ساڵی ١٣٨٤ روخسارێکی نه‌ناسراو یان که‌متر ناسراو، به ناوی مه‌حموود ئهحمهدینژاد، به دووجه‌مسه‌ری کردنی فه‌زای سیاسی و به پشتیوانی بنیاته‌کانی هێز و سه‌رمایه، بوو به سه‌رکۆماری ئێران. که‌سێک که له ماوه‌ی ٨ ساڵ سه‌رکۆماریدا، زیانێکی گه‌وره‌ی له هه‌موو بواره‌کان و به‌تایبه‌ت له ئابووریی ئێران دا. به قسه‌ی زۆرێک له کارناسانی پێوه‌ندیدار، ده‌وڵه‌تی ئهحمهدینژاد زۆر زیاتر له شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ی ئێران-عێراق زیانی به ئابووریی ئێران گه‌یاندووه. لێره‌دا گونجاو له‌گه‌ڵ باسه‌که‌دا، باسی هه‌ندێک له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ده‌وڵه‌تداریی ئهحمهدینژاد ده‌که‌ین:
١)ئهحمهدینژاد که بوو به سه‌رکۆمار، ئه‌زموونێکی ئه‌وتۆی له به‌ڕێوه‌به‌ریی و کاری سیاستدا نه‌بوو؛ باوه‌ڕی به کاری کارناسانه له به‌ڕێوه‌به‌ریی وڵات‌دا نه‌بوو و له ده‌ره‌وه‌ی عورفه باوه‌کان و رێوشوێنه مۆدێڕنه‌کان، ئیداره‌ی وڵاتی ده‌کرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا سیاسه‌تی وه‌ک بوارێکی بۆ کێشمهکیش سازکردن و دژبه‌ری کردن، چاو لێده‌کرد و به‌کاری دێنا، نه‌ک بوارێک بۆ لێکتێگه‌یشتن و ته‌عامول و سازان له‌گه‌ڵ ئه‌وی دیکه. به واتایه‌کی دیکه زۆر تاکرهههندانه له سیاسه‌تی ده‌ڕوانی و بێجگه له‌وه‌ش بۆ گه‌وجاندنی خه‌ڵک تێمێکی مێتافیزیکیشی پێده‌دا و زۆر جار ئیدیعای ده‌کرد که له غه‌یبه‌وه ئیلهامی بۆ دێ و له ژێر رێنوێنی ئیلهامه‌کانی دنیای غه‌یبدا وڵات به‌ڕیوه ده‌با. به‌م شیکردنه‌وانه مه‌علوومه که که‌سێک به‌م تایبه‌تمه‌ندی و وه‌همانه‌وه، ئه‌گه‌ر گرینگ‌ترین پۆستی ئیجرایی وڵات وه‌ئه‌ستۆ بگرێ، وڵات تووشی چ کاره‌ساتگه‌لێک ده‌کا.
2)داهاتی نه‌وتی ئێران له ٨ ساڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌کانی ئهحمهدینژاددا ٧٠٠ میلیارد دۆلار بوو. داهاتێکی ئه‌فسانه‌یی که ده‌کرا به ئه‌ندیشه و پلان و مودیریه‌تێکی دروست، وڵاتێکی پێ بنیات بنرێ و ئابوورییه‌کی پێ ببوژێته‌وه و خه‌ڵکیش له خێروبێراتی به‌هره‌مه‌ند بن. به‌ڵام به‌پێچه‌وانه، ئهحمهدینژاد به فکر و مودیریهتێک، که له ده‌ره‌وه‌ی هه‌موو عورف و رێوشوێنه ئه‌مڕۆییه‌کانی حکوومهتداریدا جێده‌گرێ، هه‌موو ئه‌و داهاته‌ی به فیڕۆ دا و به‌شێکی گه‌وره‌شی بێجێ کرد. کاتێک ئهحمهدینژاد ده‌سه‌ڵاتی جیبه‌جێکردنی راده‌ستی حه‌سه‌ن روحانی کرد رێژه‌ی هه‌ڵاوسانی ئابووری، زیاتر له ٤٠ له‌سه‌د و رێژه‌ی گه‌شه‌ی ئابووریی ئێران مه‌نفی 6 له‌سه‌د بوو. به کورتی ئابوورییه‌کی تێکتهپیو و قه‌یراناوی راده‌ستی ده‌وڵه‌تی دوای خۆی کرد. راده‌ی وێرانییه‌کانی ده‌ورانی ئهحمهدینژاد ئه‌وه‌نده زۆرن که هه‌وڵ و تێچویه‌کی زۆری ده‌وێ که ئێران له ژێر باریان ده‌ربێ و پشت راست بکاته‌وه.
3)ئهحمهدینژاد له ژێر تیشکی ئه‌و پێناسه‌یه‌ی بۆ سیاسه‌تی هه‌بوو، که‌لێنێکی قووڵی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی له ئێران‌دا دروست کرد. که‌لێنێک که هه‌وڵێکی زۆری ده‌وێ که تا راده‌یه‌ک پڕ بکرێته‌وه. به‌م هۆیه‌یه که به‌شێک له ئه‌کته‌رانی سیاسه‌تی ئێران باس له “ئاشته‌وایی نیشتمانی” ده‌که‌ن. له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌کی و له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا گوتارێکی هێرشبه‌رانه و کێشهخوڵقێنی هه‌بوو و ئه‌مه‌ش وایکرد که کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له هه‌مبه‌ر ئێران یه‌کگرتوو بکا و له ئه‌نجامدا گه‌مارۆیه‌کی زۆر به سه‌ر ئێران‌دا سه‌پان و ئێران له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌ییدا ته‌ریک که‌وته‌وه.
بێجگه له هه‌مووی ئه‌وانه‌ش، ئێستا پهروهندهگهلێکی زۆر له ده‌زگای قه‌زایی ئێران له دژی ئهحمهدینژاد له ئارا دان که ئه‌گه‌ر به جیدی لێپرسینه‌وه‌ی لێبکرێ، هیچ دوور نییه که ئهحمهدینژاد ساڵانیكی زۆر بکه‌وێته زیندان. پرسیار ئه‌وه‌یه که به‌و شیکرنهوانهی سه‌ره‌وه و، به‌و کارنامه شکستخواردوو و زیانبارهوه، چۆن ئهحمهدینژاد تا ئێستاش ئه‌کته‌رێکی سیاسه‌تی ئێرانه و به قسه‌ی زۆرێک له ئوسوولگهراکانیش شانسی ده‌نگهێنانه‌وه‌ی له باقی به‌ربژێره‌کانی ئوسوولگه‌را زیاتره؟ ته‌نانه‌ت چالاکانێکی ریفۆرمخواز، راده‌ی ده‌نگی ئهحمهدینژاد له حاڵه‌تی رێگری نه‌کردنی له لایه‌ن خامنه‌ییه‌وه، به ١٥ میلیۆن ده‌نگ ده‌خه‌مڵێنن!
له وڵاتانێک که خاوه‌نی سیستمێکی ته‌ندروستی ده‌سه‌ڵاتدارین، یه‌که‌م: که‌سانی وه‌ک ئهحمهدینژاد نایه‌نه سه‌رکار. دووهه‌م: ئه‌گه‌ر سوکانی ده‌سه‌ڵاتیش به‌ده‌سته‌وه بگرن مه‌جالیان پێنادرێ که ئه‌وه‌نده قانوونشکێنی بکه‌ن؛ چونکه ده‌زگاگه‌لێکی به‌هێزی چاوه‌دێری هه‌ن و ده‌سه‌ڵاتداران به به‌رده‌وامی کۆنتڕۆڵ ده‌کرێن. سێهه‌م: ئه‌گه‌ر که‌سێک له پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا له قانوون لا بدا ئه‌وا رووبه‌ڕووی لێپرسینه‌وه ده‌کرێ و سزا ده‌درێ. به‌ڵام له ئێران‌دا سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو زیانه گه‌ورانه‌ی له هه‌موو بوراه‌کانی ژیانی مرۆڤی له ئێران داوه، هێشتاش ئه‌کته‌رێکی کاریگه‌ره و زۆر رووهه‌ڵماڵاوانه بۆ جاری سێهه‌م چاوی له کورسی سه‌رکۆمارییه! پرسیاره‌که ئه‌وه‌یه که چۆنه به‌و حاڵه‌وه هێشتا چه‌ند میلیۆن ده‌نگی له کۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه؟!
گرینگ‌ترین هۆکاری ئه‌و دیارده‌یه ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵگه‌ی ئێران، کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی په‌ره‌نه‌سه‌ندووی سیاسییه. په‌ره‌نه‌سه‌ندوویی سیاسی و ئه‌وه‌ی که له ئێران‌دا حیزبی به‌هێز بوونیان نییه و سیاسه‌تی ئێران به شێوه‌یه‌کی مۆدێڕن به‌دامه‌زراوه‌یی نه‌بووه، وایکردووه که که‌سانێکی پۆپۆلیستی وه‌ک ئهحمهدینژاد خه‌ڵک چه‌واشه بکه‌ن و سه‌رنجی خه‌ڵک بۆ لای خۆیان راکێشن. دیاره لێره‌دا ناکرێ فاکته‌ری له‌خواره‌وه بوونی ئاستی تێگه‌یشتنی خه‌ڵکیش نادیده بگیرێ.
ئهحمهدینژاد له خولی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماریی ٨٤دا ٤ میلیۆن ده‌نگی هێنا، به‌ڵام له خولی دووهه‌مدا به زۆر هۆکار و یه‌ک له گرینگ‌ترینیان، پشتیوانی و رانتی بنیاته‌کانی هێز و سه‌رمایه، بوو به سه‌رکۆمار. له ساڵی ٨٨یشدا به هه‌ڵبژاردنێکی ساخته کرایه‌وه سه‌رکۆمار. له ساڵی ٩٢دا سه‌عیدی جه‌لیلی که زیاتر له هه‌موو کاندیداکانی دیکه له هێلی فکری و سیاسیی ئهحمهدینژاد نزیک بوو، ٤ میلیۆن ده‌نگی هێناوه. ئه‌مه نیشان ده‌دا که ئه‌گه‌ر ئهحمهدینژادهکان له رانتی هێز و سه‌رمایه‌ی ناو‌کی سه‌ختی حاکمییه‌ت به‌هره‌مه‌ند نه‌بن، ئه‌وا راده‌ی کاریگه‌ری و مانۆڕدانیان له کۆمه‌ڵگه داده‌به‌زێ.
ئێستا که خامنه‌یی ناچار بوو له پشت تریبوون به ئهحمهدینژاد بڵێ که خۆت کاندید مه‌که، ئهحمهدینژاد له به‌شێکی زۆری ئه‌و رانته داماڵدراوه و وه‌ک خاته‌می و ره‌فسه‌نجانی، به‌ڵام به شێوازێکی جیاواز و گونجاو له‌گه‌ڵ تایبه‌تمه‌ندیی سه‌رکێشی ئهحمهدینژاد، پێی گوترا که خه‌ونی دانیشتن له‌سه‌ر کورسی سه‌رکۆماریی بۆ جاری سێهه‌م، له مێشکی خۆی به‌رێته ده‌ر
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه