لە نێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە
زۆر ڵە ڕێی ئێوە جەفای کێشاوە
…
ئەی هەژار بەسیەتی مردن هەستە
موژدە بێ مەوتەنەکەت سەربەستە
“لە نووسراوەی سەر گڵکۆی مامۆستا هەژار”
کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک
من کە شینگێڕی شەهیدانم، لە کوێ شینم دەوێ
“نووسراوەی سەر گۆڕی مامۆستا هێمن”
(ئەو وشانە لە سەر لەوحەی دڵی کوردان نووسراونەوە، تکایە لەخۆڕا هەوڵ مەدەن بیانسڕنەوە)
ئەو کاتەی مامۆستا هەژاری نەمر، زۆر پێش ئەوەی کۆچی یەکجاری بکا، ئەو شێعرەی داناوە، بە ڕوونی مەبەستی ئەوە بووە کە ئەو وشە جوانانە کە داستانی خەبات و ژیانی پڕ کوێرەوەریی ئەو لە ڕیی ئازادیی نەتەوە و نیشتمانەکەی دا دەگێڕنەوە و هەر لەو حاڵەش دا پەیامی خۆشەویستیی نیشتمان و ئەوین بە ئازادی و سەربەستی بە گوێی لاو و پیری ئەم نەتەوەیە دا دەخوێنن، لە سەر کێلی گڵکۆکەی بنووسرێنەوە، تا ڕێبواران و ئەو کەسانەی زیارەتی گڵکۆکەی دەکەن، هەم بزانن کە ئەوە گڵکۆی هەمان هەژاری دڵسووتاوە کە ئێستاش ئامۆژگارییان دەکا نیشتمانەکەیان خۆش بوێ، لە ڕێی ڕزگارکردنی دا خەبات بکەن و کاتێکیش ئازاد بوون، هەواڵی ڕزگاریی نەتەوەکەی بۆ بێنن. بێگومان هەر بە پێی وەسیەتی خۆی و لە ژێر ڕووناکایی ئەو لێکدانەوەیە دا بووە کە ئەو شێعرانە لە سەر گڵکۆکەی نووسراونەوە.
هەروەها ئەو چەند شێعرە کە لە سەر کێلی مامۆستا هێمن نووسراونەوە، شیوەن و داخ و کوڵی دڵی وی سەبارەت بە ژێردەستیی گەلە بێبەشەکەی کە “هەشە” و “حاشاشی لێدەکرێ”، نیشان دەدەن و ئەو پەیامەش دەگەیەنێ کە من شاعیرێکم، مرۆڤێکم، شینم بۆ شەهیدان گێڕاوە، بەڵام پەیامهێنەری شادیم. پێمخۆشە کیژان و کوڕانی نەتەوەکەم لە سەر گڵکۆی من لە جیاتیی شێنگێران، شایی بگێڕن.
نووسراوە، وێنە و رازاندنەوەی کێلی گڵکۆی هونەرمەندان، نووسەران، شاعیران و ئەدیبانی دیکەی وەک نەمران، مامۆستا مەلا غەفووری حافز، ماملێی هونەرمەند، محەممەدی قازی و هەمووی ئەوانی دیکەش کە لەو گۆڕستانە دا نێژراون، بۆ خەڵکی ئێمە مانای تایبەتییان هەیە، لە ڕاستی دا ئەو کەسایەتییانە و سەرمایەی هونەری و ئەدەبیی وان ئی هەموو نەتەوەی کوردە و پێش بنەماڵەکانیان، خەڵکەکەمان و مێژووی نەتەوەکەمان بەشیان پێوەن و شانازییان پێوە دەکەن. کە وا بوو ئەو شوێنە تایبەتە و ئەو ئاسەوارانە شتێکی ئاسایی نین، کە بکرێ لاببرێن، تێکبدرێن، یان بە بێ پرسی خەڵک و بنەماڵەکانیان و بەبێ وردبوونەوەیەکی تەواو ئاڵوگۆڕیان بە سەر دا بهێنرێ. ئەو شوێنە گۆڕستانێکی ئاسایی نیە، کە بۆنی مەرگی لێبێ، بەڵکوو زیارەتکردنی ئەو گڵکۆیانە و خوێندنەوە و هەستکردن بە مانای نووسراوەکان، وەک شنەی بەربەیانیی سەر هومام و لەندی شێخان، دڵی مرۆڤی کورد ڕوون و فینک دەکاتەوە.
ئەمن چەند ڕۆژێکە کەم و زۆر ئاگام لە ڕەخنەی خەڵک، دڵسۆزان و ئەدیبان سەبارەت بەو مەسەلەیە هەیە، بەڵام ئەمڕۆ کاتێک وێنە تازەکانم دیتن و لە گەڵ وێنە کۆنەکان لەبەر یەکم دانان، ئەو جار چەند و چۆنی مەسەلەکە و هەڵەی بەڕێوەبەرانی ئەو پڕۆژەیەم باشتر بۆ ڕوون بۆوە.
دیارە ئاڵوگۆڕ پێکهێنان بە مەبەستی جوانتر کردن و ڕازاندنەوەی زیاتری دەوروبەر و شوێنی گشتیی گڵکۆکان، نەک هەر خراپ نیە، بەڵکوو لەوانەیە لەگەڵ تێپەڕینی ساڵەکان پێویستیش بێ و دڵسۆزان و خەڵکیش ئەوە دەزانن، بەڵام لابردنی کێل و نووسراوەکان و دەسکاریی گڵکۆکان بەو شیوەیە، هەڵەیەکی ئاشکرایە.
ئێستا کە ــ وەک سەعاتێک پێشتر ئاگادار بووم ـ قەرارە چاو بەسەر پڕۆژەکە دا بخشێندرێتەوە، هیوادارم بەڕیوەبەران هەڵەکە ڕاست کەنەوە و نووسراوە، کێل و گڵکۆکان ڕاست وەک خۆیان لێبکەنەوە.