جەلالی ئالیئەحمەد
جگە لە روحانییەکانی پێش دامەزرانی حیزبەکان – کە باسمان کردن-، لە رەوتی ئیسلامی سیاسیی بەرایی لە ئێراندا، نەقشی گرینگ و کاریگەریان هەبوو و دواتریش تا رادەیەک بەردەوام بووە؛ کەسانی ناروحانیش هەبوون کە دەوری خۆیان کەم و زۆر گێڕاوە. بۆ وێنە: جەلالی ئالیئەحمەد، دوکتور عەلی شەریعەتی و ئەحمەد موفتی زادە- کە هەر یەکی بە پێی کەسایەتییەکی بوویانە، کاریگەریی تایبەتییان هەبوو-. لە بەشی کوردستان باسی کاک ئەحمەد موفتی زادە دەکرێ.
جەلالی ئالیئەحمەد، نووسەر و وەرگێڕێکی بەتوانا و ئەندامی حیزبی توودەی ئێران، نیرووی سێیەم و جەبهەی میللی و کوڕهمامی ئایەتووڵڵا تاڵەقانی بوو. ئەو زۆربەی تەمەنی وەک رووناکبیر ژیا. جەلال – سەرەڕای ناڕەزایەتیی باوکی-، لەگەڵ سیمینی دانشور- نووسەر و وەرگێری زانا-، ژیانی هاوبەشی پێک هێنا. سیمین – بەقەولی جەلال: ئۆگری کتێب و قەڵەم، دانشیاری رشتەی جوانناسی و خاوەنی گەلێک نووسین و تەرجەمە و یەکێک لە باشترین یارمەتیدەرانی ژیان و بەرهەمەکانی ئالیئەحمەد بووە.
– ویکی پێدیا، دانیشنامەی ئازاد-
چەند کتێبی بڵاوکراوە و نەکراوە، چەند سەفەرنامە و وەرگێڕدراو- کە سەرجەم نزیکەی ٤٠ دانەن-، بەرهەمی ئالیئەحمەدن. کتێبەکانی “خسی در میقات”- سەفەرنامەی حەج و – ئاڵوگۆڕی فیکری-، “غربزدگی” و “خدمت و خیانت روشنفکران”، لە بەستێنی رەوتی ئیسلامی سیاسیدا، کاریگەریی گرینگیان هەبوو.
جەلال سەفەری ئیسرائیلیشی کردبوو و بەرهەمەکەی نووسینی “سفر بە ولایت عزرائیل” بوو. پێشکەوتنەکانی ئیسرائیل لە شارۆچکە دروست کردن و گوندەکانی کاری هاوبەش(سوسیالیسم دهقانی) و بە زمانی عیبری “کیبوتس هزوریا” و بەتایبەتی هاوپێوەندیی نێوان خەڵک لە ئیسراییلدا، سەرنجی جەلالی زۆر راکێشابوو. بەڵام پێوەندیی ئیسراییل و رۆژئاواییەکان بۆتە هۆی دوورکەوتنەوە لە وانیش.
سەفەری جەلال بۆ ئیسراییل ناڕەزایەتیی زۆری لێکەوتبۆوە. چونکە موسڵمانەکان سەفەر بۆ ئیسرائیل بە “مکروە” دەزانن. عەلیی خامنەیی – رێبەری ئێستای کۆماری ئیسلامی-، کە پێشتریش بەشێک لە بەرهەمەکانی جەلالی خوێندبۆوە، دەڵێ: “بە بەرهکەتی خوێندنەوەی وتاری ویلایهتی ئیسرائیل-، لەگەڵی ئاشنا بووە و لە رێگای تەلەیفون رەخنەی”مریدان” ی لە ئالیئەحمەد گرتوە.
– بی بی سی فارسی-
جەلال لەگەڵ شەمسی برای، لە ساڵی ١٣٤٢ی هەتاوی چوونە ماڵە ئاغای خومەینی. ئەوان، کتێبی “غرب زدگی” جەلالی ئالیئەحمەدی لەبن دۆشەگچەکەی دانیشتنی خومەینیدا، دەبینن. خومەینی بە جەلالی کوتوە: ئەو قسانەی ئێمە دەبوو بیکەین، ئێوە کردووتانە. ئەو یارمەتی ماڵی ئەو دوو برایەی کردووە، کە شەمسی ئالیئەحمەد بۆ پێشەکی خانوو کڕین کەڵکی لێ وەرگرتوە.
– دیدار با شمس آل احمد، نوشتەی محمد علی صالحی، سایت طالقان-
دوکتور سادقی زیباکەلام، کتێبی “غربزدگی”، پتر بە مەنشوورێک دەشوبهێنێ کە راگەیاندنی بیروبڕوا و خولیای باوهڕێکە کە نووسەر بڕوای پێیەتی و لە هەمانکات وهڵامی چارەسەری کێشەکانیشە. چونکە جەلال لە شوێنێکی کتێبەکەدا، دەنووسێ: ” من دەڵێم ئۆگری رۆژئاوا بوون(غربزدگی)، گرتنی وەبا و، ئەگەر جوانیش نەبێ دەڵێم نەخۆشی گەرمابوون یا سەرمابوونە. بەڵام نا وەک سن لە گەنمیدا وایە کە لە نێوێدا دەیڕزێنێ. … بەهەرحاڵ قسە لە نەخۆشییەکە، کە لە دەرەوەڕا هاتوە و پەرەی گرتوە. پێوەرەکانی ئەو دەردە و هۆیەکانی و ئەگەر کرا رێگای چارەسەریشی دەبێ بۆ ببینیەو.” و…
کتێبی “غربزدگی” لە ساڵی 1340ی هەتاوی نووسراوە و ١٣٤١ بڵاو کراوەتەوە. – ویکی پێدیا-. جلال بۆخۆی دەڵێ: وشەی ئۆگری رۆژئاوا بوون(غربزدگی)، لە زاری ئەحمەدی فردید- ئیسلام ناسێنکی بەتوانا، کە پتر قسەی کردوە و نووسراوەی زۆر کەمە-، وەرگرتوە. ئەو کتێبە بەرهەمی کۆبوونەوەگەلێکە کە “شووڕای ئامانجی فەرهەنگی ئێران”(شورای هدف فرهنگ ایران) سەربە بەشی فەرهەنگ و ئامووزشی پەهلەوی دووەم، ئیزنی چاپ و بڵاوبوونەوەی دابوو.
داڕێژەرانی فیکری حکوومەتی پەهلەوی ئامادەبوون جۆرێک موخالیفەت لەگەڵ رۆژئاوا بکەن و لەگەڵ کەسێکی وەک جەلالی ئالیئەحمەد هاوقسە بن. چونکە جەلال لە نێو توێژی رووناکبیر و ئەهلی قەڵەم و خوێندنەوە، رێز و حورمەتی زۆر بوو. رێژیمی پەهلەوی ئەگەرچی زۆربەی رواڵەت و کەرەسەکانی رۆژئاوایی قبووڵ کردبوو، بەڵام ئەو بەشەی کە پێوەندی بە بنچینەکانی قبووڵی فیکری- سیاسی وەک: ئازادی، مافی مرۆڤ، مافی چارەنووسی گەلان، هەڵبژاردنی ئازاد و مافی شارومەندین، دژایەتیی بنەڕەتی لەگەڵ وێنەی سیاسیی شا هەبوو.
ئەگەرچی هۆیەکانی حکوومەتی پەهلەوی و ئالیئەحمەد لە رەخنە گرتن لە رۆژئاوا و وردە گلەیی لە دێمۆکراسی جیاواز بوو، بەڵام لە کردەوەدا، ئامانجێکی رواڵەتی وەک یەکیان هەبوو… هەروەها، شەریعەتی دژهرۆژئاواییەکی دیکە بوو، کە نزیک دە ساڵ دواتر دەرکەوت.
— مقالەی د. صادق زیباکلام، چگونگی تولد کتاب غربزدگی جلال آل احمد: غرب ستیزی و غرب زدگی، روزنامەی ایران، شمارە ٣٧٣٢-
کتێبی “غربزدگی”، بوو بە هۆی نارەحەت بوونی “فریدون آدمیت، خلیل ملکی، احمد شاملو” و رەخنە و هەڵسەنگاندنی “د. صادق زیباکلام و داریوش آشوری” و کەسانی دیکەش.
ئاشووری “غربزدگی”، لە دوو بەشی نێوخۆیی و دەروەییدا، شرۆڤە کردوە و لە بواری نێوخۆییدا لە قەولی جەلالەوە، دەنووسێ: “ئێمە دوای ئەو هەموو ساڵە کە بە نابینایی ئەو رێگایەمان دۆزیوەتەوە، ئێستا دەتوانین راوەستین و رێی رابردوو هەڵسەنگێنین. یا بە جۆرێکی دیکە، ئەوە خاڵی وەخۆهاتنەوە و وشیارییە بۆ رووناکبیری ئەو وڵاتە کە لە ماوەی 50 ساڵی رابردوودا، ئەزموونی سیاسی و کۆمەڵایەتیی گەورەی تێپەڕاندوە و هەڵکشان و داکشانی زۆری دیوە. لە نێو حیزب و ئیدئۆلوژییەکاندا، بەردەوام و پچڕاو، کەوتوە و هەستاوەتەوە و لە ئاکامدا، ئەگەرچی نائومێد و کپ بووە، بەڵام هەگبەیەک لە ئەزموون و بوونەکان فێر بووە و دەیهەوێ لە رابردوو بڕوانێ” و…
لە بواری دەرەوییشدا، دەنووسێ: “هەڵوێستەیەکە لەسەر ئەوهی کە ئێمە بۆ وەک میللەتێک یا رۆژهەڵاتیی موسڵمان بەگشتی لە ماوەی دەورانێکی مێژوویی چەند سەدەییدا، بەو شێوەیە چووکە کراوینەوە و بەرەو هەڵوەشان چووین. لە حاڵێکدا، رۆژئاوا یا ئورووپای مەسیحی بە دەرجەی هەرە سەروو و سەردەستی و پلەی گەورەیی لە توانایی و فەرهەنگ گەیشتوە و لە هەمانکاتدا، رۆژهەڵاتیش ژێردەستە و زەلیل بووە.” و….
— داریوش آشوری مقالەای تحلیلی، هشیاری تاریخی، ١٣٤٦، در مجلە خوشە بە سردبیری احمد شاملو منتشر شدە است.-
ئەو کتێبە یا مەنشوورە، کە داڕێژەرانی فیکری- فەرهەنگیی رێژێمی حەمەرەزا شای هاوبیر بووە، و وەک لە وتووێژی شەمسی ئالیئەحمەددا، ئاماژەی پێکرا، لە لایەن روحوڵڵا خومەینی – نا ئایەتوڵڵا-، خوێندراوەتەوە.
کۆمار ئیسلامی گەوره ڕێ(اتوبان) یهکی لە تاران بە ناوی جەلالی ئالی ئەحمەد کردوە و لە ساڵی ١٣٨٧وە “جشنوارە”ی ئەدەبی بۆ دادەنێ و تەمەری پۆستی بە ناوی چاپ کردوە. عەلیی خامنەیی- وەلی فەقیهی دووەم، هێندێک جار لە قسەکانیدا، نەقلی قەول لە نووسراوەکانی جەلال دێنێتەوە. ئەو وتوویەتی: لە کاتی لاویدا، جارێک لە مەشهەدەوە چۆتە تارانێ هەتا جەلالی ئالیئەحمەد ببینێ، بەڵام بە هۆگەلێک نهیتوانیوە چاوی پێی بکەوێ.
– ویکی پێدیا، دانیشنامەی ئازاد-
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه