چیت له‌سه‌ر بنووسم و چۆنت مانا که‌مه‌وه ئه‌ی ئه‌و که‌سه‌ی تاریفی بوێریت گۆڕی و روحێکی تازه‌ت وه‌به‌ر نا. باسی چیت ده‌گه‌ڵ بێنمه گۆڕێ که خۆت له‌نێو ده‌ریای باساندا شه‌پۆل ده‌ده‌ی و تاوێک هه‌دا ناده‌ی. له کام فه‌رهه‌نگی کوردی‌دا بۆ دۆزینه‌وه‌ی وشه‌ی نایاب بگه‌ڕێم هه‌تا بتوانم تۆزقاڵیک خۆمت لێ نزیک که‌مه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له قووڵیی مانای ژیانت حاڵی بم. به کام که‌ره‌سه‌ی ئه‌مڕۆیی و به پێوانه‌ی کام ده‌زگای پزیشکی و ئه‌ندازیاری تانوپۆی مێشک و له‌ش و هه‌ناسه‌ت ئه‌ندازه بگرم که سه‌رم له ئه‌سڕاڕی ده‌رناچێ. تۆ وه‌ک که‌س ناچی و که‌سیش وه‌ک تۆ ناچێ. تۆ خودا نی، تۆ پێشمه‌رگه‌ی!
ئه‌و که‌سه‌ی یه‌که‌م جار ناوی پێشمه‌رگه‌ی دیته‌وه و خستیه سه‌ر زار و زمانان، ره‌مزی چوونه نێو دنیایه‌کی تازه‌ی بۆ به‌رده‌وامیی خه‌باتی ئازادیخوازانه‌ی کورد که‌شف کرد. من شکم له‌وه‌دا هه‌یه که خه‌باتکاری کورد به هیچ ناوێکی دیکه جگه له پێشمه‌رگه بتوانێ به‌رده‌وام ئه‌و رێگا سه‌خته ببڕێ. خه‌بات بۆ ئازادیی کورد پێویسته به ناو و هێمای کوردانه به‌ڕێوه بچێ و هه‌یبه‌ت و توانای پێشمه‌رگه‌ش راست له‌و جهههته دایه. به بیستنی ناوی پێشمه‌رگه پڕۆسه‌ی مێژوویی خه‌باتی کورد وه‌بیر ده‌خرێته‌وه که ئه‌وه‌ش خۆی هانده‌ری به‌رده‌وام بوونیه‌تی. ناکرێ باوه‌ڕت به خه‌بات بۆ ئازادیی نه‌ته‌وی کورد هه‌بێ به‌ڵام پێشمه‌رگه وه‌لا بنێی. ئه‌وه غه‌درێکی گه‌وره‌یه.
*********
“جه‌وانی به‌سته‌نی خۆری شاری” (ناوێک که دوای هاتنه ده‌ری له شار وه‌دوایان خست) که له به‌رچاوی پێشمه‌رگه‌ی دوژمنبهزێن ده‌بوایه له سێبه‌ری خۆشی سڵهمیبایهوه، هات و ده‌گژ دوژمنێک رۆچوو که ئینسانخۆر و ماڵوێرانکه‌ر بوو. ئه‌و بڕیاری دا ببێته نموونه‌ی ئازایه‌تی و فیداکاری و وه‌فاداری. ببێته نوێنگه‌ی پێشمه‌رگه‌ی نێو سه‌نگه‌ر، پشتی مه‌رگ بشکێنێ و چۆک به به‌زیندا بدا. حەمەڕەسووڵ کەریمی ئەو ناوە ئاشنایەیە کە ناوی پێشمەرگە پڕ بە بەریەتی.
ده‌ورانی خڕۆشانی خه‌لکی ئێران به‌دژی دیکتاتۆریی بنه‌ماڵه‌ی په‌هله‌وی، کاک حه‌مه‌ره‌سووڵ مێرمنداڵیکی ١٢،١٣ ساڵه بووه و هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر نه‌خشێکی وای له‌ڕاپه‌ڕیندا نه‌بووبێ سه‌رکۆنه ناکرێ. به‌و حاڵه‌ش وه‌ک زۆربه‌ی منداڵانی شاره‌کانی کوردستان بێ ئه‌وه‌ی بزانێ چ خه‌به‌ره وه‌دوای گه‌وران که‌وتوه و هاواری “بمرێ” و “بژی” به‌رز کردۆته‌وه. دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش و تێکۆشانی ئاشکرای لایه‌نه سیاسییه‌کان، حه‌مه‌ره‌سووڵی مێرمنداڵ به‌ره‌به‌ره چاو و گوێی زیاتر کراوه‌ته‌وه و به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌وه که چاونه‌ترس و بزۆز بووه خۆی له ریزی تێکۆشه‌رانی نێو شاردا دیوه‌ته‌وه. هاتوچۆی رێکخراوی لاوان و دیتنی پێشمه‌رگه و قسه‌کردنی سیاسیکاران له سه‌رده‌شت و هه‌روه‌ها ته‌بعی سه‌رکێشی ئه‌و لاوه قه‌ت نهسرهوتهیه ورده‌ورده هانیان دا خۆی له مه‌یدانی تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی سه‌خت و دژوار بدا و به هه‌ڵگرتنی چه‌کی پێشمه‌رگایه‌تی راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی دوژمن بێته‌وه. زستانی ساڵی ١٣٦٣ی هه‌تاوی ئه‌وکات که ته‌مه‌نی ١٧ ساڵان بووه، روو به‌ده‌ر پشتی له شار و خۆشییه‌کانی کردوه و سه‌ره‌نجام به له‌شکری خه‌باتکارانی رێی ئازادی په‌یوه‌ست بووه.
ده‌ستپێکردنی خه‌باتی چه‌کداری هه‌ر چه‌ند سه‌ره‌تای کار نه‌بوو، به‌ڵام خاڵی هه‌ره گرینگی ژیانی حه‌مه‌ره‌سووڵ بوو. بۆخۆی له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: “ئه‌و که‌سانه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیان کردوه ده‌زانن که سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی پێشمه‌رگایه‌تی و له ته‌مه‌نێکی که‌مدا چه‌نده دژوار و سه‌خته، به‌ڵام بۆ که‌سێک که بیری ئازادیی گه‌له‌که‌ی له مێشک‌دا بێ و بیهه‌وێ بۆ گه‌ل بژی، ده‌بێ هه‌موو سه‌ختییه‌کانی رێگای تێکۆشان به گیان و دڵ قه‌بووڵ بکا. هه‌ر بۆیه له یه‌که‌م رۆژه‌وه بریارم دا که له به‌رامبه‌ر دوژمن‌دا چۆک دانه‌ده‌م و له ئاست هیچ که‌ندوکۆسپێک و مه‌ترسییه‌کانی سه‌ر رێگای خه‌بات سڵ نه‌که‌مه‌وه و ببمه درێژه‌ده‌ری رێگای شه‌هیدانی کوردستان”. هه‌رواش بوو، سه‌نگه‌رێک حه‌مه‌ره‌سووڵی تێدا بایه محاڵ بوو بۆ دوژمن چۆڵ بکرێ. په‌ل و لک و هێزێک حه‌مه‌ره‌سووڵ کاری تێدا کردبایه تێکشکان و دڵساردی نه‌ده‌ناسی. ناوچه‌یه‌ک حه‌مه‌ره‌سووڵ خه‌باتی تێدا کردبایه ده‌بووه مه‌یدانی راوڕاوێنی به‌کرێگیراوانی دوژمن.
حه‌مه‌ڕه‌سووڵ له گێڕانه‌وه‌ی ژیانی شۆڕشگێرانه‌ی خۆی و هاوسهنگهرانیدا به جۆرێک خالیسانه و خزمه‌تکارانه ده‌دوێ که ئینسان حه‌ز له پێشمه‌رگایه‌تی بکا و بۆ به‌شداری له‌و هه‌ڵمه‌ته نهتهوهیییه خۆی وه‌پێش بخا. ئه‌و نه‌ک هه‌ر به‌منه‌ته‌وه باسی ئازار و برینه سارێژنهبووهکانی خۆی ناکا، به‌ڵکوو پێی وایه زۆر کار ماوه که ده‌بوو بیکا و بۆی نه‌کراوه. سه‌یری گێڕانه‌وه‌ی بریندار بوونی بکه‌ن که هه‌روا بزانه دڕوویه‌کی ده ده‌ستی رۆچووه: “له ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیدا سێ جار بریندار بووم. زامه‌کان له‌سه‌ر جه‌سته‌م کاریگه‌ریی ته‌واویان هه‌بووه، به‌ڵام هیچکات وره‌م به‌ر نه‌داوه و دوای سارێژ بوونه‌وه‌ی زامه‌کانم ده‌ستم به خه‌بات و خزمه‌ت کردن به گه‌له‌که‌م کردۆته‌وه. جارێک دوو په‌نجه‌ی ده‌ستی راستم له‌شه‌ر له‌گه‌ڵ دژی گه‌لییه‌کاندا له ده‌ست داوه و له گرتنی پایه‌گای نیسکاوێدا رانی لاقی راستم بە گولله‌ی دوژمن پێکراوه و دوایین جار له ساڵی ١٣٧٣ له کاتی به‌رێوه بردنی ئه‌رکی حیزبی‌دا به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مین به داخه‌وه 33 سانتیمیتر له لاقی چه‌پم له ده‌ست داوه و به‌م شێوه‌یه منیش بوومه که‌مئه‌ندام”.
که گوتم حه‌مه‌ره‌سووڵ که‌ریمی شاکلیلی کردنه‌وه‌ی ده‌رگا داخراوهکانە درۆم نەکردوە. ناوبراو که وه‌رزیشکار بووه له باری هێزی به‌ده‌نی و چالاکی نواندندا سه‌رتۆپ بوو. حه‌مه‌ڕه‌سووڵ چونکه ده‌نگخۆشه وه‌ک گوڵی نێو مه‌جلیسی پێشمه‌رگان سه‌یری ده‌کرا و له‌و رێگایه‌وه قه‌ت نه‌یده‌هێشت پێشمه‌رگه تووشی خه‌م و په‌ژاره بێ. ئه‌و وێڕای کاری نیزامی و فه‌رمانده‌ریی پێشمه‌رگه، هاوکات چه‌ند کاری دیکه‌شی ده‌کردن. کاری فیلم هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی عه‌مه‌لیاتی هێز له ئه‌ستۆی ئه‌و بوو. ته‌نزیم و ناردنی باس و خه‌به‌ری پێشمه‌رگه و خه‌ڵک بۆ رادیۆ هه‌ر له ئه‌ستۆی ئه‌و بوو. ناوبراو ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌یه‌کی ئازا و به‌جه‌رگ و فه‌رمانده‌رێکی لێزان و به‌به‌رنامه بوو، کادرێکی سیاسی و وشیار و شاره‌زاش بوو. یانی بۆ هه‌ردوو به‌شی سیاسی و نیزامی ده‌کرا که‌ڵکی لێ وه‌ربگیرێ که لێشی وه‌رده‌گیرا. حه‌مه‌ره‌سووڵ هاوکات مامۆستای ده‌رسی کوردیش بوو که له‌و باره‌وه خزمه‌تێکی به‌رچاوی به پێشمه‌رگه‌ی نه‌خوێنده‌وار کردوه. ئه‌و هه‌م شۆفیری چاک بوو که لە کاری تهداڕوکاتی و هێنان و بردنی خه‌ڵکدا به‌دایم که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گیرا و هه‌م ئه‌گه‌ر کار که‌وتبا سه‌ر کوێره ڕێ و وڵاخ بار کردن، ده‌تگوت منداڵی ئه‌و به‌زم و رهزمهیه. حه‌مه‌ڕه‌سووڵ هه‌روه‌ها چاوساغی تیمه ته‌شکیلاتی و نه‌هێنییه‌کانی نێوشاری سه‌رده‌شت بوو. تێکۆشه‌ر حه‌مه‌ره‌سووڵ دوای لاق په‌ڕینی و په‌ره‌وازه‌ی هه‌نده‌ران بوونیشی هه‌ر وه‌ک شاکلیل بۆ خزمه‌ت به ئامانجه‌کانی گه‌ل ئاماده‌ی خزمه‌ت بووه و ئێستاش هه‌یه. ئه‌و لاوه خوێنگه‌رم و ماندوویینهناسه له دووره‌وڵاتیش په‌کی خۆی نه‌خست و به کاری به‌رده‌وام و خۆ فێر کردن توانی ئه‌و جێیه بگرێ که شیاویه‌تی. حه‌مه‌ڕه‌سووڵ که‌ریمی له کاری نیزامی‌دا پله‌کانی جێگریی لک، فه‌رمانده‌ریی لک و جێگری فه‌رمانده‌ریی هێزی بڕیوه و له کاری ته‌شکیلاتیشدا کادری ناوچه‌کانی مه‌یدان چۆغه و کاڵهشینی ره‌به‌ت و هه‌روه‌ها تیمی ته‌شکیلاتیی نێو شاری سه‌رده‌شتی پێ ئه‌سپێردراوه.
که ده‌ڵێن شاخ و پێشمه‌رگه هاوده‌م و پاڵپشتی یه‌کترن راسته. پێم خۆشه له زمان خۆیه‌وه یانی کاک حه‌مه‌ڕه‌سووڵ ناوی ئه‌و چیا و ره‌وه‌ز و به‌رزایی و ههڵهمووتانه بێنم که ئه‌و تێکۆشه‌ره له ماوه‌ی پێشمه‌رگایه‌تیدا لێیان ماوه‌ته‌وه و سه‌نگه‌ری تێدا گرتوون: “… چیا سه‌رکه‌شه‌کانی وه‌ک قه‌ندیل، مۆڵی چووک و گه‌وره، هه‌ڵگورد، سه‌قه‌ر، سامڕهندان و سپیرێز، گمۆ، سوورکێو، مه‌یدانان، که‌لیخان و سه‌رتوون، ته‌ره‌غه، مناڵه، کوێستانه‌کانی شهشڕێیان، نێرخاسان(مێرخاسان)، قوتکی کاکه‌ڕه‌ش، برایمجهڵاڵ، خاڵه‌باد، فێره‌گ، سپیڕێز، پانهسهرو دووسه‌ر، پیرهسهنان و سه‌رشاخان، هێلانه هه‌ڵۆ، چه‌کوچ و سادر، جاسوسان، جه‌نگی، مامه‌نده، بوڵفه‌ت و دووپه‌زه، کێلێ، پیره‌فات، زه‌رکه، هۆمل و سیتی، گاکڕ، که‌پری و مهیدانچۆغه، ته‌رخان و زۆر بهرزاییتری دیکه که ناکرێ ناوی هه‌مووان ئێستا بنووسی، جێ مه‌نزڵگه و شوینی ژیانی ئێمه بووه. له هه‌ر هه‌موو ئه‌و شوێنانه به‌ده‌یان بیره‌وه‌ری تاڵ و شیرین هه‌ن و رووداو و کاره‌ساتی جۆراوجۆرمان له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رانمان به‌سه‌ر هاتوون که بێ‌شک هه‌ر یه‌ک له‌و شوێنانه‌ی ئاماژه‌م پێکردوون له ئاست وره‌ی به‌رزی پێشمه‌رگه‌دا خۆیان پێبه‌رز نه‌بووه …”. تێکۆشه‌ر که‌ریمی له به‌سه‌رهاته پڕ له خۆڕاگرییه‌که‌یدا باسی ده‌یان خه‌باتگێڕی دیکه ده‌کا که شانازیی ناسینیانی هه‌بووه و له درێژه‌ی ژیانی شۆڕشگێڕانهیدا بووه‌ته هاوڕێ و هاودڵیان. ئه‌و هه‌روه‌ها به خه‌فه‌ته‌وه له‌و شه‌هیدانه ده‌دوێ که زه‌مانێک هاوسه‌نگه‌ری بوون و له درێژه‌ێ رێگادا لێی ون بوون. هه‌مووی ئه‌وانه و ئه‌و ئازار و جهزرهبانهی بنه‌ماڵه به‌رێزه‌که‌ی له‌سه‌ر ئه‌و له پێناو کوردایه‌تیدا به‌نسیبیان بووه به‌شێکن له باسی مێژووی زیندووی ئه‌و خه‌باتکاره‌ی مه‌یدانی ئازادی ئه‌گه‌ر رۆژێک بتوانین بڵاوی بکه‌ینه‌وه.
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه