هەموو ساڵێک و لە مانگی گەلاوێژدا، یادی قوربانیانی ساڵی ١٣٦٧ دەبێ بە دەلاقەیەکی تەنگ و بە رووی رابردوویەکی تەماویدا دەکرێتەوە. ئەمسالیش یادی کوشتاری زندانیانی سیاسی بە جیاوازییەکی رێژەیی و، بۆ جارێکی دی هاتە رۆژەڤەوە. ئەم جیاوازییە لە پێوەندی بە بڵاوکردنەوەی کاسێتێکدا دەردەکەوێ کە دەفتەری ئایەتوڵا مونتەزهری بۆ یەکەمجار بڵاوی کردەوە و لە ئەنجامدا کاردانەوەی بەرپرسانی حکوومی لێکەوتەوە و، ناوی خومەینی بۆ جارێکی دی وەک فتوابێژی ئەم کوشتارە هاتە ئارا.
کاسێتەکە لە ٢٤ی گەلاوێژی ١٣٦٧ دا تۆمار کراوە و، گرنگیی ئەم بەڵگەیە لەوە دایە کە پەردە له سهر دیالۆگێکی زیندوو لە نێوان مونتەزەری و موهەندیسانی ئەم جەنایەتە سامناکە لادەدا. نێوەرۆکی ئەم دیالۆگە بە رواڵەت باس لە نیگەران بوونی مونتەزەری دەکا لەمەڕ کارتێکەریی ئەم “رەوەندە” له سهر چارەنووسی ئینقلابی ئیسلامی و بەتایبەت خومەینی. ئەم وتارە هەوڵ دەدا خوێندنەوەیەکی دیاردەشوناسانە بکا بۆ دوو خاڵی گرینگ کە لەو کاسێتەدا باسی لێکراوە: یەکەم خاڵ؛ داننانی ئایەتوڵا مونتەزەری بە ناشەرعی بوونی سزاکان و پرسی “بەرەوەند کردنی” کوشتاری جیابیرانە لە کۆماری ئیسلامی. خاڵی دووهەم؛ قسەی موهەندیسانی کۆشتارەکەیە کە پێوەندیی بە بەشی تیۆریکی ئەم وتارەشەوە هەیە. ئەگەرچی ئەوان دان بە ناڕەوابوونی ئەم بڕیارەدا دێنن، بەڵام پێداگری له سهر بەجێگەیاندنی “تەکلیفی شەرعی” و جێبەجێ کردنی کارێکی ناتەواو دەکەن. بۆ نموونە مونتەزەری لە کتێبی بیرەوەرییەکانی و لە زمانی نەییەری حاکمی شەرعدا دەڵێ: “ما تا الان ٧٥٠ نفر را در تهران اعدام کردهایم، ٢٠٠ نفر را هم به عنوان سرموضع از بقیه جدا کردهایم کلک اینها را هم بکنیم بعد هرچه بفرمایید.”
بۆ ئەوەی پێوەندی نێوان چەمکی هۆلوکاست و رووداوەکانی دەیەی شەستی ئێران روون بێتەوە، سەرەتا هەوڵ دەدەم بە کورتی باسێکی تێرمینۆلۆژیک لەمەڕ چەمکی هۆلوکاست بکەم، دواتر رەخنە بنەماییەکانی کارەساتی هۆلوکاست لەم وتارەدا دێتە بەر باس و، دواجار بەراوردێکی کورت لەمەڕ دیاردەی “خومەینی-یزم”و هۆلوکاستی دەیەی شەست لە ئێران دەکەم.
هۆلوکاست لە “هیلۆکافستۆن” وەرگیراوە کە وتەزایەکی لاتینییە و لە دوو وشەی هێلۆس(بەتەواوی) و کافستۆس(سووتاندن) پێکهاتووە و ماناکەی دەبێتە؛ بەتەواوی سوتاندن. سەرەتا ئەم وتەزایە لە پێوەندی بە سزای سووتاندنی ئەو کەسانە دەکار دەهات کە لە دین لایان دابوو. لە سەدەی نۆزدەهەمدا هۆلوکاست وەک یەکێک لە ماناکانی ژینۆساید هاتە نێو ئەدەبیاتی سیاسی و لە چەند بەڵگەی مێژووییدا و لە پێوەندی بە قڕکردنی ئەرمەنییەکانی تورکیا باسی لێکراوە. دوابەدوای شەڕی دووهەمی جیهانی، هۆلوکاست لە پێوەندیی بە کەیسی سووتاندن و قڕکردنی یەهودییەکان، ئۆتیست و کەمئەندامان، قەرەج و هۆمۆسێکسوالیتەکان بە دەستی نازییەکانی ئاڵمان تۆمار کراوە کە هەژماری قوربانیانی ئەم کارەساتە دەگاتە شەش ملیۆن کەس.
زیگمۆند باومان(٢٠٠٥) کۆمەڵناسی پۆستمۆدێڕن، لە کتێبە بەناوبانگەکهیدا “هۆلوکاست و مۆدێرنیتە” دەڵێ؛ تێگێشتن لە کارەساتی هۆلوکاست نایەتە دی ئەگەر لە بنەماکانی سەرهەڵدانی مۆدێڕنیتە تێنەگەین. پرۆژەی سڕینەوە لای فاشیزم، بە بۆچوونی باومان، بڕیاری پیاوێکی سەرشێت نەبوو بەڵکە چەمکی سڕینەوە بەشێک بوو لە ماهیەتی مودێڕنیتە. مۆدێرنیتە بۆیە سەری هەڵدا تاکوو جیهان لەو شتە ناپاکانە خاوێن بکاتەوە کە گرێ دەخەنە بەردەم “شارەستانیەت” و “پێشکەوتن”. ئەگەر مۆدێرنیتە شارستانیەت و پێشکەوتنی نەکردبایە بە ئایدۆلۆژیا، بە دڵنیاییەوە پرسی سڕێنەوەش نەدەبوو بە ئامانجی فاشیزم و لە ئەنجامدا دەسکەنەی گیا هەرزەکانی بێستانی شارەستانیەتی نەدەکرد. بەم چەشنە زیگموند باومان پرسی هۆلوکاست نەک وەک رووداوێکی مێژوویی یاخۆ کارەساتێکی نامرۆڤانە، بەڵکە وەک دیاردەیەکی مەعریفی شرۆڤە دەکا. مەبەست لە مەعریفە ئەو چەمکە بنەماییانەن کە جیهانبینی مۆدێرنیتەیان له سهر دامەزرا. باومان روانگەی رەخنەگەرانەی خۆی له سهر ئەم چەمکانە چر دەکاتەوە: ١/ شارستانیەت، ٢/چەمکی “ئەوانی دی” و پرۆسەی سڕینەوە، ٣/ رێکاری عەقڵانی و بروکراسی، ٤/ سۆسیال دیستانس، ٥/ بەنۆرمال کردنی جینایەت و ٦/ ئەخلاقی گوێرایەڵانە.
مێتۆدۆلۆژیای رەخنەگەرانەی باومان، هانمان دەدا کە ئێمەش بە روانینێکی رووکەشیانە سەیری رووداوەکانی ساڵی ٦٧ نەکەین، بەڵکە بۆ تێگهیشتن لەم کارەساتە پێویست دەکا هەتا قووڵاییەکانی ژێرخانی خومەینیزم رەهەند لێبدەین و لەوێوە بۆ رەگەکانی ئەم جینایەتە بگەڕێین. کەواتە پێویستە سەرەتا له سهر ئەم خاڵە هاوڕا بین کە کوشتاری زیندانیانی ساڵی ١٣٦٧ رووداو نەبوو بەڵکە بەشێک بوو لە ماهیەتی “سڕینەوە” کە بنەمای خومەینیزمی له سهر داڕێژاوە. بۆ تێگهیشتن لەم کارەساتە ناچارین بگەڕێینەوە بۆ دواوە و گەشتێک بە نێو داڵانی خوێناوی دەیەی شەستدا بکەین، کەمێ دوورتر بچینەوە بۆ ئینقلابی ١٣٥٧ و هەروەها بەرەو جۆزەردانی ١٣٤٢یش دا بگەڕێین. هەڵبەت رێگای ئەم کاروانە زۆر درێژە، هێندە دوورە کە دەگاتەوە بۆ دەیەی سی هەتاوی و لەوەش دوورتر بۆ سەردەمی مەشرووتییەت. ئەگەر ئێمە نەتوانین ئەم زەنجیرە رووداوانە بە یەکەوە گرێ بدەینەوە، بە دڵنیاییەوە لە جینایەتی ساڵی ٦٧یش تێناگەین. ئەگەر هێندە دوور نەکەوینەوە، چۆن دەتوانین لە کێشەی مودەریس، فیتنەی کاشانی و هەرای خومەینی لە ساڵی ١٣٤٢ تێبگەین؟ زۆر سروشتییە کە لە وتارێکی وەها کورتدا مەجالی خوێندنەوەیەکی مێژوویی بۆ ئەم دیاردەیە نەرەخسێ، هەر بۆیە هەوڵ دەدەم بە پشتبەستن بە مۆدێلی رەخنەگەرانەی باومان، تیشک بخەمە سەر رەهەندە مەعریفییەکانی دیاردەی “سڕینەوە” کە لە مەکتەبی خومەینیزمدا نیهادینە کراوە.
بە پێی بۆچوونی باومان؛ چەمکی “ئەوانی دی” یەکێکە لە داهێنانەکانی مۆدێڕنیتە. “ئەوانی دی” لە سۆنگەی مۆدێڕنیتەدا بە مانای جیاوازییە و، هەڵبەت چەمکی جیاوازی لێرەدا بە پێوەری نۆڕمەکانی شارستانیەت و بەربەریەت هەڵدەسەنگێنرێ. ئەو شتانەی کە بەلای مۆدێڕنیتەوە نۆڕماڵ نەبێ ئەوا جیاوازە و بە مانای بەربەریەتە و، بۆ نەهێشتنی جیاوازیش پێویستە پرۆسەیەک دیاری بکرێ بۆ دەسکەنە کردن. بۆ جێبەجێ کردنی وەها پرۆسەیەک پێویست بە رێکاری عەقڵانی دەکا و، باومان پێی وایە کە بروکراسی عهقڵانیترین و گرینگترین میکانیزمی پرۆسەی سڕینەوە بوو کە نازییەکانی ئاڵمان رەچاویان کرد. بە تەنیا بروکراسی دەیتوانی پرۆژەی هۆلوکاست خێراتر، وردتر، بەدسیپلینتر و بە کاراترین شێوە ببا بەرێوە. یەکێک لە کاریگەرترین کارکردەکانی بروکراسی بە پێی بۆچوونی باومان، لە زەمینەی ئەخلاقدا خۆی دەردەخا. باومان دەڵێ: ئەو کەسانەی دەستیان لە هۆلوکاستدا هەبوو، بە دڵنیاییەوە مرۆڤ بوون، دایک و باوکیان هەبوو، بەشێکیان ژن و منداڵیشیان هەبوو، تامی خۆشەویستییان چێشتبوو، دەیانزانی بەزەیی و لێبوردن چییە و تەنانەت دەیانزانی ئازار چ مانایەک دەداتەوە، کەچی هەر ئەو کەسانە پۆل پۆل ژن و منداڵ و پیاوانی یەهودیان لە کورەی ئاگردا دەپەستاوت بۆ سووتاندن. بۆ تێگهیشتن لەم پارادۆکسە ئەخلاقییە باومان خوێندنەوەیەک بۆ کاردکردی بروکراسی وەک ئەڵتەرناتیڤی ئەخلاق دەکا. بەئەخلاقی کردنی بروکراسی نایەتە دی ئەگەر پرۆژەیەک بۆ سوسیال دیستانس لە ئارادا نەبێ و، مەبەست لە سوسیال دیستانس ئەو مەودایەیە کە لە نێوان بکوژ و قوربانیدا چێ دەبێ. هەتا ئەو مەودایە زیاتر دەبێ، بریاردان بۆ کوشتنیش ئاسانترە. لە وەها دۆخێک دایە دیاردەیەک بە ناوی “سیستم” دێتە ئاراوە و، سیستم بڕیاری کوشتن بە شێوەی سیستماتیک و لە سەرەوە بۆ خوارەوە دابەش دەکا. لە بوونی سیستمدا ئیدی کەس گرفتی ئەخلاقی نابێ، چونکە پێی وایە خۆی بەشێکی بچوکە لە پرۆسەی قڕکردندا و راستەوخۆ بەرپرسیار نییە لە جینایەتەکەدا. ئەم رەوەندە وەها نۆرماڵ دەبێتەوە کە هەموو لایەک خەم لە کارایی سیستمەکە دەخۆن و تێدەکۆشن کارەکان بە رێکوپێکی تەواو بکەن. بەم چەشنە بنەمای ئەخلاقی لە کارەساتی هۆلوکاستدا باشتر جێبەجێ کردنی ئەرکەکان و گوێرایەڵی بوو.
ئایدۆلۆژیای خومەینیزم له سهر بنەمای دیالێکتیکی “حەرام” دامەزراوە. کاتێک باس لە دیالێکتیک دەکەین مەبەستەکەمان روونە، واتە چارەسەرکردنی دوو بۆچوونی فەلسەفی دژ بەیەک لە نێو تیۆریهکی گونجاودا(تێز و ئانتی تێز). دیالێکتیکی حەرام لە ئەنجامی هاودژیی شەڕ(تێز) و خێر(ئانتی تێز) پێکهاتووە کە یاسای شەرع چارەسەریی ئەو هاودژییە دەکا. دیالێکتیکی حەرام یەکێکە لەو دیاردانەی کە ئێستاشی لەگەڵدا بێ نەیتوانیوە لەگەڵ سەردەمی مۆدێڕندا تەعامول بکا. هەڵبەت کاتێک باس لە دیالێکتیکی حەرام دەکەین مەبەستمان لە ترادیشۆن یاخۆ رەوەندێکی نەریتی نییە، بەڵکە دیالێکتیکی حەرام شێوازێکە لە مامهڵەی کۆمەڵایەتی(سۆسیال ئینتەراکشۆن) کە وەک سیستم کار دەکا. لێرە بەدواوە کاتێک باس لە “سیستم” دەکەین مەبەستمان لە “تەکلیفی شەرعییە” کە رێکار بۆ چارەسەریی پرسی پارادۆکسی ئەخلاقی دیاری دەکا. هەرای خومەینی لە ١٤ جۆزەردانی ١٣٤٢، لە راستیدا زەمینەی پراکتیزەکردنی دیالێکتیکی حەرام بوو. ئێمە دەزانین کە فتوای خومەینی بە دژی بڕیاری یاسای کاپیتولاسیۆن و بەتایبەت مافی ژنان بۆ دەنگدان بوو کە وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر یاسای شەرع دەهاتە ئەژمار. کاتێک لە یەکەم رۆژەکانی سەرکەوتنی ئینقلابی ١٣٥٧ نزیک دەبینەوە، مەیدانی تەفسیری دیالێکتیکی حەرام هێندە بەرفراوان دەبێتەوە کە تەنانەت ئازادی، دیالۆگ، هونەر، شادی، ژن و دێموکراسیش دەخاتە خانەی “شەڕ”. بیری ئازادی لە ئینقلابی ١٣٥٧دا وەها باڵی گرتبوو کە بە تەنیا لە بازنەی دیالێکتیکی حەرامدا دەستەمۆ دەکرا و، ئەگەر لە هێندێ دەرفەتدا زەروورەتی ئازادی دەهاتە ئارا، ئەوا سیستم بە ماشینی سڕینەوە دەهاتە مەیدان و قڕی دەکرد. لە هێچ قۆناغیکی مێژووی ئەم ئایدۆلۆژیایەدا شتێک بەناوی تەعامولی سازندە بەدی ناکرێ، بەڵکە هەوڵی سڕینەوە و لەخشتە بردن وەها نیهادینە کراوە کە بۆتە بەشێک لە ماهیەتی خومەینیزم.
پێناسە کردنی چەمکی “ئەوانی دی” زۆر گرینگە بۆ بەستێنسازی سڕینەوە و، لە وەها دۆخێک دایە کە سیستم ئامانجەکانی خۆی دەپێکێ. “ئەوانی دی” لە دیالێکتیکی حەرامدا خۆی لە “شەر”دا دەبینێتەوە و سروشتییە کە یاسای شەرع لە خزمەت نەهێشتنی شەڕدا چاک کار دەکا و حدوودی خێریش بە باشی دیاری دەکا. دامەزراندنی دادگای ئینقلاب و دیاری کردنی حاکمی شەرع، فازی یەکەمی پراکتیزەکردنی دیالێکتیکی حەرام بوو کە بە خێراییەکی سەرسووڕهێنەر بوو بە ئەمری واقع. ئەگەر تیۆری “ئەوانی دی” و پرۆسەی سڕینەوە لای خەڵک وەها بەهێز نەبوایە، چۆن کۆمەڵگهی ئێران کە لە ماوەی دەساڵی پێش ئینقلابدا خاوەنی باشترین سیستمی دادگوستەری بوو لە رۆژهەڵاتی ناوین، دەیتوانی پێملی سیستمی شەرع بێ؟ فازی دووهەمی دیالێکتیکی حەرام تاقیکاریی سیستم بوو. لە وەها دۆخێکدا زۆر گرینگە کە ئایدۆلۆژیای حەرام لە کارایی، خێرایی، وردبوونەوە و نەزمی سیستم دڵنیا بێتەوە. یەکەم تاقیکارییەکانی سیستم له سهر کەیسی ئەفسەر و کارگێڕانی رێژیمی پاشایەتی تاقی کرایەوە کە بە پێی بڕیاری حاکمی شەرع سزای گولەبارانکردنیان بە سەردا سەپا و حوکمەکەش له سهر بانی جەماران، واتە ئەو شوێنەی خومەینی لێ دەژیا، بەرێوە چوو. بە دڵنیاییەوە لە ژێر چاوەدێریی خومەینیدا ئەم تاقیکارییە سەرکەوتنی بەدەست هێنا، چونکە لە قۆناغەکانی دیکەدا مەیدانی مەحاکمە و مەرگ بۆ زیندانی ئەوین گوازرایەوە. تاقیکاریی سیستم قۆناغێکی دیکەی لەبەر مابوو تاکوو بە تەواوی دڵنیا بکرێتەوە و، ئەم تاقیکارییە له سهر یارانی نزیک لە ئینقلاب و خومەینی تاقی کرایەوە.
یەکێک لە گرفتەکانی سەر رێگای سیستم پرسی مەشرووعیەتی کۆمەڵایەتییە کە لە رێگای سۆسیال دیستانسەوە زەمینەی شەرعیبوونی سیستم خۆش کرا. چێکردنی مەودای کۆمەڵایەتی لە نێوان “ئێمە” و “ئەوانی دی” مسۆگەر نەدەکرا ئەگەر دینامیزمێک بە ناوی “فتوا” لە ئارادا نەبوایە. فتوای جیهاد بۆ سەر خەڵکی کوردستان و دیاری کردنی سنووری نێوان کوفر و ئیسلام، مەیدانی بە سیستم دا کە لەبەر چاوی هەموو گەلانی ئێران، سەدان هەزار بۆمب و تۆپ و خۆمپارە بەسەر شار و گوندەکانی کوردستاندا ببارێنێ و دەنگی ناڕازیبوونیش لە کەس دەرنەیەت. بەدوای ئەم تاقیکارییەدا، سیستم وەها دڵنیا کرایەوە کە ئەوجار دەگژ حیزبە هاوپەیمانەکاندا چووەوە کە لە جبهەی دژی ئیمپریالیزمەوە چەپڵەیان بۆ کارایی سیستم لێدەدا. کاتێک کەس نەما ئەوجار چووە سەرەوەختی زیندانیانی بێپەنا کە پێشتر حاکمانی شەرع سزای زیندانیان بەسەردا بڕاندبوونەوە و ئەوانیشان بێکەسکوژ کرد. ئەم سیستمە قەرار نییە لە شوێنکدا راوەستێ، رۆژێک لە کەهریزەک چالاک دەبێتەوە، جاری وایە لە کۆنسێرتەکان دەردەکەوێ و هێندێجار بەر بە درگای باڵەکانی نێو رێژیمیش دەگرێ. کارایی سیستم بەرادەیەک سەرکەوتووە کە تەنانەت هەموو دەرکەوتەکان و جینایەتەکانی وەک رەوەندێکی نۆرماڵ و ئیلاهی دێتە بەرچاو ولە ئەنجامدا بووە بە بەشێک لە ئەخلاقی ئیسلامی. تەکلیفی شەرعی لە دیالێکتیکی حەرامدا بە مانای ئەخلاقی گوێرایەڵانەیە و، تاکی ئەخلاقی کەسێکە کە بە باشترین شیوە گوێڕایەڵ بوونی خۆی بسەلمێنێ و کارەکانی سیستم تەواو بکا، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە بە هەزاران ملیارد تمەنیش ئیختەلاس بکا.
کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی ٦٧ دا هەر جینایەت نەبوو، بەڵکە پرۆسەیەکی نۆرماڵ بوو کە دەبوایە سیستم بە باشی تەواوی بکا. زیگمۆند باومان مافی خۆی بوو ئەگەر دەیگوت: کاتێک سەدام لەبەر چاوی جیهاندا بە هەزاران کوردی کیمیاباران دەکرد و، خەڵکی تامیر بە پانەوە ژینۆساید دەکران، دڵنیا بووم کە ئێمە لە رەهەندە کارەساتاوییەکانی هۆلوکاست تێنەگێشتوین و ئیدەی هۆلوکاست خاشەبڕ نەکراوە. بەراستی کەیسی هۆلوکاست چۆن دادەخرێ لە کاتێکدا دیالێکتیکی حەرام عەقڵی مودێڕن تووشی چالنج دەکا؟
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه