له ٢٥ی گه‌لاوێژ، ساڵرۆژی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا یه‌کێک له‌و پرسیارنهی که ده‌کرێ بێته‌ئارا ئه‌وه‌یه که کاریگه‌ریی دامه‌زرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان له سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی کورد چیه؟ دامه‌زرانی حیزب چ وه‌رچه‌رخانێکی له بزاڤی کورددا دروست کرد؟
مسته‌فا مه‌ولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزب
دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان له ٢٥ی گه‌لاوێژی ١٣٢٤ی هه‌تاویدا خاڵێکی وه‌رچه‌رخانی گرینگ له مێژووی بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان بووە.
هه‌روه‌ک ده‌زانین له پێش دامه‌زرانی حیزبی دێموکرات، سه‌رکردایه‌تیی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان به زۆری له‌سه‌ر ده‌ستی که‌سایه‌تییه‌کی دیاری کوردستان (مه‌زهه‌بی، کۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌شیره‌یی) بووه. به نه‌مانی ئه‌و که‌سایه‌تییه، جووڵانه‌وه‌که‌ش تووشی نسکۆ و تێکشکان هاتووە. بەڵام بەهۆی ئەوەیکە حیزبی دێموکرات له رێبه‌ری کردنی جووڵانه‌وه‌دا گۆڕانی دروست کردبوو، نەک ڕێباز و ئامانجەکانی ئەو حیزبە لە گەشە و برەو نەکەوتن، بەڵکوو حیزبەکە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار تووشی نسکۆ هاتووە، بەڵام هەروا لە مەیداندا ماوەتەوە و بەرگری لە ئامانجە نەتەوەییەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان کردوە. هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه له ره‌وتی رووداوه‌کاندا، چاره‌نووسی پێشه‌وای حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان وه‌ک زۆرێک له رێبه‌رانی سیاسیی بزووتنه‌وه‌ی کوردستان بوو. به‌ڵام پاش پێشه‌وا قازی محەممەدیش، حیزبی دێموکرات به حه‌یاتی سیاسی خۆی درێژه دا و ئێستاش پاش حه‌فتاویه‌ک ساڵ تێکۆشان، حیزبی دێموکرات یه‌کێک له حیزبه چالاک و شوێندانهرهکانه.
زۆر نموونه و بەڵگە دەریدەخەن کە حیزبی دێموکرات له مێژووی هاوچه‌رخی بزووتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان جێگه و پێگه‌ی تایبه‌تیی خۆی هه‌یه و زۆر جیاواز ده‌رکه‌وتووه. ئەم حیزبه له ماوه‌یه‌کی زۆر که‌مدا حکوومه‌تێکی خۆماڵی(کۆماری کوردستان)ی راگه‌یاند، ئیداره‌ی کوردستانی له‌و به‌شه‌ی کوردستان به هۆی ده‌زگا و دامەزراوەی ده‌وڵه‌تی بەڕێوه‌برد. هه‌رچه‌ند له هه‌ر بوارێکه‌وه سه‌یری بکه‌ین له کادری شاره‌زا و ئیمکاناتی حکوومهتداریدا زۆر که‌مایه‌سی هه‌بوو، به‌ڵام لە ماوه‌ی که‌متر له یه‌ک ساڵدا، نموونه‌یه‌کی سه‌رکه‌وتووی جوانی له خۆی نیشان دا. له‌و ماوه که‌مه‌دا خه‌ریکی فه‌رهه‌نگسازی و په‌ره‌پێدان به کلتووری رەسەن و باش بوو. ده‌زگای نیشتمانی جۆراوجۆری وه‌ک سوپای میللی کوردستان(هێزی پێشمه‌رگه)ی دروست کرد، ئاڵای کوردستانی هه‌ڵکرد و چه‌ندین دامه‌زراوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی بنیان نا.
حیزبی دێموکرات له به‌شداری کوردانی نیشتمانپه‌روه‌ر و به‌توانا بۆ خزمه‌ت کردن به کۆماری کوردستان جوانترین نموونه‌ی خستۆتە روو. کوردانی باشوور به رێبه‌ری خوالێخۆشبوو مه‌لا مسته‌فا بارزانی به‌شداری چالاکانه‌یان پێ کرا، به ده‌یان شاره‌زا له بواری فه‌رهه‌نگ و نیزامی ته‌نانه‌ت له شوێنه‌کانی دیکهشڕا به‌شدار کراون. هه‌ر ئه‌وه وایکردوه مه‌رحووم مه‌لا مسته‌فا بارزانی له‌سه‌ر نموونەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پارتی دێموکراتی کوردستان له باشووری کوردستان دامه‌زرێنێ و ده‌زانین ئه‌و حیزبه له درێژه‌ی جووڵانه‌وه‌ی رزگاریخوازیی کوردستاندا چۆن تێکۆشاوه و ئێستا چ نه‌خش و ده‌ورێکی له کوردستان به‌گشتی و له باشووری کوردستان به‌تایبه‌تیدا هه‌یه.
حیزبی دێموکراتی کوردستان، له به‌ر ئه‌وەیکە له “رێبه‌ریکردنی بەکۆمەڵ” که‌ڵکی وه‌رگرتووه؛ واقیعبینانه سیاسه‌تی کردوه. تا دامه‌زراندنی حیزبی دێموکرات به زۆری تێکۆشانی خه‌ڵكی کوردستان به‌گشتی بۆ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی بوو. به‌ڵام حیزبی دێموکرات به له به‌رچاو گرتنی هه‌لومه‌رجی سیاسیی ئەوکاتی دونیا و ناوچه و ئەو وڵاتانەی که کوردیان له نێودا دابه‌ش کراوه و هەروەها توانا و ئیمکاناتی کورد له هه‌موو بارێکه‌وه، له‌سه‌ر ئه‌و بنەمایە کاری کردوه که کورده‌کان له چوارچێوه‌ی وڵاتێک که تێیدا ده‌ژین بۆ داخوازە نه‌ته‌وه‌یی، فەرهەنگی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی خۆیان تێ‌بکۆشن. به‌و واقیعبینییه سیاسییه دروشمی حیزبی دێموکرات ئاوا فۆرموله کراوه؛ “دێموکراسی بۆ ئێران و خودموختاری بۆ کوردستان”. یان ئه‌وه‌ی پاش کۆنگره‌ی ١٣ی حیزب باس له فیدراڵی کردنی ئێران ده‌کا. ئه‌و دروشمە ئێستا ته‌نیا دروشمی حیزبی دێموکرات نیه، به‌ڵکوو دروشمی زۆربه‌ی هێزه سیاسییه‌کان له رۆژهه‌ڵاتی کوردستانه و ته‌نانه‌ت کورده‌کانی باشووری کوردستان له سه‌ر بنەمای ئه‌و سیستمه له حکوومه‌ت واتە “حکوومه‌تی ئیتیحادی”، ئیداره‌ی کوردستان ده‌که‌ن و له‌گه‌ڵ حکوومه‌تی ناوه‌ندیدا لە بەڕێوەبردنی وڵات‌دا بەشدارن. ئه‌وه هه‌ر به رۆژهه‌ڵات و باشووری کوردستان نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵکوو له باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش خه‌ریکه دروشمی خۆبەڕێوه‌به‌ری له چوارچێوه‌ی نیزام و سیستمێکی دیموکراتیکدا جێگیر ده‌کرێ.
حیزبی دێموکرات زۆر کاری دیکه‌شی کردوون که ده‌کرێ له کاتی وادا ئاماژەیان پێ بکرێ: فه‌رهه‌نگی پلۆرالیزم و نیزامی چه‌ندحیزبی له ئێران و کوردستان. هه‌ر چه‌نده بێ که‌موکوری نه‌بووه، به‌ڵام توانراوه ئه‌و به‌ستێنه دروست بکرێ که حیزبه‌کان له کوردستان به یه‌که‌وه به‌شداری خه‌بات بکه‌ن و جۆرێک هاوکارییشیان به‌یه‌که‌وه هه‌بێ. جیا له‌وه چۆنیه‌تی په‌یوه‌ندیی به‌شه‌کانی کوردستان و جۆری خه‌بات و تێکۆشانی کورد له هه‌موو به‌شه‌کان و چەشنێک هاوکاری و خه‌مخۆری بۆ یه‌کتری به‌بێ ئه‌وەی ده‌ست بخه‌نه نێو کاروباری یه‌کتری لە ئارادا بووە. له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانی ناوچه‌ش په‌یوه‌ندیی سیاسی‌یان هه‌بووە و تەنانەت کورد له ناکۆکی و کێشمه‌کێشی نێوان ئه‌و ده‌وڵه‌تانه، توانیویەتی وەک ده‌رفه‌ت ئیستفاده بکا و سوودی لێ وه‌ربگرێ. ئه‌وه سیاسه‌تێکه که حیزبی دێموکرات رەچاوی کردووە و له درێژه‌ی کاروتێکۆشانی ٧١ ساڵه‌ی خۆیدا په‌یڕه‌وی لێکردووه.
حیزبی دێموکرات وه‌ک حیزبێکی سیاسی به‌رپرس، نه‌خش و ده‌وری گرینگی له تێکۆشانی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا هه‌بوو. واقیعبینانه ویستی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی له دروشمەکانی خۆیدا فورموله کردووه. به‌و جۆره که ده‌ڵێ “مه‌سه‌له‌ی کورد مه‌سه‌له‌یه‌کی سیاسییه بۆیه ده‌بێ چارەسەری سیاسی هه‌بێ. دەبێ به وتووێژ و قسه‌کردن له‌گه‌ڵ دەسەڵاتدارانی ئێران، کێشه‌ی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان به یەکجاری چاره‌سه‌ر بکرێ”. خه‌ڵکی کوردستان دەبێ به ئاواتی سیاسی، فەرهەنگی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان بگه‌ن و حیزبی دێموکراتیش هەر له‌سه‌ر ئه‌و بنەمایە خه‌باتی کردووه. بۆ گه‌یشتن به ئامانجیش یه‌ک ره‌هه‌ندی خه‌باتی نه‌کردوه، هه‌رچه‌ند وتووێژ و دیالۆگی وه‌ک ئه‌سڵ داناوه. به‌ڵام که‌ڵکی له ده‌رفه‌ت و مه‌جاله‌کانی یاسایی وه‌رگرتووه. له هه‌ر به‌ستێنێک که خه‌ڵکی کوردستان به ئازایه‌تی خۆیان – سه‌ره‌رای زۆر ته‌نگوچه‌ڵه‌مه لە بواری خەباتی مه‌ده‌نی و ناره‌زایه‌تی دەربڕیندا نواندبێتیان، ئەم حیزبە پشتیوانی لێکردووه، تا ده‌گاته خه‌باتی چه‌کداری و پێشمه‌رگانه که حیزبی دێموکرات پشکی شێری پێ بڕاوه. کاری رێکخستن و دیپلۆماسی و هتد… له لایەن حیزبی دێموکراتەوە بۆ وهسەریەکخستنەوەی تێکۆشان و پربار کردنی خه‌باتی خه‌ڵکی کوردستان بووە بۆ گه‌یشتن به ئامانجەکانیان.
به هیوای ئه‌و رۆژەی ئامانجی خه‌ڵکی کوردستان وه‌دی بێت و حیزبی دێموکراتیش هه‌ر وا ئاڵاهه‌ڵگری ئه‌و خه‌باته ره‌وایه بێ.
جه‌لیل گادانی، که‌سایه‌تیی دیار و تێکۆشه‌ری دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان
حیزبی دێموکراتی کوردستان به که‌ڵک وه‌رگرتن له ده‌رفه‌تێک پێکهات، که بۆ کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌لێکی مێژوویی بوو و له راستیدا بۆ یه‌که‌مجار گه‌لی کورد ئه‌و هه‌له‌ی قۆسته‌وه و، که‌ڵکی پێویستی لێ وه‌رگرت.
ئه‌و حیزبه که مه‌وجوودییه‌تی خۆی له ١/٨/١٣٢٤ی هه‌تاوی راگه‌یاند هه‌ر له یه‌که‌م ئیعلامیه‌ی خۆیدا به که‌ڵک وه‌رگرتن له ئه‌زموونی گه‌لانی رزگاربووی جیهان له ٨ مادده‌دا زۆربه‌ی مافی چین وتوێژه جۆرواجۆره‌کانی کوردستان و هه‌روه‌ها مافی که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کان و چه‌وساوه‌کانی له به‌رچاو گرت و ئه‌م شێوه به‌رنامه له کوردستاندا هه‌رنه‌بووه، یان که‌موێنه بوو.
به‌دوای ئه‌وه‌دا که حیزب کۆنگره‌ی یه‌که‌می گرت، به‌رنامه‌یه‌کی 22ماده‌یی به ته‌سویب گه‌یاند که له رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا نموونه‌ی نه‌بوو. له‌و به‌رنامه‌دا مافی سیاسی، فه‌رهه‌نگی، ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیی هه‌مووان له به‌رچاو گیرابوو.
ته‌نانه‌ت بۆ یه‌که‌مجار به شێویه‌ک باس له دێموکراسی کرا، که هیچ کات له چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌ت وحکوومه‌تی دیکتاتۆری داگیرکه‌ری کوردستاندا، نه‌ک هه‌ر باسی لێ نه‌کرا بوو! به‌ڵکوو له‌گه‌ڵ ته‌واوی ماده‌کانی ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش دژایه‌تییان هه‌بوو.
هه‌ر له‌به‌ر پڕنیوهرۆک بوونی ئه‌و به‌رنامه نوێیه، خه‌ڵک پێشوازییه‌کی گه‌رمیان لێکرد و له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا نه هه‌ر له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ڵکوو له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش، پۆلێک رۆشنبیر و تێکۆشه‌ر هاتنه رۆژهه‌لات.
هه‌روه‌ک له مادده‌ی ٢ی مه‌رامنامه‌ی په‌سه‌ندکراوی کۆنگره‌ی یه‌که‌مدا هاتووه، حیزب له سه‌ر سێ پایه‌ی بنه‌ڕه‌تیی “هه‌قیقه‌ت، عه‌داڵه‌ت، تهمهددوون” دامه‌زراوه.
ئه‌و مه‌سه‌لانه داخوازی واقعیی خه‌ڵک بوون، هه‌ر بۆیه هه‌موو که‌س به حیزبی خۆی ده‌زانی و به گوێره‌ی توانا چالاکیی خۆیان تێدا ده‌نواند.
دامه‌زرانی ئه‌و حیزبه به‌دوای چه‌ندین نه‌هامه‌تی که به سه‌ر کورددا هاتبوو، هیوایه‌کی نوێی به خه‌ڵک به‌خشی و وتار و شیکردنه‌وه خه‌ڵکیان به‌ره‌و برایه‌تی وته‌بایی برد و ناکۆکییه‌کان ره‌وینه‌وه. بۆیه پێشه‌وا له وتاری ئیستقلالی کۆمار‌دا فه‌رمووی:
“هه‌تا دوێنی دوژمنان وایان ته‌فره‌قه وئیختلاف له نێودا سازدهکردین که ته‌بایی له نێو چین وتوێژه‌کان و عێڵ وتایفهکان نه‌مابوو، به‌لام ئێستا که هه‌موومان ته‌با وهاودهنگین و ئه‌مرۆ سه‌ربه‌ستیی کوردستان راده‌گه‌یه‌نین.”
دامه‌زراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی و باوه‌ڕبه‌خۆبوونی ئه‌وه‌نده بزواند و به‌هیزی کرد، که له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا ئاڵای کوردستان به شێوه‌ی ره‌سمی هه‌ڵکرا، کۆماری کوردستان ئیعلام کرا، سیستمیکی موناسب بۆ ئه‌و کۆماره پێکهات، هێزی پێشمه‌رگه پێکهات، هێزی عه‌شایر ته‌نزیم کرا و بۆ یه‌که‌مجار خوێندن به زمانی زگماکی ده‌ستی پێ‌کرد و، وانه به زمانی کوردی ده‌گوتراوه، حیزبی دێموکرات به تایبه‌تی به هه‌ڵکردنی ئاڵای سێ ره‌نگی کوردستان و دامه‌زراندنی سیستمی دێموکراتیکی کۆماری له نێو وڵاتێکی پاشایه‌تیدا نه‌ک هه‌ر بزاڤی کوردی به‌هێزکرد، به‌ڵکوو کوردی پارجه‌کانی دیکه‌شی شیلگێرتر کرد له خه‌بات بۆ دێموکراسی و وه‌لانانی بیری عه‌شیره‌گه‌رایی.
زۆربه‌ی حیزبه نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی کوردستان، یه‌ک له‌وان “پارتی دێموکراتی کوردستانی عیراق” به ئیلهام وه‌رگرتن له حیزبی دێموکرات پیکهات.
من پێم وایه تێکۆشانی بێ‌وچان و پڕبه‌هره‌ی حیزبی دێموکرات و ته‌مه‌نی کورتی ١١ مانگه، به‌ڵام پڕدهسکهوتی کۆماری کوردستان، بوو به هۆی په‌ره‌سه‌ندنی خه‌بات و تێکۆشانی بێپسانهوهی گه‌لی کورد له رۆژهه‌لاتی کوردستان و په‌ره‌سه‌ندنی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان. جگه له‌وه‌ش حیزبایه‌تی به شێوه‌ی مودێرن و دێموکراتیک، له لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه بوو به باو، که ده‌بینین ئه‌مرۆ زۆربه‌ی هه‌ره زۆری حیزبه‌کان له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردن و کۆنگره‌وه ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌رییان هه‌ڵده‌بژێرن و به‌رێوه ده‌چن و، رێکخستن و سازماندان به رێگه‌ی بنه‌ره‌تیی خه‌بات ده‌زانن.
لە ژماره ٦٨٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه