وهرگێڕان: مهنسوور پیرۆتی
هەر بە جیددی، بۆ بلیتی چوونەژوورەوەمان نەفرۆشت؟ ئەگەر سەیرکردنی تاکە هەڵبژاردنی نەتەوەیی ئێمە بە پووڵ با، دەمانتوانی بەشێک لە قەرزە گشتی¬یەکانی پێ پاک بکەین. پرسیار ئەوەیە، لە کاتێکدا کە بینەران لە سەرتاسەری جیهان بە تامەزرۆیی¬یەوە سەیری شۆی تەلەڤزیۆنی نەتەوەیی راستەقینەی ئێمە دەکەن، ئەرێ ئێمە، شارومەندانی ئەمریکا، قەرارە لەو هەڵبژاردنە هیچ شتێکمان دەستکەوێ؟
بەتایبەت، ئەرێ بڵێی ئەو شتەمان دەستکەوێ کە زۆرمان پێویست پێیەتی و لەو سەدەیەدا کەمتر چێژمان لێ¬کردووە؛ واتا حکوومەتێکی کاریگەر. ئێمە کێشەی وەپشت¬گوێ¬خراومان کەم نین کە پێویستیان بە چارەسەرە، زۆرن ئەو پرسانەی کە رێبەری¬کردنی ئەمریکایان دەوێ. ناکرێ چوار ساڵی دیکە چاوەڕێ بکەین تا ئەمریکا بە بەرپرسیارەتییەکانی خۆی هەڵدەستێ، بەتایبەت لە سەردەمی پێشڤەچوونی سەرسووڕهێنەری تێکنۆلۆژی و گۆڕانی خێرای کەش و هەوا.
زیادەرۆیی ئێمە لە ماوەی دوو ساڵ کات ¬رابواردن و بەزەیی پێداهاتنی هەڵبژاردن وایکردووە لەنێو بازنەیەکدا خول بخۆینەوە و بگەرێینەوە سەر جێگای خۆمان و پرس و گرێ¬پوچکەی زیاتر بۆ واشنگتن دروست ببێ. ئەوەش تەنیا لە رووی دەروونییەوە کاریگەریمان لەسەر بەجێ ناهێڵێت، بگرە وەک نەتەوەیەک بەرەو داکشان و لاوازیمان دەبات. کاتێک ئێمە تا ئەو رادەیە لە ئاستی نەتەوەیی و بە شێوەیەکی ستراتێژیک زیان بە دەزگای حکوومەتی خۆمان دەگەیەنین، دەبی چاوەڕێی ئەوە بین کە شیرازەی وڵات لێک بترازە.
مەسەلە ئەوەیە کە چۆن دەکرێ براوەی کەمپەینێک سەرکەوتوو ئەژمار بکرێ لە حاڵێکدا هەڵبژاردن زیاتر حاڵەتی پێ¬رابواردنی بە خۆوە گرتووە و براوەی هەڵبژاردن تەواو لە رووی ئەخلاقی¬یەوە بریندار کراوە – جا چ بەهۆی ئەو زەبرانەی دۆڕاوی هەڵبژاردن بووبێ یان خۆی وای لەخۆی کردبێ!
بەراست دەبی چ بکرێ بۆ ئەوەی ئەو هەڵبژاردن-درامایە بە شێوەیەکی جیاواز کۆتایی پێ بێت، یان لانیکەم زۆر تراژیک و خەفەت¬هێنەر نەبێ؟
لە دەستپێک¬دا دەبی ئەو نوسخەیەی ئێستای حیزبی کۆماریخواز بمرێندرێ. من ئەوە وەک ئەندامێکی حیزبی ناڵێم. من وەک شارومەندێک ئەو پرسە دێنمەگۆڕ کە ئەمریکا پێویستی بە حیزبێکی دەستە راستی کارا هەیە کە زیاتر پێشنیاری بازاڕبنەمای بۆ چارەسەری مەسەلەکان پێبێ؛ گوشارەکان بۆ نەهێشتنی کۆسپ و کۆتوبەندەکان درێژە پێبدا؛ کار بۆ تیجارەتێکی ئازادتر و حکوومەتێکی بچووکتر بکا و ئامادەیی ئەوەی تێدایە لەسەر پرسەکان لەگەڵ لایەنەکانی¬تر بکەویتە دانوستان و وتووێژ. ئەو نوسخەی ئێستای حیزبی کۆماریخواز، حیزبی چارەسەری ئەو پرس و مەسەلانە نییە.
هەموومان ئاگادارین کە وتەبێژی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەران، جان بوئێر دەستی لەکار کێشایەوە، بەڵام نەک بەو هۆکارە کە نەیدەتوانی لەگەڵ سەرکۆمار ئۆباما کار بکا، بەڵکوو بەو هۆیە کە زیاتر لە یەک چوارەمی ئەندامانی کۆماریخوازی ئەنجومەنی نوێنەران، ناسراو بە فراکسیۆنە ئازادەکان، هیچ هۆگری¬یان بۆ پرسەکانی حکوومەت نەبوو و ئەوەش کۆسپی لە بەردەم ئەنجامدرانی ئەرکی ناوبراو دروست کردبوو.
بۆ بەرژەوەندی وڵات، پێویستە ئەو نوسخەیەی حیزبی کۆماریخواز شکست¬خواردوو رابگەیەندرێ، و بە مەودایەکی زۆر لە زێدەڕۆیی¬یەکانی دەستەراستی و هۆگری¬یەکانی دۆناڵد ترامپ، حیزبی چای و تێد کروز و تێکڕای ئەو دەزگا راگەیاندنانەی کە پاڵپشتی¬یان دەکەن و کار بۆ شێواندنی بارودۆخەکە دەکەن، بنەمای نوێ بۆ حیزبێکی دەستەراستی میانەڕەو دابندرێ کە پاش تێپەڕاندنی ئەو قۆناغە بتوانین هیوادار بین حیزبێکی کۆماریخوازی نوێ بەرهەم¬بێنێ. ئەو بنەما نوێ¬یە دەبی ئیلهاو¬ەرگرتوو لە دەستپێشخەرییە محافزەکارانەکانی “جەک کەمپ” بێ، نەک سەرچاوەگرتوو لە تووڕەیی، دژایەتی¬کرانی پەنابەران و دوژمنایەتی نژادی ترامپ.
گەیشتن بەو دەرئەنجامە زۆر گرینگە کە شکستی ئیحتمالی ترامپ لەسەر سندوقەکانی دەنگدان ئەو پەیامە بە حیزبی کۆماریخواز دەدا کە کەسێک بە رەگ و ریشەی مەسمومەوە هیچکات ناتوانێ لە ئەمریکا سەرکەوتن بەدەست¬بهێنێ؛ جا با خۆی و لایەنگرەکانی لە هەر چین و توێژێک کە هەن، باسی دەستکاری دەنگی دەنگدەران و گۆڕینی ئاراستەی هەڵبژاردن بکەن.
لە هەمان کاتدا، ئێمە دەبی هیوادار بین کە نەتەنیا هیلاری کلینتۆن لە هەڵبژاردنەکان سەرکەوتن بەدەست ¬بێنێ بەڵکوو دێموکراتەکان لە ئەنجومەنی پیران ببنەوە زۆرینە و لەو رێگەیەوە کلینتۆن لە هێز و کارتێکەری پێویست بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەشی هەراوی ئەندامانی تێگەیشتووی کۆماریخواز بەهرەمەند بێت تا کار بۆ چارەسەری هەندێ پرس و مەسەلە بکا لەوانە: رێکخستنەوەی عەقڵانی یاسای هەڵگرتنی چەک، وەک گەڕاندنەوەی قەدەغەی چەکە مەترسیدارەکان، چاودێریکردنی تۆمەتباران و قەدەغەی کڕینی چەک بۆ ئەو کەسانەی ناویان لە لیستی گومانلێکراوانی تیرۆردا هەیە، قەرزکردنی پوول بە سودی نزیک بە سیفر بۆ دووبارە بنیادت¬نانەوەی ژێرخانەکانی ئابووری، گۆڕینی بەشێک لە داهات و باجی کۆمپانیا گەورەکان بۆ باجی سەر کەربۆن تا هاندەری بەکارهێنانی زیاتری وزەی پاک بن، پێداچوونەوە بە بەرنامەی ئۆباماکەیر –بەرنامەی ریفۆڕم لە کەرتی تەندروستی ئۆباما- و ئەنجامدانی چاکسازی لە یاساکانی کۆچ¬کردن و باج.
بە هەر رادە کە سەرکەوتنی کلینتۆن بە جیاوازی دەنگی زیاتر بێ، بە هەمان رادە کەمتر لە سیاسەتەکانی¬دا بەستراوە بە ئەوانی دیکە دەبێ. هیوادارم ئەو قسەیەی بهێنێتەجێ کە لە دیبەیتی رابردوودا ئاماژەی پێکرد؛ کە وتی “بەدوای دۆزینەوەی بەستێنی هاوبەش¬ لەگەڵ باڵی چەپی حیزبەکەی، و هەروەها کۆماریخوازەکاندا دەگەڕێ تا بە هاوکاری هەمووان راپەڕاندنی ئەرک و کارەکان لە واشنگتن کردەیی¬تر بێ”.
دەڵێم هیوادارم چونکە دەقیق نازانم هیلاری کلینتۆنی راستەقینە کێیە – ئەوەی زیاتر بۆ لای بیرۆکەکانی بێرنی ساندێرز راکێشراوە و بۆ کۆمەڵانی خەڵک دەدوێ، یان ئەوەی کە پەیرەوی لە بیل کلینتۆن دەکا و بە شێوەی نهێنی لەگەڵ کۆمپانیای گۆڵدمان ساکس دانوستانی کردووە.
سێناریۆی کابوس¬ئاسا – نەک خوای¬نەخواستە سەرکەوتنی ترامپ – ئەوەیە کە کلینتۆن بە جیاوازییەکی کەمی دەنگەکان سەرکەوتن بەدەست ¬بهێنێ و کۆماریخوازەکان زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و پیران بەدەست ¬بهێننەوە. لە وەها سێناریۆیەکدا باڵی چەپی دێموکراتەکان گوشارەکانیان زیاتر دەخەنە سەر کلینتۆن تا ترامپ، کە رەنگە بزووتنەوە و تۆڕی میدیایی و دەزگای راگەیاندنی خۆی وەڕێ¬بخا، کار لەسەر تووڕەیی بەردەوامی بەدەنەی جەماوەری کۆماریخوازەکان بکا، و هەرەشە لە هەر نوێنەرێکی یاسادانەری کۆماریخواز بکا کە بیر لە سازان و ریککەوتن لەسەر پرسە گرینگەکان دەکاتەوە. ئەگەر ئەوە رووبدا، ئەمریکا دەکەویتە دەست قەدەر و هات و نەهات.
شتێکی دیکە. لە ماوەی ئەو چەند کاتژمێرەی کە نەواری قسەکانی ترامپ بڵاوبۆوە کە تێیدا بەبێ¬ئەخلاقی باسی ژنان دەکرد، ویکیلیکس، کە پێدەچێ ئەرکی کادرێکی دەزگای هەواڵگری رووسیەی پێدرابێ، ئیمەیلەکانی حیزبی دێموکراتی بڵاو کردەوە تا کێشە بۆ کلینتۆن دروست بکا. کەمپەینی کلینتۆن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە رووسیە لە هەوڵی ئەوە دایە کە ئەتمۆسفێری هەڵبژاردن بە قازانجی ترامپ بگۆڕێ. ئەگەر وابێ، تێکشکاندنی ترامپ لەسەر سندوقەکانی دەنگدان باشترین رێگایە لە بەردەم ئەمریکاییەکان تا بە ڤلادمیر پوتین بڵین کە “تۆ دەتوانی دەستکاری هەڵبژاردنەکانی خۆتان بکەی، بەڵام ناتوانی ئاراستەی دەنگدەرانی ئێمە بگۆڕی.”
بەڵام تکایە، خوایە، وابکە ئەوە تاکە دەستکەوتی ئەو هەڵبژاردنانە نەبێ.
١٢ ئۆکتۆبری ٢٠١٦ بڵاوبۆتەوە
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه