شارۆمەندیی فۆرمی نوێ و مۆدێرنی رێکخستنی پەیوەندیی نێوان دەسەڵات و تاکە، پۆستێکی یاسایی و سیاسییە وەک ئەندامێتی لە دەوڵەتێکدا. بە واتایەکی دیکە شارۆمەندیی هەموو ئەو ئەرک و مافانە لە خۆدەگرێ کە لە بەستێنێکی سیاسی و کۆمەلایەتیی دیاریکراودا لە رێگەی یاسا، پێناسە و فۆرمولە دەکرێن. مۆدێلی باو و بەرچاوی ئەو شێوازە لە پەیوەندی نێوان تاک و دەسەڵات لە سیستمی دەوڵەت_نەتەوەدا خۆی دەبینێتەوە، بێجگە لەو رەهەندە یاسایی و سیاسییەی کە ئەو چەمکە هەیەتی، وەک جۆرێک لە پێگە یان پرێستیژ تەماشا دەکرێ و کەڵکی لێوەردەگیرێ، کە رەوایەتی بە ئەندامێتی تاکێک لە نێو گروپێکی گەورەتردا دەدا و دەیکاتە خاوەن ناسنامەیەکی دیاریکراو.
بەو پێیە کە تێروانینی دەوڵەتان بۆ شارۆمەندی و چۆنیەتیی هەڵسوکەوت کردنیان لە ئاست ئەو چەمکەدا جیاوازە، لە پراکتیکدا مۆدێلی جیاواز لە شارۆمەندی هەیە. ئەگەر لە لایەکەوە شارۆمەندی دەرفەتێکە بۆ گەیشتن بە مافەکان و ئەنجامدانی ئەرکەکان لە چوارچێوەی یاسادا، ئەوە لە لایەکی دیکەشەوە نا ـ شارۆمەندی ئامرازێکی کاریگەرە بە دەست دەسەڵاتەوە بۆ خستنە ژێر پرسیار، سنووردارکردن و پیشێل کردنی مافی تاکەکەن بە بیانووی جیاوازی وەک رەنگی پێست، نەتەوە یان ئایین… لە وڵاتانی تۆتالیتاردا شارۆمەندی لە مافە شارستانی، سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان دادەبڕێ و لە هێندێک ئەرک و مافی رواڵەتی و بێنێوەرۆک یان هێندیک رۆتین و کاغەزکاری بێواتادا کورت دەکرێتەوە، ئەو دیوارانەی لە نێوان تاک و دەسەڵاتدا دروست دەکرێن، زۆر زیاترن لەو پردانەی کە پەیوەندی نێوان ئەو دووانە رێک دەخا. حاڵەتێکی ئاڵۆزتر و ترسناک ئەوەیە کە لە نێو وڵاتێکی تۆتالیتێردا خودی چەمکی شارۆمەندی دەکرێتە بەربەستێک لە بەردەم گروپێکی ئیتنی یان خاوەن ناسنامەیەکی جیاواز بۆ گەیشتن بەو مافە سەرەتاییانەی هەر شارۆمەندێک دەبێ هەیبێ. ئەنجامێکی هەرە ئاسایی ئەو دۆخە هەڵاواردن و لێکدابڕانی پێکهاتەی سیاسییە کە دەبێتە هۆی دروستبوونی شارۆمەندی پلە دوو یان دەرکەوتنی دیاردەیەک بە ناوی ناـ شارۆمەندی. مەبەست لە نا ـ شارۆمەندی لەو وتارەدا ئەو کەسەیە کە دەکەوێتە نێوان شوێن و ستراکتۆرەوە، بە پێی جەبرێک دەبێ لە شوێنێک لە دایک بێ و ئەو خەسڵەتە زمانی و ئیتنیکیانە بگوازێتەوە کە لە باوانەوە بۆی بەجێ دەمێنێ، هەر ئەوەش دەبێتە رێگر لەوەیکە بێتە نێو ستراکتۆرێکی دیاریکراوە کە لەگەڵ جیاوازبوونەکەیدا کێشەی بنەڕەتیی هەیە، ئەو لە لایەکەوە ناتوانێ دەسبەرداری خەسڵەتە خودییەکانی بێ و لە لایەکی دیکەشەوە هەر ئەو خەسڵەتانە دەبنە سنووری دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سیاسی؛ دیارە ئەوە بەو مانایە نیە کە ناتوانێ رۆڵ بگێڕی یان لە مەیدانە جیاوازەکاندا خۆی ببینێتەوە یا کەسێکی پاسیڤ بێ، بەڵام دەرفەتی رێبەری کردن یان بڕیاردان لە سەر چارەنووسی خۆی پێ نادرێ. کەسێک لە نێوان سیستم و زگماکدا، نە دەتوانێ خەسڵەتە زگماکیەکانی خۆی ئەزموون بکا وەک زمان و دابونەریت و هتد، نە دەتوانێ بێتە نێو سیستم و لە ئیدارەکردنی ژیانی کۆمەڵدا رۆڵ ببینێ. بە دەربڕینێکی دیکە ناشارۆمەند کەسێکە لە نێوان دووری و نزیکیدا. بە روانگەیەک نزیکە، چونکە لێرەیە و دەبینرێ، لە کاتێکدا مەودایەکی زۆری لەگەڵ نەهاد و دامەزراوەکاندا هەیە و بەو جۆرەی کە دەبێ شارۆمەندێک ببینرێ ئەو هەستی پێناکرێ. شارۆمەندی بێگانە یان نا ـ شارۆمەندی زیاتر لە شارۆمەندیکی ئاسایی رووبەرووی خەسار دەبێتەوە و ئەو دیوارەی کە لە دەوریەتی، زۆر کورتترە لەوەیکە بەرامبەر بە مەترسی و سەرەڕۆییەکانی دەسەڵات یان فاشیزمی کلتووری بیپارێزێ. ئەو ئاکتۆرە لاوازە بە ئاسانی لە گەمە سیاسییەکاندا بەکار دەهێنرێ، بۆ ئەوەی دیدی خەڵکی ئاسایی لە سەر کێشەکانی رۆژانە دوور بخرێتەوە، نا ـ شارۆمەند وەک مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی دەخرێتە روو، یان بۆ ئەوەی ئۆپۆزسیۆن و جیابیران چاوترسێن بکرێن، هیچ کەس لە ناشارۆمەند شیاوتر نیە تا بکرێتە قوربانی.
تایبەتمەندیەکی دیکەی نا ـ شارۆمەندی ئەوەیە کە وەک تاکێکی سەربەخۆی بڕیاردەر، خاوەن ناسنامە و جیاواز تەماشا ناکرێ و هەمیشە وەک گرووپ و لە پێوەندی لەگەڵ تایبەتمەندییە گشتییەکاندا پێناسە دەکرێ، تاکێکی کورد لە ئێراندا بە دەگمەن وایە کە وەک خۆی یان وەک تاکێکی سەربەخۆ ببینرێ، زیاتر لەگەڵ گروپە ئیتنی و خەسڵەتە گشتییەکانیدا لێک گرێ دەدرێتەوە، لە روانگەی گوتاری زاڵەوە ئەگەر شارۆمەندێکی بێگانە تاوانێک ئەنجام بدا و بە رێکەوت ئەو کەسەش کورد بێ، ئەو رووداوە گشتگیر دەکرێ و هەموو کوردەکانی پێ دەخرێنە ژێر یەک چەتر، بەو دەربرینە کە ئەوە هەموو کوردەکانن کە تایبەتمەندی تاوانکارییان هەیە، نەک ئەو کەسە بە شێوەیەکی سەربەخۆ و دیاریکراو.
ئۆبژێکت بوون خەسڵەتێکی دیکەی نا ـ شارۆمەندە، وەک ژمارەیەکی بێ روح لە هەڵبژاردن و گەمە سیاسییەکاندا ئامرازئاسا کەڵکی لێ وەردەگیرێ، لە دامودەزگاکاندا وەک فەرمانبەرێکی بێهەڵوێست یان رۆبۆتێکی بێپرسیار شوێنی پێ دەدرێ، هەر هێندە کە بیهەوێ رۆلی بڕیاردەر بگرێتە دەست یان گومان و پرسیار دروست بکا، ئەوا پۆست و تەنانەت ژیانیشی دەکەوێتە مەترسییەوە. ئۆبژێکتبوونی ناشارۆمەند، بەو مانایەیە کە لە ناـ شوێندا دەمێنێتەوە و دەکەوێتە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی و ئابوورییەوە، هەڵبەت ناکرێ پێمان وابێ کە ئەو پەیوەندییە بە تەنیا پەیوەندییەکی فیزیکی و جەستەییە، ئەو پەیوەندییە لە لایەن رایەڵکەیەکی ئاڵۆزی ئیدۆلۆژی بە شێوەیەکی سیستماتیک درێژە دەدرێ و بەڕێوە دەبردرێ. لەو پەیوەندییە ئاڵۆزەدا دەسەڵات و شارۆمەندە ئاساییەکان کە بەشێوەیەک هاوڕەنگیەکیان لەگەڵ دەسەڵاتدا هەیە رۆڵی نێوەند دەگێرن و رۆڵی پەراوێزیش دەدرێ بە ناشارۆمەند، ئەو پەراوێز کردنە لە ئاستی گوتاردا تیۆریزە دەکرێ و لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا پراکتیزە دەکرێ. بۆ نموونە شارە کوردییەکان لە رووی ئابووری و فەرهەنگییەوە دەخرێنە پەراوێزە و لە سیاسەتیشدا ناتوانن رۆڵ بگێڕن.
ئەگەر ئێران وەک وڵاتیکی تۆتالیتێر و کوردەکان وەک نموونەیەک بهێنینەوە، لەوانەیە دیدێکی روونترمان بۆ ئەو دۆخە پڕ لە پارادۆکسە هەبێ، کوردەکان لەو وڵاتەدا دەتوانن ببنە خاوەن ناسنامە و پاسپۆرت، لە هەڵبژاردن و پرۆسەی سیاسیدا وەک ئۆبجێکت بەشداری بکەن، هێندێک لە مافە کلتورییەکانیشیان پراکتیزە بکەن، بەڵام هەموو ئەوانە ناتوانن رووی ئەو هەڵاواردنە بشارنەوە کە بە شێوەیەکی هۆشیارانە و بەرنامەبۆداڕێژراو هەم لە ئاستی دامەزراوەیی و هەم لە ئاستی کلتووریدا بەڕێوەدەچێ. دەسەڵات روانگەیەکی ئەمنیەتی و پۆلیسی بۆ کوردستان هەیە و ئەو دۆخەش دەرفەت بە ئاکتۆرە نافەرمی و تەنانەت فەرهەنگیەکانی دیکەش دەدا کە بە سەر دیواری کورتی ناـ شارۆمەندیی کورداندا باز بدەن و مافە سەرەتاییەکانیان سنووردار یا پێشێل بکەن.
ئەگەر باسەکە لە نموونەیەکی زەق و بەرچاودا کورت بکەینەوە، ئەوا کۆڵبەری ئاوێنەی باڵانوێنی ناـ شارۆمەندییە، کۆڵبەری لە کوردستاندا بە تەنیا دەرکەوتەی کۆنتێکستێکی ئابووری نیە، بەڵکو دەرەنجامی ئەو دۆخەیە کە کورد تێیدا دەبێتە نا ـ شارۆمەند و دەکەوێتە ناـ شوێنەوە، ئەنجامی پرۆسەیەکی دوورودرێژی دیسکریمینەیشن و بێبەری کردنە، کاتێک نا ـ شارۆمەندی جۆرێک لە ئەزموون کردنی بەرزەخە و مانەوەیە لە نێوان سیستم و خوددا، لە بەرامبەردا کۆڵبەریی گواستنەوەی کاڵایە لە نێوان دوو شوێنگەدا کە کۆڵبەر سەرەرای هەبوونی پەیوەندییەکی روحی بەو خاکەوە، سەر بە هیچ کامیان نیە، بەشداربوونە لە بازاڕێکدا کە ئەو تەنیا هەقی ئۆبجێکت بوونەکەی دەخاتە گیرفانی و قازانجی گەورە وەبەر ئاکتۆرە بەهێزەکانی ئابووری دەکەوێ، بۆ کوردێکیش هاتنە نێو بازنەی پرۆسەی ئابووری نێوخۆ کارێکی ئەستەم دەبێ و بەناچاری رێگەیەک تاقی دەکاتەوە کە سەرەڕای مەترسییەکان لە فۆرمێکی دیکەدا نا ـ شارۆمەند بوونی خۆی درێژە پێدەدا، لێرەدا دیوارەکانی دەوری نا ـ شارۆمەند هێندەی دیکەش کورت دەبنەوە و ئەوجار نەک هەر مافەکانی زەوت دەکرێن بەڵکو گیانیشی دەکەوێتە مەترسیەوە. کۆڵبەری کە دیوێکی دیکەی ترسناکی نا ـ شارۆمەندیه لە نێو نەهاد و دامەزراوەکاندا هەوڵی چارەسەری بۆ نادرێ، کۆڵبەریش دەرفەتی ئەوەی پێنادرێ کە بگەڕێتەوە یان بیگەڕێننەوە بۆ ئەو پرۆسە بەناو دادوەریەی لە ئێراندا هەیە، بێسپەری کۆڵبەر لە ئاست هێژموونی بێڕەحمی سیستمدا وادەکا کە سەربازێکی ئاسایی سەر سنوور لە یەک کاتدا تاوانبار بوونی کۆڵبەر دەستنیشان بکا، سزاکەی بۆ دیاری بکا و جێبەجێشی بکا. ئەو نموونەیە کورتکراوەی ئەو کەشە ئەمنیەتی و پۆلیسیەیە کە بە سەر هەموو کوردستاندا زاڵە، تا باری نائاسایی و پۆلیسی لە کوردستان بەردەوام بێ، دیوارەکانی دەوری نا ـ شارۆمەند کورتتر و لەرزۆکتر دەبن، بە پێچەوانەشەوە تا نا ـ شارۆمەندیی مۆدێلی دڵخوازی دەسەڵات بێ بۆ پێناس کردنی گروپێکی ئیتنیکی، ئەوا رەوایەتیی بە درێژکردنەوەی باری نائاسایی و میلیتاریزەکردن دەدرێ.
لە ژماره ٦٨٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه