نه‌زمی نوێی جیهانی له دوای رووخانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ته‌وه هاتۆته ئارا. له‌م نه‌زمه‌دا که‌لێنێک که‌وتۆته نه‌زمی وێستفالیایی. له نه‌زمی وێستفالیایی‌دا سنووره‌کان نفووزهه‌ڵنه‌گر بوون. چه‌مکی سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی زۆر به‌هێز بوو و وڵاتان له چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری نێوخۆیی‌دا به ته‌واوی سه‌ربه‌ست بوون. ده‌ست‌تێوه‌رنه‌دان له کاروباری نێوخۆیی وڵاتان واتای راسته‌قینه‌ی خۆی هه‌بوو. به‌ڵام له نه‌زمی نوێی جیهانی‌دا سنووره‌کان نفووزهه‌ڵگر بوون و هه‌ندێک پرسی وه‌ک مافی مرۆڤ بوونه پرسگه‌لی جیهانی و وڵاتان ناتوانن به بیانووی سه‌ربه‌ستی له چۆنه‌تیی ئێداره‌ی نیووخۆیی‌دا، به مه‌یلی خۆیان له‌گه‌ڵی بجووڵێنه‌وه.
زۆربه‌ی نزیک به ته‌واوی وڵاتانی جیهان به شێوه‌یه‌کی دیفاکتۆش بێ، سیستمی نێونه‌ته‌وه‌ییان قبووڵ کردووه و له‌م چوارچێوه‌یه‌دا رۆڵ ده‌گێڕن. کۆماری ئیسلامی له‌و ده‌گمه‌ن وڵاتانه‌یه که له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاریه‌وه ئاڵای دژایه‌تی له‌گه‌ڵ سیستمی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌ڵداوه و له هه‌مبه‌ر یاسا و رێسا نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان‌دا مل با ده‌دا و پابه‌ندیان نیه. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که له سیستمی نێونه‌ته‌وه‌ی‌دا هێز ده‌ور ده‌بینێ و هه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ی به قه‌را هێزی، له‌و سیستمه‌دا شوێندانه‌ره و، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که کۆماری ئیسلامیش ئه‌و هێزه‌ی نیه که ئه‌و نه‌زمه بگۆڕێ، بۆیه له سه‌ر ئه‌م سه‌رکێشی‌یانه‌ی له ئاستی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا تێچوویه‌کی زۆری داوه و ده‌یدا و، هه‌ڵبه‌ت کۆمه‌ڵێک کێشه و ئاژاوه‌شی به تایبه‌ت له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست‌دا ناوه‌ته‌وه.
پرسیار ئه‌وه‌یه که گه‌لۆ به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتی ئێران ده‌خوازێ که سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری، به‌و شێوه‌یه بجووڵێته‌وه یان ئه‌وه زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیی بنیات و باندگه‌لێکی تایبه‌ته له کۆماری ئیسلامی‌دا که هه‌روا له سه‌ر “درێژه‌دان به شۆڕش” و “ئیدئۆلۆژیگه‌رایی” و “ئارمانجخوازی”دا پێداگری ده‌که‌ن؟
حاشای لێ ناکرێ که له نێو سیستمی کۆماری ئیسلامی‌دا دوو روویکه‌رد هه‌ن. روویکه‌ردێک خوازیاری پێداچوونه‌وه‌یه به ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆماری ئیسلامی به‌تایبه‌ت له ئاستی ده‌ره‌کی‌دا و، وا بیر ده‌که‌نه‌وه که ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ سیستمی هه‌یی له دنیادا خۆیان موتوربه بکه‌ن و واز له‌و کڵاوه‌کێشیانه له‌گه‌ڵ نۆڕم و یاسا و رێساکانی نێونه‌ته‌وه‌یی بێنن زیاتر به‌رژه‌وه‌ندیی خودی سیستمیش دابین ده‌بێ. ئه‌م روویکه‌رده له‌گه‌ڵ خواست و ئاراسته‌ی فشاره نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کانیش یه‌کانگیره. شایانی باسه که له ئێستادا کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له رێگه‌ی نه‌رم‌ئامێری‌یه‌وه و له رێگه‌ی کێشانی ئێران بۆ نێو داڵانه‌کانی وتووێژ و پابه‌ند کردنی ئێران له چوارچێوه‌ی هه‌ندێک رێککه‌وتن و کۆنوانسیۆن‌دا، ده‌یه‌وێ ئێران له‌و دۆخه ناـ نۆڕماڵه داماڵێ و بیكاته سیستمێکی پابه‌ند و ئاسایی له چوارچێوه‌ی سیستمی نێونه‌ته‌وه‌یی‌دا. هه‌ر ئه‌مه‌شه که هه‌را و هه‌ڵڵای بنیاته نیزامی و ئه‌منییه‌تی‌یه‌کان و به گوته‌ی خۆیان بنیاته ئینقلابی‌یه‌کانی، که له چوارچێوه‌ی روویکه‌ردی دووهه‌م‌دا جێ‌ده‌گرن، لێ‌که‌وتۆته‌وه. هیستریای ئاسایی‌بوونه‌وه‌ی رێژیم و که‌وتنه مه‌ترسیی به‌رژه‌وه‌ندی‌یه‌کانی ئه‌و به‌شه‌ی ده‌سه‌ڵات(پارێزه‌رانی روویکه‌ردی دووهه‌م)، خه‌وی له چاوان بڕیون و په‌یتاپه‌یتا هۆشداری ده‌ده‌ن “نظام سلطه” ده‌یانه‌وێ کۆماری ئیسلامی له چیه‌تیی ئینقلابی خۆی به‌تاڵ بکه‌نه‌وه و ئه‌مه‌ش وه‌ک چوونه ژێر پرسیار یان نه‌مانی سه‌ربه‌خۆیی و سه‌روه‌ریی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ناسێنن و له راستی‌دا له ژێر ئه‌و په‌رده‌یه‌دا شه‌ڕی زیاتر کردنی ده‌سه‌ڵات و سه‌رمایه‌ی خۆیان له نێو سیستم‌دا ده‌که‌ن. بۆ سه‌لماندنی ئه‌م ئیدیعایه ئاماژه به سێ چه‌مک ده‌که‌م که له چه‌ند مانگی دوایی‌دا له فه‌زای سیاسی و راگه‌یه‌نه‌کانی ئێران‌دا زۆرترین باسیان لێ‌کراوه و هه‌ڵڵاساز بوون:
1)ئا پی سی یان مۆدێلی نوێی گرێبه‌سته نه‌وتی‌یه‌کان که له لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به شێوه‌یک فورموله و داڕێژرا بوون که بۆ کۆمپانیا نێوده‌وڵه‌تی‌یه‌کان سه‌رنجراکێش بن، له لایه‌ن ته‌یفی سه‌ربه یان نزیک له سپای پاسدارانه‌وه به توندی خرایه ژێر پرسیار و ده‌یانگوت که ئه‌م گرێبه‌ستانه ئێران بۆ قۆناغی پێش میللی کردنی نه‌وت ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و سه‌روه‌ری و سه‌ربه‌خۆیی ئێران له مه‌یدانه نه‌وتی‌یه‌کانی ده‌باته ژێر پرسیار. ئه‌مه یاری‌یه‌ک بوو بۆ ئه‌وه‌ی که کۆمپانیا ده‌ره‌کی‌یه‌کان نه‌یه‌نه ئێران و بواری وزه له مۆنۆپۆلی قه‌رارگای “خاتم الانبیا‌ء”دا بمێنێته‌وه. به هه‌رحاڵ دوای هه‌ڵڵا و هه‌نگامه‌یه‌کی زۆر و دوای کۆمه‌ڵێک ده‌ستکاری، مۆدێلی نوێی گرێبه‌سته نه‌وتی‌یه‌کان بوو به قانوون و راگه‌یه‌نرا.
2)پرۆتۆکۆلی قه‌ده‌غه کردنی که‌ڵک وه‌رگرتن له منداڵان له شه‌ڕ و کێشمه‌کێشی چه‌کدارانه‌دا، که قه‌راره له ماوه‌ی داهاتوودا له مه‌جلیس تاووتوێ بکرێ له لایه‌ن به‌شی حاکمیه‌تیی سیستمه‌وه خراوه‌ته به‌ر ره‌خنه‌ی توند. به باوه‌ڕی وان ئه‌م پرۆتۆکۆله ده‌سه‌ڵاته‌کانی رێبه‌ری به‌رته‌سک ده‌کاته‌وه و له هه‌مبه‌ر به به‌سیج کردنی منداڵانی قوتابخانه ئاسته‌نگ دروست ده‌کا. قسه‌که‌یان ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر ئه‌و پرۆتۆکۆله په‌سند بکرێ له‌وانه‌یه به به‌سیج کردنی منداڵان وه‌ک به‌ڵگه‌ی که‌ڵک وه‌ررگرتن له منداڵان له کاروباری چه‌کدارانه‌دا لێکبدرێته‌وه و ده‌لیلێک بۆ فشار خستنه‌سه‌ر ئێران به‌ده‌سته‌وه بدا.
3)ئێف ئه‌ی تی ئێف یان گرووپی تایبه‌تی ئیقدامی ماڵی که بۆ دژایه‌تی له‌گه‌ڵ “پولشویی” و دابین کردنی ماڵی تیرۆریزم دامه‌زراوه هه‌رچه‌ند له لایه‌ن مه‌جلیسی نۆ و شووڕای نیگابانه‌وه په‌سند کراوه به‌ڵام له ژێر فشاری ناونده ئه‌منیتی‌یه‌کان ره‌وانه‌ی شووڕای به‌رزی ئه‌منیه‌تیی میللی ئێران کراوه و جێبه‌جێ کردنه‌که‌ی گرێدراوی واژۆی خامنه‌یی‌یه. به دوو هۆکاری سه‌ره‌کی، ناو‌کی سه‌ختی هێز له کۆماری ئیسلامی‌دا به ئێف ئه‌ی تی ئێف قه‌ڵسه: ئه‌لف)له‌گه‌ڵ هه‌رچه‌شنه شه‌فافسازی له کاروباری بانکی و راگواستنه بانکی‌یه‌کان‌دا موخالیفن. چونکه له تاریکایی و له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و رێسا‌دا سه‌رمایه‌کی زۆریان که‌ڵه‌که کردووه و نایانه‌وێ ئازادیی کرده‌ییان له‌م بواره‌دا به‌رته‌سک بێته‌وه. ب)ده‌ڵێن له‌وانه‌یه یارمه‌تیدانی گرووپه‌کانی حه‌ماس و حیزبوڵڵا وه‌ک به‌ڵگه‌ی پشتیوانی له گرووپه تیرۆریستی‌یه‌کان لێک بدرێته‌وه و ئێران به ده‌ستی خۆی ئاتۆیه‌کی باش بۆ فشار خستنه سه‌ر خۆی به کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی بدا.
ئێران بۆ گه‌شه کردن و په‌ره‌سه‌ندنی پێویستی به پێوه‌ندی‌یه‌کی باش له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه هه‌یه؛ بۆ نموونه شه‌فافسازی له کاروباری بانکی‌دا و قبووڵ کردنی رێساکانی پێوه‌ندیدار مه‌رجی هاوکاریی بانکه گه‌وره‌کانی جیهانه له‌گه‌ڵ سیستمی بانکیی ئێران. له لایه‌کی دیکه‌ش کۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی که‌ڵک وه‌رگرتنی ئێران له هه‌رچه‌شنه کارئاسانی‌یه‌کی نێونه‌ته‌وه‌یی به پابه‌ندبوونی ئێران به یاسا و ریساکانی پێوه‌ندیداره‌وه گرێ ده‌دا. پرسیار ئه‌وه‌یه که تا که‌ی ئێران ده‌توانێ وه‌ک ئۆپۆزیسیۆنی سیستمی نێونه‌ته‌وه‌یی بمێنێته‌وه و تا که‌ی به‌شی حاکمیه‌تیی کۆماری ئیسلامی له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان‌دا و له سه‌ر حیسابی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتی ئێران دژایه‌تی له‌گه‌ڵ نۆرماڵیزاسیۆنی سیستم ده‌که‌ن و هه‌روا “غیرمتعارف” ده‌جووڵێنه‌وه؟
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه