زانستە مرۆڤییهکان بە کۆمەڵێک لە زانستەکان دەگوترێ کە مرۆڤ و تێکۆشانی مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا دەخنە ژێر لێکۆڵینەوە. شایانی باسە کە زانستە کۆمهڵایهتییهکانیش بە بەشێک لە زانستە مرۆڤییهکان پێناسە دەکرێن. زانستە مرۆڤییهکان لە بوارە جیاوازەکانی وەک کولتوور، هەڵسوکەت، کۆمەڵگه، کردەوە و دژکردەوەی مرۆڤ، هزر و ناخی مرۆڤ کاران. جێگای ئاماژەپێکردنە، کە زانستە کۆمهڵایهتییهکان لە بواری کۆمەڵایەتی مرۆڤ وەک کۆمەڵناسی، زمان، ئیدارە، ئابوری، سیاسەت، مێژوو و هتد. دەکۆڵنەوە. زانستەکان لەگەڵ یەکتردا کەم و زۆر لێکگرێدراون و لە مەیدانی لێکۆڵینەوە و کارکردندا لە میتۆد و شێوازی تێکەڵاو بۆ دەستەبەرکردنی ئاکامی باشتر کەڵک وەردەگیرێ. لە سەر ئەو بناخەیە، زانستە مرۆڤییهکان لە میتۆد و شێوازی زۆربەی زانستەکانی دیکە کەڵک و سوود وەردەگرن.
زانستە مرۆڤییهکان بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ لە خۆی، کۆمهڵگه، زمان، هونەر، ئایین و مێژوو و چۆنیەتی هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ مرۆڤ و کولتوورەکانی دیکە کاریگەر و بەسوودن. لە رێگای تایبەتمەندییە جۆراوجۆرەکانی وەک کولتوور، مرۆڤ، کۆمهڵگه و ئایین دەکرێ پرسە گەورەکان شیبکرێنەوە. لە روانگەی جیاوازە چاو لە گرینگی و بایەخی زانستە مرۆڤییهکان کراوە و لە کۆمهڵگه پێشکەوتوو و دواکەوتوەکاندا رۆڵ و نەخشی زانستە مرۆڤییهکان جیاوازە. شایانی ئاماژەپێکردنە کە دابەشکاری ئاکادێمیک و زانستی لە وڵاتانی جیهاندا جیاوازە و هەر وڵاتەی مێژوو و پاشخانی تایبەت بە خۆی هەیە. بە واتایەکی دیکە، ئاستی پێشکەوتنی هەمەلایەنەی وڵات، سیستمی سیاسی، ئیداری، ئابووری و تێکنۆلۆژی و رۆڵ و نەخشی زانست لە کۆمهڵگهدا لەگەڵ مێژوو و کولتووری نەتەوە و گەلاندا گرێدراون. لە کۆمهڵگه پێشکەوتوەکاندا پرسی شارەزایی و رۆڵی زانستە جیاوازەکان بایەخدارە و زانست بە میتۆد و شێوازی کراوە و بێلایەنانە لەگەڵ رووداو و دیاردەکان هەڵسوکەوت دەکا. بێجگە لەوە، پاشخانی زانست و لێکۆڵینەوەی زانستی، ئازادی دەربڕین و توێژینەوە، کولتووری پەروەردە و فێرکردن، مێژووی دامەزراوە زانستییهکان و دابینکردنی کەرەستەی پێویست، لە سەر سروشتی زانستەکان و بە تایبەت زانستە مرۆڤییهکان رۆڵی کاریگەریان هەیە.
مێژووی زانستە مرۆڤییهکان لە ئێراندا زۆر دوور و درێژ نییە. وڵاتی ئێران لە قۆناخە جیاکانی کاروانی زانست پەراوێز و دوور راگیراوە. دەرکەوتەکانی مێژووی زانست لە یۆنان و رۆم شوێنەواری زۆریان لە سەر ئێرانی کۆن دانەناوە. لە سەردەمی ناسراوی گەشەکردنی کولتووری و زانست لە جیهانی ئیسلامدا، ئێران زیاتر لەگەڵ زانستەکانی سەردەم و ئایینی ئاشنا دەبێ. درەوشانەوەی زانست لە جیهانی ئیسلام لە دوای سەدەی یازدەی زایینی لە تەوژم دەکەوێ و ئورووپا دەبێتە چەقی رەوتی گەشەکردنی هەمەلایەنە. لە مێژووی هاوچەرخی ئێراندا کولتووری کۆپیکردن و چاولێکەری جێگای خوڵقاندن و رەخنەگرتنی ئاکادێمیکی گرتۆتەوە. لە ئێراندا بە گشتی زانستەکان لە سەردەمی مۆدێڕندا بە زۆر هۆکار لاواز بوون و بیرمەند و خوڵقێنەریان بار نەهێناوە. چاوخشاندنێکی کورت بە مێژووی دامەزراوە و خوێندنگا جۆراوجۆرەکانی ئێران دەیسەلمێنێ، کە لاوازیی کولتووری لێکۆڵینەوە، پێداچوونەوە، هەڵسەنگاندن و رەخنەگرتن رەگ و ریشەیان لە مێژوو، کولتوور و پەروەردەدا هەیە. هەللاجی کردنی پرسی زانستە مرۆڤییهکان لەو وڵاتەدا پێویستی بە زنجیرە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەل هەیە و بە کورتە نووسین و هەڵسەنگاندنێک راناپەڕێ. لەو نووسینەدا ئاوڕ لە ژمارەیەک فاکتەر دەدرێتەوە، کە کەم و زۆر بەستێنی لاوازی زانستەکانیان لە ئێراندا بەرهەمهێناوە. شایانی باسە کە بەشێکی زۆر لەو فاکتەرانە لە زۆر ناوچەی جیهاندا بە شێواز و تەوژمی جیاواز لە سەر پاسیڤکردنی زانستە مرۆڤییهکان کاریگەر بوون.
لاوازیی بناخەی پەروەرد و فێرکردن بە هۆکارێکی سەرەکی ئەو لاوازییە دەژمێردرێ. لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنی ئێران، قوتابی و خوێندکارەکان فێری لەبەرکردنی ژمارە و داتاکان دەکرێن، بەڵام توانای بیرکردنەوە و رەخنەگرتنی بابەتیانەیان تێدا دەخنکێندرێ. لێرەدا باس لە لاوازیی نێوەرۆکی وانەی زانستە مرۆڤییهکان ناکەین، کە مرۆڤ سەرشکاو و بێزار دەکەن. لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنی سەردەمی مۆدێرن و پێشتریشدا، ئازادیی رۆچوونە ناخی بابەت و دیاردەکان لە تاکی زانستخواز وەرگیراوە. پەروەردە ئایینی و تەنانەت مۆدێرنە کۆپی کراوەکان، مەیدانی دەرچوون لە بازنەی بیرکردنەوەی کلاسیکی بەربەست کردوە. لە ئاکامدا تاک بە گوێرەی عورف و یاسا باوەکان کەمتر لەگەڵ زانستە باوەکان بە تێگەیشتن، بیر و هزری کراوە و رەخنەگرانە جوڵاوەتەوە. لە سیستمی پەروەردە و فێرکردندا دەرچوون و سەرکەوتن لە ئەزموون و تاقیکارییەکان کراونە ئامانج و ئەو رێچکەیە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەی دواتر گواستراوەتەوە.
لە قوتابخانە و ناوەندە فێرکارییەکان گرینگی بە کولتووری داڕشتن و نووسینی بابەتیانە نادرێ. میتۆدی دەربڕین، لێکۆڵینەوە، ئانالیز و لێکدانەوە لە نووسین و داڕشتندا زیاتر دەردەکەوێ، نەک قسەکردن و دەربڕینی زارەکی. ئەو هۆکارە کاریگەرییە نەرێنیەکانی کاتێک دەردەکەون کە بەشێکی زۆر لە گەلانی ئێران لە زمانی دایک دادەبڕێن و لە قوتابخانە و زانکۆکاندا باسێک لە زمان و ناسنامەی ئەوان ناکرێ. لێکۆڵینەوە زانستییهکان راشکاوانە دەیسەلمێنن کە مرۆڤ بە زمانی زگماک و دایک باشتر دەتوانن لە بابەتەکان بگات و بیروڕا و لێکۆڵینەوەی خۆی دابڕێژێ. لەو وڵاتەدا مرۆڤ دەرفەتی سرووشتی گەشەپێدانی زمانی دایکی بە شێوازی ئاکادێمیک نییە و لە زمانی دووهەم کەڵک وەردەگرێ، کە کاریگەری لە سەر فێربوون و تێگەیشتن و تەنانەت زۆر بواری قوتابیەکان هەیە. زانستە مرۆڤیی و کۆمهڵایهتییهکان و تەنانەت سەرجەم زانستەکانی دیکە، لە سەر بناخەی زمانی دایک باشتر جێدەکەون و بەرهەمی فکر و زانست زیاتر پەرە پێدەدەن.
تاکی ئێرانی لە دەرەوەی وڵاتیش کەمتر توانیویەتی خۆی لە بازنەی رابردوو و چوارچێوەی دیوارە نەدیتراوەکان رزگار بکا. خوێندکارە ئێرانییەکان لە دەرەوە لە رابردوو و ئەمڕۆشدا لە گۆڕەپانی زانستە مرۆڤییهکان وەک وڵاتی خۆیان بۆ وەرگرتنی خاڵ و تيپەڕاندنی وانەکان تێکۆشاون. ئەوان لە بەرهەمهێنانی هزر و بیرۆکەکاندا لاواز دەرکەوتوون و لە باشترین حاڵەتدا رەنگە بە پۆست و وەرگێڕانی چەند نووسراوە و کتێبێک تەمەنیان تێپەڕ بکەن. ئەو بژاردەیە پاش گەڕانەوە بۆ ئێران ئەکتەری چالاک نییە و لە راگواستنی کولتووری گەشەپێدانی زانست و هزری ئاکادێمیک لە دەرەوەی وڵات بۆ نێوخۆ کارا نین. بە واتایەکی دیکە، ئەو بژاردەیە پاش گەڕانەوە لە سەر پەروەردەکردنی قوتابی و کاری مامۆستایەتی بەردەوام دەبن و لە خوڵقاندنی مەیدانی خەلاقی کولتووری زانستی و ئاکادمێک خۆدەبوێرن.
کەمبوونی بەرهەم و بڵاوکردنەوەی لێکۆڵینەوەی زانستی لە گۆڤارە نێوخۆیی و دەرەکیەکاندا هۆکارێکی دیکەی لاوازیی بەردەوامی زانستە مرۆڤییهکانە. سرووشتی لێکۆڵینەوە لە زانستە مرۆڤییهکان پێویستیان بە ئازادی، گۆڕەپانی دەرکەوتن و زمانی ئاکادێمیکە، کە خوێندکار و مامۆستایانی ئێرانی کەمتر لێی بەهرەمەندن. لە سەردەمی ئەمڕۆدا شارەزابوون لە زمانی ئاکادێمیک دەرگا و دەرفەتی زۆر بەو مرۆڤانە دەبەخشێ، کە ئۆگری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە زانستییهکانن. بۆ توێژەرەکانی ئێرانی و زۆربەی وڵاتانی دیکە، زمانی ئینگلیسی زمانی دووهەمە، کە زۆر جار بەربەستی نووسین و ليکۆڵینەوەی بەپێزن. بێجگە لەوە، لە کۆمهڵگهی ئێراندا کولتووری لێکۆڵینەوە و رۆچوونە ناخی بابەت و دیاردەکان بە شێوەی شارەزایانە بەربەست دەخوڵقێنێ. کەمتر بینراوە کە خوێندکار و لێکۆڵەری ئێرانی لەگەڵ هزر و بیرۆکەکاندا ئاوێتە بێ. دەرفەت، ویست و کولتووری ساغبوونەوە لە سەر بیرۆکەکان و رەخنە لێگرتنیان زۆر لاوازە و زانستخوازی ئێرانی زیاتر لە ئاستی زانیاری رواڵەتی و گشتیدا تێدەکۆشێ. لاوازی لەو مەیدانەدا دەرفەتی بۆ کەسانی رۆژئاوایی خوڵقاندوە کە لە سەر مێژوو، ئابووری، کولتوور، سیاسەت و زمانی ئێرانیەکان بنووسن و زانستخوازە ئێرانیەکانیش بە خوێندنەوە و وەرگێڕانی کتێب و نووسراوەکان دڵخۆش بن.
زانستەکان زیاتر کۆپی زانستە رۆژئاواییەکانن و کەمتر ئاوێتەی سرووشتی ژێرخان و سەرخانی کۆمهڵگهن. لە ماوەی چەند دەیەی رابردوو هەوڵ دراوە چوارچێوە و رێچکەی جیاواز لە دەرەوەی وڵات کۆپی بکرێ کە بە نیوەچڵی جێبەجێ کراون. لەبەر ئەوەی بژاردەی خوێندکارە ئێرانییەکان سەرەتا زیاتر لە فەڕانسە و دواتر لە ئەمریکا توخمی زانستە مرۆڤییەکانیان راگواستوە بۆ وڵات، هەر جارەو جۆرە کولتوورێک لە بەستینی لێکۆڵینەوە و چۆنیەتی کارکردن بە زانستە مرۆڤییهکان هاتۆتە کایەوە. لە رێڕەوی چوارچێوە و شكڵی ناسراو بە ئەمریکایی، ژمارە و داتاکان و لێکدانەوەی رواڵەتی جڵەوی جوڵەی زانستە مرۆڤییهکانی گرتۆتە دەست. لە ئاکامدا تیۆری، فەلسەفە و روانینە مێژووییەکان لەو مەیدانەدا لەوپەڕی هەژاریدا بوون. یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی زانستە مرۆڤییهکان ئەوەیە کە دیاردە و رووداوەکان لە رەهەندی جیاواز دەخاتە ژێر لێکۆڵینەوە. بە واتایەکی دیکە، بەکارهێنانی رێبازە زانستی، میتۆد و تیۆرییەکان لە زانستە مرۆڤییهکان خاوەنی هەستیاری خۆیانن، کە وردبینی زیاتر دەخوازن. هەوڵدان بۆ کۆپیکردنی ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی یان ئابووری بە مەبەستی تایبەت، رۆڵی زانست لاواز دەکا و کۆمهڵگه و تاکەکان زۆرتر لەگەڵ کاکڵی زانستە مرۆڤییهکان نامۆ دەکا.
گیرۆدەبوون بە ئایدۆلۆژی، خۆگەورەبینی، شیعەگەری، زاڵبوونی کولتووری قسەکردن بە سەر نووسین و لێکۆڵینەوە بە تێکڕا هۆکاری لاوازبوونی بناخەی زانستە مرۆڤییهکانن. بۆ وینە زۆر شارەزا و خاوەن پلەی ماستەر و دوکتورا لە ئێران و دەرەوەی ئێراندا بەرچاو دەکەون، کە هێشتا خۆیان لەگەڵ ئەلف و بێی لێکۆڵینەوە بێلایەنەکان رانەهێناوە. ئەوان لەگەڵ هزر و بیرۆکەکان بە شێوەی بێلایەنانە و هزریانە ناجوڵێنەوە و ئایدۆلۆژی و کف و کوڵی ناڕاست بە سەر چوارچێوە زانستییهکاندا زاڵە. لە ئێراندا هێشتا لاوازیی کولتووری لێکۆڵینەوە لە زانستە مرۆڤیی و کۆمهڵایهتییهکان دەرفەتی بە تاک و هاوڵاتی نەداوە، لە کێشە و پرسەکان تێبگا و زۆرجار خوێندەوارە ئێرانییەکان لە دیتنی راستییەکانی کۆمهڵگه خۆیان دەبوێرن. هێشتا پێشڕەوانی زانستە مرۆڤییهکان لە ئێران پرس و بابەتی تایبەت بە نەتەوە، کولتوور، زمان، جۆغڕافیا و تایبەتمەندییەکانی نێو سنووری وڵاتیان وەک هەیە شەن و کەو نەکردوە. لە وڵاتانی پێشکەوتوو زانستەکان لە خزمەتی چارەسەرکردنی قەیران و پرسەکاندا سوودیان لێوەردەگیرێ.
دیکتاتۆرییەتی سیاسی و ئایینی و هەروەها زاڵبوونی کولتووری فرت و فێڵ لە بازنەی زانستە مرۆڤییهکان هۆکارێکی دیکەی لاوازبوونی زانستە ئاماژەپێکراوەکانە. توخمی رەخنەگەری و نوێگەرایی، کۆڵەکەی سەرەکی رامان لە رووداو و دیاردەکان لە دوو بەرەی زانست و ئاییندا بە ئەژمار دێن. لە ئێراندا هەر دووک بەرە بە حوکمی زۆر و هەودا ئاڵۆزەکانی کۆمهڵگه خۆیان لە تیغی رەخنەگەرە زانستخواز و نوێخوازەکان پاراستوە. لە سەردەمی شا و ئاخونددا بژاردەی بە ناو شارەزا و کارناس، ئازایەتی دەرچوون لە توخمی دیکتاتۆرییەت و کولتووری فێڵبازانەی نەبوە و خۆی لە قەرەی رووداو و دیاردە نێوخۆییەکان نەداوە. لە ئاکامی درێژەکێشانی ئەو کولتوورە تەوژمی خۆ و ئەوانی دیکە ناسین هێشتا نەچۆتە سەر رێچکەی لێکۆڵینەوە ئازاد و مەیدانییەکان. بە واتایەکی دیکە، لە پێناوی درێژەکێشانی کولتوور و سیستمە سیاسییەکان هەوڵدراوە سرووشتی لێکۆڵینەوە و ئامانجی زانستە مرۆڤییهکان بە ناو و سیاسەتی جیاواز لاڕێ بکرێن. لە ئێران زانکۆ و ناوەندە زانستییهکان زیاتر ئەرکیان رازاندنەوەی روخسار و سیمای سیاسەت و دەسەڵاتدارەکان بوە و لە رێڕەوی لێکۆڵینەوەی رەخنەگرانە و زانستی دوور خراونەوە.
نەبوونی کۆبوونەوە و سمیناری زانستی بە شێوەیەکی بەردەوام و کراوە، کە دەرفەتی تێڕوانین و پێشکەشکردنی هزر و بیری رەنگاوڕەنگ بڕەخسێنێ. زۆربوونی سمینار و کۆبوونەوە زانستییهکان و بەردەوامبوونیان رێچکەیەکی گونجاو بۆ وەگەڕخستنی کولتووری دەربڕین و پێشکەشکردنی رەخنەی ئاکادێمیک دەخوڵقینێ. بێجگە لەوە، ئەو کارانە وێڕای بڵاوکردنەوەی نووسین لە گۆڤارە زانستییهکان، مەیدان و دەرفەتی کێبەرکێ بۆ گەشەکردن و دەرچوون لە بازنەی ناکامڵ و نەگونجاوی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە زانستییهکان دەخوڵقینێ و لێکۆڵەرەوەی بیردۆز و خاوەن بیروڕا بەرهەم دێنێ. لەو بارودۆخەدا لێکۆڵینەوەکان و کۆمهڵگه زیاتر یەکتر دەدۆزنەوە و بابەتی لێکۆڵینەوە لەگەڵ دوێنێ، ئەمڕۆ و سبەینێی کۆمهڵگهدا یەکانگیر دەبن. لێکۆڵینەوە و توێژینەوە و تەنانەت کۆی زانستە مرۆڤییهکان پەراوێز خراون و بوونیان لە مەنا بەتاڵ کراوە.
کۆمهڵگه و چاوەڕوانییەکانی ماڵ و کۆمهڵگه لە سهر تاک و لە سەر کار و تێکۆشانی ئەو مرۆڤانە کاریگەرە کە ئۆگری فێربوون و کاری ئاکادێمیکن. یەکێک لە روخسارەکانی کولتووری ئێرانی خۆدەرخستن و دەرکەوتنە، کە لە کۆنەوە ئاژاوەیەکی نەبڕاوەی خستۆتە کۆشک و تەلاری بنەماڵە و مێشکی تاکەکان. لە کۆمهڵگه و کولتووری ئێراندا دەرکەوتنی خێرا و وەرگرتنی پۆست و پلە رەگ وریشەی کۆنیان هەیە. سەرەڕای ئەوە، ئەو کۆمهڵگهیە دەرفەتی جیاوازبوون زۆر بە هاوڵاتیان نادات. بۆ وێنە، ئەگەر تاکێک زۆربەی تەمەنی خۆی خەریکی ناسینی هزر و بیری بیرمەندێک یان تیۆریەک بێ، رەنگە کەم و زۆر بکەوێتە بەر پلاری ئەم و ئەو. چەرخەکانی سەنعەت، زانست، کولتوور، ئابووری و بیرۆکە و ئیدەکان لە سەر خەللاقیهت و خوڵقاندن چەق دەبەستن. لە کولتووری پەروەرد و فێرکردنی ئێران و زۆر کۆمهڵگهی دیکەدا مانەوە لە کڵیشەی تایبەتدا دەبێتە بایەخ و شکاندن و دەرچوون لە چوارچێوە باوەکان کەوتن و سزای لە دوایە.
لە ژێر تیشکی هۆکارە کولتوورییەکاندا گونجاوە، کە باس لە ستڕوکتۆر و ساختاری پێگەی کۆمەڵایەتی و تێڕوانینی کۆمەڵگه لە سەر زانستەکان بکرێ. لە کۆمهڵگه دواکەوتوەکان و تەنانەت لە بەشێک لە کۆمهڵگه پێشکەوتوەکاندا، کە کەڵکەڵەی دەستخستنی پارەی خێرا و کەسایەتی کۆمەڵایەتییان لە سەردایە، زانستە مرۆڤیی و کۆمهڵایهتییهکان بە بەراورد بە زانست و پیشەکانی دیکە جێگە و پێگەی شیاویان نییە. لەو کۆمهڵگهیانەدا زۆر کەس وەک دایک و باب حەزیان لەوەیە، کە منداڵ و نەوەکانیان ببنە دوکتور، ئەندازیار و خاوەن پیشەی پارەساز. لە کولتووری خەڵکی شەقام و ئاساییدا زانستە مرۆڤییهکان رۆڵ و نەخشی زۆریان لە بنیاتنانی کۆمهڵگهدا نییە. ئەو تێڕوانینە کەم و زۆر وزە و توانای نەوەکان بە فیرۆ دەدات و لە داڕشتنی پلان و بەرنامەی خوێندکاراندا کاریگەرە، چونکە ئەوان لە جیاتی ویست و توانای خۆیان دەکەونە ژێر پاڵەپەستۆی ویستی گەورە ساڵ و حەزی کۆمهڵگه.
کزبوونی بەستێن و دەرفەتی دەربڕینی ئازاد هۆکارێکی دیکەی لاوازبوونی زانستە مرۆڤییهکانە، کە لە ماوەی زیاتر لە ١٠٠ ساڵی رابردوو راهێنانی لە سەر دەکرێ. لە کۆمهڵگه پێشکەوتوەکاندا لێکۆڵینەوە لە دیاردە و بابەتەکان و راگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رێچکەی سروشتی خۆیان تێپەڕ دەکەن. لە کۆمهڵگه داخراو و سیستمە سیاسییە تاکڕەوەکاندا ئانالیزی راستەقینەی رووداوەکان رێگە پێنەدراوە. لەو کۆمهڵگهیانەدا ئایدۆلۆژیەکان رێگهپێشاندەری کۆی کایەکانن و هەوڵ دراوە بە ناوی جیاواز زانکۆ و بە تایبەت زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییهکان لە رێڕەوی راستەقینەی خۆیان لابدەن. بە واتایەکی دیکە، هەوڵدراوە زانستەکان خزمەتی دەسەڵات و سیستمی سیاسی وئایدۆلۆژی وڵات بکەن. لەو کۆمهڵگهیانەدا پرسی هەڵاتنی مێشکەکان دەبێتە دیاردە و مرۆڤەکان رێگای کۆچ هەڵدەبژێرن، چوونکە ئازادی و دەرفەتی کار و تێکۆشانیان نییە.
زانستە مرۆڤییهکان لەگەڵ پەروەردە و فێرکردن، کولتوور و سیاسەت و کۆی کایەی کۆمهڵگهدا گرێدراون. ئەگەرچی لەو ساڵانەی دواییدا زۆر تێکنۆلۆژی بە ئاسانی و بە زەبری پارە لە وڵاتە پێشکەوتوەکان کڕاون و بۆ ئێران راگوازراون، بەڵام ئەوانیش وەک پێویست لە سەر رەوتی گەشەکردنی زانست کاریگەر نەبوون. زانستەکان و بە تایبەت زانستە مرۆڤییهکان لە وڵاتان دەرخەری بارودۆخی گشتیی وڵاتن. لە وڵاتێکدا کە سیستمی سیاسی داخراوە، بێگومان زانکۆ و ناوەندە لێکۆڵینەوەکان ناتوانن لە لێکۆڵینەوەکانیاندا ئازادانە و بێلایەنانە قامک لە سەر خاڵە هەستیارەکان دابنێن. ئەگەر زانستە مرۆڤییهکان لە چوارچێوەی نیزامێکی سیاسیدا قەتیس کران، لێکۆڵینەوە لە سەر پرسە کۆمەڵایەتی، سیاسی، مێژوویی و هزریەکان رێڕەوی سروشتی ناگرنە بەر.
مرۆڤایەتی و دوارۆژی گۆی زەوی لە بەردەم مەترسی جۆراوجۆردان. زانستە مرۆڤییهکان لە گۆڕەپانی چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە جیهانی، ناوچەیی و لۆکاڵییەکاندا رۆڵ و نەخشی کارا دەگێڕن. ئێران و زۆر وڵاتی دیکەی جیهان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانە کۆن و لەمێژینەکانیان پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی قوڵ و خاوەن پێوەری زانستییە. زانستە کۆمەڵایەتی و مرۆڤییهکان وەک زانستەکانی دیکە دەتوانن بیرۆکە و رێکاری گونجاو بەرهەم بێنن، کە پێوەندیان بە کۆمەڵگه، دامەزراوە و پێوەندییە کۆمهڵایهتییهکانە. بەهێزبوونی زانستە مرۆڤییهکان و پێدانی جێگا و رێگای شیاو بەوان خزمەتی کۆی مرۆڤایەتی دەکا و لە پتەوکردنی کۆڵەکەکانی دێموکراسی و سیستمێکی خەڵک سەروەردا کاریگەر دەبێ. دێموکراسی و گەشەکردنی ئەو رەوتە پێویستی بە ئانالیز و لێکدانەوەی زانیاری و رێکارە ئەرینییەکانی زانستە مرۆڤییهکانە.
زانستە مرۆڤییهکان لە کۆمهڵگه ئازادەکاندا زیاتر گوڵ دەکەن و بناخەی رووناکبیری زانکۆکان بەرهەم دێنن. زانستە ئاماژەپێکراوەکان دەرفەتی خوێندنەوەی دیاردە و رووداوەکان لە روانگەی جیاواز دەخوڵقێنن و پەرە بە توخمی رەخنەگرانە و هاندەرانەی خوێندنەوە زانستییهکان دەدەن. گەشەپێدانی ئەو زانستانە بۆ خوڵقاندنی باڵانسی نێوان زانستەکان و هەروەها هەڵسەنگاندنی پێوەندی نێوان مرۆڤ و تێکنۆلۆژی و ژینگە یارمەتیدەرن. سەرکەوتن و گەشەکردنی کۆمهڵگهکان لە بوارەکانی کۆمەڵایەتی، لەشساغی و پەروەردە بەندە بە کارابوونی زانستە مرۆڤییهکان. بۆ بەرپەرچدانەوەی قەیران و کێشەکانی دوارۆژ، پێویستە گەشە بە زانستە مرۆڤییهکان بدرێ. پەرەپێدانی لێکۆڵینەوەی ئازاد و شارەزایانە و ئەکتیوکردنی زانستە مرۆڤییهکان بە دەرمان و چارەسەری قەیرانەکانی دوارۆژ دەژمێردرێن. کەمکردنەوەی هەژاری، شەڕ، ئاژاوە و تێرۆریزم، دەستەبەربوونی مافی مرۆڤ و گەلان، پاراستنی ژینگە و رزگاربوون لە سەرەڕۆی پێویستیان بە زانستە مرۆڤییهکانە. بە کورتی، ئەو زانستانە دواڕۆژ دروست دەکەن. بارودۆخی شڵەژاو و قەیراناوی ئێران، درێژەکێشانی ئیستبداد، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، نەبوونی ئازادی بیروڕا، بەرهەمهاتنەوەی توندوتیژی و سەرەڕۆیی ئاکامی لاوازبوونی زانست و بە تایبەت زانستە مرۆڤییهکانە.
ژێدەرکان:
Yhteiskuntatieteet rakentavat tulevaisuutta
http://www.ksml.fi/mielipide/mielipidekirjoitus/Yhteiskuntatieteet-rakentavat-tulevaisuutta/376432
25.10.2015
Politics of culture in Iran, Nematollah Fazeli, 2006, by Routledge
وضعیت علوم اجتماعی و انسانی در ایران اسفبار است!: گفت وگو با ناصر فکوهی، بابك مهديزاده
http://anthropology.ir/article/21123
چالش های علوم انسانی در ایران
http://www.farhangshenasi.ir/persian/node/184
عقب ماندگی علوم انسانی در ایران، صادق زیبا کلام، مجله: بازتاب اندیشه، اسفند 1387 – شماره 107
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه