دەکرێ ئێلێمانە سەرەکییەکانی خەبات لە فۆرمی سێکوچکەیەکدا کە بریتین لە: حیزب و هێزە سیاسییەکان، خەڵکی نێوخۆی رۆژهەڵات و کوردی دیاسپۆرا کۆ بکەینەوە. خوێندنەوەی ئەزموونەکانی رابردوو پێمان دەڵێن کە ئەم سێ بەشە دەتوانن بە هەموو وردە جیاوازییە فکرییەکانیان (بە هۆی ژینگەی سیاسییانەوە) لەسەر هاوکێشە سیاسییەکانی نێوخۆ شوێندانەر بن. هەرکاتێ ئەم سێکوچکەیە هاوئاهەنگ بوون، شوێندانەریی ئەم یەکڕیزییەمان بەکردەوە لە نێوخۆی رۆژهەڵات بینیوە و ناهاوئاهەنگی پاژەکانی ئەم سێکوچکەیە لەگەڵ یەکتر، بۆتە هۆکاری تەریککەوتنەوەی بزووتنەوەی نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
بۆیە پێویستە بە خەسارناسییەکی زانستی و واقعبینانە و بەدوور لە کەشوهەوایەکی ئیحساسی، هۆکار و بەربەستەکانی ئەم تەریککەوتن و ناهاوئاهەنگییە -هەرچەند زۆر زۆر بە کورتی – کە دواجار دەبنە بەربەستی خەباتێکی هەمەلایهنە، دەسنیشان بکەین:
ـ بوونی کەلێنەکان:
ئەوەی راستی بێ لە نێو ئەم سێکوچکەیەدا هەندێ جار بۆ هەندێ بابەت، کەلێنێکی مەعریفەیی و ئانتۆلۆژیک بەدی دەکرێ. “شێوەڕوانین”یان جیاوازە (دەڵێم جیاواز نەک دژبەیەک) و رەنگە ئەمە مەترسییەکی گەورە بێ بۆ سەر دۆخی سیاسی و کۆمەلایەتی. کەوابوو بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی نێوخۆ و دەرەوە پێویستە رەخنەیەکی نێوگوتاری ساز بێ، خەسارناسی بکرێ، خاڵە هاوبەش و جیاوازەکان دەسنیشان بکرێن و دواجار لە دۆخی هاوتەریبی بێنەدەر و لە پنتێکڕا یەکبگرنەوە و ئەم پنتە ببێتە سەرەتای خاڵگۆڕانێک بۆ پڕکردنەوەی کەلێنەکان.
ـ نەقۆستنەوەی هەلەکان:
لە مێژووی خەباتی گەلانی دنیادا لەباری زەمانییەوە، شتێک هەیە کە وەک پنتی خاڵگۆڕانی نەتەوەکان سەیر دەکرێ. واتە لە کاتێکی تایبەتدا بە هۆی رووداوێکی تایبەت گۆڕان و تەنانەت وەرچەرخانێک ساز دەبێ کە دواجار پاش هەموو ململانییەک دەبێتە هۆی ئەوەی کە رەوڕەوەی خەبات بکەوێتەوە سەر رەوتی خۆی و بە شێوەیەکی دینامیکی درێژە بە چالاکییەکانی بدا، ئەمە واتە کەوتنەسەر رێلی راستەڕێی خەبات، تەنانەت ئەگەر لە کورتماوەشدا سەرجەم ویست و داخوازییەکانی خەبات دەستەبەر نەبێ، هەر ئەوەندە کە شۆکەکە وە بەژنی جووڵانەوە کەوتووە دەسکەوتێکی گرینگە! بەڵام گرینگ ئەوەیە یاریکەرەکانی بزووتنەوە واتە سێکوچکەی خەبات هەلەکە بقۆزنەوە. لە کۆمەڵناسی سیاسیدا هەندێ جار پێشهاتە و ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن کە بارودۆخی سیاسی وڵاتێک دەگۆڕن. بۆ بەدیهاتنی ئەم ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتییە چەشنێ کاتالیزۆر پێویستە کە ببێتە هۆی هەڵایسانی ئاڵوگۆڕەکە، دەکرێ جەولە و جموجۆڵی هێزی پێشمەرگە لەنێوخۆ یان بۆنە جۆربەجۆرەکان یەکێک بن لەم کاتالیزۆرانە.
ـ نەبوونی گوتارێکی هاوبەش
گەلی کورد لە رۆژهەڵات هەر لە نێوەڕاستی حەفتاكانەوە كە قرمەی چەكی هێزی پێشمەرگە وەستاوە، تووشی چەشنێک ناچالاکی بووە. كە دەڵێم وەستانی قرمەی چەك مەبەستم تەنیا خەباتی چەكداری نییە، بەڵكوو ئاماژەم بە نەبوونی گوتارێكە كە لە كۆتایی پەنجاكان تا نێوەڕاستی حەفتاكان گوتاری زاڵ بوو بەسەر كۆمەڵگهدا، گوتارێك كە تەنانەت تەواوی رەهەندەكانی ژیانی تاكەكەسی و کۆمەڵایەتیشی تەنیبۆوە. گوتاری بزووتنەوەی نەتەوەیی، گوتارێك كە گرێدراوی “حزوور” بوو! حزوور بە واتای “بوون” بە مانای بوونی پێشمەرگەی کوردستان! واتە “حزوور”ی پێشمەرگەی كوردستان لە پانتایی جوگرافیای رۆژهەڵاتدا پاڵپشتی ئەم گوتارە بوو و پێشمەرگەش هێمای فیزیكی بوونی نەتەوە بوو. ماوەی نیزیک بە بیست ساڵە کە پێشمەرگەی كوردستان تەقەی لە چەکی نەهاتووە[هێرشی نهکردۆته سهر بنکه و مۆڵگهکانی رێژیم]، بە زۆر هۆکار کە باس لە هۆکارەکانی مەجالی تایبەت بە خۆی دەوێ، دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانش سەرەکیترین ئیستراتێژی بۆ بەرگری لە خەباتی گەلی کورد ئەوە بووە کە بەردەوام کەلێنێک، دابڕانێک لە نێوان شار(خەڵک) و شاخ(پێشمەرگە) ساز بکا بە هەر شێوەیەک و لەسەر بنەمای ئەم ئیستراتێژییەش تاکتیکی جۆراوجۆریشی رەچاو کردووە و دواجار ئەم دابڕانە بۆتە هۆی ئەوە کە بوون و حزووری شاخ لە نێو شاردا بگاتە نزمترین ئاستی خۆی، بۆیە لە هەر شوێنێ هەر کاتێک هەست بەمە بکا کە ئەوا خەریکە چەکەرەی حزوورێک سەرهەڵدەدا بێسێودوو دەیقرتێنێ.
گوتاری هاوبەش مانای ئەوە نییە کە ئەم هێز و لایەنانەی تووشی لەتبوون هاتوون یەکبگرنەوە، مانای ئەوە نییە رەخنەیان سەبارەت بە سیاسەتەکانی یەکدی نەبێ، لە هەمبەر یەکدی نەوی بکێشن یان لەگەڵ نێوخۆ هیچ جیاوازییەکیان نەبێ…نا… لە راستیدا ئاراستەی ئەم گوتارە هاوبەشە دەبێ بگۆڕدرێ و رووی قسەی لە “ئەویتر” بێ… رووی لە دەسەڵات بێ… ئەم گوتارە دەبێ لە سەر چەمکگەلی هاوبەشی سێکوچکە خۆی ساغکاتەوە و بتوانێ قورسایی و بارستایی ئەم بزووتنەوەیە بەرز کاتەوە.
ـ بەدەستەوەنەگرتنی فەزای سۆشیال مێدیا
کۆنتڕۆڵی رەوانی ئەم فەزایە، وەک چوارچێوەیەکی ئازاد زۆر گرینگ و کاریگەرە. لە راستیدا دەکرێ قایل بە سێ فەزای تایبەت بین: فەزای نێوخۆی رۆژهەڵات، فەزای دەرەوەی وڵات(حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و کوردانی تاراوگەنشین) و فەزای مەجازی. دۆخی ئەم سێ فەزایە بەگشتی لێکتر جیاوازە، رەنگە گەورەترین جیاوازییەکەش ئەوە بێ کە بزووتنەوەی مەدەنی لە نێوخۆ بێسەرە و رەهەندە رێکخراوەییەکانی لاوازە، بۆ وێنە ئەو جووڵانەی لە نێوخۆ ساز دەبن بەردەوامیان پێوە دیار نییە و لەسەر یەک کەڵەکە نابن، ئەم رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی نێوخۆ وەک کارگ هەڵدەتۆقن بۆ ماوەیەکی کورت و سەرلەنوێ دادەمرکێنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ، لە لایەکی دیکه فەزای دەرەوە تا رادەیەک لە باری بوونی پلانێکی ئیستراتێژیک و رەهەندی فکری لاوازن. بەڵام وەک خاڵی ئیجابی دەرەوە خاوەنی سیستمێکی رێکخراوەیی بەئەزموونە و نێوخۆش پتانسییەلێکی باشی لەباری رەهەندی فکرییەوە هەیە، پەیوەندی راستەوخۆی ئەم دوو لایەنە بە هۆی دۆخی دیکتاتۆری لە ئێران پێک نایه، هەر بۆیە فەزای سێهەم واتە فەزای مەجازی و سۆشیال مێدیا کە نوێنەرانی هەردوو لای تێدایە دەتوانێ ببێتە ئاڵقەیەکی بەهێزی پەیوەندی نێوانیان، شوێنێک کە هەموو لایەک لێکتر گرێ دەدا، هەر بۆیە ئەرکی بژاردەکانی کۆمەڵگه ئەوەیە کە لە رێی ئەم فەزایە حەولی پڕکردنەوەی کەلێنەکان بدا.
ـ کەلکوەرگرتن لە وزەی میدیاکانی جیهانی
یەکێک لە بەهێزترین و کاریگەرترین میکانیزمەکان بۆ بە ئامانج گەیشتنی دۆزی کورد، بەجیهانیکردنی ئەم پرسەیە. ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لە باشوور و رۆژئاوا و باکوور نیشانیان داوە کە کورد بۆ ئەوەی بگاتە مەبەست پێویستە بەردەوام پرسەکەی لە نێو رێکخراوە جیددی و نێونەتەوەییەکان، هەروەها میدیاکانی جیهاندا لە برەودا بێ تا بتوانێ بۆ هەنووکە و دواڕۆژ پاڵپشت و پشتیوان بۆخۆی مسۆگەر بکا.
دیارە بوونی میدیای جیددی خۆجێیی، داڕشتنی پلان و ستراتیژی بە بەراوردی دەسکەوت و دەرکەوت، لۆجێستیک و پشتیوانی ماددی و… ئەمانەش بۆ خەبات پێوستن، بەڵام تا ئەم خاڵانەی لە سەرەوە ئاماژەم پێکردن وەک لایەنی نەرمئامێری رەچاو نەکرێن و ئەم سێکوچکەیە نەبێتە ئەمری واقیع و هەمووان لە ژێر کەپرێکی هاوبەشدا نەبن، دۆخی خەبات لە رۆژهەڵات ناتوانێ لەم قەتیسماوییە دەربازبێ!
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه