چەقینی سەرهەڵدانەکانی بەناوی بەهاری عەرەبی لە سووریە و هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی دەسەڵاتی ئەسەد دەگەڵ جەماوەری راپەڕیوی ئەو وڵاتە و، دواجار گۆڕانی شەڕی نێوخۆیی سووریە بۆ شەڕی هێژمۆنی هێزەکانی ناوچە و زلهێزە جیهانییەکان، دیاردەیەکی ناشیرینی بە بیروڕای گشتی جیهان بە ناوی داعش ئاشنا کرد. ئەو دیاردە ناشیرین و هێزە دڵڕەق و پێکهاتە قێزەونەی کە بە کردەوە سنوورە زۆرەملییە کێشراوەکانی پەیمانی سایس پیکۆی سڕییەوە و، بوو بە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر گشت جیهان. هەر ئەو مەترسیی بوونە بۆ سەر جیهان بەس بوو، کە زلهێزەکان بە لک و پۆیەکانیانەوە شەڕە لە سەر خاکی چوارچێوە سیاسییە لەرزۆکەکانی ئێراق و سووریە بە مەبەستی جۆراوجۆری ئابووری، سیاسی و سەربازی بەرینتر و قوڵتر بکەنەوە. شەڕی جیهانی هێژمۆنی لە چوارچێوەی شەڕی نێوخۆیی سووریەدا لووتکەی بەتاڵبوونەوەی مرۆڤ لە مرۆڤایەتی، کە بەهۆی پێشکەوتنە جۆراوجۆرەکانی سەردەم و بەتایبەت میدیا و راگەیاندن و ئینتێرنێت خرایە بەرچاوی گشتی، بیرەوەریی زۆری تاڵتری کوردی لە هەموو پارچە داگیرکراوەکانی خستەوە زەینی شڵەژاوی تاکەکانی کورد و کۆمەڵگەی کورد. بە لوتفی ئینتێرنێت و تەکنۆلۆژیا خەڵکی جیهان دوور و نزیک ئەو کارەساتەی مێژوویەکە بۆ کورد ئەزموون و ژیانە، بینی، دیاردەیەک کە بیروڕای جیهانی شڵەژاند و زلهێزەکانی رەکێشی سەر کەلاکی مانگای مردووی گۆرین کرد، کورد بە شیوەی جۆراوجۆر لە ئێراق، ئێران، تورکیە و سووریە تاقی کردۆتەوە و هەتا ئێستاش بەرەنگارییەتی. هەر ئەو ئەزموون و تاقیکارییە لەمێژیانەیە،ئەمڕۆ کوردی لە مەیدانی شەڕی دژی تیرۆر و بەتایبەت داعش سەربەرز کردوە. ئەگەر بیر مەودای دواوە بدا و هێندێک لەو کارەساتانەی لە سەردەمی حکوومەتەکانی ئێراق و بەتایبەت سەددام بەسەر کەینەوە، دەبینین، داعش بە هەموو دڕندەیی کە کۆشکە بەناوبانگەکانی جیهان لە سەروو هەمووشیانەوە کۆشکی سپی و کرملینی وەهژان خستۆتە بۆ وەحشیگەری و ئاکاری دژەمرۆیی تیتۆڵێکی لە سەددام دانەدڕییەوە، کە بە چەند کاتژمێر لە هەڵەبچە پێنج هەزار کوردی بە بۆمبی شیمیایی کوشت و هەزاران هەزار لەش بە گەرمی خۆڵیان وەسەر کرا. هەر کەس جارێک بیرەوەرییەکی دایک و باوکێکی کوڕ و کچ ئەنفال کراوی گوێ لێ بێ، دەزانێ داعش خەلیفەی بەغدادی نوێنەرێتی یان ….
رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە چوار دەیەیە لە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی داعشی رەسەندا دەچەوسێتەوە. ئەگەر ئەبوبەکر بەغدادی بڕیاری دەرکرد کوردانی ئیزەدی قڕ بکرێن و بفرۆشترێن، خومەینی ئەو رێ نیشاندەر و رێبەرەی بڕیار بوو گەلانی موسلمان لە ئاوی نیل بپەڕێنێتەوە، فتوای قڕکردن و ناموسلمان بوونی کوردی بەگشتی لە رۆژهەڵات دەرکرد و، ئەگەر بەرگری و ئازایەتی رۆڵەکانی کورد نەبووایە خودا دەیزانی رۆژهەڵات چ کورد قڕان و کڕین و فرۆشتنێکی بەسەر دەهات. پاشانیش کە نەیانتوانی بەمجۆرە کورد قڕ کەن، کۆماری ئیسلامی، کە بنەچەیە بۆ هەر بیر و هێزێکی توندڕۆ لە ناوچەکەدا هەموو رێگەکانی کوشتن و سڕینەوە کوردی تاقی کردەوە و بە هەموو هێز و ئامرازەکانی بەردەستی هەتا ئێستاش لەسەر بەردەوامە لەسەر ئاکارە داعشییەکانی دەرهەق بە کورد. لە باکووری کوردستان لە جەنایەتەکانی ئاتاتورکەوە بگرە وەک ژینۆسایدی خەڵکی دەرسیم هەتا کردەوەکانی ئەمڕۆی ئەردۆغان ئەگەر لە کردەوەکانی داعش زیاتر نەبن کەمتر نین. رۆژاوای کوردستانیش چ لە سەردەمی حافز ئەسەد و چ لە سەردەمی بەشار ئەسەد دەیان کارەساتی بەسەر هاتووە نموونەیان لە هەڵسوکەوتی بەرزترە. بەگشتی دەمەوێ بڵێم داعشی لە چەشنی بەغدادی دەیان ساڵە لەبەر چاوی زلهێزان و تەنانەت کۆمەڵگەی ئەو وڵاتانەی کوردیان داگیر کردوە، دەرهەق بە کورد کارەسات و جینایەت ئەنجام دەدەن و خۆڕاگری کورد لە بەرانبەر داعشی بەغدادیدا، ئاکامی خاران و راهاتنی چەندین ساڵەی گەلی کوردە لەگەڵ داعشەکانی پێشوو.
کۆماری ئیسلامی هەروەک وترا ماکە و پشتیوانی زۆربەی هەرە زۆری بیر و حەرەکەتە توندڕۆکانی ناوچەیە و، تەنانەت لە نێوخۆی وڵاتیش بەتایبەت لە رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ دژایەتی کردنی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد و چاندنی بیری توندڕەوی و کاناڵیزەی وزە و پوتانسییەلی کۆمەڵگە بەرەو ئاقارێکی توندوتیژانە چەندین ساڵە رێگەی بۆ هەندێک گرووپ و تاقمی توندوتیژ خۆش کردوە هەتا پەرە بگرن، بەڵام کۆمەڵگەی کوردی کە بە درێژایی مێژووی بێبەری بووە لەو چەشنە بیر و هزرانە، قەت بواری بۆ گەشەی ئەو رەوتانە خۆش نەکرد. کەچی کۆماری ئیسلامی کە بانگەشەی رێبەرایەتی جیهانی ئیسلامی و بەتایبەت رێبەریی بەرەی شیعە دەکا، لە پیلانەکانی لە کوردستان ناوەستێ و لە دوایین هەواڵدا چەند کەس لە نێو شار کرماشان لە تێکهەڵچوون دەگەڵ هێزەکانی رێژیم کوژراون کە لە لایەن رێژیمەوە بە داعشی ناسێندران. ئەگەرچی ئەو هەواڵە مێدیا و کۆمەڵگەی کوردی رانەچلەکاند و بزووتنەوەشی بەخۆوە خەریک نەکرد، بەڵام لە راستیدا دەبێ بڵێین دەسپێکی گەورەترین پیلانی رێژیمە بۆ شەق کردن و کەلێن خستنە نێوماڵی کوردەوە لە رۆژهەڵات. ئەگەرچی هیچ بیرێکی ژیر و لێکدەرەوە بۆی ناچێتەوە سەر ئەوەی کە ئەگەر داعشیش لە رۆژهەڵات هەبێ لانیکەم لە کرماشان کە نزیک بە هەمووی بە ئایینزا شیعە و پاشان یارسانن، ناتوانێ پێگەی هەبێ، بەڵام رێژیم زۆر زیرەکانە چەند قەشمەرێک لە نێو شاری لە سناریۆیەکدا دەکوژێ هەتا، کوردی بە ئایینزا شیعە و یارسانان هەڵخڕێنن و، بەمجۆرە لێکهەڵبەزینەوە لە نێوان شارە کوردییە شیعەنشینەکان و سوننینشینەکانی رۆژهەڵات ساز بکەن. چونکی لانیکەم بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد کە بە هۆکاری جۆراوجۆر نەیتوانیبوو بەگوێرەی پێویست پەل بهاوێتە کوردستانی شیعەنشین، هەنووکە شەپۆلی شووناسخوازی هەڵیگرتوە و بزووتنەوەی مەدەنی لە ناوچەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو گەشەیە. دیارە رێژیم لە سەرەتای سەپانییەوە بەسەر گەلانی ئێراندا بە هۆمێدی شیعەبوونیانەوە تێچوویەکی زۆری بۆ دابڕاندن و ژینوسایدی شووناس و فەرهەنگی ئەو ناوچانە کرد، کە خاوەن هەڵکەوتووییەکی ستراتیژین، بەڵام دواجار هەموو هەوڵەکانی بوونەوە بڵقی سەر ئاو. هەر بۆیە هەنووکە ئەگەرچی لە لایەک رێژیم بانگەشەی شەڕ دژی داعش دەکا، لە لایەکیش وەک نیعمەتێک لێێ دەڕوانێ هەتا بۆ بواری نێوخۆیی و دابڕاندنی نێوماڵی کورد کەڵکی لێوەرگرێ. بەڵام بەدڵنیاییەوە گەلی کورد ئەزموونی لە پیلانەکانی رێژیم لە ماوەی رابردوودا وەرگرتوە و، هەروەک چۆن لە بەرەی شەڕی داعشی بەغدادیدا لەچاو جیهان سەربەرزە، لە بەرانبەر داعشی رەسەن و ویلایەتی فەقیهیشدا سەربەرز دەردەچێ. دەگەڵ ئەوەشدا بزووتنەوەی کورد دەبێ زۆر ژیرانە و هەماهەنگ و یەکڕیز بەرەنگاری پیلانە تازەکانی رێژیم ببێتەوە، کە لە هیچ بیانوویەک بۆ سڕینەوە فیزیکی و فیکری تاکەکانی کورد ناپرینگێتەوە.
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه