“دەوڵەت فۆڕمێکە لە رێکخراوی سیاسی لە نێوان رێکخراوهکانیتردا”، ئیدەیەک کە لە پێناسە حقووقییەکەی وەرگیراوە. پێناسە حقووقییەکانی دەوڵەت سێ پێوەری سەرەکییان بە بنەما گرتووە: خاک، خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی. هەر بە پێی ئەو بنەمایانە ئەمڕۆکە زیاتر لە ١٩٠ دەوڵەت لە جیهاندا بوونیان هەیە. ئەو فۆڕمە لە رێکخراوی سیاسی ئەمڕۆ پەسند کراوە و وەک باشترینیان لە بەرچاو گیراوە. ئەو هەڵسەنگاندنە ئەرێنییە لە دەوڵەت لە بیرۆکەکانی “ماکس وێبێر”دا دەبینرێ کە هەمان دەوڵەتی مۆدێڕنە وەکو گرووپێکی سیاسیی سەرووتر.
لە دەیەی ١٩٦٠دا “گابریێل ئەلمۆند” تیئۆری پەرەسەندنی هێنایە بەر باس، کە پێی وابوو مۆدێلی دەوڵەت بووە بە مۆدێلێکی جیهانی و ئیتر تایبەت بە شوێنێکی دیاریکراوە نیە، هەروەها ئەو مێژووی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی وەکوو مێژوویەکی دیاریکراوی تێپەڕین لە کۆمەڵگەی نەریتییەوە بۆ کۆمەڵگەی دەوڵەتی هێنایە بەرباس، بە پێی ئەو تیۆرییە، هەموو کۆمەڵگاکان دەبێ بۆ هەبوونی دەوڵەتێکی ئیدەئالی سیاسی هەوڵ بدەن.
بەڵام چلۆن و لەبەرچی مۆدێلی سازمانی سیاسیی دەوڵەت شکڵی گرت؟
لە راستیدا زۆر کۆمەڵگه هەن کە خاوەنی دەوڵەت نین، لە زۆر جێگاش کە دوڵەت هەیە پێشتر بوونی نەبووە. لەوانەیە بکرێ پشت بە هەندێک بەرهەمی ئەو مێژوونووس و کۆمەڵناسانە ببەسترێ کە کەمتر ورد دەبنەوە سەر رووداوە مێژووییەکان، بەڵام لە راستیدا ئەوە پڕۆسە سیاسییەکان و مەنتقە سیاسییەکانن کە ئەمڕۆ بوون بە تایبەتمەندییەکانی پێکهێنانی دەوڵەت. “نۆبێر ئێلیاس” کۆمەڵناسی ئاڵمانی لە لێکدانەوەکانی خۆی لە کتێبی دینامیکی رۆژئاوادا پێی وایە کە دروستبوونی دەوڵەتە رۆژئاواییەکان، بەرهەمی هاتنە دەری پلە بە پلە لە سیستمی فیۆدالی نێو سنوورەکانی ئیمپڕاتۆری رۆمی رۆژئاوا بوو. ئەو پێی وایە کە دروستبوونی دەوڵەت بریتییە لە پڕۆسەیەکی دوولایەنەی هەڵوەشان و رێکخستنەوەی دووبارەی پێکهاتەکانی کۆنتڕۆڵی زەوی. ئەم شێوە لێکدانەوە ئەوە نیشان دەدا کە دەوڵەت، نە پێویستییەکی مێژوویی و نە بەرهەمی ستراتێژییەکی لەپێشدا داڕێژراو بووە. ئەوەیکە ئێلیاس نیشانی دەدا ئەوەیە کە، دەوڵەت ئەنجامی زنجیرەیەک کردەوەی مرۆڤ بووە، تێکەڵەیەک لە رووداوەکان کە بە شێوەی یەک لە دوای یەک لە یەکتر گرێدراون و بەرەبەرە بوون بە هۆی پێکهاتنی دەوڵەت.
هاتنە دەر لە سیستەمی فیۆدالی و چڕبوونەوەی دەسەڵات: سیستەمی فیۆدالی لە ئەنجامی هەرهسهێنانی ئیمپڕاتۆریی رۆم لە ساڵی ٤٧٦ی زایینی هاتە کایەوە. تایبەتمەندی ئەو سیستمە لەت لەتبوونی دەسەڵات بوو، دەسەڵاتی فەرمانپێکردن پەیوەندی بە خاوەندارێتی زەوییەوە هەبوو. کەسێک کە خاوەنی زەوییەک با، مافی ئەوەی هەبوو فەرمان بە هەموو ئەو کەسانە بکا کە نیشتەجێی ئەو زەوییە بوون. هەروەها ئەو دەسەڵاتەش میراتی بوو. لەو سیستمەدا بە پێچەوانەی سیستەمێکی لێکگرێدراوی هیرارشی، هەر یەک لە لەتە دەسەڵاتەکان خاوەنی جۆرێک لە ئۆتۆنۆمی بوون و دەسەڵاتێکی ناوەندی بوونی نەبوو کە خۆی بە سەر ئەوانیتردا بسەپێنێ یان ئەوانیتر بە جۆرێک پەیڕەوی لێبکەن. زۆرێک لە پاشاکان کە بە شێوەی تیۆری دەسەڵاتی سەرووتریان هەبوو بەڵام بە کردەوە بەهێزتر لە ئەربابەکانیتر نەدەبینران. تەنیا دوای لاوازبوونی سیستمی فیۆدالی و کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئەربابەکان بوو کە رێگا بۆ پێکهاتنی دەوڵەت خۆش بوو.
بەڵام لەبەر چی و چلۆن ئەو دەسەڵاتانە لاواز بوون؟
فاکتەری ئابووری: گەشەکردنی ئابووری یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوون و کەمڕەنگبوونەوەی سنوورەکانی نێوان فیۆدالەکان بوو بە تایبەت مامەڵە و گۆڕینەوەی کاڵا لە نێوان دانیشتواندا.
فاکتەری نیزامی: یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، رەکابەری نیزامی بوو. مەیل و ئیرادەی ئەربابەکان بۆ فراوانکردنی قەڵەمڕەوی خۆیان وایکرد کە کۆمەڵێک لە ئەربابەکان بکەونە ژێر دەسەڵاتی کۆمەڵێکیتر، ئەوەش بووە هۆی ئەوەیکە بەربڵاویی دەسەڵاتەکان وردەوردە کەم بێتەوە. لەو رکابەرییانەدا پاشا کە هەر وەکوو ئەربابەکانی دیکە بوو، بەڵام ئیمتیازێک کە هەیبوو ئەوە بوو کە لە نێوان ئەربابەکانی دیکەدا خاوەن کەسایەتییەکی پیرۆز بوو کە لە کۆنەوە بۆی مابۆوە، ئەوەش یارمەتیدەری بوو کە کۆمەڵێک لە ئەربابەکان پەیوەست بە دەسەڵاتی پاشا بن. بەو شێوەیە پاشا توانی وردەوردە بەهێزتر بێ و ناوەندێکی سیاسیی دەسەڵات دابمەزرێنێ کە دوو پڕۆسەی پاوانکردنی لەخۆ گرتبوو: پڕۆسەی پاوانی ماڵی کە پێکهاتبوو لە شێوەیەکی رێکوپێکی داهات کە جیاواز بوو لە شێوە کۆنەکان، ئەویش ماڵیات بوو کە بووە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی پاشا و پێدانی پاداشت بەو ئەربابانەی خزمەتیان بەو دەکرد، دیارە پاشا بە هیچ شێوەیەک زەوی وەکوو پاداشت نەدەبەخشی. پڕۆسەی دووهەم پڕۆسەی پاوانی نیزامی بوو، بە هۆی ئەوەی شا توانیبووی زۆرینەی ئەربابەکان بهێنێتە ژێر دەسەڵاتی خۆی، هیچکام لە ئەربابەکانیتر توانای رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵیدا نەبوو و زۆربەیان خێرا تەسلیم دەبوون و پەیوەست بە دەسەڵاتی شا دەبوون. ئەو دوو پڕۆسەیە هەرکامیان خۆراک بوو بۆ ئەویتر، لەو رووەوە کە پاوانی ماڵی مووچە و پێداویستییەکانی هێزی نیزامی دابین دەکرد، لە بەرامبەریشدا هێزی نیزامی زەمانەتێک بوو بۆ وەرگرتنی ماڵیات بە شێوەیەکی رێکوپێک. بەرەبەرە وای لێهات کە ئەربابەکان دەبوایە هەموو کار و کردەوەیەکیان لە راستای بەرژەوەندیی شا بوایە نەک خۆیان کە دواتر بە هۆی بەرفراوان بوونی ناوچەی بەڕێوەبردن لە لایەن شاوە، کۆمەڵێک لەو ئەربابانە وەک راوێژکار و نوێنەری شا لە نێو خەڵکی ناوچە جۆراوجۆرەکان دەستنیشان کران، کە دوای دامەزراندنی پاشایەتی، ئەربابەکان جێگەیان بە کەسانی زانا، ئایینی و تایبەت گیرایەوە کە ئەوانیش لە نێو شووڕای جۆراوجۆر بۆ مەسەلەی جۆراوجۆر سازمان دران وەکوو کاروباری ماڵی، دەرەوە و هتد. ئەو شووڕایانە یەکەم نوتفەی سیستەمی بەڕێوەبردن بوون کە دواتر پەرەیان پێدرا.
قۆناغێکی دیکە لە پڕۆسەی دروستبوونی دەوڵەت، پەرەگرتنی تواناسازیی سیاسی بوو کە سیاسەتی کرد بە کردەوەیەکی تایبەت و جیا لە کردەوەکانی کۆمەڵایەتی، ئایینی، نیزامی و ئابووری کە ئەوەش دوو رێچکەی گرتە بەر: یەکەمیان هێنانە دەری دەسەڵات لە مڵکی کەسیی بوو و دووهەمیان جیاکردنەوەی لە ئایین بوو. بزووتنەوەی تواناسازی پڕۆسەیەکی جیاکردنەوە بوو لە نێوان خاوەندارێتی کەسیی و خاوەندارێتی گشتی، واتە مڵکی شەخسیی شا و مڵکی گشتیی پاشایەتی، ئەوەش لەگەڵ دێسانتڕاڵیزم لە پێوەندیدا بوو، لەبەر ئەوەی لەگەڵ زۆربوونی ناوەندەکانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە شوێنە جیاجیاکانی وڵات، شا بەرەبەرە لە بەڕێوەبردنی راستەوخۆ دوور بۆوه و ئیتر کۆمەڵێکی زۆر ناوەندی بەربڵاو نوێنەرایەتیی شایان دەکرد. ئەو رووداوانە هاوکات خۆراکی فکریشیان لەگەڵ بوو، بەتایبەت دوو کەس لە بیرمەندانی بیرۆکەی دەوڵەت لە سەدەی شازدەهەمی زایین بریتین لە “ماکیاڤێلی” و “بودن” کە ئەوان یەکەم کەسانێک بوون چەمکی دەوڵەتیان بەکار هێنا.
تواناسازی لە بەرامبەر ئاییندا: ئایینی مەسیح لە سەدەی چوارەمەوە خۆی بەسەر کۆمەڵگهی رۆژئاوادا سەپاندبوو، دواتر کلیسا و دەسەڵاتی سیاسی بۆ بەرژەوەندیی خۆیان کەوتنە نێو پەیمانێکی دوولایەنەوە، لە سەدەی هەشتەمەوە پاشای مەسیحی هاتنە سەر دەسەڵات و وەک نوێنەری خودا لە سەر زەوی حوکمیان دەکرد، بەوشێوەیە هەم دەسەڵاتی پاشا پاریزراوتر ببوو، هەم کلیساکان بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئایینەکانیتر پشتیان قایمتر ببوو. بەڵام ئەو پەیمانەش بێ کێشە نەبوو، چونکە هەر کامیان خۆی بە دەسەڵاتدارتر و بە نفوزتر لەویتر دەبینی، ئەو کێشانە و گەشەکردنی ئەقڵ وایکرد کە ئەو پەیمانە لەمێژینە بەرەبەرە بپچڕێ و دەسەڵاتی سیاسی، هاوکاری کلیساکان وەلا بنێ.
بە کورتی دروستبوونی دەوڵەت بە پێکهاتنی دەسەڵاتی پاشایەتی کۆتایی نەهات، بەڵکوو لە سەدەی نۆزدەهەمدا، بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە شێوەیەکی پیشەییانە پەرەی پێدرا. هەروەها لە سەدەی هاوچەرخیشدا تواناسازی بەشێوەی تیۆریک بەهێز بووە، بۆ نموونە هاتنە کایەی چەمکی دەوڵەتی یاسا. هەرچەندە پڕۆسەی پێکهاتنی دەوڵەت لە هەموو بەشەکانی رۆژئاوا یەک ریتمی بنەڕەتییان نەبووە بەڵام بەو حاڵەش هەموویان فۆڕمێکی سازمانی هاوبەشیان بە ناوی دەوڵەت هەیە کە سێ تایبەتمەندیی سەرەکی لەخۆ دەگرن: یەکەم، بەتایبەتی کردنی کردەوەکان و پیشەکان. دووهەم، بەناوەندکردنی ئیجبار و بە هیرارشیکردنی نۆڕمەکان. سێهەم، بەدامەزراوە کردنی دەسەڵات و لابردنی دەسەڵاتی تاک. ئەو تایبەتمەندییانە دەچنە چوارچێوەی سیستمی “بیرۆکراسی”یەوە، کە دوو روانگەی سەرەکی لەسەره: روانگەی یەکەمیان کە روانگەیەکی ئەرێنییە و لە لایەن “ماکس وێبێر”ـەوە پەرەی پێدراوە، پێی وایە کە بۆ پاراستنی دێموکراسی لە وڵاتدا دەبێ بیرۆکراسی پەیڕەو بکرێ. روانگەی دووهەمیش کە روانگەیەکی نەرێنییە لە بیرۆکراسی و لە لایەن هەندێک کۆمەڵناسی ئەمریکییەوە پەرەی پێدراوە، پێی وایە کە بیرۆکراسی لاوازە و ناتوانێ بە خێرایی خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکان سازگار بکا و سیستمێکی دەست و پێ گیرە. ئەوەش باسی زیاتر هەڵدەگرێ و لە چوارچێوەی ئەم باەتەدا ناگونجێ.
لە ژماره ٦٨٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه