دوای سالانێکی زۆر دووریی خەڵک و پێشمەرگە، حیزبی دێموکراتی کوردستان و تێکۆشەرانی ئەم حیزبە، قۆناغێکی نوێ لە تێکەڵاویی خەڵک و پێشمەرگەیان هێنایە کایەوە. ئامادەبوونی پەیتاپەیتای تیمەکانی هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە قووڵایی ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵات و وەدەستهاتنی پێشمەرگەکان لە کاتی رووبەڕوو بوون لەگەڵ کەمین و هێرشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، کە هێندێک جار شەهیدبوونی پێشمەرگە و کوژرانی چەکدارەکانی ئەو رێژیمەیان لێ دەکەوتەوە، جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان پتر دەخستە بەر سەرنجی میدیاکان و ناوەندە سیاسییەکان. لە ژێر کاریگەریی ئەم رچەشکێنیەی حیزبی دێموکراتی کوردستان دابووبێ یا هەر فاکتەرێکی دیکە، ئەمساڵ لایەکەی دیکەی دێموکراتیش، وەرزێکی نوێ لە چالاکیی پێشمەرگەکانی لە نێوخۆی رۆژهەڵات دا، وەڕێ خست.
بایەخدانی میدیاکان بە گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی دێموکرات بۆ نێو خەڵک و چەند تێکهەڵچوونێکی خوێناویی نێوان پێشمەرگەکان و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی، هەم ئاستی هەستیاریی کۆماری ئیسلامی بەرامبەر جموجۆڵی پێشمەرگەکانی دێموکراتی بردە سەر، هەم لە ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانی ئێران و کوردستاندا، هێندێک باس و پرسیاری زیاتر لە پێشوو ورووژاند. کۆماری ئیسلامی لەسەر زمانی فەرماندەرانی سوپای پاسدارانەوە کەوتە هەڕەشە کردن و بەشێک لەم هەڕەشانەشی بە هۆی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان، خستە واری جێبەجێکردنەوە. ناوەند و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانیش، سەرنجی خۆیان خستە سەر چەند پرسێکی وەک: کاریگەریی ئەو شێوە خەباتە لەسەر هەلومەرجی سیاسی و ئەمنیەتیی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەگەری دەستهەبوونی دەوڵەتانی ناوچە و بەتایبەتی عەرەبستانی سەعوودی لە پشت ئەم جۆرە چالاکییانە، بڕشت و کارایی ئەم شێوە خەباتە لە سەردەمی ئێستادا و، داهاتووی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی لە درێژە و بەردەوامیی ئەو جۆرە چالاکیانە و هتد.
وەستان لەسەر هەموو ئەو باس و پرسیارانەی لە سۆنگەی چالاکبوونەوەی پێشمەرگەی دێموکرات لە نێوخۆی رۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێ کەوتوون، لەم کورتە نووسینەدا، دەست نادا. هەر بۆیە ئەم نووسینە تەنیا لە سەر رەهەندێکی باس و بابەتەکان دەوەستێ ئەویش، روانینی لایەنە جۆراوجۆرەکان لەو چالاکیانە لە دەلاقەی ئەمنییەتیەوەیە.
بە درێژایی مێژووی بزووتنەوە نەتەوەیی و ئازادیخوازییەکانی کوردستان، ئەو دەوڵەتانەی لەگەڵ کورد لە شەڕدا بوون، هیچ کات لە تاوانبارکردنی ئەو بزووتنەوانە بە بەستراوەیی بە دەوڵەتانی بێگانە، درێغیان نەکردوە. هیچ کات نەیان ویستوە پرسی کورد، وەک پرسێکی هەڵقووڵاو لە ویستی ئەو نەتەوەیە و سەرچاوە گرتوو لە بندەستی و بێمافییەکانی گەلی کورد، سەیر بکەن و بە میتۆدی سیاسی و بە ئیرادەی رێزلێگرتن و چارەسەری سیاسی، ڕووبەرووی ببنەوە. رێگایان نەداوە هێزە سیاسییەکانی ئەو نەتەوەیە، بە رێگای هێمنانە و بە شێوازی قانوونی بێنە پێشەوە. بە حاشا کردن لە بوونی نەتەوەی کورد و بە خۆبواردن لە بە رەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکان و بە گرتنەبەری رێگای سەرکوت، بە دەستی خۆیان هاندەر و پاڵپێوەنەری هێزی سیاسییەکانی کوردستان بوون بۆ چەک هەڵگرتن و بە شێوازی چەکدارانە بەرگری کردن لە خۆیان و نەتەوەکەیان. زۆر لە ناوەندە سیاسییەکان و کۆڕ و کۆمەڵە جۆراوجۆرەکانی دەرەوەی ئەو دەوڵەت و دەسەڵاتانەش، تەنیا لایەنی ئەمنیەتیی تێکۆشان و چالاکیی هێزی سیاسیی بەرهەڵستکار و ئۆپۆزیسییۆن دەبینن و لایەنەکانی دیکەی مەسەلەکە، لە ژێر کاریگەریی ئەم جۆرە روانینە، پشتگوێ دەخەن. بۆ وێنە لە خۆیان ناپرسن هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تێکۆشانی سیاسییان لە نێوخۆی ئێراندا لێ قەدەغە کراوە، یا خەڵکی ئەو بەشەی کوردستان کە بواری ئەوەیان پێ نادرێ نوێنەری راستەقینەی خۆیان بنێرنە مەجلیس و هەر لە جێدا مەجلیسی ئەو وڵاتە و دەستووری کۆماری ئیسلامی، جێگە و مەجالی باسکردن لە پرسی نەتەوەییان نیە، بە چ رێگایەک هەوڵی گەیشتن بە داوا و مافە رەواکانی خۆیان بدەن؟ تێکۆشەرێکی کوردی رۆژهەڵاتی کە ئەندامبوونی لە هەر حیزبێکی کوردیدا بەسە بۆ ئەوەی سزای قورس هەتا ئێعدامی بە سەردا جێبەجێ بکرێ، دەکرێ بۆ بەرگری لە خۆی چەکی پێ نەبێ و لە کاتی ڕووبەروو بوون لەگەڵ هێرش و دەستڕێژی هێزە چەکدارەکانی ئەو رێژیمە، بەرگریی لە خۆی نەکا؟ داخوا ئەو رێژیمە هیچ مەجالێکی دیکەی بۆ هێنانەگۆڕی داخوازەکانی خەڵک و خەباتی هێمنانە لە پێناویاندا هێشتووەتەوە کە پێویست نەکا کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبە بەرهەڵستکارەکان، چالاکی و تیکۆشانیان هەبێ؟
بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەتا ئێستاش، بیر و عەقڵیان لای تاقە یەک “رێگاچارە” دەخولێتەوە، ئەویش سەرکوت لە نێوخۆ، میلیتاریزەکردنی هەرچی پتری سنوورەکان و هەڕەشە لە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەلاتی لە نێو خاکی هەرێم دا. بەڵام هیچ کام لەوانە نوێ نین و هەمووشیان چەندین ساڵە تاقی دەکرێنەوە. ئەوە نیە خەڵک هەر کە هەلیان بۆ هەڵکەوتووە، لە هەڵڕشتنی رق و تووڕەیی خۆیان بەرامبەر دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ئەو رێژیمە، دەستیان نەپاراستوە؟! خۆ زۆربەی جارانیش چاوەڕوانی ئاماژە و هاندانی حیزبە سیاسییەکانیشیان نەماونەوە. ئەوە نیە سەرەڕای هەموو ئەو گوشار و هەڕەشانەی لە سەریانە، هەر کات جامی سەبریان لێوڕێژ دەبێ، هەڵدەکوتنە سەر بنکە و دامەزراوە دژی گەلییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران؟
ئەو رێگا و شێوازانەی هەتا ئێستا بۆ رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مێشکی نەخۆش و ناتەواوی بڕیاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا هاتوون و تاقی کراونەوە، ئەمنیەت و ئاسوودەییان بۆ ئەو رێژیمە لێ نەکەوتووەتەوە. ئەو ئارەزوویەیان کاتێک دێتە دی کە نەک لە دەرەوەی سنوورەکان، بەڵکوو لە هەناوی کۆمەڵگە و لە نێو خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، بە دوای چارەسەری راستەقینەدا بگەڕێن کە ئەویش ملدانە بۆ ویستی لەمێژینەی گەلی کورد کە بە رەسمی ناسینی مافە نەتەوەییەکانیانە.
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه