لەم ساڵانەی دواییداو ناوەناوە کۆمەڵە جموجۆڵێکی مەدەنی و جەماوەری لە شاری مەریواندا دەبیندرێ کە نەتەنیا لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو لە سەر ئاستی ئیرانیشدا، ئەم شارەیان کردۆتە نموونەیەکی بەرچاو بۆ لێفێربوون و قسە لەسەر کردن.
ئەو جموجۆڵ و چالاکییانەی کە لە شاری مەریواندا بەڕێوەدەچن و ئەمساڵانە زیاتر لە ژیر ناوی “خەباتی مەدەنی و جەماوەری”دا پێناسە دەکرێن، خوێندنەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرن کە پێش ئەوەی بپەرژێینە سەریان، بە پێویستی دەزانم بە پرسیارێکی گشتی_ کە لەوانەیە یارمەتیمان بدا بۆ بەرچاوروونییەکی زیاتر_ دەست پێدەکەین؛
بۆ شاری مەریوان توانیویەتی مەوقعییەتێکی ئەوتۆ پەیدا بکات؟!
بۆ وڵامدانەوە بەم پرسیارە پێویستمان بە ئاوڕدانەوەیەکی نە زۆر دوور بە رەفتاری سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئەم شارە هەیە بۆ ئەوەی بزانین کە چ هۆکارگەلێک وای کردوە کە شاری مەریوان وەها مەوقعییەتێکی مەدەنی_جەماوەری پەیدا بکات.
ئەگەر لە رێپێوانە مەزنەکەی ئێوارەی ٣٠ی پووشپەڕی ١٣٥٨ەوە دەست پێبکەین کە خەڵکی ئەم شارە بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرانبەر بە هاتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم بۆ نێو شار وەرێیان خست و بە هەزاران کەس شاریان چۆڵ کرد، دەکرێ لە پاشخانی ئەم جووڵە مەدەنی و جەماوەرییانە تێبگەین.
لە کۆتاییەکانی دەیەی چلی هەتاوی و بە تایبەت لە دەیەی ٥٠ی هەتاویدا کۆمەڵە هەوڵێکی مەدەنی و رێکخراوەیی(دامەزراندنی ئەنجوومەن و سەندیکای پیشەیی) لەم شارە لە لایەن کۆمەڵە کەسێکی خاوەن نفووز و جێی متمانەی خەڵک وەک ؛ کاک فواد مستەفاسوڵتانی، عەتا رۆستەمی، حوسێن پیرخزری و کۆمەڵێک کەسی دیکە کە دواتر هێندێکیان وەک سیما ناسراوەکانی بەشێک لە بزووتنەوەی خەڵکی کوردستان و بە تایبەت لە کۆمەڵەدا دەرکەوتن، رێکخران کە بێگومان شوێنەوارێکی تاریخییان لە سەر رەفتاری جەماوەریی خەڵکی ئەم شارە دانا.
هەر ئەم پاشخانە لە کاری رێکخراوەیی وای کرد لە دەرفەتێکی تایبەتدا بە شێوەیەکی زۆر سەرسووڕهێنەر لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێردا، ئێوارەی رۆژی ٣٠ پووشپەڕ ی ١٣٥٨ی هەتاوی، بە هەزاران کەس لە خەڵکی شاری مەریوان لە دەوری یەک کۆببنەوە و بە مەبەستی پێشگرتن لە خوێنرشتن و، بە نیشانەی ناڕەزایەتی لە هاتنی هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیمی تازە بە دەسەڵاتگەیشتووی کۆماری ئیسلامی بۆ نێو شار، لە رێپێوانێکی جەماوەری و تاریخیدا شار چۆل بکەن کە دیتمان بە نیسبەت شارەکانی دیکەی کوردستانەوە هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم نەیانتوانی خەڵک رەشەکوژ بکەن. کەوابوو لە رووی مێژووییەوە، ئەم جموجۆڵە مەدەنی و جەماوەرییانە لە شاری مەریوان دیاردەیەکی تازە نیە و خاوەنی پاشخانێکی پڕشنگدارە.
کاریگەریی ئەم جۆرە یەکگرتوویی و یەکریزییەی خەڵک لە شاری مەریوان دواتریش لە قالبی یەکێتییەکانی جوتیاران و کرێکاران و سەندیکای جۆراوجۆردا بوو بە هەوێنێک بۆ کاری جەمعی لە داهاتووی جموجۆڵ و چالاکییەکانی خەڵکی ئەم شارەدا.
جووڵە مەدەنی و جەماوەرییەکانی شاری مەریوان بە تایبەت لە ماوەی یەک دەیەی رابردوودا، توانیویەتی چەند قۆناغیک ببڕێ و بە شێوازێکی پڕڕەنگتر و گشتگیرتر خۆی بنوێنێ؛ چالاکیی فەرهەنگی لەم شارەدا نەتەنیا سنووری خودی شاری بڕیوە، بەڵکوو توانیویەتی لە سنوورەکانی ئێرانیش بترازێ و ببێتە شوێنێک بۆ پێشاندانی هونەر و کلتووری گەلانی دیکە لە وڵاتانی دەورووبەر. کە بۆ ئەم نموونە دەکرێ ئاماژە بە فستیڤاڵەکانی “شانۆی سەرشەقامی مەریوان” بکەین کە ساڵانەی لەم شارەدا بەڕێوە دەچێ. ژینگەپارێزی لە کوردستان لە شکڵی گشتگیری خۆیدا هەر لەم شارەوە توانی پەیامی نیشتماندۆستی بە سەرجەم شار و ناوچەکانی کوردستان بگەیەنێ و هەر ئێستا بە هەزاران کوڕو کچی کوردستان لە ژێر ناوی “ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان” و ئەنجوومەنەکانی دیکەی هاوشێوەدا کار لە بواری ژینگەپارێزیدا دەکەن.
مەریوان توانی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ببێتە نموونەیەک بۆ کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و بۆنەکان کە دواتر زۆرێک لە شار و ناوچەکانی کوردستانی لە بواری جموجۆڵ و چالاکییە مەدەنییەکاندا بەدوای خۆدا راکێشا. بەڕێوەبردنی رێورەسمە نەورۆزییەکان لە شکڵ و شێوازێکی جەماوەری و گشتیدا سەرەتا لە ئاواییەکانی سەربەشاری مەریوانەوە بوو بە سەرەتایەک کە دواتر زۆرێک لە شوێنەکانی دیکەی کوردستان کردیان بە نموونەیە بۆ خۆدەرخستن و چالاکی نواندن.
ئەوە سەرەتا خەڵکی شاری مەریوان و ئاواییەکانی ئەم شارەبوون کە بۆ لەنێو بردن و دزێو نیشاندانی کۆمەڵە دیاردەیەکی ناشیرینی کۆمەڵگای کوردستان، وەک؛ راوکردن و قلیانکێشان، قەفەسەکان و قلیانەکانیان سووتاند و تێکشکاند کە دواتر دیتمان لە شارەکانی دیکەی کوردستان و تەنانەت ئێرانیش بوون بە نموونە بۆ لێفێربوون. ئەوە سەرەتا چالاکانی شاری مەریوان بوون کە بۆ پتەوترکردنی نەفسی “لێبووردەی”ی و “گوزەشت” سەردانی بنەماڵەی قوربانیانی رووداوە نەخوازراوەکانیان دەکرد و داوایان لێ دەکردن کە کەسی تاوانباری مەحکووم بە مەرگ ببەخشن و “گیانی کەسێک لە مەرگ رەزگار بکەن”، کە دواتر دیتمان لە چەند شوێنیکی دیکەی کوردستان بوو نموونە. ئەوە کچان و ژنانی شاری مەریوان بوون کە یەکگرتووانە و بە شێوازێکی مەدەنی و جەماوەری لە زۆر بواردا هاتنە مەیدان و دژ بە کۆنەپەرەستی و بێرێزیکردن بە “ژنی کورد” مەیداندارییان کردو ئیرادەی خۆیان بەسەر دەسەڵاتدا سەپاند کە دەکرێ وەک دوایین نموونە ئاماژە بە ناڕەزایەتیی کچانی دوچەرخەسواری ئەم شارە بکەین کە بۆ دژایەتی بەرانبەر بە قسەکانی ئیمامجومعەی شار، رژانەسەر شەقامەکان و وێڕای بەدەستەوەگرتنی دوچەرخەکانیان، داکۆکییان لە مافەکانی خۆیان کرد.
بە گشتیی زۆرن ئەو چالاکی و جووڵە مەدەنی و جەماوەرییانەی کە لە چەند ساڵی رابردوودا شاری مەریوانیان کردۆتە نموونەیەک بۆ لێفێربوون. جێی خۆیەتی لە کۆتاییدا بە ڕێزو پێزانینەوە بڕواندرێتە کارو چالاکیی تێکۆشەرانی مەدەنیی ئەم شارە کە لە هەموو بوارەکاندا شارەکەیان کردۆتە نموونە بۆ لێفێربوون.
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه