دیاریکردنی سنووری ئەوەیکە چ شتێک سیاسییە و چ شتێک سیاسی نیە، زەحمەتە. ئەو پێشداوەرییەی کە لەسەر سیاسەت هەیە بۆته بەربەستێک لە بەردەم تێگەیشتن لە سیاسەت. خۆی وشەی سیاسەت وشەیەکی ئاڵۆز نیە و لە زمانی ئاسایی رۆژانەدا بەکار دەهێنرێ و زیاتر پەیوەندی دەدرێ بە دەوڵەت، حیزب، هەڵبژاردن، پاڕلمان و هتد. مێژووی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ زمانی یۆنانی کۆن کە بە مانای کاروباری “دەوڵەتشار” دێ. لەگەڵ ئەوەشدا کە وشەیەکی ئاڵۆز نیە، بەڵام لە زمانی کوردی و هەندێک زمانی دیکەدا چەندین بەکارهێنانی جیاوازی هەیە بەپێچەوانەی زمانی ئینگلیزی کە “سیاسەت” بە سێ تێرمی جیاواز پێناسە دەکا، وەک Polity, politics, policies. لە زمانی کوردیدا بۆ هەر سێ لەو تێرمانە وشەی “سیاسەت” بەکار دەهێنرێ. بە گشتی وشەی سیاسەت لە زماندا بە سەر دوو روانگەی ئەرێنی و نەرێنیدا دابەش بووە کە هەردوویان زۆر جار تێکەڵ بە یەکتر دەکرێن و نازانرێ مەبەست لە کامیانە. یەکێکیان ئەوەیکە، سیاسەت وەک هونەری دروستکردنی پەیوەندیی نێوان خەڵکە جیاوازەکان و هەروەها بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگه دەبینرێ. دووهەمیشیان کە زیاتر پەیوەندیی بە دەسەڵات و بەرژەوەندیی تاکەکانەوە هەیە دەیانهەوێ بە جۆرێک لە رێگای سیاسەتەوە بە ئامانجە کەسییەکانیان بگەن. بۆ چی دوو کردەی جیاواز بە یەک وشە پێناسە دەکرێن؟ بۆ ئەوەی وڵامی ئەو پرسیارەمان دەست بکەوێ دەبێ پێناسە جیاوازەکانی “سیاسەت” هەڵسەنگێنن و بزانین لە کوێدا پێک دەگەن؟
یەکەم: سیاسەت وەکوو چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان(polity)، واتە تەواوی ئەو رێسایانەی کە پێداگرن لەسەر راگرتنی رێکخستنە کۆمەڵایەتییەکان بە ئیجبار خستنە سەر تاکەکەکان بۆ ئەوەی رەچای هەندێک رەفتار بکەن. بە گوتەی “ماکس وێبێر” سیاسەت دەبێتە هۆی ئەوەیکە مرۆڤەکان پێکەوە بژین و کێشەکانیان چارەسەر بکەن و بەشێک لە بەرژەوەندییەکانیان بکەنە قوربانی پێکەوەژیان لە کۆمەڵگهدا. سیاسەت دەبێتە هۆی ئەوەیکە مرۆڤەکان بە کۆمەڵێک بەرژەوەندیی جیاوازەوە لەگەڵ یەکتر هەڵ بکەن. هەر وەک “ژان لێکا” دەڵێ : “بوونی کێشەکان و نەبوونی تێکەڵیی کۆمەڵایەتی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا بۆته هۆی ئەوەیکە سیاسەت بەرهەم بێ”. لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا کێشەکان هەتاهەتایین و مۆدێلێکی چارەسەری بە پەلەش بوونی نییە، سیاسەت کێشەکان سازماندەهی دەکا و بە ئاراستەی چارەسەرییاندا دەبا، ئەوەش لە رێگای سیستەمێکی یاسا و رێسا و نۆرمەکان و بە جێبەجێکردنی کۆمەڵێک ئیجبار لەسەر تاکەکان، کە دیاری دەکا چ شتێک ئیمکانی ئەنجامدانی هەیە و چ شتێک نیەتی. ئیجبارە یاساییەکان بەشێکی گرینگی سیاسەت پێک دێنن. هەر بۆیە سیاسەت دوو تایبەتمەندی هەیە: یەکێکیان سیاسەت وەک فۆڕمێکی ئاشتیخوازانە دەردەخا کە دەبێتە هۆی ئەوەیکە گرووپە جیاوازەکان خۆیان بە جۆرێک سازمان بدەن کە پێکەوە بژین. دووهەمیان سیاسەت وەک فۆڕمێکی ئیجبار خستنە سەر تاکەکان دەردەخا هاوکات لەگەڵ ئیمکانی سزادانیان. بە گوتەی “ئەریستۆ” مرۆڤ “ئاژەڵێکی کۆمەڵایەتی/سیاسییە” و تایبەتمەندیی مرۆڤ بە تەواوی گرێدراوی سیاسەتە. رەگەزی مرۆڤ بە شێوەیەکی زاتی کۆمەڵایەتییە، هەر بۆیەش دەبێ سیاسەت خوێندنەوەی بۆ بکا نەک بایۆلۆژی.
دووهەم: سیاسەت وەکوو هەوڵدان بۆ پیادەکردنی دەسەڵات(politics): واتە تەواوی ئەو چالاکییە تایبەتییانەی نێوخۆی وڵاتێک کە لە لایەن ئەکتەرەکانییەوە ئەنجام دەدرێ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان پاراستنی دەسەڵات، یان کاریگەریی خستنە سەر حکوومەت و کۆمەڵگه بە ئاراستەیەکی دیاریکراودا. لێرەدا سیاسەت بۆ هەندێک کەس و هەندێک شوێن رێزێرڤ کراوە و جیاوازی لە نێوان دوو چینی کۆمەڵگهدا هەیە، چینێک کە دەسەڵات بەڕێوە دەبا و چینێکیش کە لەژێر دەسەڵات دایە. هەر وەک “پۆل ڤالێری” دەڵێ : “سیاسەت وەکوو هونەری رێگەگرتنە لە خەڵک بۆ ئەوەی خۆیان تێکەڵ بە کەسانی سەر دەسەڵات نەکەن”. سیاسەت لێرەدا وەکوو کاسبی کردن وایە کە جۆرەها ستراتێژی و تاکتیک بۆ گەیشتن و مانەوەی دەسەڵات کەڵکی لێ وەدەگیرێ. لێرەدا دەسەڵات تەنیا لە حکوومەتدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ئەکتەری کۆمەڵایەتیی دیکە و هەروەها تەیارکردنی کۆمەڵگهش بۆ شەرعییەتدان بەو کەسانە پێویستن کە دەسەڵات پیادە دەکەن. بە گوتەی “پیێر بۆردیۆ”: “سیاسەت هەوڵدانێکە بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لەسەر بنەماکانی روانین و دابەشکردنی کۆمەڵایەتی”.
سێهەم: سیاسەت وەکوو پرۆگرامەکانی کردەیەکی گشتی(policies): واتە سیاسەتە گشتییەکان کە وەکوو کۆی ئەو بڕیار و پڕۆگرامانە دەردەکەوێ کە ئەکتەرەکان و دامەزراوەکان بۆ کردەوەیەک یان کارێکی گشتی دەیگرنە بەر، بۆ نموونە: سیاسەتی بودجە، سیاسەتی نەوت، سیاسەتی ئابووری و هتد. لێرەدا تێرمی سیاسەت کردەیەکی کۆنکرێتی دەسەڵاتی گشتییە کە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا پێڕەوی لێدەکا. تەواوی ئەو مێکانیزم و رێکار و ئامانجانەی کردەوەیەکی گشتییە کە بڕیاری لەسەر دراوە و لە لایەن حکوومەتەوە بەڕێوە دەبرێ بۆ ئەوەی کاریگەرییان بە سەر کۆمەڵگهدا هەبێ. سیاسەتە گشتییەکان شێوازێکن بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران بە شێوەیەکی عەقڵانی رووبەڕووی کێشەیەک ببنەوەوە کە پێوەندی بە کۆی کۆمەڵگهوە هەیە.
پرسیار دێتە پێش، ئەویش ئەوەیە کە چ شتێک سیاسییە و چ شتێک سیاسی نیە؟
لە راستیدا هیچ شتێک لە سروشتی خۆیدا سیاسی نییە بەڵام دەتوانێ ببێ بە سیاسی، سنوورەکانی جیاکردنەوەی ئەوەیکە چ شتێک سیاسییە و چ شتێک سیاسی نییە گشتگیر نین، بۆ نموونە کۆچکردنی خەڵک و کێشەی کۆچبەران لە سەدەکانی پێشوودا شتێکی سیاسی نەبووە و دواتر دیاردەکە بووە بە کێشەیەکی سیاسی. بەشێک لە بابەتەکان بە پێی کات دەبن بە سیاسی و بەشەکەی دیکەش لە رێگەی پرۆسەی بە سیاسیکردنەوە دەبن بە سیاسی، کە ئەوەش زیاتر لە رێگای دامودەزگای دەوڵەتەوە ئەنجام دەدرێ. پرۆسەی بە سیاسیکردن یان “politisation” پێک دێ لە تەواوی ئەو زنجیرە چالاکی و بژاردە و رەفتارانەی کە کاریگەریی سیاسی بەرهەم دێنن. تەواوی ئەو پرسیار و کردەوە و دیاردانە کاتێک دەبن بە سیاسی کە دەبن بە بابەتی گشتی و ئەجێندای حکوومەتی. کاتێک کێشەیەک یان گوتارێک لە لایەن ئەکتەرە سیاسییەکانەوە یان دەسەڵاتی گشتییەوە رەهەندێکی سیاسی پێ دەدرێ. هەروەک “ژاک لاگروا” ناوی لێ دەنێ: “بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتیی سیاسەت”. باس کردنی تێروتەسەل لەسەر پرۆسەی بە سیاسیکردن لەوە زیاترهەڵدەگرێ کە لێرەدا باسی بکەین بەڵام بە گشتی پرۆسەیەکی بە کۆمەڵایەتیکردنە کە لەودا تاکێک یان رێکخراوێکی ناسیاسی راکێشی نێو سیاسەت دەکرێ و حەزی سیاسی تێدا دروست دەکرێ و کێشەیەکی سیاسی بۆ دەکرێ بە بابەتێکی پێوەندیدار بە ژیانی رۆژانەی.
لە ژماره ٦٩٠ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه