شەڕ و بۆمبارانی خەڵکی ئاسایی و کاولکاری لە سوریه و بەتایبەت لە گەورەترین شاری ئەو وڵاتە، شاری حەڵەب بەردەوامە و تەنیا لە ماوەی ١٠ رۆژی رابردوودا بەهۆی بۆمبارانی فرۆکە جەنگییەکانی رووسیە و تۆپ و مووشەک بارانی هێزەکانی سوریه، زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژراو و ١٧٠٠ کەسیش بریندار بوون. ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی زۆر بە توندی رەخنەیان لە هێرشەکانی سەر رۆژهەڵاتی ئەو شارە گرتوە و رووسیە و سوریهیان بە کۆمەڵکوژی و جینایەتی دژ بە مرۆڤایەتی تاوانبار کردوە. لەو بەینەدا تەنیا نەخۆشخانەی گەورەی ئەو بەشە لە شار کە هەتا چەند رۆژ لەمەوبەر چالاک بوو، لە هێرشی بۆمبە بۆشکەیی و هێشووییەکانی فرۆکەکانی “ئەسەدــ پۆتین” لە ئەماندا نەماو بۆردومان کرا و پەکی کەوت. بەپێی هەموو کۆنوانسیۆن و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، نەخوشخانەکان دەبێ لە هێرش و پەلاماری جەنگی پارێزراو بن؛ بەڵام وادیارە لە شەڕی سوریهدا هیچ شوێن و جێگایەک، تەنانەت نەخۆشخانە و پەناگەی ژن و منداڵەکانیشلە هێرشی فرۆکەکان پارێزراو نین.
پینج ساڵ پاش سەرهەڵدانی شەڕی خوێناوی سوریه ، ئەو قەیرانە ئێستا وەک کەڵافێکی ئاڵۆز وگرێکوێرەیەکی لێهاتووە کە چارەسەرییەکەی هەتا دێ ئەستەمتر دەبێ. رەنگە ئەگەر لە پاش “بەهاری عەڕەبی” بەشار ئەسەد کە سەر بە کەمینەی عەلەوییەکانە لەگەڵ حیزبەکەی وازیان لە دەسەڵات هێنابایە، یان بە شێوەیەکی هێمنانە لەگەڵ نارازییەکان هەڵسووکەوتیان کردبایە، نەک هەر ئەو وڵاتە تووشی ئەو شەڕ و کوشتار و کاولکارییە نەدەبوو، بەلکوو ئەگەری ئەوەش هەبوو خەڵک چاوپۆشیان لە کردەوە قیزهونەکانی بەشار و حافز ئەسەدی بابی لە ماوەی دەسەڵاتدارییاندا کردبایە و سوریه بە ئاقارێکی دیکەدا ڕۆیشتبا.
تەنانەت لە ساڵی ٢٠١٣ش کە هێزەکانی بەشار ئەسەد زۆر بێبەزەیانە شارۆچکەی”غووتە”یان لە نیزیک دەمێشق بۆمبارانی شیمیایی کرد و بە هەزاران کەسیان لە خەڵکی بێتاوانیان کوشت، باشترین هەل بۆ ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی رەخسا، بە کەمترین تێچووی سیاسیی و نیزامییەوە، بەشار لەسەر کار لادەن و رێژیمێک بێننە سەر کار کە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی کردبا. ئەو کات، واتە سێ ساڵ لەمەوبەر، لە لایەک داعش و دەستە و تاقمە تێرۆڕیستییە ئیسلامییە تەکفیرییەکان جێگە و پێگەیەکی ئەوتۆیان لە سوریهدا نەبوو و لە لایەکی دیکەش رووسەکان بەکردەوە نەهاتبوونە نێو قەیرانەکە و لەڕاستیدا رێژیمی بەشار ئەسەد تەنیا لە لایەن کۆماری ئیسلامی و تاقمی حیزبوڵلای لوبنانەوە پشتیوانی بەکردەوەی لێدەکرا. بەڵام ئیستراتێژی ناڕوون وهەڵوێستی پاسیڤی ئەوکاتی ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی لە بەرانبەر ئەو قەیرانەدا، ئەو هەلەی بۆ ئەسەد رەخساند هەتا بە هاوکاری هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی و دواتر رووسەکان جێ پێی خۆی پتەوتر بکات.
جگە لە کوژران و بریندار بوونی سەدان هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە و ماڵوێرانی و ئاوارە بوونی میلیۆنان کەسی دیکە کە بۆتە قەیرانێکی مرۆیی و دراوسێکانی سوریه و وڵاتانی ئورووپایی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەو وڵاتە ئێستا بۆتە مەیدانی تەراتێنی زلهێزە ناوچەیی و جیهانییەکان. لە ئاستی ناوچەییدا کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتی تورکیە، دوو یاریکەری سەرەکین کە حزووری بەکردەوەیان لەو شەڕ و قەیرانەدا هەیە و هەرکام لەو دوو حکوومەتە، سیاسەت و ئیستراتێژی و ئامانجی تایبەت بە خۆیان جێبەجێ بکەن.
کۆماری ئیسلامی خوازیاری مانەوەی بەشار ئەسەد لەسەر دەسەڵاتە و لەو پێناوەشدا جگە لە هاوکاریی ماددی و ناردنی چەک و چۆڵی پێشکەوتوو، بە هەزاران بسیج و پاسدار سپا و شیعەی پاکستانی و ئەفغانی رەوانەی ئەو وڵاتە کردوە و شانبەشانی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە بەرەکانی شەڕدان. بەرپرسە نیزامییەکانی رێژیم بە راشکاوی رایگەیاندوە کە “پەرێزی ئەمنییەتی” کۆماری ئیسلامی لە لوبنان و سوریهرا دەسپێدەکات و بە هەموو هێزەوە پشتیوانی لە مانەوەی بەشارئەسەد لە دەسەڵاتدا دەکەن.
دەوڵەتی تورکیەش کە هەر لە سەرەتای سەرهەڵدانی قەیرانی سوریهوە، بەدژی بەشار ئەسەد هەڵوێستی گرتوە، وێرای هاوکاری و پشتیوانی لە نەیارانی ئەو رێژیمە و پڕ چەککردنی بەناو ئەرتەشی ئازادی سوریه و دەستە و تاقمە ئیسلامییەکان، بەتەمایە پشتێنەیەکی ئەمنییەتی لە خاکی سوریهدا دامەزرێنی. وادیارە تورکیە بەنیازە هەتا کێشەی سوریه بە لایەکدا نەکەوێ، پاشەکشە بە هێزەکانی لەو وڵاتەدا نهکات. دیارە بوونی ئەو هێزانە لە سوریه هەرچەند تێچووی ئابووری و نیزامی زۆری بۆ تورکیە بەدواوە دەبێ، بەڵام گرینگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئیستراتێژی سیاسی ئەو وڵاتە لە سوریه و بەگشتی لە ناوچەکەدا.
راستە تورکیە و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کێشە و شەڕی سوریهدا لە دوو بەرەی جیاوازدان و هەر یەک لەوان سیاسەت و ئیستراتێژی خۆیان هەیە، بەڵام هەر دوو رژیم لەسەر رۆژئاوای کوردستان و دژایەتی و بەربەرەکانی لەگەڵ هەر چەشنە قەوارەیەکی کوردی لە هەر کام لە شێوەکانی(ئۆتۆنۆمی، فێدێڕاڵی و سەربەخۆیی) هاودەنگ و هاوڕان و ئامادەن لەسەر ئەو خاڵە هاوبەشە، تەنازول بۆ یەکتر لە سەرهەموو ناکۆکییەکانیان بکەن.
لە پێوەندی لەگەڵ زلهێزە جیهانییەکانیشدا جێی ئاماژەیە یەک ساڵ پاش دەستێوەردانی راستەوخۆی رووسەکان لە شەڕی سوریهدا و لێدان و بۆردومانی نەیارانی ئەسەد و ئەو ڕۆڵە سەرەکییە لە گۆڕینی هاوسەنگی هاوکێشەکەدا هەیانبوە، زیاتر لە هەموو کاتێک رووخانی ئەو رێژیمەی بۆ ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی ئەستەم و دژوار کردۆتەوە. هەر لەو ماوەیەدا شەڕە قسە و گرژیی و ئاڵۆزییەکی بێوێنە لە نێوان ئهمریکا هاوپەیمانەکانی لەگەڵ رووسیە لە پێوەندی لەگەڵ هێرش و بۆمبارانی سەر شاری حەڵەب هاتۆتە ئاراوە، بە چەشنێک لە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسەکان، مارییا ساخارۆڤا رایگەیاند، هێرشی لەمچەشنە(هێرشی ئامریکاو هاوپەیمانەکانی)رەنگە ئاڵوگۆڕی بنەرەتیی مەترسیدار، نەک هەر لە سوریه بەڵکوو لە تەواوی ناوچەکەدا پێک بێنێ. لەو پێوەندییەدا رووسەکان رێککەوتنی دابەزاندن و کەم کردنەوەی پلۆتۆنییۆمی زەخیرەکراویان کە لە ساڵی ٢٠٠٠دا لەگەڵ ئهمریکا مۆر کردبوو، هەڵپەسێراو راگەیاند. هەڵپەساردنی ئەو رێککەوتنە ئیستراتێژیکە، دەتوانی گرێکی دیکەی کیبەرکێی ناوەکی لێبکەوێتەوە.
ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی باش لەو راستییە گەیشتوون، بە هاتنە کایەی بەهێزی رووسەکان لەژێر ناوی شەڕ لەگەڵ داعەش و تێرۆڕیزم و لە راستیدا شەر بۆ پاراستنی رێژیمی بەشارئەسەد وەک دواپێگەی ئەو زلهێزە لە دەریای ناوەڕاستدا، ئیدی ئەوان ئەو دەرفەت و دەرەتانەیان نەماوە کە بە زەبری هێز، راستەوخۆ بۆخۆیان رێژیمی سەرەڕۆی بەشار لەسەرکار لادەن. چونکە دەزانن لە ئەگەری بەکردەوە کردنی وەها سناریۆیەک و لێکەوتنەوەی هەر چەشنە رووبەڕوو بوونەوەیەکی سەربازیدا، بڵێسەی ئاگری شەڕی سوریه دەتوانی بە هەموو لایەکدا تەشەنە بستێنێ و “شەڕە قسە” بکاتە “شەڕی گەرم” و ئەمنییەت و ئاشتی و ئاسایشی جیهان تووشی مەترسییەکی قەرەبوونەکراوە بکات.
بەوحاڵەش هەروەک پێشتر باسکرا و دیارە، رەوتی شەڕ و رووداوەکان وهاوسەنگی هێزەکان لە دوای دەستێوەردانی رووسەکان لە قەیرانی سوریهدا بەلای بەرەی رووس و ئێران و سوریهدا شکاوەتەوە. ئەسەد کە هەتا ساڵێک لەمەوبەر، سەرەڕای پشتیوانی هەمەلایەنەی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن نەیارانییەوە تەنگی پێهەڵچندرابوو، ئێستا لە بەرەکانی شەڕدا باڵادەستە و بەتایبەت لە شاری حەڵەب کە دەسبەسەرداگرتنی بۆ هەموو لایەنەکانی شەڕ زۆر گرینگە، لە پێشڕوەیدایە. ئەو راستییە بۆ ئهمریکا و هاوپەیمانەکانی، بە تورکەکانیشەوە کە هەزینەیەکی زۆریان بۆ سازکردن ورێکخستنی دەستە و تاقمە میلیشیا ئیسلامییەکانی وەک ئەحرار شامی و سوپای سوڵتان موراد و…سەرف کردوە، زۆر ناخۆشە؛ بەڵام لەو قەیرانەدا ئەوان، بەتایبەت ئهمریکا وەک وڵاتێک کە خۆی بە پارێزەری سەرەکی ئاسایش و ئەمنییەتی جیهان دەزانێ ناچارن، باجی سیاسەتی هەڵەی خۆیان لە سێ ساڵ لەمەوبەر لە سوریهدا بدەن و لەگەڵ رووسەکان هەرچۆنێک بێ بە ریگا چارەیەکی هاوبەش ئەگەر بکرێ، بە تێچووی کەمتر بگەن.
دیارە هەرچۆنێک بێ دەبێ زلهێزەکان پێش بەو کوشتار و کاولکارییە بگرن کە هەرئێستا لەو وڵاتە لێکترازاو هەڵتەکاوەدا بەرێوەدەچی. ئەو کارەساتە مرۆییەی کە خەریکە تەنانەت زلهێزەکانیش بەگژ یەکدا دەدا، سەلمێنەری ئەو راستییەشە کە ریشەی ناکۆکی و ناتەبایی لە سوریه و لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگەرێتەوە بۆ ستەم و سیستیمی کۆلۆنیاڵی پیش شەڕی یەکەمی جیهانی و شێوەی دابەشکرانی ئەو وڵاتانە لە دوای ئەو شەڕە و دامەزراندنی بێسەرەوبەرەی چەند دەوڵەتێکی دەسکرد کە هیچ بنەمایەکی نەتەوەیی و ئایینی تێیدا رەچاو نەکراوە. هەر بۆیەشە هەتا نەتەوە ژێردەستەکان و پەیڕەوانی دین و مەزهەبە جیاوازەکان، بە ماف و ئازادییەکانیان نەگەن؛ هەتا رێژیمە سەرەڕۆ و دیکتاتۆڕەکان دەرەتانی دەستێوەردان و ئاژاوە نانەوەیان لە بەرتەسک نەکرێتەوە و هەوسار نەکرێن و هەتا بەیەکەوە ژیانی ئاشتییانە و بەدوور بوون لە دەمارگرژیی و نەفرەتی نەتەوەیی و ئایینی، لە دڵی کۆمەڵانی خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا چەکەرە نەکات؛ ئەگەری زۆری هەیە قەیران و رووداوە تاڵەکانی سوریه، لە وڵاتانی دیکەی باکووری ئهفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دووپات بێتەوە.
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه