رەخنەی بابەتیانە چەمکێکە/ کولتوورێکە کە لە هەناوی کۆمەڵگهی ئازاد و دێموکرات لەدایک دەبێ، گەشە دەکات و دەبێتە دینامیزمی گەشەی کۆمهڵگه. چەمکێک کە سنوور و بەربەستەکان تێکدەشکێنی و رێگە واڵا دەکا بۆ قووڵبوونەوە و رۆچوون و روانینی نوێ بۆ پرس و ئاریشەکان، چەمکێک کە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی هەیە بە دیالۆگ، رێز، موڕاڵ، کراوەیی و لێهاتوویی. کولتوورێکە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارە کە لە بەرەژەوەندی گشتیدا بێت. رەخنەگر لەم پیناسەیەدا لە قالبی تاکەکەسدا دەرباز دەبێ و دەبێتە پێکهاتەیەکی دوو یا چەند رەهەندی کە حەوڵ دەدا لە رێگەی دیالۆگ و نیقاش روانگەکانی پێشکەش بکا و باشترین یا گونجاوترین ئالترناتیڤەکان بخاتە روو.
لە بەرمبەر ئەوەدا، تەکرەهەندیبوون یەکێکە لە کێشەکانی کۆمەلگهی رۆژهەڵات، تاکی تەکرەهەند، روانینی تاکرەهەند، پێکهاتە و سیستمی تاکرەهەند، کولتوورێکە کە بەرهەمی نەخوێندوەی ئەودیوی رووداوەکانە، بەرهەمی نەخوێندنەوە، نەبینین و نەبیستنی بیروبۆچوونەکانی دیکەیە. بەرهەمی ترسێکە، ترسی لە خود و ترس لە ئەوانی دیکە، ترس لە دۆڕان و ترس لە بردنەوەی ئەوانی دیکە. لە پێکهاتەیەکی لەم چەشنەدا دیالۆگ، ئازادی، رێز، لێهاتوویی و کراوەیی مانایەکی رووکەشیان هەیە. رەخنە لەم حاڵەتهدا نەک لایەنی بابەتییبوونی نابێ بەلکوو ئالیەتێکە بۆ رووخاندنی ئەوانی دیکە، رێگەیەکە بۆ شەرمەزارکردن، بۆ دەربڕینی هەستەکان و دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە تاکەکەسییەکان.
بۆ تێگەیشتن لەم دۆخە جیا لەوەی پێویستیمان بە خوێندنەوەی سایکۆلۆژی و ئایدیای زاڵ بەسەر تاکەکاندا هەیە، خویندنەوە، تێگەیشتن و رۆچوون بە توخمە سەرەکییەکانی پێکهاتەی بنەماڵە و کۆمهڵگه و دامەزراوە یاسایی و مەدەنی و کولتوورییەکان فاکتەرێکی سەرکییە لەم بابەتەدا. لە ژێر رووناکایی و خوێندنەوەی ئەو پێکهاتانەدا رەنگە بکرێ بەشیک لەم ئالۆزییە هزرییە بە نیسبەت چەمکی رەخنە و رەخنەگر، شیکاری بۆ بکرێ.
بنەماڵە وەک فاکتەری سەرەتایی، رۆڵێکی بەرچاوی هەیە لە بیچمگرتنی هزری تاکجەمسەری یا دوو یا چەند رەهەندی. لە کۆمهڵگهی رۆژهەڵاتیدا، بەزۆری پیاوسالاری(نێرسالاری) نەریتێکی بالادەستە. واتە لەم کۆمهڵگهیەدا ئەوە رەگەزی نێرە کە هزر و کرداری ئەرێ دەکرێ و دەبێتە پێوەر. واتە باوک/ کوڕ دەسەڵاتی باڵایان هەیە لە چەسپاندنی تێروانینەکانی خۆیان لەو پرسانەی کە پەیوەندییان بە بنەماڵەوە هەیە، تەنانەت لە جێگەی و پێگەی دایک/کچ قسە دەکەن و بڕیار دەدەن. لەم دۆخەدا رەگەزی مێ لە دەربڕین، تێروانین، لێکدانەوە و هەڵبژاردن بێبەش دەکرێ. بەرهەمی ئەو دابهشکارییه نالۆژیکییە بریتییە لە بزربوونی چەمکی دیالۆگ، رێز، موراڵ و کراوهیی.
واتە لە کاتی بڕیاردان، مۆنۆلۆگی باب/کور پێگەیەک بۆ بەشداریکردنی ئازادنەی رەگەزی مێ ناهێڵیتەوە. ملکەچبوون و ئەرێ کردن وەک رێز لێکدەرێتەوە و “نا” گوتن، وەک بێموڕاڵی وبێرێزیکردن سەیر دەکرێ. لەم دۆخە نالۆژیکییەدا جێگەیەک بۆ دیالۆگ(کە خۆی بەرهەمی لۆژیکە) نامێنێتەوە. سەرکەوتنی باب/کور بریتییە لە مسۆگەربوونی بەرژەوەندیی ئەندامانی بنەماڵە. بۆیە تاک لەم دۆخەدا پێویستی بە دەربیجەیەکە بۆ دەربڕینی رق و بێزارییەکانی. رەخنەگر و رەخنەگرتن لە بڕیاردەر لەم حاڵەتهدا، دەکەوێتە ژێر سیبەری هەست و سۆز. رەنگە خۆسووتاندنی ژن/کچ لە دۆخی دوژواری ژیاندا نموونەیەکی بەرچاو بێت بۆ تێگەیشتن لەم چەمکە. باب/کور هیچ دەرفەتێک بۆ دەربڕین، بەشداریکردن و دیالۆگ بۆ کچ/ژن ناهێڵێتەوە(دۆخێکی ناعەقڵانی). رەگەزی مێ دەکەوێتە ژێر سێبەری ئەوم دۆخە نالۆژیکییە و بە سووتاندنی لەشی خۆی ئەم دۆخە ناعەقلانییە درێژە پێدەدا. واتە گەرەکیهتی بە کردەوەیەکی نالۆژێکی بەر بە کردەوە و بڕیاڕی نالۆژیکی باب/کور بگرێ.
بنەماڵە بەم پێکهاتەیە، سەرەتایەکە بۆ بیچمپێدانی تاکی تاکرەهەند، تاکێک کە بەرژەوەندییەکانی خۆی لە سەرووی بەرژەوەندییەکانی ئەوانیتر دادەنێ و بایەخ بۆ دەرفەتی راگۆڕینەوە لەگەڵ ئەوانیتر دانانێ. تاک لەم حاڵەتهدا نامۆ دەبێ بە دیالۆگ و “من” دەبێتە پێناسەی تاکەکانی بنەماڵە و کۆمهڵگه. “من” بە واتای نەدیتن و نەسبیتنی “ئەوانی تر”. یا لە باشترین حاڵەتدا “من” واتە لە سەرووی “ئەوانیتر”.
گشتگیربوونی ئەم جۆرە لە تێروانین و بیرکردنەوەیە لەنێو تاکەکانی کۆمهڵگهدا بە تێپەڕبوونی کات دەبێتە هۆی هاتنە ئارای کولتوورێک کە لەسەر بنەمای نکۆڵیکردن و پەرواێزخستنی ئەوانیتر و بە جەمسەرزانینی خود، شکل دەگرێ. ئەوەی کە تاک، گرووپێک یاخۆ گەلێک، کەسێکیتر، گرووپێکیتر یا گەڵێکیتر بە “بێفەرهەنگ” یا “بافەرهەنگ” نێودێر دەکات، بەر لە هەموو شتێک بریتییە لە خۆ بە جەمسەرزانین یا خۆ بە کەمگرتن لە هەمبەر ئەوانیتر. لە وەها دۆخێکدا خودی جەمسەر گوێ لە ئەوانیتر ناگرێ، چونکه بەستێنێک بۆ چەمکی دیالۆگ لەنێوان کولتوورە جیاوازەکان بوونی نییە، بەڵکوو ئەوەی هەیە بەگژداچوونەوەی کولتووری باڵادەستە بەسەر “وردەکولتوورەکانی”تردا، و دژکردەوەی ئەو “وردەکولتوور”انە.
رەخنە لە کۆمهڵگهی موتوربەکراو بە کولتوور و بیرکردنەوەی تەکرەهەند بریتییە لە بەریەککەوتن و بەگژداچوونەوەی بەرژەوەندییە دژبەیەکەکان، بە پیچەوانە، تێڕوانینی فرەرەهەند، کە لەودا رەخنەی بابەتیانە وەک بەستێنێک بۆ بەیەکگەیشتنی بەرژەوندییە گشتییە هاوبەشەکان، سەیردەکرێ و پێشوازی لێ دەکرێ.
رەنگە ئەم پێناسەیە لە رەخنە لە ئایدیا و جیهانبینی تەکرەهەندی، بتوانێ یارمەتیدەر بێ بۆ روونکردنەوەی ئەم دابەشکارییە نالۆژیکییە کە لە کۆمهڵگهی رۆژهەڵاتیدا دەبینرێ.
لێکهەڵوەشانەوە و دابرانی وڵاتان و رێکخراوەکانی جیهانی سێهەم رەنگە نموونەیەکی گونجاو بێت بۆ زیاتر شیکردنەوەی و تێگەیشتن لە تێڕوانینی تاکرەهەندی.
ئەگەرچی بەشیک لەم دابڕان و داڕمانانە بەرهەمی سیاسەت و بەرژەوەندییە نێودەوڵەتییەکانە بەڵام هۆکاری بنەرەتیی ئەم دیاردەیە پەیوەندی بە فاکتەرە پێکهاتەیی نێوخۆییەکانی ئەم وڵات و رێکخراوانەوە هەیە. لەم کۆمهڵگه و رێکخراوانەدا تاکرەهەندیبوونی پێکهاتەکان/تاکەکان، دینامیزمی سەرەکیی رووخانن. دینامیزمێک کە لەوەدا هێزی باڵادەست نکۆلی لە ئەوانیتر دەکات، وەک شیعە لە سووننی و بەپێچەوانە، فارس لە کورد، هێزە کوردییەکان لە یەکتر.
ئەم دابڕانانە بەر لەوەی دابڕانی سیاسی/ کۆمەڵایەتی بن، بریتین لە بۆشاییەکی ئەخڵاقی، بەو مانایە کە هێزی باڵادەست بۆ پاراستنی بەرژەوندییەکانی، پێکهاتە و روانگە جیاوازەکانی دیکە سڕ و کپ دەکا. ترس لە بندەستبوون وژێردەستبوون وا لە دەسەڵات دەکا کە لە هەموو ئامێر و ئالییەتێک کەڵک وەربگرێ، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی خۆی سەقامگیر بکات. لە راستیدا چەرخەی ناسەقامگیری و دابڕان راست لەم خاڵەڕا دەست پێدەکات.
توخمەکانی کراوییبوون، رێز، دیالۆگ و لێهاتوویی لەم وڵات و رێکخراوانەدا بە دەگمەن نەبێ بەدی ناکرێن. لە روانگەی دەسەڵاتەوە، کراوەیی و رێز بەرامبەر دەنگە جیاوازەکانی کۆمهڵگه بە واتای دۆران و لەدەستدانی هێژمونی لێکدەرێتەوە. لەم کۆنتێکستەدا دیالۆگ و رەخنەی بابەتیانە نەتەنیا پێویست نییە بەڵکوو وەک ئاژاوەگێڕی و هەوڵدان بۆ تێکدانی هێمنایەتیی لێکدەدرێتەوە. بەم شیوەیە دەرتانێکی ئەوتۆ بۆ رخنەی ئیجابی نامێنێتەوە. دەسەڵات لەم کۆنتێکستەدا نەتەنیا خۆی تاکجەمسەری و تەکرەهەندییە، بەڵکو ئەم تەکرەهەندییە بۆ هەناوی کۆمهڵگهدا دەگوازێتەوە. تاک لەم دۆخەدا “تفهیم” دەکرێ کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و باڵادەستی خۆی “خود” بکاتە پێوەر. لە وەها بەستێنێکدا باسکردن لە بەرەژەوەندییە گشتییەکان بایەخێکی ئەوتۆی نابێ.
رەخنەگر، دژبەر یا رکابەر دەخرێتە/ دەکەوێتە دۆخێک کە لە جێگەی ئەوەی پێناسە و بانگەشە بۆ روانگەکانی خۆی بکات، دەکەوێتە حاڵەتێکی “تدافعی” و وزە و توانای دەخاتە گەڕ بۆ داکۆکیکردن لە خۆی و ژێر پرسیاربردنی ئەویتر و بەم شێویە مەجالێک بۆ ئەسڵی بابەتەکه، کە “رخنە” و دیالۆگە، نامێنێتەوە. رەخنە دەبێتە رق و تووڕەیی و شەرمەزارکردنی دولایەنە که جێگەی دیالۆگ دەگرێتەوە. درێژەکێشانی ئەو چەرخەیە وادەکات کە رەخنەگر لە ئەرک، رۆڵ و ویست و ئامانجی سەرەکێی خۆی دوور بکەوێتەوە و دەکەوێتە سیکلێکی نائەخڵاقی/ نالۆژیکی، لە قاڵبی رخنەگر و ئەقەللیەتدا.
بەکورتی لەم تێروانینیەدا، نەک تەنیا لایەنی دەسەڵات بەڵکو لایەنی ناڕازی/ دژبەر رێرەو و تێفکرینێکی تاکرەهەندی بەخۆوە دەگرن، واتە ترس لە کرانەوە و دەرفەتدان بە هاتنە ئارای ئایدیای جیاواز سەرەتای ئەو سیکلە نالۆژیکی/ئەخلاقییە کە دیالۆگ لەگەڵ ئەوانیتر رەد دەکاتەوە. لە بەستێنی لەم شێوەیەدا دەرفەتێکی ئەوتۆ بۆ هاتنە ئارای رەخنە بابەتی بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەچارەکان و لێکگرێدانی بەرەژەوەندییە هاوبەشەکان نامێنێتەوە. لێکەوتە و دەرئەنجامی ئەمە دەبێتە دابڕان، دارمان و لێکهەڵوەشانەوە پێکهاتە کۆمەڵایەتی و یەکە سیاسییەکان و هاتنە ئارای یەکە و پێکهاتەی نوێی سیاسی، کەمەلایەتی و کولتووری بە هەمان عەقلییەت و تێڕوانین.
ئەنجام:
پەیوندییەکی راستەوخۆ لەنێوانی دوو چەمکی تەکرەهەندیبوون و رەخنەی بابەتیانەدا هەیە، ئەم دوو چەمکە بەر لە هەر شتێک، تێڕوانینێکی کۆمەڵایەتی/ ئەخلاقین کە پێویستی بە هەندێک فاکتەر و پێشمەرج هەیە بۆ ئەوەی شکل بگرن:
یەکەم موڕاڵ، واتە رێزگرتن لە بیروبۆچوونە جیاوازەکان، دووهەم کراویی، واتە سنگفراوانی و دەرفەتدان بە هاتنە ئارای دەنگە جیاوازەکان، سێهەم ئۆبژێکتیڤبوون کە بریتییە لە لێهاتوویی لە هەڵەسەنگاندنی بابەتییانەی رەخنە، چوارەم دیالۆگ کە بریتییە له توانای بیستن و دیتنی دیدی جیاواز و کەوتنە نێو دانوستان لەگەڵ ئەوانیتر. لە دۆخێکی لەم شێویە دایە کە رەخنەی بابەتییانە دەبێتە کولتوور و تاک و پێکهاتەی فرەرەهەند شکڵ دەگرێ.
ئەو پێشمەرجانە لە بەستێنی ئازاددا دەرفەتی هاتنە ئارایان زیاترە، بۆیە رەخنەی بابەتی و دیالۆگ ئاوێنەی ئەر رێژە لە ئازادییە کە لە کۆمهڵگهدا هەیە. نەبوونی رێژەی پێویست لە ئازادی و نەهاتنە ئارای ئەم پێشمەرجانە بنەمای شکلگرتنی پێکهاتە و تێروانینی تەکرەهەندییە. ئەم تەکرەهەندییە لە بنەماڵەوە دەست پێدەکات و دواتر خۆی لە نێو تانوپۆی دیاردە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانیتردا، بەرهەم دێنێتەوه.
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه