لە کۆمەڵگە و وڵاتە پێشکەوتووەکانی جیهاندا، هەندێک ناوەند و دامەزراوه بەدی دەکرێن کە تایبەت کار لەسەر رەفتار و کرداری گشتیی کۆمەڵگە دەکەن و، بە تۆماری هەموو جۆرە ئاکارە گشتییەکانی کۆمەڵگە هەوڵ بۆ بەرگری لە پەرەگرتنی دیاردە ناشیرین و زیانبار و ئاراستەبەخشین بە ئاقاری پێشەوەچوونی کۆمەڵ دەدەن. دیارە بەو واتایەی ئەو ناوەندانە دەگەڵ تۆماری رەفتار و کردارەکان و تاووتوێی دیاردەکان، بەرپرسان و لایەنە پێوەندیدارەکانی لێ ئاگادار دەکەنەوە و بەرچاوڕوونی سەرهەڵدانی هەرچەشنە دیاردە و قەیران و لاڕێبوونێک دەدەن بە شوێنی دەسەڵاتدار، هەتا دەسەڵات بە گرتنەبەری رێچکەی دروست، بەگوێرەی رەچاوی بەرنامەی گونجاو بەر لە سەرهەڵدان و تەشەنەی نۆرمی خەسارهتبار وداڕمانی بایەخە گشتییەکان، رێگەچارەی پێویست بگرێتە بەر. ئەو چەشنە ناوەندانە لە ئێرانیش زۆرن بەڵام بەو جیاوازییەوەی، کە هەڵسەنگاندن دەکەن بۆ چۆنێتی تووش کردنی کۆمەڵگە بە هەندێک پەتای ماڵوێرانکەر، هەتا کۆمەڵگە لە هێز و بڕستی بیرکردنەوە و ئەکتیڤ بوون بکەوێ و بە واتایەک کۆمەڵگە تووشی سڕکردن بکەن هەتا شایەدی سەربزێوی و دەنگ هەڵبڕینی کۆمەڵگە بۆ داوای مافەکانیان نەبن، یان زۆربەی رێکخراوەکانی لەم چەشنەی کۆماری ئیسلامی کار لەسەر چەندێتی گۆڕان و بەرزبوونەوەی وشیاری کۆمەڵگە لەسەر مافەکانی بەگشتی دەکەن، یان هەشن کار لەسەر چۆنێتی تێکدان و ئاژاوەنانەوە لە ماڵە دەرودراوسێ دەکەن و سروشتیشە، ئەو پارە و تێچووەی دەبێ بۆ ساخ و سەلیم و راگرتنی کۆمەڵگە بکرێ و دە چارەسەریی کێشە و ئارێشەکانی کۆمەڵگەدا خەرج بکرێ، بۆ ئاژاوەنانەوە و دووبەرەکی خستە نێو کۆمەڵگە و هەناردەی تیرۆر و کپ کردنی دەنگی ئازادیخوازی و سەرکوتی جیابیران تەرخان دەکرێ. هەر بۆیە کە بە ئاماری دیاردە نەرێنییەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا دەڕوانین لە زۆربەی هەر زۆریاندا ئێران پلەی یەکەم یان سەرەتاکانی داگیر کردوە. لە گیرۆدەبوون بە مادە بەنگەمەنییەکانڕا بگرە هەتا خۆکوژی، سەرپێچی، تاوان، کوشتن، دزی، کڵاوبازی و هتد، کە لە بژاردن نایەن. ئەمڕۆژانە لە شارەکانی ئێراندا دیاردەیەکی دزێوی دیکە خەریکە بەها و بایەخە مرۆییەکانی کۆمەڵگەی ئێران دەباتە ژێر پرسیارەوە، ئەویش بەڕەڵلا کردنی پیرەپیاو و پیرێژنانە. لە وڵاتێکدا کە بانگەشەی شارستانییەتی چەند هەزار ساڵە دەکا و، لە ناوچەکەدا پێی وایە کەس لەوان پێشکەوتووتر و بەفەرهەنگتر نیە، لە وڵاتێکدا کە ئاڵای ئایینی ئیسلامی هەڵداوە و بانگەشەی رووگە و رێبەرایەتی موسلمانانێتی دهکا، لە وڵاتێکدا کە دەسەڵاتەکەی بانگەشەی هەناردەی ئایدیۆلۆژییەکەی دەکا لەپێناو خزمەت و رزگاریی مرۆڤایەتی، ئەوانەی دەبێ لەسەر شانیان داهاتووی خۆیانیان لەسەر بنیات بنێن، ئەو مرۆڤانەی دەبێ ئەوپەڕی رێز و حورمەتیان لێ بگیرێ، ئەو کەسانەی بەدەستی قەڵەشیو و پشتی چەماوە بەوڕۆیان گەیاندوون، بێ نان و بێ ئاو و بێ ناز، بەڕەڵڵای کوچە و شەقامە بێبەزەییەکانی شاران دەکرێن، ئەوانەی تا دوێنێ شوناس و ناسنامەیان بە کەسانێکی زۆر دەبەخشێ، ئەمڕۆ لە شارەکانی ئێران بە “مجهول الهویە” دەناسرێن، باشە بڵێی شوناس و هویەتی ئەو منداڵانەی باوک و دایکیان بەڕەڵڵای شەقاماە دەکەن چ بێ. ئایا چی بووەتە هۆی ئەوەی بەها و بایەخە کۆمەڵایەتییەکان بەو چەشنە پێچەوانە ببنەوە، ئەو کۆمەڵگەیە چی بەسەر هاتووە وردە وردە لە هەموو شتێکی خۆی نەبان دەبێ. ئایا تاوانبار منداڵانن که هێند بێبەزەیی و بێروحم بوون دایک و باوکانیان هەڵوەدای کووچە و کۆڵانان بکەن، یان دەور و زەمان کوردی وتەنی گۆڕاوە باوکێک کە دەیان منداڵی بەخێو کردوە ئەوڕۆ بە دەیان منداڵ بەخێو ناکرێ و شەو تا بەیانی سەر وەسەر کارتۆن دەخەوێ و هەناسەسارد و بێکەس و بێهانا راخەری بەرد و لێفەی ئاسمانە. یان نا دیسان ئەو دوژمنی دەرەکییە خەریکە نۆرمە ئاسمانییەکانی ویلایەتی فەقیهـ تێکدەدا و لە رێگەی پیر و پەککەوتووە ئاوارەکانەوە دەیەوێ کۆڵەکە رزیوەکانی دەسەلاتە پیرۆزەکەی سەدەی بیست و یەکەم کرمێ بکا. بە گوێرەی ئامارەکان ئێران کە وڵاتێکی لاوە، بەو واتایەی رێژەی حەشیمەت زیاتری لاوە و لە زیاتر لە هەشتا ملیۆن کەس تەنیا چوار ملیۆن کەسی سەروو شەست و پێنج ساڵە، چ قەیرانێک رووی داوە تەنیا لە تاران زیاتر لە هەژدە هەزار پیر و پەککەوتوو لە کووچە و کۆڵان و کەلاوەکاندا بێشوناس “مجهول الهویە” ماونەتەوە. ئایا ئێران وڵاتێکی هێندە فەقیر و هەژار و بێداهات و ویشکەڵان و قاقڕ و بێبەرهەمە، دەوڵەت و سیستمی دەسەڵاتبەدەست نەتوانێ نوایەک بۆ ئەو هەناسەساردانە ساز بکا، یان ئەوەی لەنگرگە و بەندەر و بازرگانی و بەگشتی سامان و سەرمایە وڵات کەوتۆتە دەستی تاقمێکی دەمارگرژی پاوانخواز کە بۆ رۆژێک زیاتر مانەوەی زیاتر لە دەسەڵاتدا دەیان کلک و پاشکۆیان لە ناوچەکە و سەرانسەری جیهان بۆ خۆیان ساز کردوە و، لە ژێر درووشمی پڕ و پووچدا خەریک دەسوەردانی لە ژیانی گەلانی دیکەشدان و، بەجێی ئەوەی ژیان و گوزەران و خۆشبژێویی خەڵکی ئەو وڵاتەیان لەبەر چاو بێ، بەگژ یەکداکردنی نەتەوە و ئەتنیکە جۆراوجۆرەکانی ناوچەکە بە ئاسایش نەتەوەیی خۆیان بزانن و مانەوەی خۆیان لە خوێنڕێژی لە سووریە و یەمەن و فلەستین و لوبنان و ئێراق و ئەفریقا و … دا ببینن. ئەدی کوا ئەو قارەمانانەی قودوس و کەربەلا ئازاد دەکەن و سیستمی جیهانی دەگۆڕن و وتووێژی شارستانییەتەکان دێننە گۆڕێ و پەیامی رزگاری مرۆڤایەتییان پێیە، ئایا دەیانەوێ سیستمی دنیاش بەو جۆرەی بەسەر خەڵکی ئێرانیان هێناوە بگۆڕن.
لە ژماره ٦٨٩ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه