لە هەر کۆمەڵێک و لە نێو هەر نەتەوەیەکدا کەسانێک هەن کە هەر هی خۆیان و هەر هی بنەماڵەکەیان نین، هی هەموو ئەو کۆمەڵ و نەتەوەیەن کە لە نێویاندا هەڵکەوتوون. دیارە ئەو جۆرە کەسانەش بە رێکەوت نابن بە سامان و مڵکی کۆمەڵ و نەتەوەی خۆیان، بەڵکوو خزمەتیان بەو کۆمەڵ و نەتەوەیە و رۆڵیان لە بوارێک لە بوارە گرنگەکانی ژیانی ئەو کۆمەڵ و نەتەوەیە دایە کە ئەم جێگە و پێگەیەیان بۆ پێک دێنێ.
ناسر ئێرانپوور، بۆ ئەوانەی ئەهلی خوێندنەوە و بەدواداچوونی پرسە سیاسی و نەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانن، ناوێکی ئاشنایە. ئەو نووسەر و رووناکبیرە کوردە رۆژهەڵاتییە، لە مێژ ساڵە بەشێکی گەورە لە توانا و کاتی خۆی بۆ وەرگێڕان و نووسین لە بواری مافی نەتەوەیی و بەرگری لە رەوابوونی پرسی کورد بە گشتی و لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە تایبەتی تەرخان کردوە. وەرگێڕانەکانی کە لە زمانی ئەڵمانییەوە بۆ سەر زمانی فارسین، کۆمەڵێک یاسا و پەسندکراو و دۆکیۆمێنتی گرنگی پێوەندیدار بە مافە نەتەوەیی و زمانییەکان و، سیستمی سیاسی و بەڕێوەبەری لە وڵاتانی فرە نەتەوە و فرەزمانی جیهان دەگرنە خۆیان. کاک ناسر بەم کارەی گەنجینەیەکی بە نرخ لە زانیاریی قانوونی و سیاسیی پێویستی بۆ ئەو کەسانەی بەشداری خەباتی نەتەوەیی و زمانیین، دابین کردوە. نەک هەر تاک تاکی ئەو مرۆڤانەی بۆ مافە نەتەوەیی و زمانییەکانی خۆیان- بە شێوەی تاکەکەسی و سەربەخۆ یا وەک ئەندام و تێکۆشەری حیزب و رێکخراوە سیاسییەکان تێدەکۆشن- بەڵکوو رێبەرانی حیزب و ریکخراوە کوردییەکانیش، ئەگەر بیانەوێ بە زانیاریی بە نرخ و بەڵگەی پتەو بچنە شەڕی بەرگریکردن لەو مافانە لەگەڵ نەیارانی دابینبوونی مافە نەتەوەیی و زمانییەکان، پێویستە ئەم وەرگێردراوانەی بەڕێز ئێرانپوور بخوێنینەوە و بە سوود وەرگرتن لەو زانیارییانەی لێیان هەڵدێنجن، لەگەڵ دژبەران و نەیارانی چارەسەری دادپەروەرانەی پرسی نەتەوەیی و زمانی بکەونە دیالۆگ و پۆلیمیکی سیاسی. لیستی ئەو جۆرە وەرگێڕانانەی ئێرانپووری ماندوویینەناس کە هێندێکیان نامیلکەیەکی تەواون، خۆ لە نزیکەی 30 ناو دەدا.
بەڵام ناسر ئێرانپوورهەر بە وەرگێڕانی دۆکیۆمێنتی بەنرخ لەم بوارەدا نەوەستاوە. ئەو بە نووسینی وتار و بە بەشداری لە وتووێژی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆیی و ئامادەبوون لە سمینار و کۆبوونەوەی سیاسی لەم سالانەی رابردوودا، رۆڵێکی دیاری هەبووە هەم لە بەرزکردنەوەی پایەی تیۆریک و ئیستیدلالیی روانگە و بۆچوونی بەرگریکاران و لایەنگرانی پرسی رەوای نەتەوەی کورد و مەسەلەی نەتەوەیی بە گشتی، هەم لە پەرپەرچدانەوەی چەواشەکاری و هێرشی نارەوای نەیارانی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بە تایبەتی لە نێو شوڤێنیستە ئێرانییەکاندا. یەکێک لە خاڵە بە هێزەکانی نووسین و وەڵامدانەوەکانی ئەم نووسەرە پڕکار و پڕبەرهەمە، نووسرانیان بە زمانی فارسییە. ئەگەر کاک ناسریش وەک مەمانان هەر کوردینووس با و نووسراوەکانی تەنیا بە کەڵکی خوێنەرانی کوردزمان هاتبان، هەرگیز ئەم سوود و بایەخەی ئێستایان نەدەبوو. نەک لەبەر ئەوەی زمانی کوردی لە زمانی فارسی بە کەمتر بزانم، بەڵکوو بەو هۆیەوە کە پێویستە لەگەڵ نەیارە فارسیخوێن و فارسیزمانەکانی پرسی کورد، بە زمانێک کە لێی تیدەگەن باس و پۆلیمیک بکەین، چەوتی و ناڕاستیی بۆچوونەکانیان بسەلمێنین و راستییەکانی پێوەندیدار بە نەتەوەکەمان و خەباتە رەواکەی خۆمانیان تێ بگەیەنین. ژمارەی ئەو کەسانەی لە ماڵپەرە فارسی زمانەکان و لەگەڵ هۆگران و دژبەرانی فارسزمانی پرسی نەتەوەیی و زمانی، بە لایەنگری لە بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان و پرسی رەوای نەتەوەی کورد، وەک کاک ناسر بە زمانی فارسی دەنووسن و قورس و قاییم وەدەست هاتوون، بە داخەوە زۆر نین. بەڵام هەر ئەو ژمارە کەمە زۆر جار بە ئیستیدلالی بە هێز و باسی دەوڵەمەندیان توانیویانە رووی زۆر لە نەیارە ئێرانییەکانی پرسی نەتەوەیی و مافی نەتەوەکان و بزووتنەوەی نەتەوەیی لە کوردستان و ئێران کەم بکەنەوە و پێش بە مەیدانداریی یەک لایەنەیان لە راگەیەنەکاندا بگرن.
کاک ناسر لە مێژ ساڵە ئەندامی هیچ یەک لە حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و ئێران نیە. بەڵام بە شاهیدیی نووسین و وتووێژەکانی، هەر کات حیزب و ریکخراوێکی سیاسیی کوردستان، پرس و بابەتێکی نوێ و بە سوودی خستووەتە روو، یا بە بۆنەی هەنگاوێکی سیاسی و یا چالاکییەکی رەوا کەوتووەتە بەر هێرشی ناڕەوا، بە دەستوبردتر لە رێبەری و کادرە دیارەکانی ئەو لایەنە و دەتوانم بڵێم زۆر جار موستەدەلتر، راشکاوتر و قورس و قاییمتر لە رێبەران و سیماکانی ئەو جۆرە حیزب و رێکخراوانە، کەوتووەتە داکۆکی لێکردنیان. کامڵبوونی فکری، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و رەوانیی ئەو رووناکبیرە کوردە بە زۆر لە تایبەتمەندییەکانییەوە دیارن. ئەو هەر خەمخۆری پرسی رەوای نەتەوەکەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان نییە، بەڵکوو هۆش و سەرنجی لە سەر رووداو و ئاڵوگۆرەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش وەستاوەتەوە و لە کاتی خۆیدا نووسین و هەڵوێست و دەنگی هەبووە. لەگەڵ ئەوەی زۆربەی ئێمە هۆگران و خوێنەرانی، ئەو نووسەرە وەک شەڕڤانێکی بزووتنەوەی کورد لە سەنگەری بیر و قەڵەم و کاری فکری و سیاسیدا سەیر دەکەین، بەڵام نەتەوە بندەستەکانی دیکەی ئێرانیش، حەق وایە هەر بەم چاوە لێی بڕوانن. چونکە ئەو وەک رووناکبیرێک و بە شێوەیەکی مەبدەئی و وەک پرەنسیپ، مەسەلەی هەموو نەتەوە بندەستەکانی ئێران بە مەسەلەی خۆی دەزانێ و لە جێی خۆی و لە کاتی خۆیدا، هەوڵی داوە قسە و هەڵویستی گونجاوی لە بارەیانەوە هەبێ. گەورەیی و بە هیزیی روانین و بیرکردنەوەی ئەو مرۆڤە بە جەستە لاوازە، هێندێک هۆکار و سەرچاوەی دیکەشیان هەیە لەوانە: ئازادبیر بوون و رێزگرتن لە جۆراوجۆریی بیروڕای سیاسی، چەپبوون بە واتای باوەڕ هەبوون بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەمانی چەوسانەوەی مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ، خۆپاککردنەوە لە هەست و روانینی دژەمرۆیی و، لە روانگەیەکی ئینسانی و ئینساندۆستانەوە روانین بۆ پرس و دیاردە و بابەتەکان و هتد.
داوەری و هەڵسەنگاندن لە بارەی ژیان و تێکۆشانی کاک ناسر ئێرانپوور، عەیبێکی گەورەی تیدا دەبێ ئەگەر دوو راستی لە بارەی ئەو رووناکبیرە بە نرخە نەزانین. یەکەم ئەوە کە ناسر هەموو ئەو وەرگێڕان و نووسینە بە نرخانەی لە پەنا کاری قورسی رۆژانەیدا – کە ژیان و بەڕێچوونی خۆی و بنەماڵەکەی بەو کارەیەوە بەند بووە- ئەنجام داون. ئەو وەک ئەو رووناکبیرو نووسەرە خۆاپێداوانە نەبووە کە لایەنێک دەیانژێنێ و هیچ خەمی نان و ژیان و گوزەرانیان نیە و کاریان تەنیا خوێندەوە و نووسینە. دووهەم راستییش ئەوەیە ناسر ئیرانپوور لە مێژ ساڵە لە بەشی زۆری رووناکیی چاوێکی بێبەشە. کاتی خۆشی(1984) هەر بۆ عیلاجی ئەم نەخۆشییە هاتووەتە ئەڵمان و لەوێ گیرساوەتەوە. هەر بە رووناکایی ئەو چاوە ساغەشی ، سەرەڕای کار و چالاکیی زۆری سیاسی، سەرکەوتوانە خوێندوویەتی و خۆی پێ گەیاندوە و بووە بەو ناسرەی ئەمڕۆ لە سایەی خزمەتە زۆرەکانی، هەموو ئەوانەی تا رادەیەکی باش دەیناسین، خۆشمان دەوێ و شانازیی پێوە دەکەین.
کاک ناسر، چەند ساڵیکە جاروبار و بە شێوەی کاتی لە گۆرەپانی نووسیندا خۆیمان لێ ون دەکا. ئەوە نەک خۆحەشاردانێکی دڵخواز، بەڵکوو ونبوونێکی نەخوازراوە. ئەمە، ئەو کاتانەیە کە لە ژێر چارەسەر دایە و خەریکی بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشییەکەیەتی. بەڵام لەو کاتانەشدا کە لە نەخۆشخانە کەوتووە، نەحەجمیوە. بیری هەر لای پرسە رەواکانی نەتەوەکەی و هاونیشتمانانی بووە. لە ئاکام دا، چەکەرەی پڕۆژەیەکی دیکەی نووسین و، چۆنیەتیی هاتنە دەنگ لە نووسین و لێدوانێکی تازەی نەیارێکی پرسی رەوای نەتەوەکەی، وەکوو ئازارەکانی نەخۆشییەکەی، جینگڵیان پێ داوە. نوێترین بابەت کە بیر و زەینی ئەو خۆشەویستەی بە خۆیەوە خەریک کردوە، چۆنیەتیی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ دیاردەی جاشەتی بە هەموو جۆرەکانییەوە لە رۆژهەڵاتی کوردستانە. دیاردەیەک کە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی، چەند ساڵێکە لە کاتی باسکردنی سەرکەوتنەکانیان لە سەرکوتی چالاکیی رێکخراوەکانی بەشدار لە بزووتنەوەی کوردستان، سەرکەوتوانە و بە شانازییەوە و لە ژێر ناوی “هاوکاریی خەڵکی خۆجێی لەگەڵ هێزەکانیان”، لێی دەدوێن. پێویستیی وەڕێخستنی هەوڵێکی بەرینی فکری و سیاسی و میدیایی لە دژایەتی لەگەڵ ئەم دیاردەیەدا، ئەو بیرۆکەیە کە ناسری ئێرانپوور پێشنیار دەکا حیزب و ریکخراوە سیاسییەکان و چالاکانی بواری سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بیکەنە هەوێنی پڕۆژەی ئێستای خۆیان.
کاک ناسر ههتا ئێره بۆ دهوڵهمهندکردنی ئهدهبیاتی سیاسیی کوردستان و له پێناوی بهرگری له پرسه رهوای نهتهوهکهیدا، کهمی نهکردووه. ئهو گهنجینهیهک وهرگێڕان و نووسینی بهنرخی بهرههم هێناوه که به راستی شایانی خوێندنهوه و لێفێربوون و پشت پێبهستن له دیالۆگ و موناقشهی سیاسی دان. سهرهڕای ئهمهش بزووتنهوهی نهتهوهیی و گۆڕهپانی رۆشنبیریمان پێویستیی زۆریان به ناسرهکان و خاوهنانی ئهم جۆره هزره و بههره دهوڵهمهندانه ههیه. ههر بۆیه له قووڵایی دڵمهوه ئاواتی بهردهوامبوون بۆ ناسری خۆشهویست دهخوازم.
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه