٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ، ٧١ ساڵ بەسەر تەمەنی حیزبی دێمۆکراتی کوردستاندا تێدەپەڕێ. ٧١ ساڵەی تەمەنی حیزبێکی سیاسی دەبێ ئەو دەرفەتەمان بۆ برەخسێنێ کە لە کاتی نرخاندی مێژووی ئەو حیزبەدا، رۆڵی کەمتر بە هۆکارە عاتیفییەکان بدەین. کەواتە کاتێ ئاوڕ لە مێژووی ٧١ ساڵەی حیزبێکی سیاسی دەدەینەوە، پێویستە لەسەر دوو شت ساغ بینەوە: تێروانینی رۆمانتیکانە و لێکۆڵینەوەی مێتۆدۆلۆژیانە. کاتێ باس لە تێروانینی رۆمانتیکانە دەکرێ سروشتییە کە لە بەرامبەریشیدا تێڕوانینی رەخنەگرانەش هەبێ. ئەگەر روانگەی عاتیفی و رەخنەگەرانە وەک ماف رەچاو بکەین، ئەوا زۆر سروشتییە کە ئەو مافە بە هەردوو لا بدەین کە چۆن دەڕواننە دیاردەکان، بەڵام کاتێ باس لە لێکۆڵینەوە دەکەین ئیدی لەگەڵ کانسێبتێکی دیکەدا بەرەوڕوو دەبینەوە. لێکۆڵینەوە مێتۆدە، پرۆژەیەکی سیستماتیک و پلانداڕێژراوە، پشت بە فاکت و داتا دەبەستێ، سوود لە دیزاین و تیۆر وەردەگرێ و هتد. ئەم فاکتۆرانە پێمان دەڵێن کە کاری لێکۆڵینەوە پرۆسەیەکی قورس و درێژخایەنە، لە هەمانحاڵدا مەجاڵی ئەوەش هەیە کە بە پێی زانیاریی نوێ یاخۆ میتۆدی نوێ رەت بکرێتەوە. هەڵبەت ئەم وتارە لێکۆڵینەوە نییە، بەڵکە بابەتێکی شرۆڤەکارانەیە و، کاتێ باس لە شرۆڤە دەکەین پێویستە روونی بکەینەوە کە لە چ گۆشەنیگایەکەوە ئاوڕ لە مێژوو یاخۆ دیاردەکان دەدەینەوە. لە کاری شرۆڤەکاریدا ئێمە لەگەڵ دوو گۆشەنیگادا ئاشنا دەبین: یەکەم شرۆڤەیەکی کۆگنێتیڤانەیە؛ واتە دیاردەکان وەک ئەو جۆرەی کە هەن شرۆڤە بکرێن، دووهەم شرۆڤەیەکی نۆرماتیڤانەیە؛ واتە دیاردەکان وەک ئەو جۆرەی کە دەبوایە ببێ شرۆڤە بکەین. یەکێک لە مەترسییەکانی خۆخەریک کردن بە شرۆڤەی نۆرماتیڤ لەوەدایە کە کۆنتێکستی رووداوەکان لەبەرچاو ناگرێ و هەروەها لە پێشەوەی سەردەمی دیاردەکاندا دەڕوا. ئەم وتارە هەوڵدەدا بە شرۆڤەیەکی کۆگنێتیڤانە ئاوڕ لە دیاردەی رەخنەی “دەروون پارادایمی” بداتەوە کە دوو جار رۆڵی چارەنووسسازی لە مێژووی حدکدا هەبووە. بۆ ئەوەی زەمینەی مژارەکە هەموارتر بێ، سەرەتا هەوڵ دەدەم باسێکی کورت لەمەڕ “ماهیەت” و زەروورەتی حیزب بەگشتی بکەم. دواتر “کارکرد” یاخۆ فۆنکسیۆنەکانی حیزبی سیاسی بخەمە بەرباس و، دواجار باس لە کارایی رەخنەی “دەروون پارادایمی” وەک پێشمەرجێکی گرنگ بۆ چالاک کردنی نیهادە سیاسییەکان بکەم.
ستاین روکان (١٩٨٧) کۆمەڵناس و سیاسەتناسی نۆروێژی، زەروورەتی دامەزرانی حیزب وەک دەرەنجامی دەرکەوتنی کەلێنی کۆمەڵایەتی پێناسە دەکا. کەواتە کاتێ بمانەوێ لێکۆڵینەوە لەسەر دیاردەی حیزب یاخۆ کارکردەکەی بکەین، پێویستە سەرەتا لێکۆڵینەوە لەسەر کەلێنە کۆمەڵایەتییەکان و هاودژەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایە بکەین، چونکە حیزب لە روانگەی کۆمەڵناسییەوە بەرگری لە ماف و بەرژەوەندییەکانی چین یاخۆ لایەنێکی نێو کۆمەڵگه دەکا کە دەسەڵاتی سیاسی پێشێلی کردووە یاخۆ رەچاوی ناکا. ئەمەی باس کرا باسێکی “ماهیەتی” بوو، بەڵام کاتێ باس لە “کارکردی” حیزب دەکرێ- بە پێی بۆچوونی روکان، ئێمە لەگەل دوو دیاردەدا بەرەوڕوو دەبینیەوە واتە؛ پارتی- سیستم و پارتی- کولتوور. مەبەست لە پارتی- سیستم؛ تەعامولی دەرەکی حیزبە، واتە چۆنایەتی ماملەکردنی حیزب لەگەڵ دەسەڵات یاخۆ ململانەی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتە. لە وەها دۆخێکدا حیزب وەک میدیۆمێک لە نێوان دەسەڵات و ئەو چین و توێژەی کە حیزبەکە نوێنەرایەتی دەکا، کارکردی هەیە. مەبەست لە پارتی- کولتوور؛ تەعامولی دەروونیی نێو حیزب و کۆمەڵگهیە کە بە پێی دێموکراسیی نێو حیزب و ئاستی پەروەردەی ئەندامەکانی مەزندە دەکرێ.
سیاسەتی دەوڵەت- نەتەوە لە سەردەمی رەزاخانی میرپەنجدا نەک هەر زەمینەخۆشکەری کەلینی کۆمەڵایەتی بوو لە ئێران، بەڵکە زەمینەخۆشکەری هەڵاواردنی نەتەوەییش بوو. ئەگەر مانای کەلێنی کۆمەڵایەتی هاودژی و شەڕی بەرژەوەندییەکان بێ، ئەوا سیاسەتی هەڵاواردن پێوەندیی بە شکاندنی کەرامەتی مرۆڤەوە هەیە. هەڵبەت ئێمە دەزانین کە ئازادی، دادپەروەری، ناسنامە و کولتوور چوار عونسووری گرنگن کە کەرامەتی مرۆڤایەتی پێ پێناسە دەکرێن. لە سیاسەتی هەڵاواردنی نەتەوەییدا ئێمە لە گەڵ دوو مەترسیدا بەرەوڕوو دەبینەوە: یەکەم مەترسی؛ دەست بردن بۆ کردەوەی توندوتیژییانەیە بە مەبەستی “سەپاندنی” یەک زمان، یەک کولتوور و یەک ناسنامە بەسەر گشت پێکهاتە کولتووریی و زمانییەکانی دیکەدا و، دووهەم مەترسی؛ حاشاکردن و واقعپێندارییە کە خۆی لە پرۆژەی “سەلماندنی” رەوەندی تهک کولتووری، تەک زمانی و تەک ناسنامەییدا دەردەخا و، ئەم پرۆژەیە بە شێوەی سیستماتیک و لە رێگەی مێژووسازی و سیاسەتی پەروەردەوە هەوڵ بۆ سڕینەوەی زاکیرەی نەتەوەیی دەدا.
لە یەکەم بەیاننامەی حدک دا (١٣٢٤)، باس لە زەروورەتی دامەزرانی حیزب وەک دەرەنجامی هەڵاواردنی نەتەوەیی کراوە و، لە هەمان کاتدا رێکارێکی دێموکراتییانە لە توێی ٨ ماددەدا بۆ چارەسەری پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێشکەش کراوە. کەواتە ئەم بەیاننامەیە لە دوو بەش پێکهاتووە: یەکەم باس لە ماهیەتی دامەزرانی حیزب دەکا و، دواتر کارکردی حیزب (واتە پارتی-سیستم و پارتی-کولتوور) لە ٨ ماددەدا دیاری دەکا. پێشتر باسمان لە دیاردەی پارتی-کولتوور کرد و ئەم دیاردەیەمان لە سۆنگەی تەعامولی دەروونیی نێو حیزب هێنایە بەر باس. لێرەدا بە پیویستی دەزانم ئاماژە بە رەهەندی کۆمەڵایەتیی پارتی- کولتووریش بدەم کە پێوەندیی بە ئاستی رۆشنبیریی کۆمەڵ و رەوەندی گەشەکردنی ساختاری کۆمەڵایەتی هەیە کە لەو ساختارەدا، پێکهاتە و چین و توێژەکان لە رێگهی رێکخستن و بەمانیفێست کردنی داواکانیان هەول بۆ وەدیهێنانی ئامانج و دابینکردنی بەرژەوەندییەکانیان دەدەن. لە دەیەی ٢٠ لە ئێراندا ئێمە نیشانەکان و زەمینەکانی سەرهەڵدانی نیهادی سیاسی دەبینین و هەر لەم پێناوەدا دامەزرانی حدک، وەک وەڵامدانەوەیەکی پۆزیتیڤ بەم رەوەندە دێموکراتیکە جێگهی تێڕامانە. کە دێینە سەر باسی پارتی-سیستم، وەک ئەو جۆرەی لەم بەیاننامەیەدا دەردەکەوێ، دامەزرانی حدک لە راستیدا هەنگاوێکە بۆ تەعامول کردن لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی بە مەبەستی چارەسەرییەکی دێموکراتیانە بۆ پرسی دەسەڵات لە ئێراندا. دۆخی سیاسی و دەسەڵات لەو سەردەمەدا کە حدک دامەزرانی خۆی رادەگەیەنێ، زۆر شێواو و ناموتەمەرکیز بووە و، نەخشەرێگهی حدک لە راستیدا هەوڵدانێک بوو بۆ چێ کردنی هاوسەنگییهکی نوێ و دێمۆکراتیک.
تا ئێرە باسمان لە زەمینە و زەروورەتی دامەزرانی حیزبی سیاسی بە گشتی و حدک بەتایبەتی کرد. لەم میانەیەدا بابەتێکی گرنگ دێتە ئاراوە کە پێوەندی بە چالاکی و بردنەپێشی سیاسەتەکانی حیزبەوە هەیە. ئێمە دەزانین کە سەردەمی دامەزرانی حیزب سەردەمی هیوا و گەشبینییە، بۆیە ئەم دەورانە بە دەورانی رۆمانتیکی حیزب ناوزەد دەکرێ. سروشتییە کە لەم قۆناغەدا ئامانج و دروشمەکانی حیزبیش لەژێر سڕیمەی وەها دۆخێکدا بن. بەڵام کاتێ حیزبی سیاسی قۆناغی رۆمانتیزم تێدەپەرێنێ و بەرەو دەورانی رێئالیزم دەچێ، لە وەها دۆخێکدایە کە زەمینەکانی خوێندنەوەی نوێ بۆ ماهیەتی حیزب دەست پێدەکا. لەم قۆناغەدایە کە ناکۆکی لەنێوان روانگەی ترادیشۆنی و روانگەی مۆدێرندا سەرهەڵدەدا. مەبەست لە روانگەی ترادیشۆنی؛ پاراستنی ئەو بنەما نەگۆڕانەن کە لە ماهیەتی حیزبدا رەنگی داوەتەوە و لە ئاکامدا ئەم لایەنە وەک باڵی کۆنسەرڤاتیڤی حیزب پێناسە دەکرێن، مەبەست لە روانگەی مۆدێرن؛ تێگێشتنێکی پراگماتیستیانەیە بۆ سیاسەت. ئێمە دەزانین کە سیستم و کاردکردی حیزب لە روانگەی پراگماتیستیدا بە پێی ئاکام هەڵدەسەنگێندرێ، واتە کاتێ دەڵێین سیستمێک کارایە کە ئاکامی لێدەستکەوێ. ئەمەی کە باس کرا زەمینەیەک بوو بۆ تێگێشتن لە رەخنەی دەروون پارادایمی کە زۆرجار لە سیاسەت دا باسی لێکراوە. مەبەست لە پارادایم؛ ئۆلگوو یاخۆ مۆدێلێکی بیرکردنەوەیە کە بۆ ماوەیەکی زۆر بەسەر فەزای حیزبێکی سیاسیدا زاڵ دەبێ و ئەندامانی حیزب عادەتی پێدەگرن. تا ئەو کاتەی ئەم پارادایمە توانای وڵامدانەوەی هەبێ کاری خۆی دەکا، بەڵام کاتێ ئەم پارادایمە نەتوانێ ولامدەری بۆچوونی نوێ و پرسیارەکانی سەردەم بێ، ئەوا زەمینە بۆ سەرهەڵدانی پارادایمێکی دی هەموار دەبێ.
لە مەودای نێوان رووخانی کۆماری کوردستان (١٣٢٥) و بەستنی گۆنگرەی دووهەمی حدک (١٣٤٣)، نزیک بە ٢٠ ساڵ تێدەپەڕێ. لەم ماوەیەدا بەشێک لە رێبەرانی حدک لە سێدارە دراون، بەشێکی بەرچاویش حوکمی زیندانیان بەسەردا بڕاوەتەوە و، کادرهکانی حیزبیش لەم ماوەیەدا یا لە زیندان، یا ئاوارەی شار و گوندەکانی ئێران و یا پەرتەوازەی عێراق بوون. لە وەها دۆخێکدا زۆر سروشتییە کە حیزبیکی سیاسی تووشی گرفتی سیاسی و رێکخستن بێ. لە ماوەی ئەم ٢٠ ساڵەدا کۆمهڵگهی کوردستانیش چ لەباری چۆنایهتی و چ لەباری چهندایهتی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، کەلێنە کۆمەلایەتییەکانیش زیاتر دەرکەوتوون و لە ئەنجامدا فەزای سیاسیی کوردستان لەگەڵ مەفاهیمی نوێدا ئاشنا دەبن. لەم قۆناغەی مێژووی حدکدا ئێمە لەگەڵ ناکۆکییەکی “ماهیەتی”دا ئاشنا دەبین کە ئەم حیزبەی بەسەر دوو باڵی چەپ و ناسیۆنالیستدا دابەش کردبوو. یەکێک لەو هۆکارانەی کە مەجالی نەدا ئەم ناکۆکییە ببێت بە بەستێنێک بۆ بەحسی دەروون پارادایمی لە کۆنگرەی دووهەمدا، لەراستیدا چۆنایەتی ماملەکردنی رێبەرایەتی ئەوکاتی حدک بوو. بەم چەشنە فەزای قورسی ناسیۆنالیزم و بەتایبەت هێژمۆنی پارتیزم (پ د ک) دۆخەکەی بە قازانجی ریبەرایەتی ئەوکاتی حدک هەموار کرد و بوو بەهۆی لە مەیدان دەرکردنی ئەو کادرانهی کە دەیانتوانی بەشێکی کارا بن لە رەخنەی دەروون پارادایمی دا (بۆ زانیاریی زیاتر برواننە: نیوسەدە تێکۆشان، حەسەنزادە؛ ١٣٧٤).
نیشانەکانی یەکەمین رەخنەی دەروون پارادایمی لە کۆنفرانسی سێهەمی (١٣٥١) حدک دا دەردەکەون کە زەمینەی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بۆ کۆنگرەی سێهەم (١٣٥٢) هەموار دەکا. لەم کۆنفرانسەدا زەمینەسازی بۆ دیالۆگێکی دێمۆکراتیک لەنێوان روانگەی چەپ و روانگەی ناسیۆنالیزم دەکرێ و لە ئەنجامدا حدک (ئێران) هیچ کامیان فیدای ئەوەی دیکە ناکا، بەلکە ئەم دوو روانگەیە وەک دوو پتەنسیەڵی گرنگ لە بەرچاو دەگرێ و، بەم چەشنە لەدوای سێنتێزێک دەگەڕی بۆ چارەسەریی ئەم ناکۆکییە کە من لەم وتارەدا ئەم سێنتێزە بەناوی “سێکۆچکەی دێموکرات” ناوزەد دەکەم. مەبەست لە سێکۆچکەی دێموکرات؛ فۆرمولە کردنی روانگەی دەروون حیزبی و تەتبیق کردنیان لەگەڵ واقیعە کۆمەڵایەتی و جیهانییەکانە کە لە سێکۆچکەی مافی نەتەوەیی، دێمۆکراسی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتیدا تیۆریزە کراوە. مافی نەتەوەیی لە فۆرمی خودموختاری بۆ کوردستان پێناسە کراوە و، بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتیش باس لە سوسیالیزمێک دەکرێ کە لەگەڵ دۆخی کوردستاندا بێتەوە. ئەم سێنتێزە بە رواڵەت حدک (ئێران) بەرەو پارادایمێکی نوێ دەبا، بەڵام کاتێ پاشگری “تطبیقی” بە سوسیالیزمەوە زیاد دەکرێ نیشانەی ئەوەیە کە ئیبهام یاخۆ تێگێشتنی جیاواز لەو ئیدەیەدا هەیە. ئەم بابەتە لە خۆیدا زەمینە بۆ رەخنەیەکی دیکەی دەروون پارادایمی خۆش دەکا و، دواجار کۆنگرەی شەشەمی (١٣٦٢) حیزبدا کۆتایی بەم ئیبهامە هێنا. “کورتە باسێک لەسەر سوسیالیزم” سەردێڕی نامیلکەیەک بوو کە زەمینەی پارادایم شیفتی بۆ حیزب هەموار کرد و بەم چەشنە حیزب بەرەو درەکێکی دێمۆکراتیک لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی هەنگاوی نا.
هەلبەت رەخنەی دەروون پارادایمی بێ زەرەریش نییە بەتایبەت لەباری چهندایهتییهوه، بەڵام کاتێ چاو لە چوونەسەری کەیفییەتی سیاسیی حیزب دەکەین، گرنگیی ئەم چەشنە رەخنەیە زیاتر دەردەکەوێ. هۆکارەکانیش سێ شتن: سەرەتا دیاریکردنی ستراتیژییەکی نوێیە، دواتر راکێشانی پێرسۆنێلی چالاکە و، دواجار قۆناغی عەمەلیاتی کردنی پارادایمی نوێیە. بۆ نموونە لە کۆنفرانسی سێهەمدا(١٣٥١) رێبەرایەتی حیزب لە ئەنجامی رەخنەی دەروون پارادایمیدا هەوڵ بۆ دارشتنی بەرنامە و ئەساسنامەیەکی نوێ دەدا، دواتر پێداگری لەسەر بەشدارکردنی کۆمەڵێ نوخبەی چالاک دەکا و دواجار حیزب بەرنامەکانی قۆناغی نوێی خەبات دیاری دەکا. دەرەنجامی ئەم پارادایم شیفتە چ لە کتێبی نیوسەدە تێکۆشان (ن. حەسەنزادە) و چ لە کتێبی پەنجا ساڵ خەبات دا (ن. گادانی) وەک خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی حدک دا باسی لێ کراوە.
وەک ئاماژەی پێدرا، لە مێژووی ٧١ ساڵەی حدکدا دوو جار رەخنەی دەروون پارادایمی هاتۆتە ئارا، هەردوو جاریش رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە بردنەسەری کەیفیەتی سیاسی و هەروەها چالاک کردنەوەی رێکخراوەکانی ئەو حیزبە. وەک لەم وتارەدا ئاماژەی پێدرا، رەخنەی دەروون پارادایمی لە پێوەندی بە ماهیەتی حیزبدا سەرهەڵدەدا و سروشتییە کە دەست بردن بۆ بەحسی ماهیەتیی چەمکی نوێ و روانگەی مۆدێرن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێ. دوا بە دوای کۆنگرەی شەشەم ئێمە لە حدکا و دواتر لە حدکیشدا، رەوتێک بەناوی رەخنەی دەروون پارادایمی نابینینەوە، بەڵکە لەگەڵ دیاردەیەکی دیکەدا ئاشنا دەبین بە ناوی کێشەی دەروون پارادایمی کە بەداخەوە زەرەر و زیانی بۆ حیزب زۆر بووە. ئەگەر رووی رەخنەی دەروون پارادایمی لە ماهیەتی حیزب بێ، ئەوا کێشەی دەروون پارادایمی رووی لە کارکردی حیزبە. ئەگەر ماهیەتی حیزب وەک نەرمئامێر پێناسە بکەین، ئەوا کارکردی حیزب بابەتێکی سەختئامێرییە و لە پلەی دووهەمدایە. لە ٧١ ساڵەی دامەزرانی حدکدا جێی خۆیەتی ئەم پرسیارە بێتە ئاراوە کە داخوا کاتی ئەوە نەهاتووە حیزب زەمینە بۆ رەخنەیەکی دیکەی دەروون پارادایمی خۆش بکاتەوە؟
لە ژماره ٦٨٦ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه