نزیک بە نۆ دەیە لە پەیوەندی فەرمیی ئێران و عەرەبستانی سعودی تێدەپەڕێ. مەلیک عەبدولعەزیز بن سەعود و رەزا شای پەهلەوی لە ساڵی ١٩٢٨ و لە حاڵێکدا کە لە ئێران تەنیا چوار ساڵ لە دامەزرانی سلسلەی پەهلەوی تێدەپەڕی و عەرەبستان لە بەرەبەرەی دامەزراندنی حکوومەتی پاشایەتی عەرەبستانی سعودی بوو، پەیوەندی دیپڵۆماتیک¬یان دامەزراند. پەیوەندییەک کە هەر لە سەرەتاوە نەیتوانی خۆی لە کۆتۆبەندی کێشە مێژووییەکانی سەفەوی-وەهابی و ناکۆکی¬یە مەزهەبییەکانی سوننی-شیعە رزگار بکات، بەڵام بە گشتی لە سەردەمی هەر دوو پاشای پەهلەوی، ئەو پەیوەندییە سەقامگیر و هەندێک جار دۆستانە بوو.
بەڵام بە هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، بە تۆخ¬بوونی رەنگی مەزهبی شیعە بەسەر سیاسەت و ئیستراتژی درێژماوەی حکوومەت، ئێران پشتیوانی لە کەمینەی شیعە لە عەرەبستان کرد و لە رێگەی هاندانی ئەوان بۆ بەشداریی سیاسی و داواکردنی مافەکانیان هەوڵی جێخستنی ئیدئۆلۆژی و ئاراستەی سیاسی ـ مەزهەبی خۆی ¬دا. ئەوە کاردانەوەی عەرەبستانی لێکەوتەوە. دیارترین هەڵوێستی عەرەبستان، لە کاردانەوەی بە رێپێوانی سیاسی لە رێوڕەسمی حەجی ساڵی ١٩٨٧ دەرکەوت کە تێیدا زیاتر لە چوارسەد کەس لە حاجیانی بەشدار گیانیان لێ¬ئەستێندرا. لە کاردانەوە بەو رووداوە، باڵیۆزخانەی عەرەبستان و کوەیت لە تاران داگیر کران و دیپڵۆماتکارێکی سعودیش بە برینداری گیانی لە دەست دا. عەرەبستان ساڵێک دواتر واتا لە ساڵی ١٩٨٨ پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵپەسارد و تا سێ ساڵ پێداگری لەسەر ئەو هەڵوێستەی کرد.
لە ١٩٩١ هاوکات لەگەڵ دەورانی سهرکۆماریی هاشمی رەفسەنجانی، عەرەبستان پەیوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی لەگەڵ ئێران دەست ¬پێکردوە و تا رادەیەکیش هەر دوو حکوومهت لە هەڵوێست¬گرتن بەرامبەر دوژمنی هاوبەشیان واتا سەددام حوسێن هاوئاهەنگ بوون. هاشمی رەفسەنجانی کە تا ئێستاش لای زۆر کەس بە مێعمار و شارەزای پەیوەندیی سیاسی لەگەڵ عەرەبستانی سعودی دادەنرێ، ئاستی پەیوەندییەکانی دوو وڵاتی لە دوژمنکارییەوە بەرەو حاڵەتی پاسیڤ¬بوون برد.
بەڵام خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندیی دۆستانەی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودی لە سەردەمی ریفۆڕمخوازان و سەرکۆماریی محەممەد خاتەمی هاتە کایەوە، کاتێک خاتەمی بە دنیابینی “وتووێژی شارستانیەتەکان” سەردانی ئەو وڵاتەی کرد و لە ریاز بە گەرمی پێشوازی لێکرا. سەردانێک کە لە ساڵانی دواتردا رێککەوتننامەی ئەمنیەتی و سیاسی لێکەوتەوە.
لە رووی ناوچەییەوە، عێراق رەنگە گرینگ¬ترین خاڵی بەهێزکەر یان لاوازکەری پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان سعودی بە درێژایی سێ دەیەی رابردوو بێ. ئەگەر لە سەردەمی سەرۆکایەتی رەفسەنجانی و دوابەدوای هێرشی سەددام حوسێن بۆ سەر کوەیت وەکوو هاوپەیمانی نزیکی سعودیە، و شەڕی کەنداو چەشنێک هاوئاهەنگی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رێژیمی عێراق پەیدا ببوو، ئەوا لە کۆتاییەکانی دەورانی سەرۆک کۆماری خاتەمی و بە رووخانی حکوومهتی بەعس هەر ئەو وڵاتە بووە هەوێنی کێشە و ناکۆکی قووڵتری نێوانی ئەو دوو وڵاتە.
عێراقی سەردەمی سەددام، عێراقێک بە شوناسی عەرەبی سوننی بوو، و هەر چەند لەگەڵ عەرەبستان پەیوەندییەکی دۆستانەی نەبوو، بەڵام لانیکەم بە توندی لە بەرامبەر تەوەری شیعە بە پێشەنگایەتی کۆماری ئیسلامی راوەستابوو. بە نەمانی حکوومهتی سەددام حوسێن، لایەنەکانی شیعە کە زۆربەیان هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی بوون، تەنانەت سەرەڕای ئەوەی کە لە یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی بە جیاوازیی یەک کورسی، پاش لیستی سوننیەکانی پاڵپشتیکراو لە لایەن سعودیە، لیستی دووەم بوون، دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرت؛ عەرەبستان هەوڵی¬ دا تا ئیزنی دووبارەبوونەوی سێناریۆیەکی هاوشێوە لە شوێنەکانی دیکە نەدات.
چارەنووسی عێراق، هاندەری چەشنێک شەڕی نیابەتی بوو کە سەرەتا لە خودی عێراق و لە رووبەڕووبوونەوەی نێوان گرووپە توندڕەوە جیاوازەکانی شیعە و سوننی و لە کۆنترۆڵ¬ دەرچوونی رەوشی ئەمنی رەنگی دایەوە. لە قۆناغی دواتر ئەو رووبەڕووبوونەوە بۆ شوێنەکانی دیکەی وەک لوبنان و فەلەستین تەشەنەی سەند، بەڵام زیاتر نێوەڕۆکی ململانێی سیاسی هەبوو.
لە لوبنان، عەرەبستان پشتیوانییەکانی لە رەوتی “المستقبل” بە سەرۆکایەتی سەعد حەریری زیاتر کرد و لە بەرامبەردا کۆماری ئیسلامی هەوڵی¬ دا لە رێگەی حیزبوڵلای لوبنان مەیدانی سیاسی ئەو وڵاتە قۆڕخ بکات کە ئاکامەکهی ئاڵۆزیی چەندین ساڵە و ناکام¬مانەوەی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکوومهت سەرەڕای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرڵەمانی بوو. دۆخێکی هاوشێوە بۆ رێکخراوی فەتحی میانەڕەو و بزووتنەوەی حماس، کە زیاتر لە عەرەبستانی سعودی نزیکە، لە فەلەستین هاتە کایەوە.
تا سەرهەڵدان و ئاڵۆزییەکانی ناسراو بە بەهاری عەرەبی، ململانێی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستان زیاتر بەدژی بەرژەوەندییەکانی یەکدی لە وڵاتانی هاوپەیمانی یەک بوون. بە ئاشکرابوونی چالاکیی نیزامی ـ ئەتۆمیی کۆماری ئیسلامی، عەرەبستان هاوتەریبی وڵاتە یەکگرتووەکان و ئورووپا هەوڵی¬ دا کۆدەنگی بۆ پەسەندکرانی چەند بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایش بەدژی حکوومهتی تاران دروست بکات. نزیک بە یەک دەیە، پەروەندەی ئەتۆمی ئێران، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی سیاسەتی عەرەبستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بوو و سعود¬ئەلفەیسەل، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عەرەبستان، دیپلۆماسی وڵاتەکەی تەرخانی ئاشکراکردنی مەترسی دەست¬وێڕاگەیشتنی کۆماری ئیسلامی بە چەکی ناوکی کرد تا لەو رێگەیەوە بە بەرتەسک¬کردنی بازنەی گەمارۆکان، هەوڵی لاوازکردن و لە نەهایەتدا لەنێوچوونی کۆماری ئیسلامی دابێ.
ناکۆکی و کێشەکانی نێوان عەرەبستان و کۆماری ئیسلامی بە سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبی قووڵتر بوون. یەکەم وێستگەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە لە بەحرەین بوو. کاتێک ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی بەحرەین، بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و بە هاندانی کۆماری ئیسلامی بەدژی حکوومهتی پاشایەتی سوننی مەزهەبی ئەو وڵاتە هاتنەسەر شەقام، عەرەبستان بە رەوانەکردنی هێزی نیزامی پاڵپشتی لە حکوومهت کرد و لە ماوەیەکی کەم¬دا خۆپێشاندەران سەرکوت کران.
وێستگەی دووەم سووریه بوو. بە لاوازبوونی حکوومهتی بەشار ئەسەد، هاوپەیمانی نەریتی کۆماری ئیسلامی و حیزبوڵلای لوبنان، زۆربەی وڵاتانی خاوەن کارتێکەری لە پرسە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕینی حکوومهتی ئەسەدیان خستە بەرنامەی کارەکانیان. بە درێژەکێشانی هەوڵەکان بۆ لە دەسەڵات¬خستنی ئەسەد و لاوازیی هەڵوێستی وڵاتە یەکگرتووەکان، دەیان جوخەی مەرگ و گرووپی توندڕەوی ئیسلامی سازمان دران تا بە نوێنەرایەتی لە وڵاتانی دیکە، شەڕی حکوومهتی سووریه و لەو رێگەشەوە حکوومهتی کۆماری ئیسلامی بکەن.
داعش و گرووپی فەتحی شام و دەیان رێکخراوی تێرۆریستی توندڕەوی دیکە وەڵامی تەڕاتێنی سپای قودس لە عێراق و سووریه و لوبنان بوو تا ستراتێژی کەوانەی شیعە و پلانە زێدەخوازەکانی دیکەی کۆماری ئیسلامی لە نوتفە سەقەت بن. بەرهەمەکەشی تا ئێستا شەڕێکی درێژماوە و فهرسایشی لە سووریه و عێراق بووە کە تێچووی ئینسانی و ماڵی بەرفراوانی لێکەوتۆتەوە.
یەمەن، وێستگەی سێیەمی رووبەڕووبوونەوەی ئەو دوو وڵاتە لە یەک دەیەی رابردوو بووە. بەهاری عەرەبی، دەستاودەست¬کردنی دەسەڵاتی لە یەمەن بەرهەم ¬هێنا، بەڵام زۆری نەخایاند کە کارشکنی و دەستێوەردانی دەرەکی رەوشی هێوری ئەو وڵاتەی تێک دا. حوسییەکان کە شیعە مەزهەب و نزیک بە سی دەرسەدی حەشیمەتی یەمەن پێک ¬دەهێنن، بە قۆزتنەوەی دەرفەتی لاوازبوونی حکوومهتی ناوەندی، کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر پارێزگاکانی سەعدە و عمران و تەعێز زیاتر کرد و دواتر بە پشتیوانی دەرەکی و گرنگ¬ترینیان کۆماری ئیسلامی، شاری سەنعایان داگیر کرد. عەرەبستان لە بەرامبەر ئەو هەوڵانە دژکردەوەی توندی نیشان دا و بە پشتگیری¬کردنی حکوومهتی یاسایی ئەو وڵاتە، لە رێگەی ناردنی هێز و داگیرکردنەوەی سەنعا و گەڕاندنەوەی سەرۆک کۆمار عەبد مەنسوور هادی، دەسەڵاتی حوسییەکانی بەرتەسک کردەوە. شەڕ و کێشەیەک کە تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.
لە رووی ناوخۆییەشەوە، کەم نین ئەو رووداوانەی کە سەرەداوی دەستێوەردانی ئێران و عەرەبستان¬یان تێدا ئاشکرا بووە. لە هەوڵی تیرۆری باڵیۆزی عەرەبستان لە بەیروت و واشنگتۆن لە لایەن ئێرانەوە بگرە تا کوژرانی حاجیان لە رێوڕەسمی حەج و بێ حورمەتی بە زیارەتکاران لە لایەن عەرەبستانەوە کە ماوە بە ماوە دەبیتە هۆی مشتومڕی ئەو دوو لایەنە. لە سێدارەدرانی شێخ نەمر، روحانی شیعە و لە سەرکردەکانی کەمینەی شیعە لە عەرەبستان، دوایین هەڵوێستی ریاز بەرامبەر بە هەوڵەکانی تاران بۆ ورووژاندنی ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی عەرەبستان بوو؛ کە لە بەرەنجامدا هەڵوێستی توندی دوو لایەن و تەنانەت هەڕەشەی نیزامی لێکەوتەوە.
بەشێکی بەرچاو لە کێشە و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە هەناوی رکەبەری دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودی و هاوپەیمانەکانیان سەریان¬ هەڵداوە. هەرچەند لە سیاسەت¬دا ناکڕی بە قەتعییەتەوە قسە بکرێ بەڵام بەدڵنیاییەوە پەیوەندی ئێران و عەرەبستان لانیکەم لە داهاتوویەکی نزیک¬دا بەرەو پێکەوەسازان و ئاشتی ناڕوا و رەنگە کێشە و ناکۆکی¬ دیکەشی لێ بکەویتەوە.
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه