دوکتور عەلیی شەریعەتی ٢
عەلیی خامنەیی- رێبەری کۆماری ئیسلامی-، سەبارەت بە شەریعەتی وتویەتی: نابی شکمان هەبێ کە شەریعەتی دەستپێکەر(آغازگر) بوو. دەستپێکەری باسی ئیسلام بە زمانی فەرهەنگی نوێ بوو. لەو باسەدا، نوێترین مەسایلی ئیسلامی پێشکەوتووی دۆزیەوە؛ بە جۆرێک کە بۆ وڵامدانەوە بە پرسیارەکان و روون کردنەوەی خاڵە ناڕوونەکان کە تاریک بوون. بەڵام نابێ ئەوەی لەگەڵ سەید جەماڵ و ئیقباڵ هاوتەریب بکەین.
سەید جەماڵئەدین سێ بیرۆکەی دروست کرد. یەکەم: رەوتی بیری پێشکەوتوو لە هیند کە زۆرترین رەوتەکانی پێشکەوتووی ئیسلامین. دوویەم: رەوتی بیری پێشکەوتوو لە میسر کە ماکەی پێکهاتنی جووڵانەوەکانی گەورەی ئازادیخوازی ئهفریقایی بوو. سێیەم: رەوتی رووناکبیری لە ئێراندا بوو.
بەڵام ئیقباڵ دەستپێکەری دوو رەوت بوو. یەکەم: رەها بوون لە فەرهەنگی رۆژاوایی و گەڕانەوە بۆ فەرهەنگی ئیسلامی و رۆژهەڵاتی، کە پاشان بە شێوەی کارتێکەریی رۆژاوایی(غربزدگی) لە ئێراندا، هاتە ئاراوە. دوویەم: پێک هێنانی جوغرافیایەک بە ناوی ئیسلام و یەک نەتەوە بە ناوی ئیسلام و دروست بوونی پاکستان بوو.
– سایت مشرق، بە مناسبت درگذشت شریعتی-
یەکێک لە باسەکانی د. شەریعەتی کە هەڵسەنگاندن و رەخنەی زۆر لەسەرە، بۆچوونەکەی سەبارەت بە ” ئۆمەت و ئیمامت”ە. د. سروشی دەباغ- لێکۆڵەر و مامۆستای زانستگا لە تۆڕێنتۆی کانادا-، پێی وایە: ئۆمەت و ئیمامەت لە حوسێنییەی ئیرشاد باسی کرا، لەبەر جەوێکی شۆڕشگێڕی کە ئەوکات هەبوو. شەریعەتی هەوڵی دەدا لە تێپەرین( گذار)دا، شۆڕشگێڕی پلەدار بکاو، قسە لە دێموکراسییەکی هیدایەت کراو بکا، بۆ ئەوەی خەڵک لە کۆمەڵگهدا، سەلاحییەتی ئەوەی هەبێ لە رێگاگەلی دێموکراتیکدا بەشداری بکا.
برنامەی افق، تلویزیون صدای آمریکا، شریعتی اسلام سیاسی و اسلام بدون روحانیت-
حەسەنی یووسفی ئیشکەوەری پێی وایە: داستانی ئۆمەت و ئیمامەت زۆر کۆن بووە. باسی بەرهەمهێنان و بڵاوبوونەوە و رەخنە لێگرتنی زۆر کراوە. ئەوەی زۆر کەس سەرنجی ناداتە ئەوەی کە “ئۆمەت و ئیمامەت” بە چ هۆیەک هاتە کایەوە و لە چ بەستێنێکدا پێویستە تێپەڕێ و بە چ مەبەستێک باسی کرا. نامیلکەگەلێک کە لەو بوارەدا بڵاوکرانەوە، سەردێرەکەی “کۆمەڵناسیی ئۆمەت و ئیمامەت” بوو. دوای نازانم بە چ مەبەستێک وشەی کۆمەڵناسییەکەیان لێ لابردبوو. سەرجەمی باسەکە سەبارەت بە جێنشینی سیاسیی پێغەمبەری ئیسلامە، کە لە دوو روانگەوە دێتە بەرباس. یەکەم: روانینی سوننییەکانە کە پشت بە بەیعەت و شووڕا دەبەستن. دوویەمیش: شیعەکان لە بەرانبەر سوننییەکاندا، لە چوارچێوەی وەسایەت و ئیمامەتی تایبەتی خۆیان، لێکی دەدەنەوە. ئەو دوو بۆچوونە پێشتریش لە جیهانی ئیسلامدا، هەبوە و ئێستاس هەر هەیە.
شەریعەتی گەرکیەتی بڵێ، دوای پێغەمبەر کۆمەڵگەی عەرەبستان لە وەزعییەتێکی تایبەتی دایە. کۆمەڵگەیەکی خێڵەکییە و بەو ئاڵوگۆڕە کەمەی کە لە ماوەی ٢٣ ساڵدا پێک هاتووە، ئامادەیی نییە بچێتە نێو دەورانی بەیعەت و شووڕا- کە بە پێوانەی ئەمڕۆ-، لەگەڵ دێموکراسی هاوتەریبە. ئەوەی لە دەیەی ٤٠ و ٥٠ ی هەتاوی لە ئێرانێشدا، پێک دێ و هەر بەو ئاکامەی دەگا. بەڵام بە جۆرێک هەوڵ دەدا بە هەر دوو بۆچوونی سوننی و شیعە بڵێ راستن.
شەریعەتی لە چەمکی وەسایەت کەڵکی وەردەگرت کە لەگەڵ چەمکی نەسبی ئیمام جیاوای هەیە. وابزانم لە کۆی بەرهەم(مجموعە آثار)ی ژمارە ٣٥ بەشی یەکەم دایە کە، روانگەکان و بیروڕای خۆی سەبارەت بە دەروونناسی شیعە باس دەکا. نازانم ئەو قسانە لە کوێ هاتوون کە دەڵێن: شەریعەتی وتوویە دێموکراسی هیچ کات جێی پەسند نییە و خەڵک مافی دەنگدانیان نییە! ئەو لە دوایی بەشی ئۆمەت و ئیمامەتدا، دەڵێ: لە ئیسلامدا، دێموکراسی ئەسڵە. کەسانێک کە رەخنە لە شەریعەتیی دەگرن، ئاماژە بەو رەستەیە لە داویین کۆبەندییەکەدا، ناکەن.
شەریعەتی وەسایەت لە دەورانێکی تایبەتدا باس دەکا و کۆمەڵناسیی ئۆمەت و ئیمامەت بە مەفهوومێکی زارەکی(کلامی)، لەگەڵ لێکدانەوەیەکی مێژوویی باس دەکا. بۆ وێنە دەیبەستێتەوە بە کۆنفڕانسی باندۆنگ [لە ئەندۆنێزی] و مەسەلەی دێموکراسی. ئەو لە راستیدا، بەو ئاکامە دەگا کە لە هەموو شۆڕەشەکاندا دەورانێکی تێپەڕین هەیە. لەو کاتیدا، حکوومەتێکی کاتی ئینقلابی پێویستە. چونکە لە حکوومەتی ئینقلابیدا هەموو بڕیارەکان ناتوانی یەکدابەدوو بە راپرسی چارەسەر بکرێن. لەو بەستێنەدا، ئەو باسی دێموکراسیی عەدەدی و دێموکراسیی دەنگەکان دەکا.
شەریعەتی بڕوای وایە دێموکراسیی دەنگەکان دروستە نەک عەدەدەکان(رأسها). بۆ ئەوەی ئێمە بە دێموکراسیی دەنگەکان بگەین، دەبێ لە دێموکراسیی عەدەدی تێپەڕین. لەو فازەدا، موشکیلاتێکی زۆر و گیروگرفتەکان، رێگری و بەربەستەکان دێنە پێش، چ لە بواری بیر و هزری و چ لە بواری کرداریدا.
لە شۆڕشی ئێرانیشدا، ئێمە ماوەیەک دەوڵەتی کاتی ئینقلابیمان هەبوو. ئەویش بۆ دەروانێکی گواستنەوە بوو. ئەوە پێوهندی بە روحانیەت و ویلایەتی فەقیههوه نەبوو. شەریعەتی بەدواداچووی حکوومەتێکی مەزهەبی نەبوو.
– سەرچاوەی پێشوو-
شەریعەتی یەکێک لە بیرمەندانی موسڵمان بووە و لە هەمان کاتدا، روانگەیەکی رەخنەگرانەی سەبارەت بە بەشێک لە باوەڕە مەزهەبییەکان هەبوو. بەتایبەتی شیعەی سەفەوی بە ماکەی “شۆردنەوەی مێشکەکان” و بە تێکەلاو لە کۆیلەیی، خورافە، لاسەیی کەرەوە و زۆرەملی دەزانی.
– پدرام، مسعود، قدر شریعتی، ماهنامەی ایران فردا، شمارە ٤٣ (تیر ١٣٧٦) صفحەی ٢٣-
بە پێی قسەکانی د. عەبدولکەریمی سروش: د. شەریعەتی بەرەبەرە مێژووییتر دەبێ. بەو مانایە کە بەرهەمەکانی پتر برەویان دەبێ و ئەوکات باشتر دەناسرێ. ئەو دەڵێ: رووداوەکان لە ژێر تیشکی مێژوویی دەبێ ببیندرێن، کە تێپەڕینی کات ئەوان وەقسە دێنێ و هەناویان ئاشکراتر دەکا. ئەو سەربردەیە لە پێوەندی لەگەڵ شۆڕشی ئیسلامیشدا وایە.
سروش وێنەی ویلایەتیی فەقیه دێنێتەوە کە لە سەرەتای شۆڕش کوتویەتی: ویلایەتی فەقیه شتێکی سەربەمۆرە کە تێپەڕنی کات نێوەرۆکەکەی ئاشکرا دەکا و بێشک لە نێوەوە وەدیار دەکەوێ، وەک ئەوەی ئێستا کە روویداوە و پتریش دەبێ.
سروش پێی وایە: شەریعەتی “هاواری بەرزی ئێرانییەکانە لە ماوەی بوونیاندا” و هەڵوێستی گشتیی گرووپەکان و چینەکانی کۆمەڵگە لە بارەی شەریعەتییدا، چ لە کاتی ژیانی دا و چ لە کاتی خەباتی و چ دوای وەفاتی، ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هاتوە. تەنیا هەڵوێستی رووحانییەکان لە بارەی شەریعەتیدا خوێندنەوەیەکی نەگۆڕیان هەبوە، کە شەریعەتی ولانراو و ناپەسندە و قسەکانی دژی دینەو ئەو نە خزمەت بەڵکوو خەیانەتی کردوە.
– د. عبدالکریم سروش، بحران هویت همیشە در جوانی وجود دارد. سایت تالار گفتمان شریعتی-
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه