(راپۆرتێکی شرۆڤەیی لەسەر رەوشی خەسارهەڵگری وڵاتانی جیهان و پلەبەندیی ئەو وڵاتانە لە روانگەی سەقامگیری و گەشەکردنەوە)
و: ئاڵهشین
دامەزراوی سندووقی ئاشتی (Foundation For Peace, FFP)وەک هەموو ساڵێک لە راپۆرتێکدا “پێوەری خەسارهەڵگری” وڵاتانی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠١٦ی بڵاو کردەوە. دامەزراوی ئاشتی کە دامەزراوەیەکی لێکۆڵینەوەیی ـ پەروەردەیی ئەهلییە، ساڵی ١٩٧٥ بە مەبەستی “پێشگرتن لە پێکهەڵپڕژانی توندوتیژانە و پەرەپێدانی تەناهی” لە واشنگتۆن دامەزراوە. ئەو دامەزراوەیە بۆ بەدواداچوونی ئامانجەکانی خۆی تا ئێستا لە زیاتر لە ٦٠ وڵاتی دنیا هاوکاری گرووپگەلێکی زۆری وەک رێکخراوە دەوڵەتی، مەدەنی، سەربازی، ئاکادمیک، رۆژنامەنووسی، کۆمەڵگەی مەدەنی و هەروەها کەرتی تایبەتی کردووە.
راپۆرتی ئەمساڵی کە بە دوازدەیەمین راپۆرتی ئەو دامەزراوەیە دادەنرێ، پێوەری خەسارهەڵگری یا لەرزۆکی ١٧٨ وڵاتی دنیای لە بواری ئاستی سەقامگیری و ئەو گوشارانەی رووبەروویانن، دیاری کردوە. دامەزراوەی سندووقی ئاشتی بە کەڵکوەرگرتن لە “نەرمئامێری ئاستی تێکهەڵچوونەکان” (Conflict Assessment Software Tool, CAST ) و تاووتوێی ملیۆنان بەڵگە و راپۆرت لە ساڵدا و بە پشتبەستن بە دوازدە پێوەری سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سەربازی و زیاتر لە سەد بنپێوەر، پلەی خەسارهەڵگری وڵاتان دیاری دەکا.
پێوەرەکان و بنپێوەرەکانی هەڵسەنگاندن
دوازدە پێوەری سەرەکی دامەزراوەی سندووقی ئاشتی بریتین لە:
١ـ گوشارە حەشیمەتییەکان (بە بنپێوەرەکانی وەک کەمیی خواردن، گەشەی حەشیمەت، رێژەی مردن و زاووزێ، کارەساتە سرووشتییەکان، پیسبوون و کەمیی ئاو).
٢ـ ئەو گوشارانەی بەرهەمی ئاوارەبوون و جێگۆڕکێی نێوخۆیی حەشیمەتن.
٣ـ ناڕەزایەتیی گرووپی و ئەتنیکی (وەک گرژی و کێشە نەتەوەیی و مەزهەبی و فیرقەیی، هەڵاواردنەکانی حکوومەت).
٤ـ هەڵاتنی مێشکەکان و هێزی مرۆیی خوێندەوار.
٥ـ پەرەپێدانی ئابووریی ناهاوسەنگ (وەک دابەشینی نایەکسانی داهات و سامان، رێژەی خزمەتگوزاری بۆ شار و دێهات).
٦ـ هەژاری و دابەزینی هێزی ئابووری (وەک بێکاری، توانایی کڕین، داهاتی باج و سەرانە، هەڵاوسان، قەرزی دەوڵەتی و گەشەی بەرهەمی گشتیی نەتەوەیی).
٧ـ رەوایی حکوومەت (وەکو چۆنیەتی و شێوازی هەڵبژاردنەکان و رێژەی گەندەڵیی حکوومەت).
٨ـ خزمەتگوزاریی گشتی (وەکو پۆلیس و بەڕێوەبردنی قانوون، رادەی سەرپێچی، تەندروستی و لەشساغی، دەسڕاگەیشتن بە ئینتێرنێت، ئاسانکاری پەروەردەیی، جادە و بان و ژێرخانەکان).
٩ـ مافی مرۆڤ و دەسەڵاتی یاسا.
١٠ـ باری تەناهی (وەک پێکدادانە نێوخۆییەکان، راپەڕین و مانگرتن، کودیتای سەربازی، تەقینەوە و زیندانییە سیاسییەکان).
١١ـ ناڕەزایەتی و ویستی رۆشنبیر و ئێلیتە نەتەوەیی و خۆجێیەکان.
١٢ـ دەستوەردانی دەرەکی (وەک گەمارۆ، یارمەتییە دەرەکییەکان، دەستوەردانی سەربازیی بیانییەکان و بوونی ئاشتیپارێزان و هێزەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان).
پلەبەندیی وڵاتان بە لەبەرچاوگرتنی ١٠ نومرە بۆ هەر کام لەم دوازدە پێوەرە سەرەکییەی باسیان کرا دیاری دەکرێ و بە پێچەوانە، هەر وڵاتێک نومرەی کەمتر بێنێ، نیشانەی ئەوەیە کەمتر تووشی خەسار بووە. بە واتایەکی دیکە ئەو وڵاتانەی رەنگە کەمتر تووشی خەسار بن، دەکەونە خوارووی خشتەی پلەبەندییەکەوە و بە پێچەوانەشەوە نومرەی زیاتر کە نیشانەی خەسارهەڵگری سەرترە، وڵاتەکان دەخاتە ریزەکانی سەرووی خشتەکەوە. هەر بۆیە وڵاتی سوماڵی بە کۆی گشتی ١١٤ نومرە(لە ١٢٠ نومرە) دەکەوێتە پلەی یەکەمی خشتەی وڵاتانی خەسارهەڵگری ساڵی ٢٠١٦ەوە. لە بەرانبەریشدا فینلاند بە کۆی گشتی ١٨،٨ نومرەوە، کەوتۆتە خواری خشتەکەوە، کەواتە کەمترین رێژە و ئاستی تووشبوون بە خەسارهکان لە نێو ١٧٨ وڵاتدا هەیە و لە روانگەی دامەزراوەی سندووقی ئاشتییەوە سەقامگیرترین وڵاتی دنیایە.
پلەبەندی و گرووپبەندیی وڵاتان
جیا لە پلەبەندییەکانی سەرەوە، ئەم رێکخراوە وڵاتەکان لە رووی ئاستی خەسارهەڵگریەوە بە ١١ گرووپی جیاواز دابەش دەکا:
١ـ مەترسی زۆر گەورە (کۆی گشتی نومرە ١١٠ تا ١٢٠)، مەترسی زۆر (لەنێوان ١٠٠ تا ١٠٩)، مەترسی (لەنێوان ٩٠ تا ٩٩).
٢ـ هۆشداری زۆر گەورە (لەنێوان٩٩ تا ٨٠)، هۆشداری زۆر (لەنێوان ٧٩ تا ٧٠)، هۆشداری (لەنێوان ٦٩ تا ٦٠).
٣ـ سەقامگیری کەم (لەنێوان ٥٩ تا ٥٠) سەقامگیر (لەنێوان ٤٩ تا ٤٠)، زۆر سەقامگیر (لەنێوان ٣٩ تا ٣٠).
٤ـ جێگیر (لەنێوان ٢٩ تا ٢٠)، جێگیری زۆر ( لەنێوان ١٩ تا سیفر).
ئێران
ئێران لە راپۆرتی سندووقی ئاشتی بۆ ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ ٢٩ وڵاتی دیکەدا دەکەوێتە گرووپی وڵاتانێک بەهۆشداریی زۆر گەورە و بە پلەی ٤٧. چوار پێوەری سەرەکی بۆ ئەم پلەبەندییەی ئێران بریتین لە: هەژاری و دابەزینی هێزی ئابووری، خزمەتگوزاریی گشتی، ناڕەزایەتیی گرووپەکان و رەوشی تەناهی و ئەمنییەتی.
ئێران لە ساڵەکانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥دا لە نێو ١٧٨ وڵاتدا پلەی ٤٤ی هەبوو و هەروەها لە ساڵەکانی پێشتریشدا لە کۆی ١٤٠ وڵاتی هەڵسەنگێندراودا بە پلەی زۆر نزم، لە ئاستێکی زۆر خراپی لەرزۆکی و ناسەقامگیریی خۆیدا بوو. ساڵی ٢٠١٣ پلەی ٣٧، سالی ٢٠١٢ پلەی ٣٤، ساڵی ٢٠١١ پلەی ٣٥، ساڵی ٢٠١٠ پلەی ٣٢ و، ساڵی ٢٠٠٩ پلەی ٣٨.
بەبڕوای کارناسان، بەرنامەی بەرجام و کەمبوونەوەی نیگەرانییەکانی رۆژاوا لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران هۆکاری سەرەکی هەڵکشانی چەند پلەیی ئێران لە خشتەی ساڵی ٢٠١٦ بوو.
روانینی گشتیی
لێکۆڵەرانی دامەزراوەی ئاشتی لە کۆبەندێکی گشتی لە کۆتایی راپۆرتەکەیاندا بە ئاماژە بە رووداو و قەیرانەکانی شەشی مانگی رابردووی ئەمساڵ وەک: لافاو، کۆچکردن بۆ ئورووپا، درێژەی شەڕی نێوخۆیی یەمەن، سووریە و لیبی، پێکدادانەکانی نیجێر، نیجێریە، چاد و کامێرۆن لەگەڵ گرووپی تیرۆریستیی بوکوحەرام، شەڕی داعش لە رۆژهەڵاتی ناڤین و وڵاتانی باکووری ئەفریقا، نەک هەر ئاسۆیەکی روون بۆ چارەسەری ئەو کێشانە لەم ساڵدا بەدی ناکەن بەڵکوو سەرهەڵدانی هەڕەشەی نوێش بەدوور نازانن.
بە روانین لەو پێوەر و بنپێوەرانەی کە بنەمای هەڵسەنگاندنەکانی ئەم دامەزراوەیەن، کەمتاکورت دەبینین هەموو خاڵەکانی ئەم پێوەرانە ئیران دەگرنەوە. هەروەک لەم راپۆرتەشدا هاتوە، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی ئاستی ئیران بۆ چەند پلەیەک لەم ساڵدا دەگەڕیتەوە بۆ داکشانی نیگەرانیی وڵاتانی رۆژاوا لە پێوەندی لەگەڵ بەرنامەی ناوکیی ئێران. بەڵام بە چاوخشاندنێک بە بڵاوکراوەکانی نێوخۆی ئیران، وتەی بەرپرسانی رێژیم و ئەو ئامارانەی دامەزراو و رێکخراوە دەوڵەتییەکان بڵاوی دەکەنەوە، بێگومان هۆکار و بەڵگەی پتەو و زیاترمان بۆ نزمکردنەوەی ئاست و پلەی رێژیمی ئێران لەو ریزبەندییەدا دەست دەکەوێ.
بۆ تاووتوێی وردی ئەو چەشنە راپۆرتانەی لە پێوەندی لەگەڵ سیاست و کارکردەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو دەبنەوە، دەبێ دوو خاڵی بنەڕەتی لەبەر چاو بگرین:
یەکەم: گومانی تێدا نیە کە ئەو دامەزراو و رێکخراوە نێونەتەوەییانە لە باشترین حاڵەتی لواودا، هیچکات ناتوانن نومرەی قبوڵی بە رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بدەن. بەڵام خاڵی سەرەکی لەم بوارەدا، نەگونجانی توێژینەوەیەکی مەیدانیی گشتگیر و وردە لەلایەن ئەو دامەزراوانەوە لە نیوخۆی وڵات. ئەو راپۆرتانە زیاتر بەرهەمی روانینێکی دەرەکی و روانگەیەکی سیاسین لە پێوەندی لەگەڵ حکوومەتی ئێران، نەک بەرهەمی راستییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێران.
دووهەم: رێگەنەدانی رێژیمی ئێران بە شێوەیەکی فەرمی بە دامەزراوە نێوخۆیی یا نێونەتەوەییەکان بۆ لێکۆڵینەوە لە رەفتارەکانی حکوومەت و رەوشی کۆمەلگەی ئێران، بێگومان زیاتر ئاکامی ئەم چەشنە راپۆرتانە و هەروەها دۆخی راستەقینەی خەڵکی ئێران لێڵ و ناڕوون دەکا. بەڵام خاڵی بەرچاو و هاوبەشی زۆربەی ئەو جۆرە راپۆرتانە،گرینگیدان و کارکردنیانە لەسەر چەند شارێکی گەورە کە زیاتر ناوەندی دەسەڵاتی حکوومەتن و کەمتر وا هەبوە بارودۆخی ناوچەکانی دیکە و هەروەها نەتەوەکانی ئەم ناوچانە و ئەو زوڵمە بەردەوام و زۆرەی لەلایەن دەسەلاتەوە لێیان دەکرێ، ببینرێ و لە راپۆرتەکاندا رەنگ بدەنەوە.
تا ئێستا دامەزراو و رێکخراوە جۆراوجۆرە جیهانییەکان، بەتایبەتیش چالاک لە بواری مافی مرۆڤدا، لانیکەم قەت نەیانتوانیوە نومرەی قبوڵی بە رێژیمی ئیسلامیی ئێران بدەن، بەڵام کەمتریش وا هەبووە سەرچاوەی سەرەکییان، دۆخی ژیان و خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد بێ و بێگومان لەبەرچاو گرتنی ئەم هۆکار و بابەتانە تا رادەیەکی زۆر وێکچوونی خاڵەکانی پێوەرەکانی ئەم دامەزراوەیە لەگەڵ سیاسەت و رەفتاری سەرکوتکەرانە و هەڵاواردنی رێژیمی زیاتر دەردەخەن. لە ئێستادا پێویستە لەو دامەزراو و رێکخراوە جۆراوجۆرانەی چالاک لەبواری مافی مرۆڤ پرسیار بکەین یان داوا بکەین، بۆ نیشاندانی ژیانی راستەقینەی خەڵکی ئێران و هەروەها لەقاودانی باشتری دیکتاتۆرێکی دۆڕاو و چەقبەستووی وەک رێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، باشتر نیە هۆکار و فاکتی راستەقینەی دیکەی وەک ژیان و خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەکانی دیکەی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد شەنوکەو بکرێن.
لە ژماره ٦٨٥ ی رۆژنامهی “کوردستان”دا بڵاو بۆتهوه