دیسان پاییزە، دیسان زەنگی ژەنگگرتووی قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەیانییەکی تەمومژاوی بە دەنگێکی گڕ و نامۆی قرچنەوە دەسپێکی ساڵێک خوێندن و خۆپێگەیاندن رادەگەیەنن. هەڵبەت دەنگێک کە لە کەش و شوێنێکی نامۆتر بە کۆمەڵگەی ئەمڕۆیی و بە تۆنێکی بێگانە لە پێشکەوتن و دژ بە مافی مرۆڤ و تەواو دوژمن بە ئازادی. ئەو دەنگە گڕنەی هەموو جارێ لە بەرگێکدا و بە ناوێکەوە، وەک تارماییەکی بەدشوم خۆ بەسەر ئەو وڵاتەدا دەکێشێ، دەرەتان بە هیچ بولبولێکی ئەو نیشتمانە نادا بە جریوەی خۆی، خۆی ودڵداری بلاڵێتەوە، دیسانەکە بڕیارە لە سەر سەکۆی قوتابخانەکانەوە وانەی دژەنیشتمانی بە گوێی زارۆکانی رۆژهەڵاتدا بخوێنێ. دەنگێک کە بە دەنگی لایەلایەی شیرینی دایکان بێگانەیە و، دەنگێکە دوور لە نارەنارەی ئەو قوتابییە نوێیەی بە هەزار ئاوات و ئیحساسەوە پێی ناوەتە قوتابخانە. هەڵبەت بەر لەوەی بیر لەوە دەنگە گڕە جینجنۆکەیە بکەینەوە ئەگەر ئاوڕێک لە هەنگاوە شل و خاوەکانی تازەقوتابی بدەینەوە، هەر هەنگاوە و دەیان کەسەری پێوە دەبینین، ئەو هەنگاوانەی زیڕەی دنیایەک رەنج و چەرمەسەری دایک و باوکانی دەستتەنگ و پشتچەماوەی ژێر باری قورسی گوزەران تێیدا دەزرینگێنەوە. ئەو شەقاوانەی دنیایەک بیرەوەری ناخۆش و تۆقێنەری وەک رووداوەکانی شیناوێ دەیتەزێنن و روومای بەشمەینەتی ئەو کەسانەی لەو کارەساتە رزگار بوون، هێندەی دیکە گاڤەکانی تازە قوتابی خاوتر و لەرزۆکتر دەکەن و داهاتوویەکی لێڵ و ناڕوون دەکەن بە دوورەدیمەنی دواڕۆژی قوتابی. لەو کەوشەنەی بە دەنگ و رەنگی نامۆ سواغ کراوە، زۆربەی قوتابخانەکانی وێنای ترس و شوێنگەی ئەگەری روودانی کارەساتن، پیر و پەککەوتوو وەک بیر و ئایدیۆلۆژیا و بەرپرسە بەسەرچووە داسەپاوەکان. هەر لە بنەڕەتدا زۆرێک لەو شوێنانەی قوتابخانەن، کەپرن، کەڵەکە بەردن، گەوڕن، یان بە نایلۆن و جەگەن و قامیش و گیاوگژ داپۆشراون، گەرما و سەرمایان بە ئەمری خودایە، کەلوپەلی پێویستی فێرکارییان چرافانووس و شۆقێکی کزە. دیاردە ماڵوێرانکەرەکان داخزیونەتە ناخی ناوەندە بناخەییەکانی پێگەیاندن و زانست، شۆڕبوونەتەوە هەناوی نەمامە شلک و نەرمەکانی داهاتوو، کە بڕیارە کۆڵەکەی ئەو کۆمەڵگەیە بن، بەڵێ گیرۆدەیی لە ئەمینترین شوێنی ئەو کۆمەڵگەیە خۆی مەڵۆس داوە، بەبێ ئەوەی خەمێکی لێ بخورێ و ئامارێکی راست و دروستی قوربانیبوون لە کەشی پەروەردەدا بە خەڵک و کۆمەڵگە بدرێ. وانە مرۆییهکان پڕن لە دوگما ئایدۆلۆژیک و پێدروای چهواشهکراو. له ژێر کولتوور و فهرههنگی داسهپاودا، کولتووری گهلانی بندهست پشتگوێ دهخرێ و دادهپڵۆسێندرێ. لێرە، لە سەراسەری ئەو وڵاتەدا هەوڵ دەدرێ لە یەکەم رۆژەکانی خوێندنەوە، ئایدیۆلۆژییە ناپیرۆزەکانی دەسەڵات بە پێی بەرنامە بە روحی خوێندن و فێرخوازدا بکەن و نەوەی داهاتووی پی گۆش بدەن. دەگەڵ داسەپاندنی ئەو دەنگە دیسانەکە کۆمەڵێک باری قورس دەخرێتە سەرشانی بنەماڵەکان، ئەو بنەماڵانەی بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان، کاسبکاری، کشتوکاڵی، کرێکاری، کۆڵبەری و… خەریکە شەڕ دەگەڵ ژیانێک دەکەن کە بەرهەمی ناتێگەیشتوویی دەسەڵاتێکی چەقیوی زڵکاوی هزرەکانە. مندالانی رۆژهەڵات لە کاتێکدا روو دەکەنە قوتابخانە کە، ژینگەی پەروەردەیی بەتەواوەتی کەوتۆتە ژێر کاریگەریی راستەوخۆی باری سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەگشتی رووداوەکانی پیوەندیدار بە شەڕی پاوانخوازی نێوان بەرەکانی دەسەڵات بۆ قۆرخی گۆڕەپانەکانی ژیان. تەنانەت جگە لە دەنگە قرچنەکە، بڕیار لەسەر خوێندنی زمانە پێشکەوتووەکانی دیکەی دنیاش دەمەقڕەی نێوان پلەبەرزەکانی وڵاتی لەسەرە، هەر لێرەشەوەیە کە جار نا جارێک کابرایەکی ریشنی عهبالهبهر لە کۆڕێکی ماتەمەوە پلان و بەرنامەی خوێندن بەگویرەی خەوە ئاڵۆزەکانی رۆژانی پێشووی دیاری دەکا و، مایەفیتنە و گوێ لەمستەکانیش بە سنگ کوتان دادەگژێنە رێچکە و بەشە خوێندنەکان و بە بیانووی کڵۆل و هڵۆڵ دەکەونە هەڵپاچ و داپاچی زانستەکان.
دیسان پاییزە و کۆمەڵگە مرۆییەکان بەرد بناخەی ساڵێکی داهاتوویان رێک و لووس و لەبار ئامادەی ژیانێکی بێ گرێوگۆڵ دەکەن، کەچی لێرە لەژێر باری دەسەڵاتێکی داعشی ئاسا، زەنگی دەسپیکی قوتابخانەکان هەتا دێ گڕتر و قرخنتر و گرژتر و نامۆتر لەچاو ساڵی پار دەنوێنن و وانە و نێوئاخنی کتێبەکان زیاتر بەرەو بەرتەسکی و دوورەپەرێزی لە پێشکەوتن هەنگاو دەنێن. منداڵانی ئەوساڵی رۆژهەڵاتی کوردستان دیسانیش، دەست دەکەن بە تێپەڕاندنی ساڵێکی خوێندن، کە بەڵێن و بڕیارێکی زۆری دەوڵەتی بۆ گۆڕینی کەشی پەروەردە و خوێندن بە زمانی زگماکی و نۆژنکردنەوەی بینا و قوتابخانەکان، لەسەر بوو، بەڵام لە دەنگی گڕ و نامۆی زەنگی قوتابخانەکاندا هەمەن دەنگە فێڵاوی و بێ بەڵێنەکە نێوهڵۆڵەکە خوێ دەنوێنێ، بۆیە هەتا گەیشتن بە دەنگێکی رەسەن و خۆماڵی دەبێ پشوودرێژ و بوێر بین.
لە ژماره ٦٨٨ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه