هه‌ر له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاری کۆماری ئیسلامییه‌وه تا به ئه‌مڕۆ، چه‌کی هه‌ره‌گه‌وره‌ی کاربه‌ده‌ستانی ئه‌و رێژیمه خوڵقاندنی قه‌یران و ناردنه ده‌ره‌وه‌ی قه‌یرانه. له‌و رووه‌وه که ماهییه‌ت و جه‌وهه‌ری ئه‌و رێژیمه دواکهوتوووهش له‌گه‌ڵ ژیانی ئاسایی، یاسا و رێساکانی نێونه‌ته‌وه‌یی و ژیانی ئازاد و گه‌شه کردووی مرۆیی ناگونجێ، وڵاتی بێ قه‌یران، ناوچه‌ی بێ ئاژاوه و دنیای پڕئاشتهوایی به خه‌ته‌ری مه‌رگ بۆخۆی ده‌زانێ.
هه‌ربۆیه له نێوخۆدا به‌رده‌وام دوژمنی فه‌ڕزی ده‌ستنیشان ده‌کا و بچوکترین ره‌خنه له کرده‌وه دژه‌مرۆییه‌کانی فڕێ ده‌داته نێو زه‌رفی دژایه‌تی له‌گه‌ڵ نیزام و له‌و رێیه‌دا ته‌نانه‌ت کاربه‌ده‌سته باڵاکانی خۆشی ناپارێزێ. له بواری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیشه‌وه، دایم له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک له شه‌ڕ دایه. نه‌ته‌نیا بیرێک بۆ ئه‌و له‌شکره گه‌وره‌ی بێکاران ناکاته‌وه که ته‌نانه‌ت له‌نێو خاوه‌ن بڕوانامه‌ی باڵاشدا لانیکه‌م ۳۵%ی لاوانی وڵات ده‌گرێته‌وه، به‌ڵکوو له بازاڕ و له کاره ئازادهکانیشدا ده‌خاله‌ت ده‌کا و ناوه‌نده ئابوورییه‌کان ده‌خاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی سوپای پاسداران، به‌سیج و روحانییه‌تی سه‌ربه ده‌سه‌ڵات.
رێژیم به‌وه‌ش نه‌وه‌ستاوه و له ماوه‌ی زیاتر له سێ ده‌یه‌دا، ده‌ستی له هه‌موو تانوپۆی فه‌رهه‌نگی، کولتووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی گه‌لانی ئێران وه‌رداوه. ژنانی ئێرانی خزاندوه‌ته‌وه نێو په‌چه و عه‌با و ریگری کردووه له هاتنهپێشیان له جمگه‌کانی ده‌سه‌ڵات و قانوونه دواکهوتوووهکانی سه‌ده‌کانی نێوه‌ڕاستی به‌سه‌ردا سه‌پاندون. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ژنانی ئێران به گشتی چ له باری خوێنده‌واریه‌وه و چ له باری فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌توانن شان له شانی ژنانی پێشکه‌وتووترین وڵاتانی دنیا بده‌ن، به‌ڵام له رێژیمی ئاخوندی‌دا هیچ نه‌خشێکیان پێ نه‌دراوه.
رێژیمی دواکه‌وتوو و کۆنه‌په‌رستی کۆماری ئیسلامی ته‌نانه‌ت له ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵکیشدا ده‌خاله‌ت ده‌کا، بۆیان دیاری ده‌کا، چ لیباسێک له‌به‌رکه‌ن، چ خواردنێک نه‌خۆن، چ موزیکێک گوێ لێ بگرن و چ فیلمێک چاو لێ بکه‌ن. ئینته‌رنێت کۆنتڕۆڵ ده‌کا، سه‌ته‌لایت کۆ ده‌کاته‌وه و پاڕازیت ده‌خاته سه‌ر کاناڵه ته‌له‌فزیۆنییه ده‌ره‌کییه‌کان. له به‌رامبه‌ردا هه‌رشتێک شیرازه‌ی کۆمه‌ڵگه تێک دا بره‌وی پێداوه. به جۆڕیک که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران له هه‌موو نه‌خۆشییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا له سه‌فی پێشه‌وه‌ی وڵاتان دایه. ئیعتیاد، له‌شفرۆشی، دزی، به‌کارهێنانی توندوتیژی، به‌رتیلخۆری و گه‌نده‌ڵیی ئیداری، ناوه‌نده ده‌وڵه‌تییه‌کان و کۆمه‌ڵگه‌ی داڕزاندووه.
به کورتی رێژیم قه‌یرانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابووری ئه‌وتۆی خوڵقاندوه که تهکتهکی دانیشتوانی ئێران زۆرتر له بیری ئه‌وه دابن که چۆن شه‌خسی خۆیان له‌و زه‌لکاوه ده‌رباز که‌ن و ماڵومنداڵیان له‌و هه‌موو به‌ڵایه‌ی که رێژیمی ئاخونده‌کان به دیاریان هێناوه بپارێزن.
ئه‌وه‌ش دیاره راست ئه‌و ئامانجه‌یه که رێژێم هه‌یه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران به کۆمه‌ڵ بیر نه‌که‌نه‌وه، خۆیان رێک نه‌خه‌ن و تاکه‌کان زۆرتر له بیری رزگارکردنی خۆیاندا بن تا رزگار کردنی وڵاته‌که‌یان له چنگی ئه‌و تاقمه کۆنه‌په‌ره‌سته.
رێژیمی ئاخۆندی راست ئه‌و سیاسه‌ته‌ش له‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی ئێران تاقی ده‌کاته‌وه. هه‌وڵ ده‌دا ئه‌وانیش بیر له‌وه بکه‌نه‌وه که چۆن سه‌همێکی هه‌رچه‌ند بچوکیش بێ، له داهات و سه‌رمایه‌کانی ئێران بۆ ناوچه‌کانی ئه‌وان ته‌رخان بکرێ. رێژیم به جۆرێک نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی ئێرانی له دواکه‌توویی و بێ ئیمکاناتیدا هێشتوه‌ته‌وه که کردنه‌وه‌ی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌کی بچوکی ئابووری، هه‌ر ئیمکانێکی بچوکی فه‌رهه‌نگی و که‌مترین ئازادیی کولتووریان وه‌ک ئاوڕدانه‌وه له مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌که‌ی ئه‌وان پێ بفرۆشی و ئه‌سڵی مافی دیاریکردنی چاره‌نوسیان به‌ره‌به‌ره له بیر به‌رێته‌وه و له کۆتاییدا پڕۆژه‌ی تواندنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌ییان له‌سه‌ر تاقی بکاته‌وه.
ئه‌و سیاسه‌تانه به تێکڕایی قهیرانخوڵقێنن و نه‌ته‌نیا یارمه‌تی به چاره‌سه‌ری گرفته‌کان ناکه‌ن، به‌ڵکوو گرفته‌کان ده‌گۆڕن بۆ قه‌یران و ره‌وته ئاساییه‌کان به‌ره‌و گرفت په‌لکێش ده‌که‌ن. وه‌ڵامی رێژیمیش بۆ هه‌موو ئه‌و گیروگرفتانه ته‌نیا و ته‌نیا سه‌رکوت و راوه‌دوونانه. له دنیادا رێژیمی هێنده نابه‌رپرس له به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی وه‌ڵاته‌که‌ی خۆیدا بوونی نییه. کۆماری ئیسلامیی ئێران ته‌نیا بیر له‌وه ده‌کاته‌وه که چاوه‌ڕوانی ئه‌و له کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی ئێران چییه؟ هه‌رگیز بیر له‌وه ناکاته‌وه که ئه‌ویش به‌رپرسه له ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک و ئه‌رکی دابین کردنی ئاسایش، پێداویستییه‌کانی له‌شساغی، دابین کردنی بژێوی و دابین کردنی ماف و ئازادییه‌کانی ده‌که‌وێته سه‌رشان. رێژیم بۆ هه‌موو ئه‌و گرفتانه ته‌نیا یه‌ک وه‌ڵامی هه‌یه، ئه‌ویش بێده‌نگ کردن له رێگای توندوتیژی، زیندانی کردن و ته‌نانه‌ت له‌سێداره‌دانه‌وه. ماوه‌ی سی و حه‌وت ساڵه ئه‌و رێژیمه ده‌گرێ، زیندانی ده‌کا، ره‌شه‌کوژی ده‌کا و له‌سێداره ده‌دا. تائێستا ته‌نانه‌ت به قازانجی خۆشی بووبێ، لێبوردنێکی گشتی بڵاو نه‌کردۆته‌وه، نه‌رمییه‌کی له به‌رامبه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی خۆیدا نیشان نه‌داوه و بۆ هیچ گرفتێکی نێوخۆیی رووی له میزی وتووێژ نه‌کردوه و رێگای ئاشته‌وایی تاقی نه‌کردۆته‌وه. مه‌گه‌ر له چوارچێوه‌ی پیلانی تیرۆردا، هه‌روه‌ک ئه‌و دانێشتنه‌ی له‌گه‌ڵ شه‌هیدی رێبه‌ر دوکتور قاسملوو کردی، که له راستیدا پلانی تیرۆر بوو نه‌ک وتووێژ.
روو به ده‌ره‌وه‌ی ئێرانیش ئه‌و رێژیمه سه‌رچاوه‌ی چه‌ندین قه‌یرانه. له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا چه‌ندین پڕۆژه‌ی ده‌ستتێوه‌ردان و ئاژاوه‌گێڕیی هه‌یه و هه‌ر له عێڕاقه‌وه هه‌تا یه‌مه‌ن ده‌ستی قه‌یرانخوڵقێن و ئاژاوه‌گێڕیی کۆماری ئیسلامیی ئێران به ئاشکرایی دیاره. کۆماری ئیسلامیی ئێران هێنده به رووهه‌ڵماڵاوی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانانه ده‌کا، که ته‌نانه‌ت ئه‌رته‌شێکی تایبه‌تی به ناوی سوپای قودس و له ژێر فه‌رمانده‌یی قاسمی سوله‌یمانیدا بۆ ئه‌و کاره دروست کردوه. دیاره ده‌کرێ ئه‌و ده‌ستیوه‌ردانانه‌ی رێژیم وه‌ک ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی قه‌یران چاو لێ بکه‌ین، هه‌رچه‌ند ته‌وجیهی تیۆریکی رێژیم بۆ ئه‌و کارانه‌ی هه‌ر له دوای هاتنه سه‌رکاریه‌وه، ناردنه ده‌ره‌وه‌ی شۆڕشی ئیسلامی بووه، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌و وڵات و ناوچانه‌ی که دانیشتوانی، مسوڵمانی شیعه‌ن. ئه‌نجامی ئه‌و ده‌ستێوه‌ردانه له کاروباری وڵاتانی ناوچه‌دا، به‌تایبه‌تی له وڵاته عه‌ڕه‌بییه‌کاندا ئه‌وه بووه که وڵات و ناوچه سوننینشینه‌کان هه‌ست به مه‌ترسیی بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی شیعه، یا لانیکه‌م به‌هێزبونی هێژمۆنی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌که‌دا بکه‌ن و ئه‌وانیش هه‌وڵ بده‌ن ده‌سته و تاقمی خۆیان له وڵاته‌کاندا دروست بکه‌ن و که‌ڵک له هه‌ستی سوننه‌کان له ناوچه‌دا وه‌ربگرن. ته‌نانه‌ت دروستبون یا لانیکه‌م به‌هێزبونی هێزه توندڕه‌وه سوننه‌کانی وه‌ک داعش و ئه‌لقاعیده‌ش به‌شێکی زۆری ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و سیاسه‌تی قهیرانسازییهی کۆماری ئیسلامی له ناوچه‌دا.
دیاره پرسیارێک له‌و نێوه‌دا هه‌میشه خۆی زه‌ق ده‌کاته‌وه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئایا کۆماری ئیسلامی به‌و قه‌یرانانه‌ی له نێوخۆدا دروستیان ده‌کات و به‌و قه‌یرانانه‌ش که هه‌نارده‌یان ده‌کا بۆ وه‌ڵاتانی ده‌وروبه‌ر، به‌ڕاستی به‌هێز بووه و له نێوخۆدا سه‌قامگیر بووه؟ هه‌روه‌ک به‌داخه‌وه هێندێک لایه‌ن و که‌سایه‌تی و ته‌نانه‌ت وڵات وای لێک ده‌ده‌نه‌وه. هه‌روه‌ک ئه‌و بۆچوونه تا راده‌یه‌کیش کاری کردۆته سه‌ر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و ته‌نانه‌ت ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش و چه‌شنێک بیهیوایی دروست کردووه.
به باوه‌ڕی من رێژیم به هیچ جۆرێک ئه‌و هێز و سهباتهی ده‌سنه‌که‌وتووه که بۆخۆی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کا. ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی له ناوچه هه‌رچه‌ند مانۆڕێکیان پێوه ده‌درێ، به‌ڵام چ له باری مادی و چ له باری ئیسانییهوه زۆر گران له‌سه‌ر رێژیم ده‌که‌ون. له باری مادییه‌وه له‌و هه‌لومه‌رجه خه‌راپه‌ی ئابوورییه‌دا که رێژیم له‌گه‌ڵی ته‌ڕه‌فه، به پێی هه‌ڵسه‌نگاندنه جۆراوجۆره‌کان ساڵی لانیکه‌م بیست میلیارد دۆڵار له‌سه‌ر رێژیم ده‌که‌وێ. خه‌ساری نه‌فه‌رات و کادری وه‌فادار به رێژیمیش ئێکجار زۆره، به جۆرێک که رۆژ نییه له سوریه‌وه، له عێڕاقه‌وه و ته‌نانه‌ت له یه‌مه‌نه‌وه جه‌نازه نه‌چێته‌وه بۆ ئێران. جگه له‌وه رێژیم له باتڵاقێکی دوور و درێژدا هه‌ر له عێڕاقه‌وه تا یه‌مه‌ن گیری کردووه. دریژه‌دانی ئه‌و وه‌زعه تا دێ دژوارتر ده‌بێ و لێکشانهوهشی هه‌روا. تازه مه‌علوم نییه به‌ری ئه‌و ئاژاوه‌گێڕیانه کێ ده‌یچنێته‌وه. چونکه هه‌موو زلهێزه‌کانی دنیا و زلهێزه‌کانی ناوچه که بازیگه‌ری ئه‌و مه‌یدانه‌ن، وه‌ک ئه‌مریکا، رووسیه، فه‌ڕانسه، بریتانیا، ئاڵمان، چین، تورکیه و عه‌ڕه‌بستانی سعودی و چه‌ندین وڵاتی دیکه دروێنهکهری دوای شه‌ڕی داعشن و ده‌یانهه‌وێ به‌رهه‌مه‌که‌ی به‌رنه سه‌ر خه‌رمانی خۆیان. هیچ دیار نییه کۆماری ئیسلامی ئێران دوای ئه‌و هه‌موو ههزینهیه چی ده‌ست ده‌که‌وێ. به‌تایبه‌ت خه‌ڵکی ئێران له هه‌موو خه‌ساره‌ت و قوربانیدانه چی به‌نسیب ده‌بێ؟
ئه‌و هێز و لایه‌نانه و ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ش که تیشکی پڕوپاگه‌نده‌ی رێژیم لێی داون و توشی خه‌مۆکی و نائومیدی کردوون، حه‌ق وایه قوڵتر بیری لێ بکه‌نه‌وه‌و به سه‌ر ترسی خۆیاندا زاڵ بن. ئیمکانی نییه رێژیمێک بتوانێ به‌و یارییه دۆڕاوانه سه‌رکه‌وێ. گومان له‌وه‌دا نییه که قه‌یرانه‌کان به‌سه‌ر خۆیدا ده‌شکێنه‌وه. له نێوخۆدا ناڕه‌زایه‌تییه‌کان رۆژێک ده‌ته‌قنه‌وه و ئه‌و ئاگره‌ی له‌نێو خۆڵه‌مێشی ترس‌دا بۆته ژیله‌مۆ رۆژێک سه‌رهه‌ڵده‌دا. له ده‌ره‌وه‌ش سه‌ری رێژیم بێ کوڵاو ده‌مێنێته‌وه، چونکه زلهێزه جیهانییه‌کان، به‌رهه‌می ئه‌و ئاژاوه‌یه‌ی کۆماری ئیسلامی ده‌ستی باڵای تێدا هه‌بووه، به شێوه‌یه‌کی زۆر لێزانانه بۆخۆیان ده‌چننه‌وه.
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه