“ئەو کوودتایە دیاریی خودا بوو”. ئەوە رستە بەناوبانگەکەی سەرۆککوماری تورکیە، رەجەب تەیب ئەردۆغانە کە چەند رۆژ پاش تێکشکانی “شێوە کوودتاکەی” ١٥ژووئیە/٢٥پووشپەری رابردوودا درکاندی. ئەردۆغان و پارتەکەی، پارتی داد و گەشەپێدان، که له دەوری دووهەمی هەڵبژاردنی پارلەمانی ئەو وڵاتە لە ساڵی رابردوودا، توانیان زۆرینەی کورسییەکانی پارلەمان بۆخۆیان دەستەبەر بکەن، لهپاش کوودتاکەی پووشپەڕەوە، هەلێکی باشیان بۆ رەخسا بۆ سەرکوت و دەسبەسەر کردن و ئاخنینی بەندیخانەکان لە نەیارە سیاسییەکانیان. لەو ماوە کورتەدا دەیان هەزار کەس لە بەشە ئیداری و دادوەری و نیزامییەکانی ئەو وڵاتە بە تاوانی لایەنگری لە بزووتنەوەی فەتحووڵڵا گوڵەن و بەشدار بوون لە کوودتادا بەبێ لێکۆڵینەوە و دادگایی کردن ، رەپێچەکی بەندیخانەکان کران. دەیان کاناڵی تەلەویزیۆنی و گۆڤار و رۆژنامە داخران و سەدان چالاکی سیاسی و رۆژنامەوان و بیرمەندی ئەو وڵاتە دەسبەسەر بوون.
دیارە دژکردەوەی ئەردۆغان و هێزە ئەمنیتییەکانی ئەو وڵاتە لە بەرانبەر نەیارانیان، نیگەرانی و ناڕەزایەتیی بەرینی لە نێوخۆ و دەرەوەی تورکیەدا لێکەوتەوە. لە نێوخۆ، حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، بە پارتی دێموکراتیکی گەلان(هەدەپە)یشهوه کە پارتێکی کوردییە، سەرەڕای مهحکووم کردنی کوودتای پووشپەر، دژی رەشبگیری و سەرکوتی بەربڵاوی موخالیفانی دەوڵەت بوون کە هێزەکانی میت و پۆلیس دەستیان دابوویە. لە دەرەوەی تورکیەش ئهمریکا و زۆربەی وڵاتانی ئورووپایی بە نیگەرانییەوە سەیری رووداوەکانی پاش شێوەکوودتایەکەیان دەکرد و لەو پێوەندییەدا رەخنەیان لە ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی گرت. بەو حاڵەش هەروەک چاوەڕوان دەکرا، دەرئەنجامەکانی کوودتا و دژکردەوەی ئەردۆغان و هێزە ئەمنییەکانی تورکیە نەک هەر بەرتەسک نەکرانەوە، بەڵکوو داوێنی کوردەکانیشی گرتەوە و کوردیش لە رق و تۆڵەی ئەردۆغان و هێزەکانی بێبەش نەبوون.
دەوڵەتی تورکیە لە رۆژی یەکشەممه، ٢١ خەرماناندا، ٢٨ شارەداری هەڵبژێردراوی خەڵکی لە شارەکانی باکووری کوردستان بە تاوانی هەبوونی پێوەندی لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان(پێکاکا) له سهر کار لادا. پارلەمانی تورکیە کە هەروەک پێشتر باس کرا، حیزبی دەسەڵاتدار لەودا زۆرینەی یاسایی کورسییەکانی بەدەستەوەیە، بە پشتبەستن بە یاسای بنەرڕەتی کە رێگەی پێداوە لە کاتی باری نائاساییدا دەسەڵاتی تایبەت بداتە دەوڵەت، کەڵکی لەو خاڵە دەستوورییە وەرگرت و دەستی ئەردۆغان و هێزە ئەمنییەکانی بۆ هێرش بۆ سەر شارەوانییەکانی سەر بە هەدەپە لە باکووری کوردستاندا ئازاد کرد. هێزە سەرکوتکەرەکانی تورکیە بەوەشەوە رانەوەستان و لە ماوەی چەند رۆژی رابردۆوە سەدان رۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسی کوردیان قۆڵبەست و رەوانەی گرتووخانەکان کردوە. دیارە ئەو هێرشەی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی تورکیە لەگەڵ ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی بەرینی خەڵکی کورد و حیزبەکانی باکووری کوردستان بەرەوڕوو بۆتەوە و لە دەرەوەی وڵاتیش بۆتە هۆی وەدەنگ هاتنی کۆر و کۆمەڵە مرۆڤدۆستەکان و رخنەی توندی لێکەوتۆتەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانی خوێناوی بەشی زۆری شارو گوندەکانی باکووری کوردستانی گرتۆتەوە و هێزەکانی ئەڕتەش و ژاندەرمە و کوردە بەکرێگیراوەکان(قروجییەکان)زۆر تاوانی نارەوایان دەرحەق بە خەڵکی بێتاوان بەئەنجام گەیاندوە و چەندین شار و شارۆچکە و گوندی ئەمبەشە لە کوردستانیان کردۆتە سووتمانی تۆڵەسەندنەوە و وێرانیان کردوە.
ئەگەر بەر لە هەڵگیرسانەوەی شەڕە نهخوازراوەکەی یەکساڵی رابردوو لە نێوان تورکیە و هێزەکانی پێکاکادا هیوایەکی نەزۆر بەهێز بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی رەوای کورد لەو وڵاتەدا هەبوو، ئەوە دەسپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادان لە لایەک و لە لایەکی دیکەش ئەو شێوەکوودتایەی کە ئاکامەکهی لە باری سیاسییەوە لە کورتخایەندا، بە قازانجی ئەردۆغان و پارت و دەوڵەتەکەیدا شکاوەتەوە، ئەو هیوایەی لایەنگرانی چارەسەری و بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوەی کورد و تورکی لەو وڵاتەدا کەمرەنگتر لە پێشوو کردەوە. هەر لە سەرەتاکانی هاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدانەوە لەساڵی ٢٠٠٢وە، ئەو حیزبە بە کەڵکوەرگرتن لە هەستی ئایینی خەڵکی باکووری کوردستان و وادە و بەڵێنی چارەسەری کێشەی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕی نێوخۆیی، توانی جێگە و پێگەیەکی بەهێز لە نێو گەلی کورددا بۆخۆی دەستەبەر بکات. دیارە لەو پێوەندییەدا جێی وەبیر هێنانەوەیە کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتەدا کێشەی کورد وەک یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی ئەو ولاتە بە فەرمی باسی لێ کرا و چەند هەنگاوێکی بەکردەوەش، بەتایبەت لە بواری بایەخدان بە زمان و فەرهەنگی کوردی هەڵێندرایەوە. بەڵام ئەو چەند هەنگاوە فەرهەنگی و کولتوورییەش نهبوون بە پاڵنەر و بەستێنێکی گونجاو بۆ چارەسەری کێشەی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕ و خوێنرێژی زیاتر لە ٣٠ ساڵی رابردوو. چونکە بە روونی دەرکەوت کە ئەردۆغان و پارتەکەی لە راستیدا یاری بە کێشەی کورد دەکەن و دەیانەوێ لە بەرانبەر حیزبەکانی دیکە، کە هەر لەجێدا باوەریان بە بوونی کوردیش لەو وڵاتەدا نییە، دەنگی دەنگدەرانی کورد بۆ لای خۆیان راکێشن. جگە لەوەش لەگەڵ دەسپێکردنەوەی شەڕ کە هەم لە باری نیزامی و هەم لە مەیدانی خەباتی سیاسییەوە بە زەرەری پێکاکا و هەدەپە و و بەگشتی دۆزی کورد شکایەوە لە لایەک و لە لایەکی دیکەش دەسکەوتنی زۆرینەی رەهای کورسییەکانی پاڕلەمانی و بێمنەت بوون لە هاوبەندی لەگەڵ حیزبەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی دەوڵەت، لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی رابردووە، بوونە هۆکارێک بۆ گۆڕینی هەڵسوکەوت و راوێژی سیاسیی ئەردۆغان و پارتەکەی. تەنانەت ئەوان بە راشکاوی و بێپەردەپۆشی باس لە کۆتایی هاتنی پرۆسەی وتووێژەکان دەکەن و بە نەزۆکی ناو دەبەن، ئەوە لە حالێکدایە کە لەو چەند رۆژەدا ئۆجەلان لە دوورگەی ئێمڕالییەوە، بانگەشەی دەسپێکردنەوەی دانوستان و چارەسەری شەڕ و کێشەی لە ماوەی ٦ مانگ دابوو.
رێگە چارەی دۆزی کورد لەو بەشە لە کوردستاندا چییە؟ ئایا ئەردۆغان دەتوانی بە کەڵکوەرگرتن لە فەزای سیاسیی دوای کوودتای پووشپەڕ، بەردەوام بێ لە درێژەدانی شەڕ و پێکدادان؟ ئەو شەڕە رەوایی هەیە لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی تورکیە و لە دونیای دەرەوەدا؟
شک لەوەدا نییە وەک چۆن حیزب و دەوڵەتەکانی پێش ئەردۆغان و پارتەکەی نەیانتوانی کێشەی نەتەوەیی لەو وڵاتەدا پووشبەسەر بکەن، ئەردۆغانیش بە زەبری شەڕ و هێز و هێرش، ناتوانێ ئەو کێشەیە چارەسەر بکات. تورکیە وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە جگە لە دوو نەتەوەی سەرەکی تورک و کورد، چەند نەتەوەی کەمینەی دیکەشی وەک لاز و چەرکەس و ئەرمەنی تێدا دەژین و سیاسەتی ئاسیمیلاسیۆن و بە تورک کردنی نەتەوەکانی دیکە زۆر لەمێژە شکستی خواردوە. هەر بۆیەش رەنگە لە بواری نیزامییەوە هێزە دەوڵەتییەکان بتوانن گوشار بخەنە سەر هێزەکانی پێکاکا و لە شارەکان دووریان بکەنەوە، بەڵام زۆر بەدوور دەزاندرێ ئەردۆغان و دەوڵەتەکەی بتوانن بەربەرەکانی نەتەوەیی کە ریشەی لە هەستی کوردایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی دایە لە درێژخایەندا کپ و خامۆش بکەن.
بەردەوام بوون لە سیاسەتی نکوڵی لە کورد و درێژەدانی شەڕی ماڵوێرانکەر و بێئاکامی نێوخۆیی، نهتەنیا لە نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە باکوور شکستخواردوویە، بەڵکوو لە نێو باقی خەڵکی ئەو وڵاتەشدا لایەنگری کەم بۆتەوە و خەڵکی دەزانن ئەوەی دەبێ بە خوێنی لاوەکانی، کورەی شەڕی نێوخۆیی نێڵ بدات و زیان ببینن، ئەوانن؛ هەر بۆیەش ئەو ناڕەزایەتییە بێگومان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا خۆی لە دابەزینی دەنگەکانی ئەردۆغان و پارتەکەیدا دەبینێتەوە. بەتایبەت کە ئەو شەڕە هەر بە باکووری کوردستانەوە نەبەستراوەتەوە و زۆربەی شاره گەورەکانی گرتۆتەوە و کاریگەری نەرێنی له سهر ئابووری و داهاتی ئەو وڵاتە داناوە و تێچوویەکی زۆری لێدەکەوێتەوە.
لە کۆڕ و کۆمەڵە سیاسییەکانی دەرەوه و تەنانەت لە نێو وڵاتانی هاوپەیمانی تورکیەشدا، درێژەدانی شەڕ لە باکووری کوردستان رەخنەی زۆری لێگیراوە و وڵاتانی ئورووپایی له سهر توندوتیژی و لەژێر پێنانی مافی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە. تورکیە هەمیشە ویستوویەتی کێشەی کورد لەو وڵاتە بە تیرۆریزمەوە گرێ بدات و وا بنوێنێ لە شەڕ لەگەڵ تێرۆریستان دایە؛ بەڵام سەرەڕای ئەوەی یەکێەتیی ئورووپا و ئهمریکا، پێکاکا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی پێناسە دەکەن، باش دەزانن خوڵقێنەر و هۆکاری سەرەکیی ئەو گرێکوێرەیە، بێبەشی گەلی کورد لە ماف و داخوازەکانیهتی لە تورکیەدا و هەتا کورد لەو وڵاتە و لە یاسای بنەڕەتیدا ناوی نەبێ و وەک هاووڵاتیانی تورک نەیەنە ئەژمار، شەڕ و ئاژاوە و هەر دەمێنێ.
زۆر روون و ئاشکرایە هەدەپە و هەموو ناوەندە سیاسییەکانی کوردیش دەزانن کە لە کوتاییدا تەنیا رێگا بۆ ئەو کێشەیە هەر دانوستان و مێزی وتووێژە و دەبێ هەتا بۆیان دەکرێ مەجالی شەڕ و کوشتن و لە ئەنجامدا، پێکهاتنی فەزای رق و توورەیی نێوان نەتەوکان، بەتایبەت کورد و تورک بەرتەسک بکەنەوە. دەبێ تێبکۆشن لە خەباتی مەدەنی و پارلەمانیدا و لە وەدەستهێنانی دووبارەی متمانە و دەنگی دەنگدەرانی کورد لە باکووری کوردستانیشدا سەرکەوتن دەستەبەر بکەن و نیشان بدەن ئەوە ئەوانن کە نوێنەرایەتی گەلەکەیان دەکەن، نەک ئەردۆغان و پارتەکەی. مان و مەوجوودیەتی تورکیە وەک وڵاتێکی یەکگرتوو، لە گرەوی پێکەوەژیانی ئاشتیخوازانەی کۆمەڵانی خەڵکی تورکیە دایە و درێژە کێشانی ناکۆکی و شەڕ و سیاسەتی دژایەتی لەگەڵ کوردان لە لایەن ئەردۆغان و دەوڵەتی تورکیەوە لە نێوخۆی ئەو ولاتە و لە ئاستی ناوچەدا، ناتوانی سەرکەوتوو بێ و بڵێسەی ئاگری ئەو شەڕه، دەتوانێ لە سەر داهاتووی تورکیە و ئەردۆغان و پارتەکەی شوێندانەر بێ.
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه