لە دوو حەوتووی رابردوودا دوو رووداو لە کوردستان ئەگەرچی تەنیا بۆ چەند رۆژێک مانشێتی رۆژنامە و کاناڵە خەبەرییەکان بوون، بەڵام تەعبیر لە جووڵە و حەڕەکەتێکی مەدەنیی زۆر بە پرێستیژیان دەکرد کە خەریکە لە کوردستان دەبێتە کلتوور.
لە روانسەر لە کاتێکدا هێزی ئینتیزامی و دەزگای قەزایی و میدیا دەوڵەتییەکان چەند رۆژ بوو هەواڵی ئێعدامکردنی تاوانبارێکیان جاڕ دابوو و خەڵکیان بۆ سەیری ئەو ئێعدامە لە شوێنێکی دیاریکراوی شار بانگ کردبوو، بەڵام جیا لە تیمی ئیعدام کەس نەچووە شوێنەکە؛ لە سنەش لە کاتێکدا تاوانبارێک پەتی ئێعدامی لە مل کرابوو، دایکێکی جەرگسوتاو سەرەڕای ئەوەی رۆڵەی لاو و شیرینی بە دەستی تاوانبارەکە بە کوشت چووبوو، دڵی بڕوای نەدا سەمای تەرمێک بە چاوی خۆی ببینێ و گوتی: ” بێهێننە خوارێ، بەخشیم…”
ئەوی باس کرا هەر تەنیا دوو رووداو ئەویش لە دوو شوێنی جیا لە کوردستان نییە، بەڵکوو دەرکەوتەی بزاوتێکە کە چالاکانی مەدەنیی کوردستان ساڵانێکە کاری لەسەر دەکەن و ئەمڕۆکە بەرهەمەکەی هەڵدەگرینەوە، ئەوانە بەڵگە بۆ باس لەسەر ئەو راستییەن کە چەندەی کۆماری ئیسلامیی ئێران حەزی لە ئێعدام و تۆڵە و کوشتنە، خەڵکی کوردستان ئەوەندە بێزرا و لە پەتی دار و خەنکاندن و ناشتنە.
خەڵکی کوردستان کە بە ئێسک و پێست و لە ناخەوە هەموو زوڵم و زۆری و سەرکوت و توندوتیژییەکی لە کۆماری ئیسلامی هەست پێکردوە، باش دەزانێ کە مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە ئێعدام تەنیا ترساندنی کۆمەڵگهیە و ئێعدام بە وێنەی ئامرازی پاراستنی دەسەڵاتەکەیان رەچاوی دەکەن؛ بۆیە بەرهەڵستی دەبنەوە.
خەڵکی کوردستان تێگەیشتوون کە شوێنی منداڵان یاریگە و کتێبخانە، کۆڵان و فێرگە و سەرقاڵییان بە نەقاشی و سەیری فیلم و فێربوونی زانستە لە مەکۆی خۆی، نەک کۆبوونەوە لە شوێنی ئێعدام و سەیری مەرگی کەسێک؛ بۆیە خۆیان و منداڵانەکانیانی لێ بە دوور دەگرن.
شعووری کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان گەیوەتە ئەو جێیە کە دەزانن کۆماری ئیسلامیی ئێران لە چوار دەیەی رابردوودا، بە دەیان هەزار کەسی بە بیانووی کوشتن، ماددەی هۆشبەر، شەڕ و شاڕلاتانی، دەستدرێژی و بیانووی جۆراوجۆری دیکە لە دار داوە، بەڵام ئەوەی ماوە ئێرانێک و کۆمەڵگهیەکە هەمیسان پڕ لە کوشتن، پڕ لە قەیران و پڕ لە هەموو ئەو شتانەی بە بیانووی ئەوانەوە ئێعدام درێژەی هەیە؛ هەر بۆیە نەفرەتی لێدەکەن.
خەڵکی کوردستان دەزانێ ئەوانەی ئەمڕۆکە دەچنە سەیری ئیعدام و لنگەفرتەی تاوانبارێک لە گیانەڵڵادا دەبینن، بۆ خۆیان سبەی کەسێکی چاوترساون کە حکوومەت دەتوانێ چۆنی بوێ ئاوایان لەگەڵ رەفتار بکا، بۆیە سڵ دەکەن و وەک نافەرمانییەک بە دژی دەوەستنەوە. ئەوان نایانەوێ بە چوونە سەیری ئیعدام شەرعییەت بەو بڕیار و بەو رەفتارەی کۆماری ئیسلامی بدەن، بۆیە بایکۆتی دەکەن.
خەڵکی کوردستان دەزانن کە ئەگەر دەسەڵاتی راگرتن و نەهێشتنی ئێعدامیشان نەبێ، ئەوەندەی پێوەندیی بە خۆیانە هەیە دەیبەخشن، بۆ ئەوەی دیکەش هێڵی سوور بەسەر شانۆگەریی ئێعدام لە شوێنە گشتییەکاندا دێنن و خۆیان لەگەڵ رێژیم لەو تاوانەدا و لەو کلتوورە سەقەتەدا ناکەن بە شەریک.
خەڵکی کوردستان لە چەند ساڵی رابردوودا بە کردەوە نیشانیان دا کە خەبات دژی ئێعدام دەتوانێ ببێتە بزووتنەوەیەکی مەدەنی و کۆمەڵایەتی و، ئەوەندەی نیزامی کۆماری ئیسلامی دەیەوێ پەرە بە سزای ئێعدام و کلتووری ئێعدام بدا، ئەوان دەتوانن بەو رادەیە کار بۆ جێخستنی فەرهەنگێکی دژ بەوە، واتە کلتووری لێبوردن و بەزەیی لە کۆمەڵگهدا بکەن.
خەڵکی کوردستان دەزانن ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە بۆ چارەسەری هەر کێشە و قەیرانێکی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت فەرهەنگی تەنیا چەکی ئێعدام و سڕینەوە شک دەبا، بێ گەڕان بە دوای هۆکارەکان زۆر بە دەستوبرد کەسێک یان دوو کەس یان کۆمەڵە کەسێک دەگرێ و تاوانەکانیان بەسەردا ساغ دەکاتەوە و ملیان بە پەتەوە دەکا تا دەوروبەر لێی فێربن!، لەو سۆنگەیە کە خەڵکی کوردستان پشتی تێدەکەن.
خەڵکی کوردستان دەزانن زۆربەی ئیعدامەکان لە ئێران سیاسین و بنەمای حقووقییان نییە، دەزانن نیزامی داد و دادئەستێنیی کۆماری ئیسلامی ناسەربەخۆ و پڕ لە بێعەداڵەتییە، دەزانن قەیرانە کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکان پاڵنەری زۆربەی ئەو رەفتارانەن کە سزای ئێعدامیان بۆ داناون، هەر بۆیە نایانەوێ بەشێک بن لەو رەوایی پێدانە و، نایانەوێ بە بەشدارییان لە پڕۆسەی ئیعدامدا ئەو بیانووە بە کۆماری بدەن چەکی ئێعدام وەک کەرەستە و ئامرازێک بۆ راگرتنی خۆی لە تەختی دەسەڵاتدا بەکار بێنێ.
پوختەی مەبەست ئەمەیە کە نەمانی سزای ئێعدام لە هەر کۆمەڵگهیەک پێویستیی بە گۆڕینی قانوونەکانی سزادانی ئەو وڵاتەیە، ئەوەش تەنیا بەوە دەکرێ خواستێکی بەهێز لە هەناوی کۆمەڵگه هەبێ و دەنگێکی بەرز کە “نا”یەکی گەورە بەو قانوونە بڵێ. لێرە دایە کە بایکۆتکردنی سەیری ئێعدامەکان، هەوڵدان بۆ رەزامەندیی بنەماڵەی قوربانیان لە وازهێنان لە تۆڵە و، بەخشینی تاوانباران و گۆڕینی بە سزایەکی دی دەتوانێ سەرەتایەک بێ بۆ بزاوتێکی بەهێز لە کۆمەڵگه، بزاوتێک بۆ کۆتاییهێنان بە ئێعدام.
ئەو سەرەتایە لە کوردستان دەستی پێکردوە و خەڵکی ناوچەکانی دیکەی ئێران دەتوانن بیکەن بە سەرمەشق و لێی فێربن.
لە ژماره ٦٨٧ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه