گرینگ‌ترین شت کە بەرپرسانی ئێران و لەو نێوەدا رێبەری ئێران باسی لێوە دەکەن لە سەرەتای ئینقلابەوە دابین کردنی ئەمن و ئاسایش تەواوه لە ئێران‌دا، لە حالێک‌دا کە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی نێوەراست پڕە لە کێشە و قەیران! بەس هیچ کات باس لەوە ناکەن کە بەشی زۆری ئەو قەیرانانە کاری راستەوخۆ و ناراسته‌وخۆی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە! ئەوان لە نائەمن کردنی دراوسێکانیان هیچ راوەستانێکیان نیە! لەو لاشەوە باس لە ئەمنبوونی ئێران دەکەن!
کۆماریی ئیسلامیی ئێران لە سەرەتای هاتنه سه‌رکارییه‌وه بە دروشمی دابینکردنی ئارامی و ئاسایش بۆ ئێرانییەکان و هێنانی سیستمی ئاسودەیی هاووڵاتیان، شۆرشی گەلانی ئێرانیان لە ساڵی ١٣٥٧ دزی و بە بەکارهێنانی چەکی دین، توانیان بێنە سەر سفرەی ئامادە و دەستیان کرد بە پەل هاویشتن بۆ هەموو لایەک.
لە سه‌ره‌تای شۆڕشەوە ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێ لە ریفراندۆمێکی کارتۆنیدا لە ١٢ی خاکەلێوەی ١٣٥٨ سیستمی ئیسلامی‌یان بەسەر ئێران‌دا سەپاند. پاشان بە دەستئاوهڵایی زۆرەوە هەموو جۆرە بیر و بۆچوونێکی جیاوازیان سەرکوت کرد. کۆماری ئیسلامی هەر بە سەرکوتی جیابیران رانەوەستا و لە سەرەتاکانی ساڵی ١٣٥٨ه‌وه هێرشی کردە سەر رۆژهەڵاتی کوردستان و بە هەموو چەک و هێزێکەوە رووبەڕووی ئازادیخوازانی کورد بۆوە، که ته‌نیا داخوازییان خۆبه‌ڕێوه‌بردن له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا بوو. دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی پێیان وابوو کە ئه‌مه پایەکانی دەسەڵاتیان دەلەرزێنێ، بۆیە زوو بە هێزی نیزامی سەرکوتیان کرد. ترسی نائەمن بوونی ئێران لە لایەن دەسەلاتدارانی کۆماری ئیسلامی هەمیشە بەهانەیەک بووە بۆ سەرکوت و ئازاری خەڵکی ئازادیخواز.
کوردستان وەک ناوچەیەک هەمیشە ناوەندی ناڕەزایەتییەکان بووە، بۆیە کۆماری ئیسلامی بە بەهانەی نائەمنبوونی ناوچەکە کەمترین خزمه‌تگوزاریی ئابووری و فەرهەنگی لەو ناوچەیه‌دا ئەنجام داوە، حکوومەت ئەوەندەی له فکری ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی خۆی دابووە ئەوەندە هەوڵی نەداوە کە ژینگەیەکی ئارام و ئاسودە بۆ خەڵکەکەی دروست بکا. بە پێی ئامارەکانی هه‌ژماری ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان نزیک بە ١٠ هەزار ناوەندە، بەڵام هه‌ژماری ناوەندەکانی فێرکردن کەمتر لە ٥ هەزار ناوەندە. ئەوە نیشاندەری ئەوەیە کە حکوومه‌ت هەوڵ نادا کە لە کێشەی خەڵک تێ‌بگا و گوێ بۆ داواکاری خەڵک شل ناکا، بۆیە دەیهەوێ بە هێزی چەک دەسەڵاتی بپارێژێ.
فەرماندەی قەرارگای “حمزە سید الشهدا” له لێدوانه‌کانی ئه‌م دواییانهیدا باسی لە پلانی وڵاتانی ده‌ره‌کی کردوە و عه‌ره‌بستانی به دنه‌دان و هاندانی هێزه‌کانی دژبه‌ری کۆماری ئیسلامی بۆ تێکدانی ره‌وشی ئاسایشی ئێران تۆمه‌تبار کردووه. ئەو باسی لەوە کرد کە لە ماوەی چەند مانگێکدا دەیان گرووپی چه‌کداریان لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئێران تێکشکاندوە!
ئەو وتانەی بەرپرسانی نیزامی و ئەمنیەتیی ئێران شتێکی تازەیان تێدا نیە، چونکە کۆماری ئیسلامی له سه‌ره‌تای هاتنه سه‌رکاریه‌وه بە بەهانەی جۆراوجۆر و ئەمنیەتی، ماف و ئازادییه‌کانی خه‌ڵکی پێشێل کردووه.
ئامارەکان نیشاندەری ئەوەن کە کۆماری ئیسلامی توانای بەرێوەبردنی وڵاتی نیە! مۆدێلی حکوومه‌تداریی ئایەتوڵڵاکان شکستی هێناوه بەڵام بەهۆی زه‌بروزه‌نگی نیزامی و ئەمنیەتی، جووڵاندنی پایەکانیان کارێکی ئاسان نیە! ئەوان لە سه‌ره‌تای دەستبەکاربوونیان له ته‌نیشت هیزی ئه‌رته‌ش، هێزگه‌لی دیکه‌ی وه‌ک سپای پاسداران و به‌سیجیان دامه‌زراند. به‌م پێیه هێزی ئه‌رته‌ش که‌م کراوه‌ته‌وه و هێزی سپا و به‌سیج به پشت به‌ستن به‌و پاره‌ی له به‌رده‌ستیان دایه، زۆر زیاد بووه.
حکوومه‌ت ته‌واوی ئابووریی وڵاتی له ئیختیاری راپه‌راندنی كاروباری خۆی داناوه. هه‌رچه‌ند ئێران خاوه‌نی کانگا و سامانی سروشتی زۆره، به‌ڵام له خزمه‌تی خه‌ڵک که‌ڵکیان لێوهرناگیرێ. سه‌رمایه و داهاتی زۆرزهوندی ئێران ده‌چێته گیرفانی ئۆلیگارشی حاکم له ئێران‌دا و ئه‌و ئۆلیگارشییه ئه‌وه‌نده‌ی چاوی بڕیوه‌ته دروست كردنی ئیمپراتۆری ئیسلامی، ئه‌وه‌نده بیری له چاره‌سه‌ری کێشه نێوخۆییه‌کان و دانی مافی نه‌ته‌وه‌كان له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا نه‌كردۆته‌وه. سه‌رمایه و داهاتی خه‌ڵکی ئێران رێژه‌یه‌كی زۆری بۆ هاوكاری گرووپه چه‌كداره‌كان و گرووپه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌کان ته‌رخان ده‌کرێ. ده‌سه‌ڵات زیاتر بیر له زیادكردنی ده‌سه‌ڵات و پاراستنی ده‌كاته‌وه تا پێشكه‌وتنی وڵات. له لایه‌کی دیکه‌ش سه‌روه‌ت و سامانی وڵات به شێویه‌کی ناعادیلانه دابه‌ش ده‌کرێ. رۆژنامه‌ی «نوروز» له ساڵی ١٣٨٠ ئامارێکی بڵاو کردبۆوه كه به پێی ئه‌و ئاماره به‌درێژایی هه‌شت ساڵی ده‌سه‌ڵاتی هاشمی ره‌فسنجانی رێژه‌ی سه‌رمایه‌ی به‌كارهێنراو له پارێزگای كرمان ٣٠٠ به‌رابه‌ر زیاتر بوو له سه‌رمایه‌ی به‌كارهاتوو له پارێزگاكانی ورمێ و ئازه‌ربایجانی رۆژهه‌ڵات و ئه‌رده‌بیل و زه‌نجان.
ئەوەی خوارەوە تازەترین ئاماری جیهانییە لەسەر ئەمن و ئاسایش لە ئێران‌دا و لەوێدا باس لە ئاسایش و ئازادیه تاکەکەسییەکان لە ئێران‌دا کراوه.
ئاسایش: ئێران لە ساڵی ٢٠١٥ لە نێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری ئاسایش‌دا پلەی ١٢٠ی گرتوە، ساڵی ٢٠١٤ش ئێران پلەی ١٢٦ی هەبووە و لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٢دا پلەی ١٢٣ و ١٢٥ی بۆخۆی تۆمار کردوە. لە بواری ئاسایش و پاراستنەوە ئێران لەوپەڕی خراپیدایە. لە ئێران‌دا رێژەی کاری خراپ و توندوتیژی رۆژ لەگەڵ رۆژ روو لە زیادبوونە، گەندەڵیی ئیداری بنچینە و بناغەی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی کۆڵیوە، بە پێی ئامارەکان لە ساڵی رابردوودا نزیک بە ١ میلیۆن شەڕی سەرجادە لە لایەن خەڵکی ئیرانەوە لە دادگاکانی ئێران‌دا تۆمار کراون، بەشی هەرە زۆری شەڕەکانیش دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە نوێنەرانی قانوون و ئاسایش ئەرکی خۆیان بە باشی بەجێ نەگەیاندوە.
ئازادییە تاکەکەسییەکان: ئێران ساڵی ٢٠١٥ لە نێو ١٤٢ وڵاتی جیهان لە بواری ئازادییە تاکەکەسییەکاندا پلەی ١٣١ی گرتوە، ئەوە لە حالێک دایە کە لە ساڵی ٢٠١٤ ئێران پلەی ١٢٨ی هەبووە و لە ساڵەکانی ٢٠١٣ و ٢٠١٢ پلەی ١٢٦ و ١٢٥ی بۆخۆی تۆمار کردوە.
ئێران لە بواری ئازادییە تاکەکەسییەکاندا لە خراپترین وڵاتانی جیهان دێتە ئەژمار. ئێران لە سەرکوتی ئازادییە تاکەکەسییەکاندا دووهەم وڵاتە لە جیهاندا. ئێران لە ئاخرین بەراوەرددا تەنیا چەند پلە لە سەرەوەی سووریە و یەمەن و ئەفغانستانە. لە ئاخرین ریزبەندیی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بێ‌سنووردا، ئێران لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان پلەی ١٧٣ی گرتوە کە ئەو رێژەیە لە خوار عێراق و سومالییە. ئیران گەورەترین زیندانی رۆژنامەنووسانە. لە چەند ساڵی رابردوودا بە دەیان ناوەندی چاپەمەنی و رۆژنامە داخراون. ئێستا لە ئیران‌دا ٥٠ رۆژنامەنووس لە زیندان دان.
لە ژماره ٦٨٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه