تا راده‌یه‌ک کۆده‌نگی هه‌یه که کۆماری ئیسلامی سیستمێکی باو(ی نێونه‌ته‌وه‌یی) نییه؛ کۆمه‌ڵێک تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و سیستمه له سیستمه‌کانی باو له جیهان‌دا جیا ده‌کاته‌وه. له سه‌ر ئه‌م بڕوایه‌شم که کۆماری ئیسلامی مۆدێلێکی حکوومه‌تداری‌یه که تا راده‌یه‌ک خۆماڵی کراوه و ئه‌و مۆدێله له حکوومه‌تداری پشت به ئه‌ندیشه‌یه‌کی سیاسیی که‌ڵه‌که‌بووی شیعه ده‌به‌ستێ که بنج و بناوانی بۆ سه‌فه‌ویه‌کان ده‌گه‌رێته‌وه و له‌و کاته‌وه به ره‌وتێکی گۆڕانکاری‌دا تێپه‌ڕیوه و تا دواجار له سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیه‌دا فۆڕمی گرتووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش‌دا ئه‌م سیستمه نه‌یتوانیوه وه‌ک ئۆلگوویه‌کی سه‌رکه‌وتووی حکوومه‌تداری ده‌رکه‌وێ و خۆی بسه‌لمێنێ.
راسته کۆماری ئیسلامی به پشت‌به‌ستن به‌و سیستمه توانیویه‌تی ده‌وام بێنێ و له هه‌ندێک بواریش‌دا پراکسیسی تایبه‌ت بۆ خۆی خوڵقاندووه، به‌ڵام به سه‌رنجدان به کارکرد و کارنامه‌ی نزیک به ٣٨ ساڵی ته‌مه‌نی، به لێبڕاوی ده‌توانین بڵێین که ئه‌م سیستمه خاوه‌نی درزی گه‌وره و نه‌بوونی یه‌کانگیریی پێویسته و هه‌ر ئه‌مه‌ش وایکردووه که نه‌توانێ له پراکتیک‌دا سه‌رکه‌وتوو بێ و وه‌ک خۆیان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر به تایبه‌ت له بواری ئابووری‌دا نه‌توانن ئۆلگوویه‌کی سه‌رکه‌وتوو بێننه ئارا ئه‌وه تووشی شکست ده‌بن. شکستێک که پێش هه‌موو شتێک، شکستی گوتار و ئه‌و مۆدێله‌یه که بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن.
له‌وانه‌یه سه‌ردێڕی ئه‌م وتاره جێی سه‌رسووڕمان بێ و بگوترێ که ئه‌وه نیه خۆمیش ده‌ڵێم “سیستمی کۆماری ئیسلامی”، جا ئه‌گه‌ر ئه‌و سیستمه “نامتعارف”یش بێ! مه‌به‌ست له‌م سه‌ردێڕه ئه‌وه‌یه که له دنیادا و له سیستم‌گه‌لی سه‌رکه‌وتوو‌دا به‌شه‌کانی سیستم له سه‌ر هێڵه گشتی‌یه‌کانی حکوومه‌تداری و چوارچێوه سه‌ره‌کی‌یه‌کانی هه‌نگاونانی حکوومه‌ت کۆده‌نگی‌یان هه‌یه و کارکردی هه‌رکامیان به‌شه‌که‌ی‌تر ته‌واو ده‌کا و تایبه‌تمه‌ندیی یه‌کتر به‌هێز کردن و ته‌واوکه‌ری یه‌کتریان هه‌یه. لێره‌دایه که ده‌سته‌واژه‌ی “هه‌یئه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار” واتا په‌یدا ده‌کا. هه‌یئه‌تێکی چه‌ند هه‌زار که‌سی که ئیجماعی فه‌لسه‌فی‌یان هه‌یه و له سه‌ر پره‌نسیپه گشتی‌یه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی وڵات کۆک و یه‌کانگیرن. به‌م شیکاری و پێناسه‌یه‌وه ئایا کۆماری ئیسلامی سیستمێکی له‌و چه‌شنه‌یه؟ به شیکردنه‌وه و به پشت‌به‌ستن به هه‌ندێک داتا و فاکت، ده‌رده‌که‌وێ که کۆماری ئیسلامی له‌و پێناسه‌یه(سیستم به مانای ئیجماعی هه‌یئه‌تی ده‌سه‌ڵاتدار له سه‌ر پره‌نسیپه گشتی‌یه‌کانی په‌ره‌سه‌ندنی وڵات و تایبه‌تمه‌ندیی یه‌کتر ته‌واو‌کردنی به‌شه جیاجیاکان) مه‌ودایه‌کی واتادری هه‌یه. له‌به‌ر ئه‌وه‌شه کارناسانێکی ئێرانی ده‌ڵێن “تا هه‌نووکه نه‌مانتوانیوه سیستم دروست بکه‌ین و ئه‌مه‌یه رازی په‌ره‌نه‌سه‌ندوویی ئێران”.
کۆماری ئیسلامی له هه‌ناوی خۆی‌دا هه‌ڵگری پێک‌ناکۆکی و دژبه‌یه‌کی‌یه. ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌که‌ی له یاسای بنه‌ڕه‌تیی رێژیم‌دا شاراوه‌یه و له بواری جیاجیا‌دا خۆی ده‌رده‌خا. به‌شه حاکمیه‌تی‌یه‌کان و شێوه‌هه‌ڵبژێردراوه‌کان له ناکۆکی دان و یه‌کتر ده‌سوون. به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئۆرگانه شێوه‌هه‌ڵبژێردراوه‌کان له‌گه‌ڵ ناو‌کی سه‌ختی سیستم، به ته‌واوی کۆک نه‌بن ئه‌وه له‌گه‌ڵ کۆسپ و قه‌یرانگه‌لی زۆر به‌ره‌وڕوو ده‌بن به چه‌شنێک که ناتوانن ئه‌و به‌رنامانه‌ی که له کاتی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن‌دا به‌ڵێنی‌یه‌که‌یان به خه‌ڵک داوه، جێ‌به‌جێی بکه‌ن. ئه‌زموونی ده‌وڵه‌ته‌کانی محه‌ممه‌دی خاته‌می و حه‌سه‌ن روحانی سه‌لـینه‌ری ئه‌م ئیدیعایه‌یه. هه‌نووکه به‌شگه‌لی به‌هێزی نێو سیستم کار ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی حه‌سه‌ن روحانی سه‌رکه‌وتوو نه‌بێ.
ساڵی داهاتوو له مانگی بانه‌مه‌ڕدا خولی دوازده‌یه‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رکۆماری له ئێران به‌ڕیوه ده‌چێ. به سه‌رنجدان به‌و پرسه، به‌شگه‌لی به‌هێزی نێو سیستم له هه‌ر رێگه‌یه‌ک یاسایی و زۆرتر نایاسایی، که‌ڵک وه‌رده‌گرن که روحانی بکه‌نه سه‌رکۆمارێکی یه‌ک‌خولی. ئه‌م به‌شانه هه‌موو هه‌وڵی خۆیان خستۆته‌گه‌ڕ که پێگه‌ی جڤاکی ده‌وڵه‌ت ناهومێد بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی به ئامانجه‌که‌یان که هێنانه‌خواری روحانی‌یه له سه‌ر ته‌ختی سه‌رکۆماریی، بگه‌ن.
دوای رێککه‌وتنی ناو‌کی، ئێران بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌کی بۆ ئێران راکێشێ بێجگه له کۆمه‌ڵێک ده‌ستکاری پێکهاته‌یی و شه‌فاف‌سازی، پێویستی به ژینگه‌یه‌کی ئارام هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌کی هه‌ست به سه‌قامگیری‌یه‌ک له ئێران‌دا بکا و بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له ئێران‌دا بڕیار بدا. به‌ڵام ئه‌و به‌شه ده‌سرۆیشتووانه‌ی نێو سیستم هه‌موو هه‌وڵی خۆیان بۆ نائه‌من کردن(پیشاندان)ی فه‌زای ئێران ده‌ده‌ن که هه‌م به‌ڵێنی‌یه‌که‌ی روحانی نه‌یه‌ته دی و هه‌م ئه‌نگه‌ل‌ئاسا له که‌یکی ده‌سه‌ڵات و ئابووریی ئێران زیاتر به‌هره‌مه‌ند بن. پرسی گرێبه‌سته نه‌وتی‌یه‌کانی ناسراو به ئای پی سی، ره‌هه‌ندێکی له‌م چه‌شنه‌شی هه‌یه. خویایه که هه‌مووی ئه‌م کێشمه‌کێشانه ره‌هه‌ندێکی کولتووریشی هه‌یه و بۆ په‌ره‌نه‌سندوویی یان باشتره بڵێم بۆ دواکه‌وتوویی فه‌رهه‌نگی سیاسیی باڵه‌کانی نێو سیستمیش ده‌گه‌ڕێته‌وه که له‌گه‌ڵ کولتووری گفتوگۆ مه‌ودایان هه‌یه. ئه‌وه‌ی ئێمه له فه‌زای سیاسی و راگه‌یاندنی ئێران‌دا ده‌یبینین زیاتر شانتاژ و پاشقول له یه‌کتر گرتن و شه‌ڕی ره‌وانی‌یه تا کێبه‌رکێ‌یه‌کی ساغڵه‌می سیاسی.
له‌وانه واوه‌تر ئه‌گه‌ر بواری ئابووری له به‌رچاو بگرین تێڕوانینی سیاسی و جناحی له‌م بواره‌دا بێداد ده‌کا و ناهه‌ماهه‌نگی و رواڵه‌ت‌بینی و دیدی ناکارناسانه زۆر به‌رچاو ده‌که‌وێ. ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندی به بواری ئابووری‌یه‌وه هه‌یه ئابووریی ئێران قوربانی سیاسه‌ته و بێجگه له‌وه‌ش ئه‌و به‌شه‌ی که پێی ده‌ڵێن ئابووری ناڕه‌سمی، رۆڵی تێکده‌رانه‌ی ئابووریی ره‌سمی و یاسایی هه‌یه. له ئابووری‌دا به‌شی تاریک که له ده‌ره‌وه‌ی یاسا گه‌شه ده‌کا له‌گه‌ڵ ئامانجی په‌ره‌سه‌ندنی ئابووریی ئێران ناکۆکه.
زۆر بوار و به‌شی کۆماری ئیسلامی خاوه‌نی پێک‌ناکۆکی و نایه‌کگرتووین و ئه‌مه‌ش وایکردووه تاهه‌نووکه‌ش په‌ره‌سه‌ندن و په‌ره‌سه‌ندوویی له ئاستی خه‌ون‌دا بمێنێته‌وه و نه‌بێته واقیع. کۆماری ئیسلامی سیستمێک نییه که هه‌موو به‌شه‌کانی یه‌کتر ته‌واو بکه‌ن و تایه‌تمه‌ندیی “هم‌افزایی”یان بۆ یه‌کتر هه‌بێ؛ به‌ڵکوو وه‌ک ئاماژه‌ی پێ‌کرا یه‌کتر ده‌سوون و یه‌کتر “خنثی” ده‌که‌نه‌وه. ئه‌مه‌ش واتای نه‌بوونی سیستم یان سیستمێکی ته‌ندروست و کارایه.
لە ژماره ٦٨٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه