رێژیمە سیاسییهکان هەمان مۆدێلی رێکخستنی دەسەڵاتی سیاسین کە دەتوانرێ بە چەند شێوەی جۆراوجۆرپۆلێن بەندی بکرێن، وەکوو ژمارەی بەڕێوەبەرانی دەسەڵاتی سیاسی، شێوازی دەستنیشانکردنی بەڕێوەبەران، جیایی نێوان ئەو دامەزراوانەی حکوومەت دەکەن و هەروەها جۆری پەیوەندیی نێوان حاکمان و خەڵک. هەر بە پێی ئەو پێوەرانە چەندین رێژیمی جیاواز بوونیان هەیە، وەکوو دێموکراسی، دیکتاتۆری، تۆتالیتاریزم، پاشایەتی، کۆماری، پاڕلمانی و هتد.
رێژیمەکان زیاتر لە دوو روانگەوە خوێندنەوەیان بۆ کراوە: یەکەمیان روانگەی حقووقییە کە زیاتر ورد بۆتەوە سەر بنەمای دەستووری و دامەزراوەکانی دەسەڵاتی گشتی. روانگەی دووهەمیان روانگەی زانستە سیاسییهکانە کە بە شێوەیەکی کەمتر رەسمی و بێ سنوور دەڕوانێتە رێژیمەکان، لەو روانگەیەوە رێژیمە سیاسییهکان لە رەهەندی دامەزراوەیی و یاساییەوە سنوردار ناکرێنەوە بەڵکوو رۆڵی ئەکتەری دیکەش لە بەرچاو دەگیرێن کە دەیانهەوێ کاریگەرییان لە سەر دەسەڵاتی گشتی هەبێ، وەکوو پارتە سیاسییهکان، میدیاکان، سەندیکا و هتد.
ساڵی١٩٦٥، “رایمۆند ئاڕۆن” کۆمەڵناسی فەڕانسەیی، رێژیمە سیاسییهکان بە پێی پڕەنسیپێکیتر پۆلێنبەندی دەکا، ئەویش رکابەریی نێوان پارتە سیاسییهکانە، ئەو پێیوایە ئەو رکابەرییە تەنیا پێورێکە کە دەتوانێ دێموکراسی لە تۆتالیتاریزم جیا بکاتەوە. هەروەها پێوەری دەستنیشانکردنی دێموکراسی لە رێژیمێکی چەند حیزبیدا، زۆربوونی ژمارەی حیزبەکان نیە، بەڵکوو بۆشایی و کەلێنی سیاسی و کۆمەڵایەتییە لە نێو ئەو رێژیمەدا، وکوو دابەشبوونی حیزبەکان بە سەر بەرەی چەپ و راستدا. هەر لەو دیدگایەشەوە، سیاسەتزانەکان دەڕواننە کار و کردەوە و رەفتاری رێژیمە سیاسییهکان نەک تەنیا لایەنی حقووقی و دەستوری. بەو شێوەیە چهمکی سیستمی سیاسی دێنه کایهوه و لە نێو زانسته سیاسییهکاندا زیاتر باسی سیستمی سیاسی دەکرێ. چەمکی سیستمی سیاسی بانتر و فراوانتر لە چەمکی رێژیمی سیاسی سەیر دەکرێ. سیستمێکی سیاسی دەتوانێ چەند رێژیمی سیاسی وەک پارلمانتاری، سەرۆکایەتی، پاشایەتی یان تێکەڵەیەک لە چەند دانەی جیاواز لە خۆ بگرێ. جیاکردنەوەی سیستمی سیاسی و رێژیمی سیاسی زۆر ئاسان نیە، هەر بۆیە هەر دوو چەمک بەکار دەهێنرێن.
لە نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمەوە جۆرێک لە پۆلێنکردنی رێژیمە سیاسییهکان هاتۆتە کایەوە، ئەویش دابەشکردن بە سەر دێموکراتیک و نادێموکراتیک دایە ، واتە رێژیمە سیاسییهکان بە هەر شێویەک داڕێژڕابن و بە هەر دەستوور و بنەمایەکەوە دروست بووبن، بە سەر ئەو دوو دەستەدا دابەش دەبن. بۆ نموونە: رێژیمی پاشایەتی، کۆماری، پاڕلمانی یان تەنانەت ئایینیش تەنیا بە سەر دێموکراتیک یان نادێموکراتیکدا دابەش دەبن.(لە بریتانیا رێژیمی سیاسی پاشایەتییە بەڵام دێموکراتیکە، لە ئێران رێژیمی سیاسی کۆمارییە بەڵام نادێموکراتیکە).
ئەمڕۆکە لە نێوان رێژیمەکانی جیهاندا نزیک بە ١٠٠ رێژیم هەن کە نە دەتوانرێ لە ریزی رێژیمە دێموکراتەکان پۆلێنبەندی بکرێن، نە لە ریزی رێژیمە تۆتالیتێرەکاندا. ئەو رێژیمانە بە رێژیمی “ئۆتۆریتەر یان (اقتدارگرا)” ناسراون.
رێژیمی ئۆتۆریتەر، رێژیمێکه کە لەودا دەسەڵاتی سیاسی بۆ مانەوەی هەرچی زیاتری خۆی، هەوڵی یەکدەستکردنی خەڵک و کۆمهڵگه دەدا بێ ئەوەی تاکەکانی کۆمهڵگه بە زۆر بهێنێتە ژێر رکێفی خۆی.
تایبەتمەندیی ئۆتۆریتاریزم چیە و جیاوازی لەگەڵ تۆتالیتاریزم چیە؟
رێژیمێکی ئۆتۆریتەر سێ تایبەتمەندیی سەرەکی هەن کە بریتین لە:
پلۆرالیزمی سنووردار: ئەو رێژیمانە لە سیستمی تاک حیزبی و تۆتالیتێر جیا دەکرێنەوە ، هەروەها لە پلۆرالیزم و چەند حیزبیش کە تایبەتمەندیی دێموکراسییە جیا دەکرێنەوە. لەبەر ئەوەیکە تۆتالیتاریزم دەیهەوێ هەموو کۆمهڵگه لە پاوانی یەک ئیدۆلۆژیدا بێ، بەڵام ئۆتۆریتاریزم تەحەممولی هەندێک جیاوازیی ئیدۆلۆژیکی، ئایینی و سیاسی دەکا. واتە چەندین پارت و گرووپی سیاسیی جیاواز دەتوانن چالاکی بکەن و تەنانەت لە نێو دەسەڵاتی سیاسیدا بوونیان هەبێ. بەڵام ئەو پلۆرالیزمە بە چەند هۆکار سنووردارە: یەکەم ئەوەیکە ئازادیی گرووپە سیاسییهکان لە لایەن حکوومەتەوە هەندێک چوارچێوەی بۆ داندراوە. لەگەڵ ئەوەشدا کە بوونی گرووپی ئۆپۆزیسیۆن یان سەندیکا رێگە پێدراوە، بەڵام چوارچێوەیەکی کار و چالاکییان بۆ دەستنیشانکراوە و بەردەوام لە ژێر چاودێری دان. ئەو رێگەپێدانەش بۆ ئەوەیە کە ناڕەزایەتییەکان لە کۆمهڵگهدا نەگەنە ئەوپەڕی خۆی کە ببن بە هێزێکی مەترسیداری دژ بە دەسەڵات. هۆکاری دووهەمی سنوورداربوونی پلۆرالیزم ئەوەیە کە، هەرچەندە لەو رێژیمانەدا هەڵبژاردن هەیە بەڵام تەنیا بۆ پێشاندانی رۆخسارێکی دێموکراتیکە، چونکە هەڵبژاردن کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر دەسەڵاتدارانی پلە یەکەم نیە، و تەنیا هەندێک ئاڵوگۆڕی لە پلەکانی خوارووتردا پێک دێنێ. هەڵبژاردن یان موهەندیسی دەکرێ یان ساختەکاری و دەستێوەردان لە ژمارەی دەنگەکانیدا دەکرێ. پلۆرالیزم و چەندحیزبی لە هەڵبژاردندا رووکەشانەیە و بۆ هێنانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێ. کەسی یەکەم دەیهەوێ بەردەوام و بۆ ماوەیەکی زۆر درێژ لە دەسەڵاتدا بێ، جا چ بە شێوەی دەستکاری و ئاراستەکردنی هەڵبژاردن بێ، چ بە رادەستکردنی دەسەڵات بە جێگرەوە و میراتگرێکی کارتۆنی کە راستەوخۆ لە ژێر دەسەڵاتی خۆیدا بێ یان بە شێوەیەکی تایبەتی بێ (بۆ نموونە: شێوەی پۆتین-مێدڤێدێف لە رووسیا ).هۆکاری سێهەمی سنوورداربوونی پلۆرالیزم، بەکارهێنانی هێزە بۆ کەمکردنەوە و سەرکوتی ناڕازیان، ئەو کاتەی کە دەبن بە کێشە بۆ سەر دەسەڵات: هەتا پڕەنسیپەکانی بەشەرعیکردنی دێموکراتیک لە کۆمهڵگهدا زیاتر چوارچێوەدار بن، ئۆتۆریتاریزم خراپتر خۆی دەسەپێنێ و بۆ پاراستن و مانەوەی خۆی زیاتر کەڵک لە هێز و لە توندوتیژی وەردەگرێ، چونکە ئەوە بەو مانایەیە کە رێژیمی ئۆتۆریتەر لە لایەن خەڵکەوە کەمتر پەسند دەکرێ (بۆ نموونە: لە وڵاتی شیلی ).
تەیار نەکردن و بەسیاسی نەکردنی خەڵک: لە رێژیمە تۆتالیتێرەکاندا لە قابدان و تەیارکردنی خەڵک و پەیوەست کردنیان بە رێژیم زۆر بەهێزه، بەڵام لە رێژیمە ئۆتۆریتێرەکاندا تەیارکردن و بەسیاسیکردنی خەڵک و کۆمهڵگه زۆر لاوازه و هەوڵ دەدەن نەزمی کۆمەڵایەتی بپارێزن. واتە بە پێچەوانەی رێژیمە تۆتالیتێرەکان، ئۆتۆریتێرەکان هەوڵ نادەن پێکهاتەکانی کۆمهڵگه دەستکاری بکەن و پڕۆژەی دروستکردنی مرۆڤی تازەیان نیە. ئەوەیکە نەزمی کۆمەڵایەتی وەک خۆی دەمێنێتەوە، پەیوەندی بە تایبەتمەندی سێهەمەوە هەیە، ئەویش نەبوون یان لاوازبوونی ئیدۆلۆژییە.
لاوازبوونی ئیدۆلۆژی: لە رێژیمە ئۆتۆریتێرەکاندا ئیدۆلۆژییەکان ئەو هێزەیان نیە وەک رێژیمە تۆتالیتێرەکان دەست بە سەر هەموو پێکهاتەکانی کۆمهڵگهدا بگرن. واتا ئەوەی ئۆتۆریتاریزم لە تۆتالیتاریزم جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە خواستی ئەوە لاوازە کە تەواوییەتی کۆمهڵگه یەکڕەنگ بکرێ.
جیاوازی نێوان رێژیمە تۆتالیتێر و ئۆتۆریتێرەکان رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی جیاوازیی نێوان دوو فۆڕمی گەوەرەی کۆنتڕؤڵی دەسەڵات لە سەر ئۆپۆزیسیۆن و ناڕازیان بزانین. رێژیمە تۆتالیتێرەکان، کۆنتڕۆڵی تەواویان بە سەر کۆمهڵگهدا هەیە و تەنانەت مۆدێل و شێوازی بیرکردنەوەش بۆ خەڵک دیاری دەکەن، بەڵام لە رێژیمە ئۆتۆریتێرەکان فشارەکان زیاتر لە سەر ناڕازیان و ئۆپۆزیسیۆنن. لەگەڵ ئەوەشدا دیاریکردنی سنوورەکانی نێوان ئەو دوو رێژیمانە کارێکی زۆر ئاسان نیە. بۆ نموونە رێژیمی سیاسی ئێران ناکرێ لەگەڵ هیچکامیان پۆلێن بەندی بکرێ، چونکە هەم بەشێک لە پێکهێنەرەکانی تۆتالیتاریزمی تێدایە وهەم بەشێک لە پێکهێنەرەکانی ئۆتۆریتاریزمی تێدایە. بۆیە زانایانی بواری سیاسی پێیانوایە کە ئێران خاوەنی رێژیمێکی سیاسی تایبەتە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ بۆ چاودێرانی سیاسی گرنگە کەمتر پۆلێنبەندی کردنی رێژیمەکانە بە هۆی تایبەتمەندییەکانیانەوە، بەڵکوو زیاتر شیکردنەوەی دینامیکی رێژیمەکان، واتە رەفتاری ئەو رێژیمانەیە لە کاتێکی دیاریکراودا و بە پێی کات دەبێ هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێ.
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه