بەرلە روودانی کوودتاکەی مانگی ژووئیە/ پووشپەڕی ئەمساڵی تورکیە، نێوانی حکوومەتی ئاکهپە لە لایهک دەگەڵ ئەمریکا بە هۆکاری سەرەڕۆیی و سەربزێویه سیاسییەکانی ئەردۆغان لە ناوچەدا و هەم دەگەڵ ئورووپا بە هۆی هەناردنی سێڵاوی پەنابەران بۆ ئەو قارەیە بەرەو ساردیهکی زۆر چووبوو. کەمێک پێش روودانی کوودتاکە پارلمانی ئاڵمان لە هەڵوێستێکی مێژووییدا قەتلوعامی ١٩١٤ی ئەرمەنییەکانی وەک ژێنوساید لەقەڵەم دا. ئەوەش پێوەندی ئاڵمان وەک دڵی ئورووپای دەگەڵ تورکیە گەیاندە جێگاێک کە کاتێک هەیئەتێکی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمان ویستی سەردانی پێرسۆنێلی وڵاتەکەی لە ئینجرلیک بکا، لە لایەن تورکیهوە رێگای پێ نەدرا.
کاتێک کوودتاکە رووی دا رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی یەکدابەدوو نەهاتنە سەرخەت بەو جورەی تورکیه دەیهەویست، لێیگەڕان کە کێشەکە بە لایهکدا بکەوێ و پاشان هەڵوێستی خۆیان دەربڕی. ئەوەش بە روونی نیشانی دا کە ئەگەر رۆژئاوا بۆخۆی لە پشتی کوودتاکە نەبووبێ لانێکەم لەدژی نەبووە. کێشە و ناکۆکییەکانی پێشوو دەگەڵ رۆژئاوا و شێوازی هەڵوێست گرتنیان لەسەر کوودتاکە بوو بە هۆی ئەوهیکە داشی سیاسیی تورکیه بهرامبەر بە رۆژئاوا بەگشتی و ئەمریکا بەتایبەتی سواربێ. ئەوە بوو کە ئەردۆغان لە وەرچەرخانێکدا دەراوی خۆی و حکوومەتەکەی بهرامبەر بە رووسیە پاکردەوە و، بە ئەمریکای نیشان دا کە ئامادەگی مامەڵەی دەگەڵ رووسەکان لەسەر کەیسی سوریه ههیه.
ئەو وەزعە ئەمریکای ناچار کرد بۆ ئەوەی تورکیه لە باوەشی رووسیە نەکەوێ و پارسەنگی هێز لە سوریەدا ئەوەندەی دیکە بە سوودی رووسیە و ئەسەد نەشکێتەوە، مل بۆ داواکاری چەند ساڵی رابردووی تورکیه سەبارەت بە لەشکرکێشی بۆ نێو خاکی سوریه و گرتنی جرابلۆس راکێشێ. تورکیه بەو کارەی دوو ئامانجی سەرەکی پێکا، یەکەم بە حزووری خۆی لەسەر سنوورەکانی کوردستان، رێگای لکاندنی کانتۆنی عەفرین بە کۆبانی ئاستەنگ دەکات و لەو رێگایەوە پێش بە سازبوونی یهکهیهکی جۆغرافیی کورد لە رۆژئاوا دەگرێ. دووهەم ئامانجی ئەویە کە رۆڵ و دەوری یەپەگە لە هەوڵبەندی نیزامیی ئەمریکادا لاواز بکا و ئەگەر بکرێ پێگهی هەتا ئێستای لێ وەرگرێتەوە و خۆی ببێتە بەدیلی نیزامی و ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە.
دیاریکردنی جەمسەربەندییەکان لە سوریەدا لە لایهک بەو هەمووە ئەکتەرە ناوچەیی و جیهانییەوە دژوارە و لە لایهکی دیکەوە دژوارتر لەوەش ئەویە کە جەمسەری باڵادەست بە سەرنجدان بە بەربڵاویی رووبەری شەڕ دەستنیشان بکرێ. ئەگەر هەموو لایەنەکانی ورد و درشتی شەڕ لە خوارێڕا هەتا سەرێ، لە ئیسلامێ توندئاژۆڕا هەتا ئیسلامی میانەڕەو و هێزە عیلمانییەکان، کە هەرکامەیان راستەوخۆ و ناراستەخۆ بە جۆرێک بێ ئەوەی بیانهەوێ لە هەوڵبەندییهک دان، کۆکەینەوە و هەڵیاننهوێرین، دەکرێ لە دوو جەمسەری گەورەتری رووسیە و ئەمریکادا کۆیان بکەینەوە. بێ لهبهرچاوگرتنی ئهوهیکه قهیرانی سوریه بە چ ئاقارێکی دیکەدا لە داهاتوودا تێدەپەرێ، لە حاڵی حازردا ئەوەی شقڵ لە رەوتی رووداوەکانی سوریه دەدا، سێکوچکەی رووسیە، ئێران و رێژیمی ئەسەدن.
ئەو سێکوچکەیە هەم لە رووی ئامانجە درێژخایەنەکانەوە و هەم لە رووی تاکتیکی سەربازییەوە یەکانگیر و یەکپارچەن و لە مەیدانی کردەوەدا وەک یەک دەجووڵێنەوە. میحوەری ئەمریکا کە لە کوردەکان، تورکیه و هێزەکانی ئۆپۆزیسیونی سوریە پێکدێ، هەم لە رووی ئامانجە سیاسی و ئەجێنداکانەوە لێک دوورن و هەم لە رووی ئامانجە سەربازییەکانەوە ناتەبان. ئەمریکا نە دەتوانێ بە تەواوی لەسەر کوردەکان و نە لەسەر تورکیه و نە لەسەر هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن – بەسەرنجدان بە تێوەگڵانی ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە بناژۆیی ئیسلامی – حیسابێکی دوور و درێژ بکاتەوە. تورکیە و رۆژئاوا هەرچەند بەرواڵەت لە جەمسەری ئەمریکا دان بەڵام لە رووی بەرژەوەندی و ئەجێنداوە نەک هەر لێک دوورن تەنانەت دژی یەکتریشن. هێزە ئاماڵدێموکراتیکەکانی سوریەش بە هۆی پشتیوانی نەکردنیانەوە لە رابروودا لە لایەن ئەمریکاوە و سەرکوتی توندی رێژیمی ئەسەد، ریزهکانیان تووشی گۆڕانکاریی ئیدئۆلۆژیکی بە سوودی بناژۆی ئیسلامی بوون، بە جورێک کە نە دەتوانن بەسەر ریزەکانی خۆیاندا زاڵ بن و نە بۆیان دەکرێ ریزی خۆیان لە باقی لایەنە توندڕەوەکانی ئیسلامی جیابکەنەوە. رووسەکان هەر لەو کاتەدا کە لەسەر مێزی وتووێژ بۆ کۆتایی پێهێنان بە شەڕ دەگەڵ ئەمریکا دادەنیشن، ئەفسەران و سەربازانی رێژیمی ئەسەد قاوغی تفەنگ و تۆپ و تەیارەکانیان پڕ دەکەن لە تەقەمەنی و نەخشەی شوێنی داهاتووی شەڕ دەرێژن. فێلێک کە رووسەکان لە رەوتی قەیرانی ئۆکراینیشدا بەردەوام کەڵکیان لێ وەرگرتوە. ئەوانە هەمووی بۆتە هۆی ئەویکە لە مەیدانی کردەوەدا سێکوچکەی رووس، کۆماری ئیسلامی و ئەسەد ئیپتیکاری سەربازی و سیاسی لە سوریەدا بەدەستەوە بگرن.
تێوەگڵانی ریزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سوریە لە بناژۆیی ئیسلامی و نیزیکی ئەو هێزانە دەگەڵ بەرەی نوسرە و ئەڵقاعیدە، لەسەر مێزی وتووێژی رووسیە و ئەمریکاشدا گرفتی جیدی پێکهێناوە. لە حالێکدا ئەمریکا داوا لە رووسیە دەکات کە رێژیمی ئەسەد لەژێر گوشار بنێ کە ئۆپۆزیسیۆنی ئاماڵدێموکراتیکی سوریە بۆمباران نەکات، رووسیەش مەرجی بۆ ئەمریکا ئەوهیە کە دەبێ ئەو هێزانە سەفی خۆیان لە باقی هێزە توندئاژۆکان جیا کەنەوە. داوایهک کە لە لایهک لە لایەن ئەمریکاوە بەدیهاتنی دژوارە و هەم بۆتە بەهانەیهک بەدەست رووسیە و ئەسەدەوە کە شەڕەکە دژی دژبەران بەبێ جیاوازی درێژە پێبدەن.
پێشبینی ئەوەکە قهیرانی سوریە چەند ساڵی دیکە دەکێشێ و بە چ ئاقارێکی دیکەدا تێدەپەڕێ کارێکی دژوارە و لەوەش دژوارتر ئەوهیە کە بزانین مەسەلەی کوردی رۆژئاوا کە ئێستا ناوچهیهکی خۆبەڕێوەبەری هەیە، لەو دوو جەمسەربەدندییە بنەڕەتییهدا چ حیسابێکی بۆ دەکرێ؟ دەگەڵ ئەوەی خەباتی کوردی رۆژئاوا لەدژی داعش و باقی هێزە توندئاژۆ ئیسلامییەکان، پێگهیهکی باشی سیاسی پێداون، بەڵام دژایەتی سێ دەوڵەتی تورکیە، ئێران و سوریه کە هەرسێکیشیان بە دوو جەمسەری ئەسڵی بڕیاربەدەست واتا رووسیە و ئەمریکاوە وەسڵن _ ئەگەر دژایەتی ئۆپۆزیسیۆنی سوریەشی بخەینە سەر – دەگەینە ئەو ئاکامە کە داهاتوو و چارەنووسی رۆژئاوا لەژێر تەمومژ دایە.
سیناریۆی یەکەم ئەویە کە بەرەی رووسیە لە داهاتووی سوریەدا باڵادەست بێ. لە حالەتێکی ئەوتۆدا رووسیە ناچارە کە بەرژەوەندیی دوو شەریکە ئەسڵییەکەی واتا ئێران و رێژیمی ئەسەد سەبارەت بە مەسەلەی کورد لەو وڵاتە وەبەرچاو بگرێ. سیناریۆی دووهەم ئەویە کە بەرەی ئەمریکا باڵادەست بێ، هەم دیسان ناتوانێ بەرژەوەندیی تورکیە و ئۆپۆزیسیۆنی سوریە سەبارەت بە مافەکانی کورد لە سوریە نادیدە بگرێ. سیناریۆی سێهەم ئەویە کە دوو جەمسەرە ئەسڵییهکەی شەڕ واتا ئەمریکا و رووس لەسەر داهاتووی سوریە رێکبکەون، کە لە حاڵەتێکی ئەوتۆشدا سەبارەت بە مافەکانی کورد شتێک ناگۆرێ بەڵکوو لەوانەیە دوورەدیمەنەکە خەراپتریش بێ. بەو مانایە لای تەرازووی دژەکورد و مافەکانی بە کەوتنەسەریەکی دژبەرانی کورد قورستر دەبێ. تەنیا دەمێنێتەوە سیناریۆی درێژەی شەڕی نێوخۆیی و نەبوونی ئیستقرار. لە حالەتێکی ئەوتۆدا بە هۆی ئەویکە کوردەکان لەسەر ئەرزی واقیح هێزیکی تۆکمە و کاریگەرن، پێویستە خۆیان بە جۆرێک رێک بخەن کە لە رووی سیستمی پلۆرالیستییەوە بۆ ئیدارەی خۆیان وێنهیهکی باش پێشانی جیهانیان بدەن و بەجۆرێک دیکۆراسیۆنی سیاسییەکەیان دەستکاری بکەن کە خۆیان لە بازنەی ئەمنییەتی ناوچەیی دەربهێنن و دەرگاکانی دیپلۆماسی جیهانی بەسەر خۆیاندا بکەنەوە.
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه