حه‌وتووی یه‌که‌می خه‌رمانان له کۆماری ئیسلامیی ئێران‌دا به حه‌وتووی ده‌وڵه‌ت ناوزه‌د کراوه. له‌و حه‌وتوویه‌دا عه‌مه‌لکردی ده‌وڵه‌ت زیاتر له هه‌رکاتێکی دیکه ده‌خرێته ته‌رازووی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه. به پێی نه‌ریتی ساڵانه‌ش سه‌رکۆمار و ئه‌ندامانی هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ خامنه‌یی، رێبه‌ری کۆماری ئیسلامی، دیدار ده‌که‌ن. له‌و دیدارانه‌دا خامنه‌یی هه‌م گوێبیسی راپۆرتی عه‌مه‌لکردی ده‌وڵه‌ت ده‌بێ و هه‌م دید و تێ‌بینی و ره‌خنه‌کانی له سه‌ر عه‌مه‌لکردی یه‌کساڵه‌ی ده‌وڵه‌ت له چوارچێوه‌ی وتاردانێک‌دا ده‌خاته روو. ئه‌وه‌نده‌ی له بیرم بێ، راوێژی ره‌خنه‌کانی ئه‌مساڵی به به‌راورد به ساڵی رابردوو نه‌رمتر بوو! هۆکاره‌که‌ی بۆ ئه‌وه ده‌گێڕمه‌وه که له دوای ٧ی ره‌شه‌مه‌ی ٩٤ه‌وه، که به‌ره‌ی ریفۆرمخواز و میانه‌ڕۆ سه‌رکه‌وتنێکی رێژه‌ییان له هه‌ڵبژاردنه‌کان‌دا به ده‌ست هێنا، شه‌پۆلێکی به‌ربه‌رینی رووشێنه‌ر به نیسبه‌ت ده‌وڵه‌ت ده‌ستی پێ‌کرد و تا هه‌نووکه‌ش به‌رده‌وامه ـ دیاره ئه‌و شه‌پۆله رووی له هه‌ڵبژارنه‌کانی سه‌رکۆماریی مانگی گوڵانی ساڵی داهاتووشه‌ـ. بۆیه خامنه‌یی به پێویستی نه‌زانی که ئاماژه و ئاراسته‌یه‌ک به باڵی راست(ی توندئاژۆ) بۆ هێرش کردنه سه‌ر ده‌وڵه‌ت بدا! شایانی باسه که خامنه‌یی له کاتێک‌دا کۆدی هێرش بۆ سه‌ر ده‌وڵه‌ت به لایه‌نگره توندئاژۆکانی ده‌دا که فه‌زایه‌کی تا راده‌یه‌ک هێدی له هه‌مبه‌ر ده‌وڵه‌ت بوونی هه‌بێ!
خامنه‌یی له دیداری ئه‌مساڵی له‌گه‌ڵ هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت‌دا وێڕای ئه‌وه‌ی که چه‌ند جار تانه‌ی له عه‌لی جه‌ننه‌تی، وه‌زیری ئیرشاد دا و ره‌خنه‌ی توندی له بواری ژێر به‌رپرسایه‌تیی ناوبراو گرت، گوتی پرسی سه‌ره‌کیی وڵات، پرسی ئابووری‌یه. به سه‌رنجدان به دۆخی ناله‌بار و قه‌یرانیی ئابووریی ئێران راستیی ئه‌م قسه‌یه ده‌رده‌که‌وێ. له‌م وتاره‌دا به پێی ئیمکان عه‌مه‌لکردی ئابووریی ده‌وڵه‌ت هه‌ڵده‌سه‌نگێنم و دید و خوێندنه‌وه‌ی هه‌رکام له باڵه‌کانی نێو نیزام له مه‌ڕ عه‌مه‌لکردی ده‌وڵه‌ت باس ده‌که‌م.
ئابووریی ئێران به سه‌ختی هه‌ناسه ده‌کێشێ و ئه‌م راستی‌یه‌ش حاشاهه‌ڵنه‌گره و کارناسانی ئابووری و داتا و ئاماره‌کانی خودی رێژیمیش ئه‌م راستی‌یه پشت‌راست ده‌که‌نه‌وه. عه‌لی لاریجانی سه‌رۆکی مه‌جلیس له دوازده‌یه‌مین کۆنگره‌ی ئه‌ندازیارانی بناژۆخواز‌دا به زمانی ئامار و داتا دوایین دۆخی ئابووریی ئێران باس ده‌کا؛ به پێی پێوانه‌کانی سه‌رانه‌ی ناخالیسی میللی، ئازادیی ئابووری، رێژه‌ی بێ‌کاری، نرخی “تورم”، پشکی سه‌رمایه‌گوزاریی ده‌ره‌کی، شه‌فافیه‌ت له سیاسه‌تداڕێژی ده‌وڵه‌تی و هتد، ئێران له‌نێو وڵاتانی جیهان‌دا له پله‌کانی ئاخردا جێ‌ده‌گرێ و به پێی ئامار و داتاکانی جێی ئاماژه، پله‌ی ئابووریی ئێران له نێو ١٤٠ وڵات‌دا، ١٠٢یه. که‌واته تا ئێره‌ی پرسه‌که هه‌موو دان به خراپیی دۆخی ئابووریی ئێران‌دا دێنن. پرسیار یان پرسی جێی مناقشه ئه‌وه‌یه که روحانی له ماوه‌ی ٣ ساڵی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی‌دا تا چه‌نده توانیویه‌تی به‌ڵێنی‌یه ئابووری‌یه‌کانی به‌جێ بێنێ و پرسیارێکی دیکه که به داوی ئه‌مه‌دا دێته ئارا ئه‌وه‌یه که کاریگه‌ریی به‌رجام(رێککه‌وتنی ناو‌کی) له سه‌ر ئابووری چی بووه؟
١)ئۆردوگای ده‌وڵه‌ت وریفۆرمخوازان: مه‌سعوودی نیلی راوێژکاری باڵای روحانی بۆ کاروباری ئابووری ده‌ڵێ: زه‌ربه‌یه‌ک که به ئابووریی ئێران له ساڵه‌کانی ٩١ و ٩٢ که‌وت ئه‌وه‌نده گه‌وره بوو که قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌که‌ی ساڵانێکی زۆری ده‌وێ. به قسه‌ی نیلی ئابووریی ئێران بۆ ئه‌وه‌ی که بگه‌ڕێته‌وه بۆ پرۆسه‌ی دێژماوه‌ی دوای شه‌ڕی “داسه‌پاو”، ده‌بێ له ٥ ساڵی داهاتوو‌دا گه‌شه‌یه‌کی زیاتر له ٦ و نیو له سه‌دی هه‌بێ. ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر مشوور و به‌رنامه‌کانی ده‌وڵه‌ت و ده‌ره‌نجامه‌کانی لاچوونی گه‌مارۆکان نه‌با، ئابووریی ئێران وه‌ک ئابووریی وێنێزۆئێلای لێ‌ده‌هات.
موحسین سه‌فایی فه‌راهانی له وتووێژ له‌گه‌ڵ رۆژنامه “ئافتابی یه‌زد”دا ده‌ڵێ: به له به‌رچاو گرتنی هه‌موو گیروگرفته‌کانی سه‌ر رێگه‌ی ده‌وڵه‌ت و ره‌وتی باش‌بوونی هێواشی ئابووری، دیسان ناتوانین لاوازیی ده‌وڵه‌ت له بواری ئابووری‌دا نادیده بگرین. ده‌وڵه‌ت ده‌یتوانی باشتر کار بکا. که‌واته ئه‌وه‌ی دژبه‌رانی ده‌وڵه‌ت ده‌یڵێن هه‌رچه‌ند گه‌وره‌کردنه‌وه‌ی تێدایه به‌ڵام بێ جێش نیه. سه‌فایی فه‌راهانی سه‌باره‌ت به ده‌ره‌نجامه ئابووری‌یه‌کانی به‌رجامیش ده‌ڵێ که ده‌بێ پرسیاره‌که ئه‌وه بێ ئه‌گه‌ر رێککه‌وتنی ناو‌کی نه‌کرابا ئابووریی ئێران تووشی چ دۆخێکی کاره‌ساتبار ده‌هات.
سه‌عیدی له‌یلاز ئابووریزانی لایه‌نگری ده‌وڵه‌ت له وتووێژ له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی “اعتماد”دا ده‌ڵێ که به‌رجام و سیاسه‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تی روحانی، ئێرانی له لێواری داڕووخانی ئابووری، سیاسی، نیزامی و کۆمه‌ڵایه‌تی نه‌جات دا. دابه‌زینی توانای کڕینی خه‌ڵک له ماوه‌ی ساڵه‌کانی ٨٩ تا ٩٢ به راده‌یه‌ک بوو که له شه‌ڕی ٨ ساڵه‌ش رووی نه‌داوه. له‌یلازیش هاوبۆچوون له‌گه‌ڵ مه‌سعوودی نیلی پێی وایه زیانه‌کانی به‌رکه‌وتوو به ئابووریی ئێران له سه‌رده‌می ئه‌حمه‌دی‌نژاد‌دا به راده‌یه‌ک به‌رفراون و گه‌وره بوون که ساڵانێکی زۆری ده‌وێ که بگه‌ڕێینه‌وه خاڵی یه‌که‌م. به کورتی نه‌زه‌زری ئۆردوگای میانه‌ڕۆکان ئه‌وه‌یه: ئه‌لف) ده‌وڵه‌تی روحانی لاوازیی هه‌یه و له چه‌شنێک ناهه‌ماهه‌نگی ئازار ده‌کێشێ. ب)ده‌وڵه‌ت هه‌رچه‌ند به باره‌ته‌قای وه‌عده‌کانی هه‌نگاوی نه‌ناوه و ده‌سکه‌وتی نه‌بووه به‌ڵام سه‌قامگیری‌یه‌کی ئابووریی دروست بووه و ئابووریش ره‌وتێکی به‌ره‌و باش‌بوونی ده‌ست پێکردووه هه‌رچه‌ند تا خه‌ڵک هه‌ستی پێبکه‌ن ماویه‌تی. به واتایه‌کی دیکه راده‌ی وێرانی‌یه‌کان ئه‌وه‌نده زۆر بووه که ده‌سکه‌وته‌کانی ده‌وڵه‌ت هه‌ست پێ ناکرێن؛ قه‌باره‌ی خراپیی ئابووریی ئێران زۆر بووه ئه‌گینا ده‌وڵه‌ت هه‌نگاوگه‌لێکی پۆزه‌تیڤی له‌و بواره‌دا ناوه. 2)هه‌رچی به‌ره‌ی ئوسوولگه‌را و به تایبه‌ت راستی توندئاژۆیه ده‌ڵێن به‌رجام هیچ ده‌سکه‌وتێکی نه‌بووه و روحانی نه‌ته‌نیا وه‌عده ئابووری‌یه‌کانی به‌جێ نه‌هێناوه به‌ڵکوو له ٣ ساڵه‌ی ده‌وڵه‌ته‌که‌ی‌دا دۆخی ئابووری خراپتریش بووه و به پێچه‌وانه‌ی ئۆردوگای میانه‌ڕۆ ده‌ڵێن ده‌وڵه‌ت کارێکی گه‌وره‌ی نه‌کردووه و هیچ ده‌سکه‌وتێک(ی مه‌لموس)ی ئابووری نه‌بووه.
نه‌قلی قه‌وله‌کان به نێوه‌رۆکن.
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه