لیبراڵیزم ( له وشه‌ی لاتینی Liber واته ئازادی)، فه‌لسه‌فه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیدئۆلۆژیه‌کی رامیاری‌یه که ئازادی تاک و یه‌کسانی، بنه‌ما و ئامانجیه‌تی. لیبراڵیزم وه‌ک ره‌وتێکی فه‌لسه‌فی، ره‌وتێکی هیومانیستانه و مۆدێرنیستانه‌یه، و وه‌ک ره‌وتێکی رامیاری، سێکوڵار و دێموکراسیانه‌یه.
لیبراڵیزم وه‌ک هه‌موو فه‌لسه‌فه و ئیدیۆلۆژی‌یه‌کانی دیکە خاوه‌نی چه‌ند قوتابخانه‌یه‌که، به‌ڵام هه‌موو قوتابخانه‌کان له‌سه‌ر بۆچوونه سه‌ره‌کی‌یه‌کانی لیبراڵیزم کۆکن. له‌وانه:
مسۆگه‌رکردنی ئازادی‌یه‌کان، مافه‌کانی مرۆڤ، دابینکردنی مافه‌کانی تاک، نه‌مانی هه‌ژاری، پلوراڵیزمی کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری، یه‌کسانی هه‌ل، هۆشمه‌ندی، به‌رزکردنه‌وه‌ی پله‌ی وشیاری و زانیاری، ، لێبورده‌یی، ده‌وڵه‌تی سێکولار، مافی خاوه‌نداریه‌تی، ئابووریی بازاڕی ئازاد، رێ‌نه‌دان به مۆنۆپۆل، ئازادیی رکه‌به‌ریی ئابووری و فکری، ئازادی دینی، ده‌وڵه‌تی خۆشگوزه‌رانی کۆمه‌ڵایه‌تی، جیاکردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌وڵه‌ت، بێلایه‌نی داموده‌زگاکانی ده‌وڵه‌ت، ده‌وڵه‌تی یاسا، سنووردارکردنی ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌ت ، کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی، دادپه‌روه‌ری، دێموکراسیی سیاسی، ئالوگۆڕی ده‌سەڵات، رێ‌نه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها، لیبراڵ -دێموکراسی و هه‌ڵبژاردنی ئازاد، پاراستنی تاک له چه‌وسانه‌وه، رێ‌نه‌دان به تۆتالیتاریزم، رێ‌نه‌دان به تاکڕه‌ویی و به‌خته‌وه‌ریی مرۆڤ لە کۆمەلگه‌یەکی لیبراڵ-دیمۆکرات‌دا.
لیبراڵیزم له روانگه‌یه‌کی مێژووییه‌وه
لیبراڵ-دێموکراسی وه‌ک رامانێکی کۆمه‌ڵایه‌تی له سه‌ره‌تاکانی‌یه‌وه خاوه‌ن دوو بیرۆکه‌ی سه‌ره‌کی بووه:
یه‌که‌میان ئه‌وه‌بوو که شادیی مرۆڤ له هه‌موو شتێک گرینگتره له جیهان‌دا.
دووهه‌میشیان که مرۆڤه‌کان بێ ره‌چاوکردنی جیاوازی، له‌گه‌ڵ یه‌کتر به‌رابه‌رن و که‌س له که‌س باشتر نییه.
به‌رهه‌می ئه‌م رامانه کۆمه‌ڵایه‌تی‌یه، ئیدیۆلۆژیکی رامیاریی بوو که ئازادی و رێزگرتن له مافه‌کانی تاک، مه‌به‌ست و نێوه‌رۆکیه‌تی .
تیۆری رامیاری لیبراڵ-دێمۆکراسی هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی‌یه‌وه پێناسه‌ی دوو جۆره ئازادی کردووه:
1 ـ ئازادیی له ژێرده‌ستی، ئازادیی تاک، سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌یی، سه‌ربه‌خۆیی رامیاری، سه‌ربه‌خۆیی ئابووری، نه‌بوونی چه‌وساندنه‌وه و ئه‌شکه‌نجه و سانسۆر و، ئازادیی هاتوچۆ ده‌گرێته‌وه.
2 ـ ئازادیی هه‌ڵبژاردن: له مافه‌کانی مرۆڤه که ئازادانه هه‌ڵبژێرێ و ئازادانه بڕیار بدا. له نموونه‌کانی ئه‌م ئازادی‌یه‌ش، ئازادیی بیروباوه‌ڕ و راده‌ربڕین و چاپه‌مه‌نی و، هه‌ڵبژاردنی خوێندن و جۆری کار و شوێنی ژیانه. هه‌روه‌ها مافی به‌کارهێنان Forbruker) ) که له بازاڕێکی ئازاد‌دا بتوانێ ئازادانه کاڵا و خزمه‌تگوزاری هه‌ڵبژێرێ و مافی دامه‌زراندنی بزنس و کۆمپانیا و کاری سه‌ربه‌خۆی هه‌بێ.
لیبراڵیزم هه‌ر له سه‌ره‌تاکانی سه‌رهه‌ڵدانی‌یه‌وه، واته له سه‌ده‌ی شازده‌هەمەوه، شۆڕشێک بوو دژ به ده‌سه‌ڵاتی ره‌ها و هه‌موو جۆره ژێرده‌ستی‌یه‌ک. جا چ ژێرده‌ستیی تاکه بیر و هزرێک بێ، ژێرده‌ستی داگیرکه‌ر بێ، ژێرده‌ستیی فه‌رمانڕه‌وای زۆرداربێ، ژێرده‌ستی ده‌سه‌ڵاته دینی‌یه‌کان بێ، یاخود ژێرده‌ستیی چینایه‌تی بێ.
لیبراڵیزم له جیهانی ئه‌مڕۆدا
له جیهانی پێشکه‌وتووی ئه‌مڕۆدا ئه‌م ئیدیۆلۆژی‌یه ره‌گ و ریشه‌ی له بواره کۆمه‌ڵایه‌تی و رامیاری و ئابووری‌یه‌کان‌دا وه‌ها داکوتاوه که ناکرێ له خودی ژیانەکه جودا بکرێته‌وه و ته‌نیا وه‌ک بیرێک و ته‌وه‌رێکی سیاسی لێی بڕوانین. لیبراڵ-دێموکراسی له دونیای پێشکه‌وتودا وه‌ک ئیدئۆلۆژی‌یەک نه‌ماوه، به‌ڵکو بووه به ره‌وشتێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، بووه به (مێتا ئایدیۆلۆژی)، واته بووه به ئیدئۆلۆژی‌یەک له نێو ئیدئۆلۆژیه‌کان‌دا و فه‌لسه‌فه‌یه‌ک له فه‌لسه‌فه‌کان. لیبراڵیزم بووه به نه‌ریت و ژێرخانێکی فکری بۆ دان‌وستانی رامیاری، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی. لیبراڵ دێموکراسی ئه‌مڕۆ خووره‌وشتی مرۆڤی ئازاده.
لیبراڵیزمی رامیاری خه‌بات ده‌کا بۆ دامه‌زراندن و هێنانه‌دی بارودۆخێک که تێیدا تاکه‌که‌س و کۆمه‌ڵ بتوانن به‌و ژیانه خۆشه بگه‌ن که خه‌باتی بۆ ده‌که‌ن و ئامانجیانە.
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ که لیبراڵ-دێموکراسی خاوه‌ن روخسارێکی جیهانیزمانه‌یه و ده‌بێ له گشت شوێنێک و له نێو گشت کۆمه‌ڵێک‌دا په‌یڕه‌و بکرێ. لیبراڵیزم ئیدیۆلۆژیه‌که که که‌س پێویستی نییه له گه‌شه‌کردن و بڵاوبوونه‌وه‌ی بترسێ چونکه بیرێکه که به یه‌ک‌چاو ته‌ماشای خواستی هه‌موو لایه‌ک ده‌کا.
لیبراڵ-دێموکراسی نه چه‌پڕه‌وه و نه راستڕه‌و، به‌ڵکو میانه‌ڕه‌وه. ئیدئۆلۆژی چینێک و گروپێک و (جنسێک، ژن یان پیاو) و ده‌سه‌ڵاتێک نییه. به‌ڵکو ئایدۆلۆژیای ئازادیی مرۆڤ و رێزگرتن له تاکه. جگه له‌مانه‌ش ده‌بێ ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش بکه‌ین که لیبراڵیزمی دێموکراسی باوه‌ڕی به بوونی ئیدیۆلۆژیەک یاخود هزرێکی (کامل)و ره‌ها(موتڵه‌ق) نییه. بیری هه‌میشه له پرۆسەی گۆڕاندایه. ئه‌وه‌ی که سه‌ره‌کی‌یه بۆ لیبراڵه‌کان، گرینگیی ئازادیی مرۆڤ و رێزگرتنه له مافه‌کانی.
لیبراڵ-دێموکراسی
لیبراڵ-دێموکراسی خۆی شێوە دەستەڵاتداری‌یەکە کە نوێنەرایەتی دێموکراسی دەکا بە گوێرەی توانای ھەڵبژێردراوەکان، کە تا چ رادەیەک دەتوانن سیاسەتی خۆیان لە مەڕ دابینکردنی عەداڵەت بەڕێوەبەرن. ھەڵبەت له‌پەیوەندی له‌گه‌ڵ ئازادیی تاک و مافەکانیان‌دا زەخت دەخەنە سەر دەسەڵات بە مەبەستی لەبەرچاو گرتنی مافی کەمایەتی لە لایەن زۆرایەتی‌یەوە. راده‌ی لەبەرچاو گرتنی ئازادی و مافەکان لە لایەن پێکھاتەکانەوە جیاوازیان ھەیە، بەڵام نێوەرۆکی ھەموویان مافی ئەمنییەت، ژیانی تایبه‌تی، دارایی و یەکسانی لە هه‌مبه‌ر قانوون و ئازادی رادەربڕین لە کۆڕ و کۆبوونەوە و تەنانەت ئازادیی دینیش له خۆ ده‌گرن.
له دێموکراسی لیبراڵی‌دا ئەو مافانە دەتوانرێ له قانوونی ئەساسی‌دا تەزمین کرابن یان جاری واشە که ھێندێک پێکھاتە داده‌مه‌زرێن کە چاوەدێری پاراستن و گه‌ره‌نتی جێبه‌جێ کردنیان بن. دێموکراسی لیبراڵی ھەروەھا دروستکه‌ری به‌ستێنی تەحەممول و پلوراڵیزم و جیاوازیی سیاسیی بەرچاوه له کۆمەڵگه‌دا و، ئیزنی بوون و رکەبەرایەتیی سیاسی بە هه‌موو بیروبۆچوونه جیاوازه‌کان، بە مەبەستی بەدەستەوەگرتنی دەستەڵات، دەدرێ. دێموکراسی لیبراڵی بۆیە باوەڕی بە دەنگدانە تا جیابیران بە بۆچوونی جیاوازیانەوە بەشدار بن و ھەلومەرجی بەدەستەوەگرتنی دەستەڵاتیان هه‌بێ. له کردەوەدا ھەمیشە سەرکەوتن بەو تاقمە بووە کە لایه‌نگری دێموکراسی لیبراڵین و سیستمێکە خۆی درێژە بە مانەوەی خۆی دەدا. ھزری لیبراڵ، له دێموکراسی لیبراڵی‌دا به‌و مانایه نییه کە قەوارەی دوڵەت سەبارەت بە رەچاوگرتنی ئیدۆئۆلۆژی سیاسیی لیبراڵیزم بخاته ژێر فشاره‌وه. ئەوە تەنیا ئاماژەیەکە بەو راستی‌یه کە دێموکراسی لیبراڵی لە هه‌مبه‌ر دەسەڵاتدارانی سیاسی، پارێزەری ئەو مافانەی شارۆمەندانه کە بنەما قانوونی‌یه‌کانی بۆ یه‌که‌مین جار لە سەردەمی روناکبیری‌دا گه‌ره‌نتی کراون و لە لایەن ئەو فەیلەسوفانەوە کە نوێنەرایەتیی بیری ئازادیان دەکرد، داڕێژراون کە ھەر ئێستاش له نێوەرۆکی زۆربەی ئه‌و ئیدئۆلۆژی‌یه سیاسی‌یانه‌دا کە دێموکراسی لیبراڵی‌یان سەلماندووە، ھەیە. دێموکراسی لیبراڵی دەتوانێ له پێکھاتەیەکی کۆماری یان پێکھاتەیەکی پادشایی‌دا بگونجێندرێ .
سەرچاوە.
https://snl.no/liberalisme
https://no.wikipedia.org/wiki/Liberalisme
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه