یەکێک لە گرینگترین رۆژەکانی مێژووی نەتەوەی کورد رۆژی ٢٥ی گەڵاویژە، کە لەم رۆژەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی تێدا دامەزراوە و لە مێژووی جووڵانەوەی گەلی کورددا جێگایەکی تایبەت به خۆی هەیە، لە ٧١ ساڵ لەوە پیش بە حەول و تیکۆشانی رۆڵەکانی ئەو نەتەوەیە لەسەر رێبازێکی نەتەوەیی و پێشکەوتنخوازانە دامەزرا. لە مێژووی کوردستاندا دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی گەلی کورد دانراوە، لە راستیدا ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە و لە لایەن مێژوونووسان و نووسەرانەوە کە لە خەباتی ئەو ٧ دەیە خەڵکی کوردستان و حیزبی دێموکرات لێکۆڵینەوەیان کردوە پێ لەو راستییە دانراوە. هەر بۆیەش بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان قۆناغێکی نوێ لە مێژووی خەباتی نەتەوایەتیی گەلەکەمان دەستی پێکرد.
گرینگترین خاڵی ئەوە بوو کە جووڵانەوەی سیاسیی کورد بۆ هەمیشە چووە قالبی رێکخراوەیی و حیزبێکی سیاسی بەبەرنامەی پیشکەوتنخوازانە و روونی سیاسی، رێبەرایەتیی جووڵانەوەی وەئهستۆ گرت. خاڵێکی دیکە ئەوە بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان شوێنەوارێکی قووڵی لەسەر هەست و بیری کۆمەڵانی خەڵک دانا، بە جۆرێک کە دوای رووخانی کۆماری کوردستان و ئەو زەبرە قورسەی پاش زاڵبوونەوەی رێژیمی پاشایەتی بەسەر خەڵکی کوردستان وەپەیکەری حیزب کەوت دەستی لە خەبات هەڵنەگرت و ئاڵای خەباتی بۆ وەدی هێنانی مافە لەمێژینەکانی گەلی کورد هەر شەکاوە راگرت.
ئەگەرچی حیزبەکەمان لەکاتی دامەزرانییەوە تا ئیستا رێگای زۆر سەختی پێواوە، هەوراز و نشێوی لەرادەبەدەر بە جێهیشتوە و هەر لە هەمانکاتیشدا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هێناوە و لەگەڵ ئەوەش برینی زۆر قورسی هەڵگرتوە. بەو حاڵەش تائیستا نە سەرکەوتنەکانی مەغروور و لەخۆبایی کردوە، نە ئەو برینە قووڵانە توانیویەتی بەچۆکی دابێنێ. هەر بۆیەش حیزبی دێموکراتی کوردستان هەم لە ئاستی دەرەوە و هەم لە نێوخۆی کوردستان و ئیران جێگای تایبەتی و ئیعتبار و پرێستیژی تایبەتی هەیە، روونیشە کە ئەو دەسکەوتانە زۆر بە ئاسانی بەدەست نەهاتوە. لەو بارەوە دەبێ بڵێین حیزبێک کە داوا رەواکانی ئەوەندە بەرحەق و عادڵانەیە کە بێشک لە ئاستی جیهانی و روو بەدەرەوە خاوەنی ئەو پرێستیژە دەبێ.
لە لایەکی دیکە حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ یەکریزی ماڵی کورد هەوڵی زۆری داوە و لە هەموو ئەحزابی رۆژهەڵات زیاتر خۆی بۆ بهم مەسەلەوە ماندوو کردوە چونکی باوەڕی وایە ئەگەر کۆماری ئیسلامی درێژە بە ملهوڕی خۆی لە ئیران و بەگشتی و لە کوردستان بەتایبەتی دەدا لەبەر ئەوە نیە کە جێپێی لە نێو خەڵکدا بەهێزە، بەڵكوو هۆکاری سەرەکی پرشوبڵاویی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی وکوردستانی و نەبوونی هاوکاریی نێوان حیزبەکانە. لەو پێوەندییە حیزبی دێموکراتی کوردستان زۆر هەنگاوی گرینگی هەڵێناوەتەوە و بۆ یەکریزی ماڵی کورد دریغی نەکردوە.
بەڵام لە نێوخۆی وڵاتدا سیاسەتەکانی پێشووی رێژیم هەروا بەردەوامن، پێشێلکردنی مافی مرۆڤ توندتر لە پێشوو بەڕێوە دەچێ. نموونەکەی ئێعدامی لاوانی کورده لەم چەند ساڵی دواییدا، ئەمەش رەخنە و بێزاریی زۆری لێ بەرز بۆتەوە. ئەم رێژیمە پێی وایە کە بە کوشتنی لاوانی کورد دهتوانێ خەباتی رەوای کورد بێ دەنگ بکا. بەڵام دژکردەوەی بەرینی رۆڵەکانی کورد لە کوردستان و دەرەوە بهرامبهر بهو ئێعدامانه بۆ جارێکی دیکەش ئەو خەیاڵە خاوەی پووچەڵ کردەوە و سەلماندی کە زیندان، ئیعدام، دەربەدەری و کوشتن و ماڵوێرانی… ناتوانێ چۆک بە خەباتکاراندا بدا و تێکۆشانی ئەوان بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد درێژەی هەیە.
لە ساڵی رابردوو رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەروەک ساڵانی پیشوو خەڵکی کوردستانی هەر لە ژێر فشار ناوە و چالاکوانان و کاسایەتییە سیاسییەکانی لە بەندیخانە خزاندوون، کاسبکاران و کۆڵبەرانی بەر گوللە دراون، سەرەڕای ئەو زەبرو زەنگە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە، خەڵکی کوردستان هەروا قایم لە سەنگەری خەباتدا وەستاونەوه. حیزبی دێموکراتی کوردستان بە تێپەرکردنی ٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ قۆناخێکی نوێ لە خەباتی دەست پێدەکاتەوە، دیارە شارەواوە نیە لە ماوەی چەندین دەیە تێکۆشاندا کە دەسکەوتی بووە و سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، شکانیشی هەبوە و بێ هەڵەش نەبووە، بەڵام گرینگ ئەوەیە رێگای خەباتی خۆی گرتۆتەبەر و لە هەڵەکانی دەرسی وەرگرتوە و لە کورەی خەباتدا قاڵ و پوختە بووە، توانای ئەوەی هەبووە لە راستییەکانی کۆمەڵگای کوردستان تێبگا و بە قازانجی بەرەو پێشبردنی خەباتی گەلەکەی کەلکیان لێ وەربگڕێ. سەرەڕای رێگای دوورودرێژو پڕکەندولەندی خەبات، ئیستاش گەرموگوڕتر لە جاران لە مهیدانی خەباتو تیکۆشاندا ماوەتەوەو درێژە بە خەباتە پیرۆزەکەی دەدا.
لە ژماره ٦٨٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه