مانگی گەلاوێژ، مانگی لە دایکبوونی دەنگو ڕەنگێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. مانگی دەستبەکاربوونی تەلەڤیزیۆنێکی کوردییە کە ئەمساڵو ئەم ڕۆژانە پێی ناوەتە دەیەمین ساڵ تەمەنی خۆی. ئەم کاناڵە تەلەڤیزیۆنییە ماهوارەییە، “کوردکاناڵ”ە.
لە دەیەی یەکەمی گەلاوێژی ١٣٨٦ی هەتاوی کە بەرامبەر بوو لە گەڵ کۆتاییەکانی مانگی ژولای ٢٠٠٧، کەناڵێکی فەزایی کوردیی دیکە هاتە ڕیزی کاناڵە کوردییەکان. کوردکاناڵ یەکەم بەرنامەکانی خۆی کە پەخشی ئەزموونی بوون، لە کۆمەڵەی هاتبێرد و لە سەر فرێکانسی تەلەڤیزیۆنی “کانال جدید”، بڵاو کردەوە. ئەم کاناڵە کوردییە نوێیە کە دەنگ و ڕەنگی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوو، لە سەرەتا دا بەرنامەکانی خۆی بە ٣ کاتژمێر پەخش لە ماوەی شەو وڕۆژێک دا دەست پێ کرد.
ئەم کەناڵە تەلەڤیزیۆنییە نوێیە، لە سەرەتا دا بە ناوی “کورد تی ڤی” (kurd tv (دەستی بە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی کرد. بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوت هەر بەم ناوە تەلەڤیزیۆنێکی کوردیی دیکە تۆمار کراوە کە هێشتا دەست بە کار نەبووە، ناوی “کوردکاناڵ”ی بۆ خۆی هەڵبژارد. ناوێک کە ئێستا ئیدی بۆ بینەرانی کەناڵە کوردییەکان لە زۆربەی بەشەکانی کوردستان بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە نێو کوردانی ڕۆژهەڵاتیی دەرەوەی وڵات ناوێکی ئاشنایە.
لە دایکبوونی کوردکاناڵ، بەرهەمی دۆخێکی سیاسیی تایبەت بە حیزبی دیموکرات بوو. دوای ئەوەی لە سەرماوەزی ١٣٨٥، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران نەیتوانی یەکپارچەیی خۆی بپارێزێ و ئەم حیزبە تووشی لەتبوون هات، “حیزبی دیموکراتی کوردستان” کە زۆربەی تێکۆشەرانی پەراوێزخراوی دیموکرات و هەزاران ئەندامی حیزب لە کوردستان و دەرەوەی وڵاتی گرتبووە خۆی، بە عەزم و ئیرادەیەکی نوێخوازانەو گۆڕانخوازانە، بە بەرنامەیەکی سیاسیی سەرچاوەگرتوو لە ئامانج و پرەنسیپە لە مێژینەکانی دیموکرات و، نیاز و چاوەڕوانییەکانی سەردەم، هاتەوە مەیدان. حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای ئەم قۆناغە نوێیە لە تێکۆشانی خۆی هەم لە ڕووی داراییەوە دۆخێکی دژواری هەبوو، هەم لە گەڵ هێرشێکی میدیایی ناڕەوا و پڕ لە ناڕاستی بەرەوڕوو بوو. ڕادیۆیەک کە زۆرتر بەری ڕەنج و سەنگەری تێکۆشانی ئەم بەشە لە تێکۆشەرانی حیزب بوو، هەر وەها تەلەڤیزیۆنێک کە موڵکی هەموو حیزبی دیموکرات بوو، ئێستا بە توندی بۆ هێرشکردنە سەر ” حیزبی دیموکراتی کوردستان” و سیما ناسراوەکانی، بە کار دەهێنران. حیزبی دیموکراتی کوردستان ئەگەر چی لە ڕێگای ڕۆژنامەی “کوردستان”، ماڵپەڕی “کوردستان وکورد”و دەزگایەکی پەخشی ڕادیۆیی کەم مەودا، هەوڵی دەدا بێ ئەوەی بکەوێتە نێو ئەم جۆرە دەمبەدەمە زیانبارانە، سیاسەت و هەڵوێستی خۆی بە خەڵک ڕابگەیەنێ، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە ئەم هەوڵانە بە بێ دەستڕاگەیشتن بە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی فەزایی، نەیاندەتوانی وڵامدەر بن.
راگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای ئەم قۆناغەی تێکۆشانی خۆی دا، گرنگییەکی زۆری دا بە ئامادەکردنی بەرنامەی تەسویری و ڤیدیۆیی لە پێوەندی لە گەڵ چالاکییەکانی حیزب و، لێدوان و وتوێژەکانی بەرێوەبەران و بەرپرسانی ئەم حیزبە و بڵاوکردنەوەیان بە شێوەی سی دی. هەر لەو کاتەش دا لە هەوڵدان بۆ دابینکردنی کاناڵێکی تەلەڤیزیۆنی بۆ پەخشی بەرنامە غافڵ نەبوو. بە ئاگاداری لە بەردەوامیی تەبلیغاتی نەیارانەی ئاشکرا و نهێنی لە دژی ئەم حیزبە، هەر وەها بە سەرنجدان بەو راستییە کە بەرنامە و لیدوان و چالاکییەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، توانیبوویان ببێتە جێگای سەرنجی کۆمەڵگە و کۆڕ و کۆمەڵی سیاسیی کوردستان، بەڵام کاری میدیایی ئەوتۆیان لە سەر نەکرابوو، هەبوونی کاناڵێکی تەلەڤیزیۆنی ڕۆژبەڕۆژ زیاتر وەک پێویستییەک خۆی دەنواند. دابین بوونی ئەم پێویستییە، بەسترابووە بە هیممەتی تێکۆشەرانی ئەم حیزبە لە هەموو ئاستەکان دا. کاتێک ڕاگەیاندنی حیزب کەوتە خۆ بۆ ئامادەکردنی ستۆدیۆی تەلەڤیزیۆنی، هەر وەها ئەو کاتەی ڕێبەریی حیزب داوای هاوکاریی ماڵیی لە کادرەکان، پێشمەرگەکان و ئەندامان و دۆستانی حیزب کرد هیممەت بنوێنن بۆ ئەوەی دەنگ و ڕەنگی ئەم حیزبە بکەوێتە سەر پێ، کاری خۆبەخشانە و هەرەوز و جموجۆڵێکی گشتیی کەم وێنە، بنکە و کەمپەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی داگرت.
کوردکاناڵ هەر وەک لە دەسپێکی کاری خۆی دا رای گەیاندبوو، “دەنگ و ڕەنگێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” بوو. “هێڵە گشتییەکانی ڕێبازی ئێمە” کە سەنەدی ڕێنوێن و ڕێنیشاندەری حیزبی دیموکراتی کوردستان لەم قۆناغەی تێکۆشانی دابوو، ڕێنوێنی بەڕێوەبەریی ئەم تەلەڤیزیۆنە بوو لە بڵاوکردنەوەی بەرنامەکانی دا.
کوردکاناڵ لە ئاوڕدانەوە لە مێژووی حیزبی دیموکرات و ڕووداوە گرنگەکانی دا، سیاسەتی سڕینەوە و پەراوێزخستن و زیندەبەچاڵ کردنی سیماکانی ئەم حیزبەی وەلانا. زۆر کەسایەتی و سیما کە ساڵانێکی زۆر بوو کەوتبوونە ژێربۆتەی فەرامۆشی، لە کوردکاناڵ یادیان کرایەوە. ئەم تەلەڤیزیۆنە بە نۆرەی خۆی نەریتی مەیداندان بە ڕەخنەگرتن و ڕەخنەگرانی داهێنا و تریبوون و شاشەی خۆی هەر بۆ ئەو کەسانە تەرخان نەکرد کە تەنیا بە حیزبی دیموکرات هەڵ دەڵێن.
کوردکاناڵ قورسایی بەرنامە و کاری خۆی خستە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو پرس و بابەتانەی پێوەندییان بە کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە. بە پێڕەوی لە سیاسەتی حیزبی دیموکراتی کوردستان، ئەو کۆڕ و کۆمەڵ وناوەند و کەسایەتیانەی لە نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەرەڕای هەموو سەختی و کێشەکان خۆیان بۆ خزمەتی فەرهەنگی، زانستی، نەتەوەیی بە نەتەوەکەیان تەرخان کردوە، لە کوردکاناڵ بایەخیان پێ درا.
هەر وەک حیزبی دیموکراتی کوردستان بەردەوام هەوڵی دا هاندەر و پشتیوانی دیالۆگ و هاوکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات بێ، کوردکاناڵیش زۆر جار شاشەی خۆی و بەرنامەکانی خۆی بۆ باس و دیالۆگی چەندلایانەی نێوان ئەو هێزانە تەرخان کردوە. زۆر پرسی سیاسی و نەتەوەیی پێوەندیدار بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەبوون کە لە کوردکاناڵ دا بە شێوەیەکی بەردەوام، بە ئامادەکردنی موستەنەد، بە پێکهێنانی میزگرد و بەرنامەی جیاوازی دیکە، ئاوڕیان لێ دراوەتەوە.
ڕۆژهەڵاتتەوەر بوونی کورد کاناڵ، بە واتای پشتگوێخستنی پرسی کورد لە بەشەکانی دیکەی کوردستان، یا لە بیر کردنی پرسە گرنگەکانی ئێران نەبووە. ئەم تەلەڤیزیۆنە هەم لە بەرنامە خەبەرییەکانی ، هەم لە بەرنامە سیاسی و کولتووری و دۆکیۆمێنتییەکانی دا، هەوڵی داوە ئاوڕ لە ئاڵوگۆڕ و ڕووداوە سیاسییەکانی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بداتەوە و بە هۆی کەسایەتییە سیاسییەکان و کەسانی شارەزا و خاوەنڕا، تیشکیان بخاتە سەر. لە پێوەندی لە گەڵ ئێرانیش دا،بە تایبەتیی بەشی فارسیی کوردکاناڵ، توانیوێتی پێوەندی بە ژمارەیەکی زۆر شرۆڤەکارو سیمای سیاسی و فەرهەنگیی چالاکی ئێرانی بگرێ و لە لە بەرنامەکانی خۆی دا سوود لە لێکدانەوە و ڕاوبۆچوونیان وەربگرێ و بە هۆی ئەوانەوە شرۆڤەی گرنگترین پرس و ڕووداوەکانی ئێران بکا.
ئەم تەلەڤیزیۆنە هەوڵی داوە بە پێی توانا بەرنامەی بۆ توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵ هەبێ. ژنان، لاوان، خوێندکاران لەو توێژانەن کە ئەگەر بە شێوەیەکی ڕێکوپێکش نەبێ بەڵام ئەوەندەی کراوە، لە کوردکاناڵ دا مەیدانیان هەبووە و باس لە پرس و کێشە و ویستەکانیان کراوە.
لە گەڵ ئەوەی کوردکاناڵ تەلەڤیزیۆنێکی سیاسی و دەنگ و ڕەنگی حیزبێکی سیاسی بووە، بەڵام بابەتە هزری و ڕۆشنبیرانە، پرسی زمان و ڕۆڵی ئەدەب و هونەر ومێژوو لە گەشەکردن و وشیاربوونەوەی نەتەوەیی دا، هەر وەها کۆمەڵێک دیاردەی کۆمەڵایەتی، لە چوارچێوەی بەرنامەکانی کوردکاناڵ دا، حوزوور و مەیدانیان هەبووە.
بێگومان ئەم کاناڵە کوردییە لە هیچ کام لە قۆناغەکانی تێکۆشانی خۆی دا، لە کەموکووڕی بە دوور نەبووە. لە ڕووی تێکنیکییەوە، لە ڕووی ناوەرۆکەوە، لە کۆمەڵێک ڕوانگەی دیکەشەوە، زۆرجار ڕەخنەی هاتووەتەوە سەر. بەڕێوەبەریی کوردکاناڵ ئەم ڕەخنانەی بە سینگفرەوانییەوە وەرگرتوون و لەوە بە داخ بووە ئەگەر نیتوانیبێ لە هێندێک بوار دا، لە ئاستی چاوەڕانیی بینەرانی دابێت. بەشێک لەو کەموکووڕییانە، دەگەڕێنەوە بۆ هەلومەرجێکی تایبەت کە بەڕێوەبەرانی ئەم تەلەڤیزیۆنە و حیزبی دیموکراتی کوردستان تێی دان. ئاستەنگی سیاسی، گیروگرفتی دارایی، بارودۆخێکی نەخوازراو و ناهەمووار بۆ پێگەیاندن و ڕاگرتنی کادر فەنی، وایان کردوە کوردکاناڵ نەتوانێ بەو جۆرەی خۆی و بەڕێوەبەرانی و بینەرانی، ئارەزوو دەکەن، پێش بکەوێ. لە گەڵ ئەمەش دا جێگای خۆشحاڵییە کە پێوەندیی بینەران کوردکاناڵ و بینەرانی، هەر وا پێوەندییەکی زیندوو و گەرم و پتەوە. ژمارەی زۆری پێوەندیی تەلەفۆنی، وئەو پەیامە دەنگی و کورتە نامانەی لە بینەرانەوە بە کوردکاناڵ دەگەن، هەر وەها هاوکاریی بینەران و دڵسۆزانی کوردکاناڵ لە نێوخۆوە بە ناردنی هەواڵ و راپۆرت، وێنەو ڤیدیۆ نیشانەی پتەویی ئەم پێوەندییەن.
کوردکاناڵ لە ٩ ساڵی رابردوو دا، بە پشتیوانی و هیممەتیی ماڵیی دۆستان و دڵسۆزانی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە تایبەتی ئەندامانی ئەم حیزبە لە دەرەوەی وڵات، توانیوێتی بەردەوام بێ. بەردەوامیی ئەو تەلەڤیزیۆنە لە کاتێک دایە کە ژمارەیەک کاناڵی تەلەڤیزیۆنیی دیکەی ڕۆژهەڵات، بە هۆی ماڵی و دارایی، پەخشی بەرنامەکانی خۆیان ڕاگرتوە. لە کەس شاراوە نییە کە بوون و بەردەوامیی تەلەڤیزیۆنێک کە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی بئ هی خۆیانی دەزانن، چەندە گرنگە. کوردکاناڵ لە دەسپێکی دەیەمین ساڵی تێکۆشانی خۆی دا، زۆر خۆمانە و ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێ کە بەردەوامیی ئەو تەلەڤیزیۆنە لە گرەوی پشتیوانی و هاوکاریی ماڵیی بینەرانی دایە. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە باوەڕیان وایە کوردکاناڵ لە ماوەی تێکۆشانی خۆی دا توانیوێتی ئاوێنەی خەبات و بەرخۆدان و نوێنگەی دەرد و کێشەکانیان بێ، پێویستە هیممەت بنوێنن وئەم دەنگ و ڕەنگەی خۆیان هەر وا زیندوو و بەردەوام ڕابگرن.