سیستم و قەوارە، چۆنیەتی دابەشکران و کۆبوونەوەی دەسەڵات و هێز لە نێوان زلهێز و جەمسەرەکان بە کلیلی سەرەکیی شیکردنەوەی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەناسرێن. دەوڵەتەکان بە فاکتەری سەرەکی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان و ئەکتەری کارای سیاسەتی جیهانی دەناسرێن. ئەوان لە یەکتر جیاوازن و لە دونیادا دوو دەوڵەتی تەواو هاوشێوە و وێکچوو نابینین. هەر دەوڵەتەی مێژوو، حەشیمەت، جۆغڕافیا، ژێئۆپۆڵێتیک، سەرچاوەی سروشتی و کۆمەڵگهی تایبەت بە خۆی هەیە. کێنس واڵتز، کە بە باوکی رێالیزمی نوێ ناسراوە، سیاسەتی جیهانی وەک قەوارەیەکی رێکخراو دەبینێ. بە باوەڕی ناوبراو و زۆر شارەزا و بیردۆزەرەوە، قەوارە و ساختاری سیستمی نێودەوڵەتی ئاناڕشیستییە. مەبەستی واڵتز لەو کۆنسێپت و مانایە ئەوەیە کە لە سەرووی دەوڵەتەکان هێز و دەسەڵاتێک نییە، کە دەوڵەتەکان ناچار بە ئەنجامدان یان پاشگەزبوونەوە لە بڕیارەکان بکات. دەوڵەتەکان بە ئەکتەری سەربەخۆ ناسراون، کە لە چوارچێوەی سیستم و ساختارەکەدا ئەرکەکانیان رادەپەڕێنن. گرینگترین تایبەتمەندیی قەوارە و سیستم ئەوەیە کە هێز چۆن و بە چ شێوازێک لە نێوان ئەکتەرە پلە یەک و زلهێزەکاندا دابەشکراوە. بێجگە لەوە، زلهێزی یەکەم یان چەند زلهێزی هاوتا لە سەر چ بناخە و بە چ شێوازێک پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان دەپارێزن و تێدەکۆشن ناوەندەی هێز لە کۆنتڕۆڵی خۆیاندا قەتیس بێڵنەوە.
دەوڵەتەکان لە چوارچێوەی سیستمەکاندا کاروباری خۆیان رێکدەخەن. لە سەردەمە جیاوازەکاندا ژمارەیەک دەوڵەت، دوو زلهێز یان یەک تاکەزلهێز، کاریگەریی یەکلاکەرەوەیان لە سەر سیاسەتی نێودەوڵەتی داناوە. ئەو دەوڵەتە گەورانە بۆ دیاریکردنی کایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و جێبەجێکردنی ئامانج و بەرژەوەندییە کورتماوە و درێژخایەنەکانیان دەبنە جەمسەرێکی کارا. پرسی جەمسەربەندییە جیهانییەکان لە فۆڕم و شێوازی چەند- و دوو- و یەکجەمسەری بایەخی زۆرتری پێدراوە و وەک یەکێک لە تیۆرییە سەرەکییەکانی پێوهندییه نێودەوڵەتەییەکان سەرنجی خراوەتە سەر. ناسینی سیاسەتی جیهانی و تێگەیشتن لە چۆنیەتی دابەشبوونی هێز، راگرتنی باڵانسی هێز و بوونی هێژمۆنی لە چەقی بازنەی زانستی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان جێدەگرن. وانە مێژووییەکان دەیسەلمێنن کە لە دوای ئاڵوگۆڕە گەورەکان یان شکان و لاوازبوونی زلهێزەکان قەوارەیەکی تازە و ساختاریکی نوێ سەرهەڵدەدات.
مانای جەمسەر لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا ئەوەیە کە چەند ئەکتەرێکی گرینگ لە جیهاندا هەن، کە بە دەرچوون یان هاتنیان سروشت و ساختاری سیستمی جیهانی ئاڵوگۆڕی بەسەردا دێ. گرینگیی ئەو بابەتە تەنیا بۆ تێگەیشتن لە کایەی جەمسەرەکان نییە، بەڵکو بۆ هەللاجی کردنی زۆرتری هێژمۆنی و دژەهێژمۆنی باڵانسی هاوپەیمانەتی و هەروەها رۆڵی دەوڵەت و دەرکەوتەکانی لە رەوتی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکاندا سوودی هەیە. جەمەسەرایەتی سیستمی جیهانی مانایەکی تیۆری هەیە و بە وتەی ویلیام وهۆڵفۆرس سنووری بایەخەکانی تایبەت بە دابەشکاری توانا و زەرفییەتەکان دەڕەخسێنێ. بە واتایەکی دیکە، ئەو سنوورانە دیاری دەکات کە دەسەڵات و تواناکانی دەوڵەتێک پێویستە خاوەنیان بێ، بۆ ئەوەی وەک ئەکتەرێکی جەمسەر لە سیستمەکهدا مەزەندە بکرێ و رۆڵ بگێڕێ. لە روانگەی کێنس واڵتز، دەوڵەتێک کە بە شێوەیەکی فرەرەهەند دەوڵەمەند و دارایە، دەتوانێ لە لوتکەی جەمسەرەکەدا جێ بگرێ. بە وتەی واڵتز خاوەنایەتی هێز و وزەی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان، بوونی حەشیمەت، رووبەرێکی بەرچاو و فراوان، توانا و وزە ئابوورییەکان، سەرچاوە سروشتییەکان، هێزی نیزامی، خۆرێکخستنی خێرا و تۆکمە لەو تایبەتمەندیانەن کە دەوڵەتێک دەکەنە ئەکتەری یەکلاکەرەوە و لە ئاستی سیستمی نێونەتەوەییدا دەبێتە جەمسەرێکی کاریگەر. بە وتەی یەکێک لە کارناسانی سەر بە قوتابخانەی رێالیزم، ئەکتەری ناسراو بە جەمسەر بە دەوڵەتێک یان هاوپەیمانەتی چەند دەوڵەتێک دەگوترێ، کە بە چوونە نێو یان دەرچوون لە پڕۆسەیەک، قەوارە و ساختاری سیستمی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ.
بە گوێرەی تیۆری رێالیزم، کۆنسێپتی جەمسەرایەتی لە ماوەی چەند قۆناخی جیاوازدا دەرکەوتوە و شکڵی گرتوە. لێکدانەوەکان لە سەر قۆناخەکانی سیستمی نێودەوڵەتی جیاوازن. بەشێک لە شارەزایان، سەرهەڵدانی جەمسەرگەرایی لە پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان بۆ سەردەمی دوای رێککەوتنی وێستفاڵ(١٦٤٨) دەگێڕنەوە، کە هەتا کۆتاییەکانی شەڕی دووهەمی جیهانی چەند جەمسەری بووە. بە باوەڕی بەشێکی دیکە، قۆناخی چەند جەمسەری لە سیستمی نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٨١٦ دەست پێدەکا و هەتا ساڵی ١٩٤٥ درێژەی هەیە. سیستمی نێودەوڵەتی لە کۆتایی شەڕی دووهەمی جیهانی هەتا کۆتایی شەڕی سارد دوو جەمسەری بووە، کە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت رێبەرایەتیان دەکرد. پاش لێکهەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتایی شەڕی ناسراو بە سارد، شارەزا و پسپۆڕانی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان لە سەر جۆری سیستمی جیهانی هاوڕا نین. ئەگەرچی باس لە سیستمی یەکجەمسەری دەکرێ، بەڵام هێشتا سیستمی جیهانی لە ماوەی ٢٦ ساڵی رابردوودا بە جۆرێک شكڵی نەگرتوە، کە تاریفێکی راستەوخۆ و کۆنکرێتی هەبێ.
لیکۆڵەرەکان لە پێناوی جیاکردنەوەی ساختار و قەوارە لە پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان لە تێرمی یەکجەمسەری کەڵک وەردەگرن. لەو سیستمەدا دابەشبوونی دەسەڵات بە جۆرێکە، کە زلهێزی تاقانە راگری سیستمەکەیە و لە بواری کولتوری، ئابووری و نیزامییەوە شوێندانەر و یەکلاکەرەوەیە. لەو سیستمەدا زلهێزە گەورەکە دەتوانێ پرسە گرینگەکان چارەسەر بکات و ئەکتەرە بچووکترەکان بە تاک و بە شێوازی هاوپەیمانەتی ناتوانن رێگری جیددی لە جێبەجێکردنی پلان و سیاسەتەکانی جەمسەری تاقانە بکەن. لە تێڕوانینی رێالیستە کلاسیک و تەنانەت ریالیستە نوێیەکاندا پرسی باڵانسی دەسەڵات لە سیستمی یەکجەمسەری ئەگەرێکی دوورە. لە خوێندنەوەی ئەواندا هەر کاتێک باڵانسی هێز هاتە کایەوە، بە مانای نەمانی یەک جەمسەرییە. لە سیستمی دوو و چەند جەمسەریدا باڵانسی هێز کۆڵەکەیەکی گرینگی درێژەدان بە رەوتی ناسراوە. ئەکتەرە گەورەکان ناچارن، لە سەر چەندایەتی و چۆنایەتی ئەو باڵانسە بسازێن.
مێژووی چەند سەت ساڵەی دەوڵەت و پێوەندی نێوان دەوڵەتەکان (کە زیاتر رۆژئاوایی سەنتەرە) ئاشکرای دەکات، کە زلهێز و جەمسەرەکانی هێز لە رەوتی رووداوەکاندا ئاڵوگۆڕی بەرچاویان بەسەردا هاتوە. ئەوان بە گوێرەی کامڵبوونی دەوڵەتەکان و گەشەکردنە هەمەلایەنەکان شکڵ و قەوارەیان گۆڕاوە و تاکتیک و ستراتیژیان ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە. بە واتایەکی دیکە، ئامرازەکانی هێز و سەپاندنی ئیرادە و جۆری بەرژەوەندییەکان لە قۆناخە جیاوازەکانی سیستمی جیهانیدا کاریگەر و شوێندانەر بوون. بۆ وێنە، زلهێز و وڵاتانی وەک بریتانیا، فەڕانسە، رووسیە، پڕوس و ئیسپانیا لە قۆناخی ناسراو بە چەند جەمسەری(پاش ١٦٤٨ یان ١٨١٦) بە هۆی خاوەنایەتی هێزی نیزامی و دەریایی ئەکتیو و بەهێز دەرکەوتوون. هێز بە رێژەی جیاواز لە نێوان چەند جەمسەر و زلهێزێکدا دابەشکرابوو، بۆیە ئەوان زیاتر لە زلهێزە ناوچەییەکان، لە سەر رەوتی رووداوەکان کاریگەر و یەکلاکەرەوە بوون. لەو سەردەمەدا توانای ئەکتەرەکان و جیاوازیی نێوانیان بە رێژەی سەردەمی جووتجەمەسەری(١٩٤٥ هەتا ١٩٨٩) بەرفراوان و قووڵ نەبوون. لە سەردەمی شەڕی سارد ئایدۆلۆژی، ستایلی دەوڵەتداری، سیستمی بەڕێوەبەری و ئابووری لە نێوان دوو جەمسەردا کاریگەریی هەمەلایەنەی لە سەر زۆر بەستێنی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و نیزامی دەوڵەتەکانی جیهاندا دانابوو.
لە دوای رووخانی دیواری بێرلین و کۆتایی هاتنی کێبەرکێی توند و هەمەلایەنەی نێوان دوو زلهێزی گەورەی جیهان، وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و یەکێتی سۆڤیەت، شارەزا و لێکۆڵەرانی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان لە سەر سیستمی تازەی جیهانی و چەندایەتیی جەمسەرکان کۆک نەبوون. بەشێکیان لە سەرەتای نەوەتەکان لە سەر ئەو باوەڕە بوون، کە رەنگە لە دوو جەمسەری بەرەو چەندجەمسەری بگەڕێینەوە. چاڕڵس کڕاوتم لەو سەردەمەدا لە ریزی پێشەوەی ئەو کەسانە بوو، کە لە وتارێکی گۆڤاری کاروباری دەرەوەدا(ئەو گۆڤارە لە ئەمریکا دەردەچێ) باسی لە تاکجەمەسەری کرد. ناوبراو لە نووسینەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە سیستمی جیهانی لە دوو جەمسەریەوە بەرەو چەندجەمسەری ناڕوات و قۆناخی یەکجەمسەری دێتە کایەوە، کە وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە هاوڕێیەتی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی دەبێتە ناوەندی یەکەمی هێز لە جیهاندا.
لەو سەردەمەدا ئەمریکا بە بەراورد لەگەڵ رابردوو، لە سیستمی نوێی جیهانیدا نەخشی هێزی تاقانەی دەگێڕا و لە زۆر بواردا بە رادەیەکی بەرچاو وەپێش کۆنە زلهێزەکان کەوتبۆوە. سیستمی ناسراو بە یەکجەمسەری لە ماوەی نیزیک بە دوو سەدەی رابردوودا، کەمتر بەم شێواز و فۆڕمە دەرکەوتبوو. شایانی باسە کە ئەمریکا لە سەرەتای سەدەی بیستەمیشدا خاوەنی دەسەڵات و هێزی بەرچاو بوو، بەڵام لە ئاستی سیاسەتی دەرەوەدا زۆر ئەکتیو نەبوو. لە سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانی و دواتر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات و لە ئاکامی توانا بەرچاوەکانی بوو بە ئەکتەرێکی کارا و لە سیستمی نێودەوڵەتیدا نەخشی رێبەرایەتی و بڕیاردەری بە باڵا بڕا. ئەو وڵاتە بە بوونی هێزیکی گەورەی نیزامی(زەمینی، ئاسمانی و دەریایی) و هەروەها تەرخانکردنی بودجەیەکی زەبەلاح بۆ ئەو بەشە، چەکی ناوکی، ئابوورییەکی بەهێز و ئامادەبوونی لە کەلێن و قوژبنی جیهان بە سەر کۆنە رقەبەر و زلهێزەکەی دیکەدا زاڵە.
ئەمریکا بە هەموو تواناوە هەوڵی پاراستنی پێگە و جێگەی خۆی دەدات و تێدەکۆشێ وەک زلهێزیکی تاقانە لە قەیران و رووداوەکانی دنیادا دەرکەوێ. بە گوێرەی خوێندنەوە مێژووییەکان سیستمە جیهانییەکان بە ئاسانی ناگۆڕێن و رەنگە سێبەری تاکجەمسەری بە ئاسانی لە سەر روومەتی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان نەڕەوێتەوە. بە واتایەکی دیکە، تێکچوونی ئەو سیستمە پێویستی بە گۆڕانی سەنتەری هێز و دەرکەوتنی زلهێزی رقەبەر هەیە کە زۆر جار ئاکامی داڕمانی گەورههێز یان هەڵگریسانی شەڕێکی گەورە و شكڵگرتنەوەی ساختاری تازە لە پێوهندییه نێودەوڵەتییەکانە. ئەمڕۆ زلهێزی تاقانە لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئابووری، نیزامی، تێکنۆلۆژی، لێکۆڵینەوە لە بۆشاییەکانی ئاسمان، بازرگانی و کولتووردا کاریگەریی بەرچاو و تەنانەت یەکلاکەرەوەی هەیە. لەو نێوەدا تەنانەت باس لە زاڵبوونی زمانی فەرمی ئەو زلهێزە دەکرێ، کە لە دنیادا وەک زمانی سەردەست و پێویست دەکار دەهێنرێ و لە زۆربەی بەستێنە جیاوازەکانی زانست، کولتوور، تێکنۆلۆژی و پەروەردەدا بە سەر زمانە باوەکانی دیکەدا زاڵە.
باس لەوە دەکرێ کە سەردەمی یەکجەمسەری هەتا ٢٠٠٣ کە شەڕی عێڕاق دەستی پێکرد، بە چڵەپۆپەی خۆی گەیشتبوو. لەو سەردەمەدا ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایش و زلهێزە کۆنە رقەبەرەکەی، شەڕی عێراقیان دەست پێکرد. دوای ئەو قۆناخە و سەرهەڵدانی زنجیرە قەیرانێکی زیاتر لە کەلێن و قوژبنی جیهاندا و دەرگیربوونی ئەمریکا لە نێوخۆ و دەرەوە لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەو قەیرانانە، دەرفەتی دەرکەوتنی زلهێزی ئابووری خوڵقاند. بە باوەڕی بەشێک لە رێالیستەکان سیستمی ئەمڕۆی جیهانی سێ جەمسەرییە، کە ئەمریکا، رووسیە و چین دەکەونە بازنەی زلهێزە پلە یەکەمەکان. شایانی باسە کە لە ناوچە جیاوازەکانی جیهاندا زلهێزی مامناوەندی هەن، کە دەکەونە خانەی پلە دووهەمەکان. جیاوازی رێالیستەکان لەوە سەرچاوە دەگرێ، کە سەرچاوەی دەسەڵاتی زلهێز لە کوێوە دێن و چۆن رێژەکەیان هەڵدەسەنگێنن. به گوێرەی خوێندنەوەی رێالیستەکان زلهێزەکان لە سەر ستاتوس و جێگە و پێگەی خۆیان کێبەرکێی دەسەڵات و هێز دەکەن. بەهێزبوونی چین لە بوارە جیاوازەکانی وەک ئابووری و تێکنۆلۆژی چیرۆکی دەرکەوتنی زلهێزێکە کە تایبەتمەندی خۆی هەیە، بەڵام هێشتا نەکەوتۆتە سەر هێڵێ ئەکتیوکردنی سیاسەتی دەرەوە و شویندانەربوون لە سەر رەوتی رووداوەکان لێرەوە و لەوێ. چین خاوەنی کولتوور و سیستمی سیاسی تایبەتە، کە توانای ئیدارەکردنی هێمنانە و نەرمی پرسە نێوخۆییەکانی نییە و بە هێزی رووت گرفتە نيوخۆییەکانی پووشبەسەر کردوە. ئەو فاکتەرەش لە سەر ستراتیژی سیاسەتی دەرەوەی چین کاریگەرە، چونکە چین ناتوانێ بە رێژەی گەشەکردنی ئابووریی و تێکنۆلۆژی، لە جیهاندا وەک ئەکتەریکی جەمسەر سیاسەت بکا.
شایانی ئاماژەپێکردنە کە بێجگە لە بازنەی جیهانی، لە بازنەی بچووکتردا زلهێز و دەوڵەتی مامناوەندی لە هەموو کەرتەکانی سەر گۆی زەوی هەن. تەنانەت لە ناوچە و هەرێمێکدا دەکرێ باس لە دابەشکردنی دەسەڵات و هێز و هەروەها بوونی جەمسەر و پاشکۆی جەمسەر بکرێ. بۆ وێنە لە کەرتی ئورووپا و پاش شەڕی سارد بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان و رووسیە بە چوار زلهێزی ناسراو پێناسە دەکرێن. رووسیه لە ریزی ئەواندا لە بواری نیزامی بەهێزترینیانە و لە بازنەی زلهێزی پلە یەکەمەکاندا بە ئەژمار دێ، بەڵام ئەوانی دیکە دەکەونە بازنەی پلە دووهەمەکان. سێ وڵاتی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمان بە هاوکاری ئەمریکا دەبنە جەمسەری بەهێز، بۆیە لە کەرتی رۆژهەڵاتی ئورووپا و لە سنووری ژێر دەسەڵاتی کۆنی رووسەکاندا لەگەڵ رووسیە شەڕی خۆسەلماندن دەکەن.
ئەمریکا لە بواری نیزامییەوە بە هێزی یەکەمی جیهان بە ئەژمار دێ، کە بە گوێرەی هاوپەیمانەتی لەگەڵ وڵاتە ئورووپاییەکان لە ئاشتی و شەڕدا و لە چوارچێوەی رێکخراوی ناتۆدا هاوپەیمانەکانی دەپارێزێ. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و لە هەناوی قەیرانی ئۆکڕاین، سووریە و هتددا هەوڵدراوە کە باس لە پێویستیی سیستمی چەندجەمسەری بکرێ. لە روانگەی لایەنگرانی ئەو بیرۆکەیە، کۆبوونەوەی دەسەڵات و هێز لە یەکجەمسەردا کێشە و ئاژاوەی زۆرتر دەخوڵقنێنێ و باڵانسی هێز تێک دەدا. رووسەکان لە هێنانە پێشی دەستەواژە و سیستمی چەندجەمسەری وەک کەرەستەی سیاسەتەکانی خۆیان و هەروەها رامکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا کەڵک وەردەگرن.
لە سەر کاریگەری جەمسەرەکان لە سەر ئاسایش و ئاشتی جیهان روانگەکان جیاوازن. کارناسان و شارەزایانی تیۆری تایبەت بە جەمسەربەندییەکان لە سەر تایبەتمەندی و کاریگەریی جەمسەرەکان لە سەر ئاسایش و سەقامگیری نێودەوڵەتی هاوڕا نین. لەو نێوەدا بۆ تێگەیشتن لە سروشت و جۆری جەمسەربەندییەکان لە پانتایی جیهان لێکۆڵینەوە و خوێندنەوەی بەراوردکاری ئەنجام دراون، کە لە ئاکامدا بە شێوەیەکی رێژەیی خاڵە جیاواز و زەقەکانی سیستمە یەک- و دوو- و چەندجەمسەرییەکان شی کراونەوە. مێژووی چەندسەت ساڵەی دەوڵەتی مۆدێرن و پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان دەریدەخا کە لە سیستمە چەند جەمسەرەییەکەدا شەڕە گەورەکانی جیهان هەڵایساون و قەیرانی گەورە سەریان هەڵداوە. لە سەردەمی شەڕی سارد و دوو جەمسەریدا شەڕ و قەیران بەردەوام بوون، بەڵام بوونی چەکی ناوکی و کۆمەڵکوژ و ترس لە هەڵگریسانی شەڕی وێرانکەر زلهێزەکانی لە شەڕی راستەوخۆ دوور خستۆتەوە. لە دوای کۆتایی شەڕی سارد و لەبەریەک هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت و سیستمی ناسراو بە یەکجەمسەری کێشە و قەیرانەکان لە زۆر ناوچەی جیهان درێژەیان هەبوە، بەڵام لە نێوان زلهێزە پەلە یەک و دووەکاندا روبەڕوبوونەوەی راستەوخۆ روینەداوە. فاکتەری سەرەکی لە سەرهەڵنەدانی شەڕی گەورەی نێوان زلهێزەکان لە دووجەمسەری و چەندجەمسەریدا زیاتر لە مەترسی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی و ناوکییە، کە هەتا ئەمڕۆ دەست و پەلی زلهێزەکانی بەستوە.
لە روانگەی بەشێک لە لایەنگرانی قوتابخانەی رێالیزم سیستمی یەکجەمسەری باشتر دەتوانی ئارامی و ئاسایش بپارێزێ. بە تێگەیشتن و خوێندنەوەی ئەوان، ئەمریکا تێکۆشاوە، شەڕی گەورە لە نێوان زلهێزەکان هەڵنەگریسێ، چونکە لە شەڕە گەورەکاندا هێژمۆنی زلهێزەکان باوی نامێنێ و بێبایەخ دەبن. لە بارودۆخی یەکجەمسەریدا دەوڵەت و زلهێزە مامناوەندییەکان بە تەنیا دەرەقەتی زلهێزی گەورە نایەن و کۆکردنەوەی هاوپەیمانەتی بۆ دژایەتی کردن و رقەبەرایەتی هێزە گەورەکە، کارێکی ئاسان نییە. رەنگە بۆ زۆربەی دەوڵەتەکان سازان و گونجان لەگەڵ دەسەڵاتی گەورە و هەروەها قبووڵ کردنی هاوسەنگیی هێز تاقە رێگای ژیانێکی ئارام بێ. لە روانگەی تیۆری سەقامگیری هێژمۆنیدا، ئاسایش و ئارامی لە بوونی تاکە جەمسەریدا زیاتر دەپارێزرێ. بە گشتی قەیرانەکان لەو جۆرە سیستمەشدا کۆتاییان نایەت و کەم و زۆر لە کەلێن و قوژبنی دنیادا ئاژاوە و کێشە نێوخۆیی و ناوچەییەکان دەبینرێن، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی گەورە لە نێوان زلهێزی یەکەم و ئەوانی دیکەدا ئەگەری کەمترە.
لە ماوەی چەند سەدەی رابردوودا، مرۆڤایەتی شارەزایی لە سروشتی دەوڵەتداری و پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی رێژەی بەدەست هێناوە. لە کایە گەورەکاندا دەوڵەتە بچووکەکان پاشکۆن و گەورە زلهێزەکان بە گوێرەی توانا و بەرژەوەندییەکانیان لە سەر رەوتی رووداوەکان شوێندانەرن. ئەگەرچی سیستمی پێوهندییه نێودەوڵەتییەکان لە داهاتووشدا لە ژێر حوکمی ئەو یاسا سروشتییە دەرناچێ، بەڵام سروشتی سەردەم، جۆری دەوڵەتەکان، ئاستی گەشەکردنی تێکنۆلۆژی و هتد. لە سەر چۆنیەتی و چەندایەتی جەمسەرەکانی دواڕۆژ کاریگەر دەبن.
لەو سەرچاوانەی خوارەوە سوود وەرگیراوە:
Fred Blombergs (2016) Suomen Turvallisuuspoliittisen ratkaisun lahtkohtia, Maanpuolustuskorkeakoulu, julkaisusarja 1:.Tutkimuksia nro 4
https://www.doria.fi/xmlui/bitstream/handle/10024/124431/Blombergs_verkkoversio_2016-2.pdf?sequence=2
Alida Tomija (2014) Polarity and International System Consequences, Interdisplinary Journal of Research and Development Vol (I), No.1, 2014, “Alexander Moisiu“ University, Durros, Albania
file:///C:/Users/xelk/Desktop/Polarity%20and%20international%20system%20consquences%20Research%20article.pdf
Eirik B. Lundestad and Tor G. Jakobsen (2013) ,A Unipolar World: Systems and Wars in Three Different Military Erashttp://www.popularsocialscience.com/2013/02/05/a-unipolar-world-systems-and-wars-in-three-different-military-eras/
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه