هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە شارەوانیی شاری مەهاباد لە ژێر ناوی جوانکاریی گۆڕستانی شاعیرانی ئەو شارە، کێل و مەزاری ئەوانی تێکداوە و تەنیا ناوێکی لێ هێشتوونەتەوە.
گۆڕستانی شاعیرانی مەهاباد شوێنی بەخاکسپاردنی کۆمەڵێک ناوداری کوردە کە مامۆستا هەژاری موکریانی، مامۆستا هێمن، خاڵەمین، محەمەد ماملێ، مارف ئاغایی، محمەممەد قازی و مەلا غەفوور دەباغی چەند کەس لەوانن.
گۆڕستانی شاعیرانی مەهاباد هەر شوێنی لە ئامێزگرتنی ئەو زات و کەسایەتییە ئەدەبی، سیاسی و هونەرییانەی کورد نەبوو، مەکۆی بیری نەتەوەیی و شوێنی کۆبوونەوەی سەمبولەکانی کوردایەتی بوو. ئەوێ شوێنی گێڕانەوەی مێژوو، هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی کەوتن و سەرکەوتنی کورد لە زمان رۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە بوو، لە خۆڕا نییە دوژمنانی کورد زەندەقیان لێ چووبوو.
کێلی ئەو نەمرانە رووگەی پاکی کوردایەتی بوو، ئایەتەکانی خەبات و نەسرەوتن و ژینی سەربەرزانە بوو، هەوێنی گوورانی بیری سەربزێوی و سەربەخۆیی بوو، بۆیە ئاوا بۆی کەوتنە بۆسە، تاکوو ئاسەواری نەهێڵن.
دوژمن دەیزانی ئەو بەردەنووسانە هەر کێلێکی ئاسایی نین، کلیلی کردنەوەی قفڵێکی داخراون، بۆیە ئاوا لێی تۆقاون.
دەیانزانی ئەو دێڕانەی لە سەریان نەخشاوە گەر چەند وشەی ریزکراو نین، بگرە مانیفێستی ژیانی سەربەستی و دڕدانی شەوەزەنگی دیلین، بۆیە ئاوا بێ ناو و نیشانیان کردن.
مەخابن ئەوەی دوژمن دەیکا دەردێکە و ئەوەی بە دەستی خۆمان لە دژی خۆمانی دەکا دەردێکی گەلێ بەژانترە.
تۆ بڵێی ئەو کاربەدەستە کوردەی بڕیاری تێکدانی مەزاری نەمران دەدا نەزانێ کە ئەوە شەڕێکی نەرمە و دوژمن بە خۆمانی دەکا؟ بڵێی بیری بۆ ئەوە نەچووبێ کە زۆردارانی شار کەی چاویان بە جوانیی کوردستان هەڵهاتووە هەتا بێن و بەرنامە بۆ جوانیی شار داڕێژن؟ بڵێی خۆیان ماندوو نەکردبێ تێبگەن ئەوە خەونی گولیی نەیارانی کوردە کە ئاواتەخوازە لەو سەمبولانە تەنیا ناوێکی ون و بێ ناوونیشان بمێنێ؟ دەنا چۆنە چوونەتە ژێر باری ئەو تاوانە قورسە؟
لەوە بترازێ دەمێنێتەوە خەڵکی مەهاباد و ناوچەکانی دی. ئەوان دەبێ باش مەبەستە شاراوەکانی ئەو خەونە شوومە تێبگەن. ئەوان لەسەر شانیانە ئەمانەتداری ئەو سامانە مەعنەوییە بۆ نەوەی داهاتوو بن، نابێ بێدەنگ بن و بێڵن لە بێدەنگیی ئەواندا چی بەسەر شار و چی بەسەر میراتی باوانیان دەهێنن.
رێژیمی کوماری ئیسلامیی ئێران باش دەزانێ کە بە رووخانی کۆمارەی کورد و شەهیدکردنی سەرکۆمارەکەی، بە قەڵاچۆ و شەڕ و زڕەی زنجیر و پەتی سێدارە بیری کوردایەتی لە بن نەهاتووە، ئەو دەزانێ کە سەرکوت و پەلاماری دەیان ساڵەی ئەو گەلە ئەوانی لە ئامانجەکانیان نیزیک نەکردۆتەوە، هاتوون شەڕی شوناس و پێناسی دەکەن، هاتوون بە نەرمی لەو مێژووە دەدەن و هەوڵی هڵۆڵکردنی دەدەن. ئەوان دەیانەوێ نەوەی ئەمڕۆ بۆ سبەی خۆی دەستی بەتاڵ بێ و چاولەدەست، هەر بۆیە هەموو خەڵکی بەهەستی کورد دەبێ لەو پیلانە بە باشی تێبگەن و هەر وەکوو پێشوو، دوژمن داماو و کڵۆڵ بێڵنەوە.