن به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت و ریفۆرمخوازه‌وه ده‌گوترێ و کاری بۆ ده‌کرێ.
ریفۆرمخوازان له روانگه‌ی توندڕه‌وه‌کانی ئوسوولگهراوه هێزی پیاده یان تابووری پێنجه‌می دوژمنن که ده‌یانه‌وێ کۆماری ئیسلامی له نێوه‌رۆکی ئینقلابی خۆی به‌تاڵ بکه‌نه‌وه و چییه‌تیی سیستم بگۆڕن. ئه‌و کاره‌ش له رێگه‌ی دروست کردنی که‌لێن له‌نێو حاکمیه‌تدا و هه‌وڵ بۆ مارژیناڵ کردنی هێزه حیزبوڵڵاییه‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. هه‌ر له‌و روانگه‌وه ریفۆرمخوازه‌کان ته‌نانه‌ت به‌رینتر له‌وه‌ش میانه‌ڕۆکان، باس له پێویستیی بهرجامیزاسیۆن بۆ بواره‌کانی: سیاستی ده‌ره‌وه، ئابووری، سیستمی بانکی، بواری وزه و فه‌رهه‌نگ و شێوازی ژیان ده‌که‌ن و له‌و رێگه‌وه به‌شێوه‌یه‌کی “له‌جیاتی” و “په‌یمانکاری” پرۆژه‌ی داماڵینی سیستم له نۆڕم و بایه‌خه ئینقلابییه‌کان و نۆرماڵیزاسیۆنی سیستم جێبه‌جێ ده‌که‌ن. له دیدی توندڕه‌وه‌کانی ئوسوولگهراوه ئامانجی رۆژئاوا و به‌تایبه‌ت ئه‌مریکا به‌هێز کردن ئه‌و ره‌وته‌یه له‌نێو سیستمدا و، له پرۆسه‌ی جێبه‌جێ کردنی به‌رجام و له دوورنمای ئه‌و رێککه‌وتنه‌دا به‌دوای عادیسازیی نیزامی ئینقلابی ئێران دان.
ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌دا باسی کرا روانگه‌ی به‌شی ئایدۆلۆژیک و به‌هێزی نێو سیستمه به نیسبه‌ت ریفۆرمخوازان و به‌گشتی میانه‌ڕۆکان. ئه‌مه یه‌کێک له ئاسته‌نگه‌کانی به‌رده‌م ره‌وتی چاکسازیخوازی نێو سیستمی کۆماری ئیسلامییه؛ له لایه‌کی دیکه‌ش ریفۆرمخوازان له لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنی ده‌روه‌ی سنووری کۆماری ئیسلامیشه‌وه له‌ژێر هێرش و ره‌خنه‌ی توندی گوتاری و پراکتیکی دان. به روانینێکی نێوتراڵ و به‌دوور له هه‌رچه‌شنه لاینگرییهک، سیاسه‌ت کردن له وڵاتانێکی وه‌ک ئێران به به‌ستێنی فه‌رهه‌نگی و سیاسیی هاوشێوه، سه‌خت و چه‌توونه.
1)وه‌رگیراو له ویکی پێدیا
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه