بۆ به‌چۆک داهێنانی پێشمه‌رگه، سوپای نه‌یار په‌نای برده به‌ر سێ هێزی: “ترس” و “خه‌و” و “برسییه‌تی”. سێکوچکه‌ی پاڵپشتی نه‌یار که ئاوازه‌ی خۆڕاگریی پێشمه‌رگه‌یان بیستبوو، له‌و هه‌ڵمه‌ته‌دا بڕیاری یه‌کگرتنیان دا. “ترس” که لەمێژ بوو هێزی خۆی له‌سه‌ر سوپای دژ تاقی کردبۆوه، به زه‌رده خه‌نده‌یه‌که‌وه قه‌ولی دا وا به‌دڵ و ده‌روونی هێزی پێشمه‌رگه‌دا بچێته خوار که کڵۆلێ بکا و هه‌ر له یه‌که‌م په‌لاماردا په‌کی بخا. “خه‌و” به تێڕادیوی له قودره‌ت و هه‌یبه‌تی خۆی مه‌سه‌له‌که‌ی زۆر به سووکی گرت و گوتی: هیچ نیه، مادام منتان ده‌گه‌ڵم خه‌می هیچ مه‌خۆن. شه‌رته دانه به دانه‌ی پێشمه‌رگه له دنیای وشیاری بتارێنم و بیانخه‌مه نێو گێژاوی بێخهبهرییهوه. “برسییه‌تی” به‌ڵام له هه‌ر دووکیان تێڕادیوتر و له خۆباییتر قسه‌ی کرد و وای نیشان دا که هێزی ئه‌و به ته‌نیا بۆ په‌کخستنی توانای پێشمه‌رگه به‌سه. هێزی دژ، دڵخۆش له پاڵپشتیی ئه‌و سێ دیارده چاره‌نووسسازه‌ی مه‌یدانی شه‌ڕ خۆی رێک خست و هه‌وای سڕینه‌وه‌ی ناوی پێشمه‌رگه‌ی که‌وته سه‌ری. ته‌پڵی شه‌ڕ لێدرا و ده‌نگی شه‌یپووری وهڕێکهوتوانی مه‌یدانی مه‌رگ و ژیان گوێی ئاسمانی که‌ڕ کرد. کاتێک هێزی په‌لامارده‌ر به پاڵپشتیی سێکوچکه‌ی نه‌گبه‌تی خۆی گه‌یانده مه‌یدانی خۆ تاقی کردنه‌وه و بانگی شه‌ڕی دا، خۆی له به‌رانبه‌ر کێوی “وره” و “ئیمان” و ئازایه‌تی”ی پێشمه‌رگه‌دا دیته‌وه. به دیتنی ئه‌و سێ شاسواره‌ی مه‌یدانی شه‌ڕ، سێکوچکه‌ی پشتیوانی نه‌یار سه‌ریان داخست و پاشه‌وپاش گه‌ڕانه‌وه. به گه‌ڕانه‌وه‌ی ئه‌وان، سوپای هێرشبه‌ریش خۆی نه‌گرت و سه‌ری بۆ ئیمان و وره و ئازایه‌تیی پێشمه‌رگه نه‌وی کرد.
ویستم فێری ده‌رسی فیداکاری و له‌خۆبوردوویی و ئازایه‌تی بم. گه‌ڕام و سۆراغی مامۆستای چاک و قوتابخانه‌ی به‌ناوبانگ و کتێبی بایه‌خدارم کرد. پرسیم و ناونیشانی جۆراوجۆرم په‌یدا کردن. شوێن و بنکه و بنیات و قوتابخانه و فێرگه و زانستگای جۆربه‌جۆرم تاقی کردنه‌وه و له لای هه‌رکامیان شتێک فیر بووم. به‌ڵام مخابن هیچکام له‌وانه نه‌یانتوانی ئاواتی من وه‌دی بێنن و ده‌گه‌ڵ مانای راستینی فیداکاری و له‌خۆبوردوویی و ئازایه‌تی ئاشنام بکه‌ن. له درێژه‌ی گه‌ڕان و بهدواداچوونمدا سه‌ره‌نجام گه‌یشتمه “پیری دنیا دیده” و مه‌به‌ستی خۆم بۆ باس کرد. پیری بیرمه‌ند زوو له مه‌به‌ست گه‌یشت و زۆر زووتریش فێری کردم روو له کوێ بکه‌م. ئه‌و پێی گوتم: “رۆڵه ئه‌وه‌ی تۆ لێی ده‌گه‌ڕیی مه‌نزڵ و مه‌ته‌رێزی له به‌رزایی ئه‌و چیا سه‌رکه‌شانه‌یه و ئه‌گه‌ر ده‌خۆت راده‌بینی و وره‌ی سه‌رکه‌وتنت هه‌یه رامه‌وه‌سته و بۆی سه‌رکه‌وه. ته‌نیا پێشمه‌رگه‌یه ده‌توانێ فێری ده‌رسی فیداکاری و له‌خۆبوردوویی و ئازایه‌تیت بکا”. به بیستنی ناوی پێشمه‌رگه پشوویه‌کم هاته‌وه به‌رخۆ و ده‌ستی پیرم ماچ کرد و به‌ره‌و لووتکه ملی هه‌ورازم گرته به‌ر.
***
به‌شداری ئه‌مجاره‌ی “مێژووی زیندوو” له بنه‌ماڵه‌یه‌کی کرێکار و هه‌ژاری شاری مه‌ریوان له دایک بووە. “به بیرم دیت که ساڵی ١٣٤٥ دایکم ده‌ستی گرتم و بردمی بۆ ماڵه‌کانی خوالێخۆشبوو “ره‌حیم نیکجو” که له ناوه‌ندی شار ههلکهتبوو، ده‌وڵه‌ت به‌کرێی گرتبوو بۆ مه‌درسه. گوتیان ئه‌مه “دبستان فرح”ه. له‌و ساله‌دا نێردرامه به‌رخوێندن. مه‌رحوومی باوکم مه‌عده‌ن به‌ردی هه‌بوو واته بهردکهن بوو. مه‌عده‌نه‌که له که‌نار جاده‌ی مه‌ریوان – زرێبار هه‌ڵکه‌وتبوو که به”کلکهوهسانه” به‌ناوبانگه له مه‌ریوان. هه‌رچه‌ند من ته‌مه‌نم به‌وه نه‌گه‌یشتبوو که کار بکه‌م، به‌ڵام به هۆی ناله‌باریی وه‌زعی ئابووری و هه‌ژاری هاوینان که مه‌دره‌سه داده‌خرا ده‌بوو له‌وێ کار بکه‌م…”. “ئه‌حمه‌د بادیکان” که له‌نێو هاوسه‌نگه‌ر و دۆستانی پێشمه‌رگه‌یدا به ئه‌حمه‌د پادگانی ناوبانگی رۆیشتوه و هه‌ر به‌ڕاستیش وه‌ک پادگانێکی پڕ له چه‌کی ئیمان و وره و خۆڕاگری حیسابی بۆ ده‌کرا، یه‌ک له هه‌زاران تیکۆشه‌ری مه‌یدانی ئازادیی گه‌له‌که‌یه‌تی که به ئێسک و پێستییه‌وه هه‌ژاری و چه‌وسانه‌وه‌ی هه‌ست پێ کردوه و هه‌ر بۆیه‌ش دواتر که توانای خه‌باتی ده‌خۆیدا شک بردوه لێی رانه‌وه‌ستاوه.
ئەو سەرەتا ئاوای دەست پێ‌کرد: “له‌و کاته‌دا من که ئه‌ندام یان لایه‌نگری هیچ ریکخراوه‌یه‌ک نه‌بووم، له‌گه‌ڵ ٢ هاوڕێی ئه‌و سه‌رده‌مه‌م کانونی لاوانی بێکار(کانون جوانان بیکار)مان پێک هێنا و ٣ ژماره بلاوکراوهمان له پێوندیی به لاوانی بێکار نووسی و بڵاومان کرده‌وه. له‌و کاته‌دا زیاتر له ٤٠ که‌س له‌و کانوونه‌دا ناونووسیان کرد، ئه‌و کانوونه ئامانجی ئه‌وه بوو که کار و پیشه بۆ لاوانی بێکار بدۆزیته‌وه”. دواتر بە له‌به‌رچاو گرتنی ناسیاوی و دۆستایه‌تییه‌ک که ده‌گه‌ڵ به‌شێک له چالاکانی “یه‌کیه‌تیی جووتیاران”( دواتر بوو به کۆمه‌ڵه) هه‌یبوو خۆی گه‌یانده لای ئه‌وان و بڕیاری خه‌بات به دژی رێژیمی سه‌ره‌ڕۆی کۆماری ئیسلامی دا. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا گه‌ڵاڵه‌ی چه‌ککردنی شاره‌بانیی مه‌ریوانی داڕشت و به هاوکاریی دۆستانی له یه‌که‌یتی جووتیاران خۆی گه‌یانده‌وه نێو شار و ده‌ستی به‌سه‌ر ئه‌و بنکه‌یه داگرت. کاک ئه‌حمه‌دی پادگانی به نیازی به‌شداربوون له بزووتنه‌وه‌ی دژی نابه‌رانبه‌ریی چینایه‌تی ده‌ستی به‌خه‌بات کرد و هاوکات ئه‌شقی رزگاریی گه‌له بندهستهکهشی به‌ربینگی پێ گرتبوو. پاش ماوه‌یه‌ک مانه‌وه له ریزی کۆمه‌له سه‌نگه‌ری گۆڕی و خۆی گوته‌نی: “هه‌رکه‌سیک ده‌ست ده‌کات به کاریکی تازه له سه‌ره‌تایه‌وه زۆر یان که‌م له‌گه‌ڵ گیروگرفت ده‌سته‌ویه‌خه ده‌بێ. یان که‌سیک به دوای ئامانجیکدا بگه‌ڕێ هه‌نده سووک و ئاسان نییه که بۆی مسۆگه‌ر بێ، وشیاری و عه‌قڵمه‌ندی پێویسته. منیش له سه‌ره‌تاوه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵیک گیروگرفتی فیکری دهستهویهخهبووم. یه‌کیک له‌و گیروگرفتانه‌ی که له‌گه‌ڵی بهرهوروبووم که شناختیکی ئهوتوم له‌سه‌ر رێبازی سیاسیی حیزبه‌کانی کوردستان نه‌بوو وه‌ک پێویست. هه‌روه‌ها کۆماری ئیسلامیش مه‌جالی ئه‌وه‌ی نه‌دا که حیزبه‌کانی کوردستانی پڕۆگرامی خۆیان به‌ته‌واوی له‌نێو کومه‌لانی خه‌لکدا بلاو بکه‌نه‌وه”. دواتر و له جه‌نگه‌ی خه‌بات و تێکۆشانی به‌کرده‌وه‌دا ئه‌و تێکۆشه‌ره رێبازی حیزبی دێمۆکرتی کوردستانی قبووڵ کرد و له ساڵی ١٣٦٠ی ههتاویڕا شان به شانی خه‌باتکارانی ئه‌و حیزبه مه‌ته‌رێزی له دوژمن گرت و ئیتر بوو به‌و خه‌باتکاره به‌ناوبانگه که ئاوازه‌ی هه‌موو کوردستانی گرته‌وه.
ئه‌وانه‌ی له خه‌باتی سه‌ختی به‌رگریی چه‌کداریدا به‌شدار بوون باش ده‌زانن پێشمه‌رگه‌ی باش و سه‌رکه‌وتوو ده‌بێ له چ تایبه‌تمه‌ندییه‌ک به‌هره‌مه‌ند بێ. وره و ئازایه‌تی، ئیمان و توانای به‌رده‌وام بوون، نه‌زم و دیسیپلین، کاری تیمی و رێز گرتن له هاوسه‌نگه‌ر، خه‌ڵکی بوون و بۆ خه‌ڵک خه‌بات کردن، وشیاری و زیره‌کی له کاتی به‌ره‌وڕوو بوون ده‌گه‌ڵ دوژمن، ناسینی ناوچه و شوێنه جۆراوجۆره‌کان و… له‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ن که هه‌مووی له وجوودی ئه‌حمه‌د پادگانیدا کۆببوونه‌وه و ئه‌ویان کردبووه جه‌نگاوه‌رێکی راستینی مه‌یدانی خه‌بات. پادگانی ئه‌گه‌ر که‌مێک دره‌نگ خۆی ساغ کرده‌وه، به‌ڵام چاکی خۆ ساغ کرده‌وه و باشی درێژه دا. راستییه‌که‌ی ئه‌وه‌یه هه‌موو ناوچه‌ی مه‌ریوان به شار و دێهاتی و به‌شێکی زۆر له ناوچه‌کانی جنووبی کوردستان ببوونه مه‌یدانی قاره‌مانه‌تی نواندنی پادگانی و هه‌موو خه‌ڵکی ئه‌و ناوچانه ده‌گه‌ڵ ناو و سیمای ئه‌و تێکۆشه‌ره‌ی گه‌ل ئاشنا بوون.
کاری به‌رده‌وام، ئیمان به رێباز و نیشاندانی توانای به‌ڕێوه‌بردن وای کرد پادگانی زوو جێ بگرێ و پله‌کانی سه‌رکه‌وتن له کاری پێشمه‌رگایه‌تیدا یه‌ک به یه‌ک ببڕێ. به گشتی له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له ریزی خه‌باتگێڕانی دێموکرات‌دا، هه‌ڵۆی چیا و پێده‌شته‌کانی مه‌ریوان ئه‌م به‌رپرسایه‌تی و ئه‌رکانه‌ی پێ ئه‌سپێردراون:
ساڵی ٦٠ هه‌تا کۆتایی ٦١ له ناوچه‌ی سه‌قز وه‌ک پێشمه‌رگه خزمه‌تی کردوه.
سه‌ره‌تای ساڵی ٦٢ گه‌ڕاوه‌ته‌وه ناوچه‌ی مه‌ریوان و به کاری ته‌شکیلاتی و نیزامییه‌وه خه‌ریک بووه.
ساڵی ٦٤ بووه‌ته فه‌رمانده‌ری پێشمه‌رگه‌کانی ناوچه‌ی مه‌ریوان.
پاش کۆنگره‌ی ٨ بووه‌ته ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی یه‌کی جنووبی کوردستان و به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌ریوان.
دوای کۆنگره‌ی ٩ هه‌مدیسان ئه‌ندامی مه‌ڵبه‌ندی یه‌ک و ئه‌مجار فه‌رمانده‌ری هێزی زاگرۆس له جنووبی کوردستان.
ساڵی ١٣٧٢ کراوه‌ته جێگری به‌رپرسی کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌ت که ئه‌و ئه‌رکه‌ی هه‌تا چوار ساڵ له ئه‌ستۆ بووه.
پاش کۆنگره‌ی ١١ دیسان کراوه‌ته‌وه به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌ریوان.
له کۆنگره‌ی ٩ دا بووه‌ته راوێژکاری کومیته‌ی ناوه‌ندی.
ئاخرین به‌رپرسایه‌تیی تێکۆشه‌ر پادگانی کار له کۆمیسیۆنی سیاسی- نیزامیی سه‌ر به ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبه‌که‌ی بووه.
له ماوه‌ی خه‌باتی شۆڕشگێرانهیدا به‌رێز پادگانی ٦ جار بریندار بووه که دوایین جار برینی زۆر قورسی هه‌ڵگرتوه. جگه له‌وه به بنه‌ماڵه‌ش تووشی زیانی قورسی گیانی و ماڵی هاتوون و له‌و باره‌یه‌وه داخی له ده‌ست دانی خوشکی خۆشه‌ویستی و خوشکه‌زا و ئامۆزا و هه‌روه‌ها ئه‌شکه‌نجه کرانی باوکی له‌لایه‌ن ده‌زگای سه‌رکوتکه‌ره‌وه که دواتر هه‌ر به‌و هۆیه‌وه کۆچی کردوه. هه‌مووی ئه‌وانه ئه‌حمه‌دیان له‌پێ نه‌خستوه و له درێژه‌ی رێگا ماندوویان نه‌کردوه.
ئه‌گه‌ر ناوی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی گه‌لی کورد ده‌نگی داوه‌ته‌وه و دۆست و دوژمن حیسابی بۆ ده‌کا، ئه‌گه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان وه‌ک حیزبێکی خه‌باتکاری مه‌یدانی کوردایه‌تی ناوبانگی رۆیشتوه، بێگومان به بوونی خه‌باتکارانی بێ‌ژماری ئه‌و مه‌یدانه‌یه. پێشمه‌رگه و فه‌رمانده‌رانی پێشمه‌رگه له درێژه‌دان و به‌ره‌وپیش بردنی ئه‌و خه‌باته‌دا رۆڵ و جێگایه‌کی هه‌تا بڵێی گرینگ‌یان هه‌یه و دیاره له‌نێو ئه‌وانیشدا تێکۆشه‌ر ئه‌حمه‌د پادگانی له بژارده‌کانه. بێگومان بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌رزانه‌ی گه‌لی کورد به بوونی که‌سانی وه‌ک پادگانی دڵخۆشه و هه‌ر بۆیه کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کورد رێز له‌و قاره‌مانانه‌ی مه‌یدانی تێکۆشان ده‌گرن.
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه